میسر دوو دەیە بۆ دواوە ! *
میسر دوو دەیە بۆ دواوە ! *
بڕیاری قەدەغەکردنی وانە فێرگوزارییەکان لەسەر ئەندامی زاوزێی کچان و کوڕان!
نوسینی کام مک.گراث ، وەرگێڕانی: هاوپشتی - کامەران ئەحمەد
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نیگەرانی و لە هەمان کاتدا ئاگاداری خۆیان لە کاردانەوە کۆمەڵایەتی و تەندروستییە خراپەکانی ئەو بڕیارەی حکومەت دەربڕی پاش ئەوەی کە حکومەتی میسر بڕیاری دا کە چیتر وانەووتنەوەکان دەربارەی ئەندامی زاوزێی کچان و کوڕان، تەندروستی منداڵخستنەوە، نەخۆشییە گوێزراوەکان بە هۆی جووتبوونەوە بەردەوامییان پێ نەدرێ و قەدەغە بکرێن.
وەزارەتی پەروەردەی میسری فەرمانی بە مامۆستایان دا کە چیتر فێرگوزاری دەربارەی ئەندامەکانی زاوزێی کچان و کوڕان ، جووتبوون، زاوزێبوون و زۆرکردن نەڵێنەوە، هەروەها ئەو وێنە و بەشانەی کە لە پەرتوکە فێرگوزارییەکان زانستی زیندەوەرزانیدا پێشتر بڵاوبوونەوتەوە و زانیاری ئەبەخشن لەو بارەیەوە فەرامۆش بکرێن، ئەمە جگە لەوەی کە چەند کتێبی نوێی خوێندن لە چاپدران کە ئەم بەشانەیان لێ لابراوە.
ئەم بڕیارە بە پێی ڕۆژنامەی( الیوم السابع) کاریگەریی هەیە بۆ سەر خوێندکارانی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ ، بە پێی سەرچاوەیەکی وەزارەتی پەروەردە گوایە ئەو بابەتانەی کە لەم پەیوەندە پێشتر هەبوون و لە پەرتوکە نوێیەکاندا لابراون لە لایەن مامۆستایانەوە بە نوێترین زانیارییەکان و لە سەرچاوەی ترەوە جگە لە پەرتوکە فێرگوزارییەکان دەربارەی ئەم مەسەلانە جێیان پێ ئەگیرێتەوە !
ئەوەی شایانی ئاماژەپێکردنە تەنها لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە و پاش کۆنفرانسی نێونەتەوەیی دانیشتوان و گەشەکردن (ICPD) ئەم بابەتانە هاتنە ناو پەرتوکە فێرگوزارییەکانەوە لە میسر کە کۆنفرانس بڕیاری دابوو بە مافی هەر کەسێک لە ئازادی دەستراگەیشتن بە زانیاریی تەواو لە بواری زانستی منداڵخستنەوە و لە هەمان کاتدا ئامۆژگاری دا کە لە پەرتوکە فێرگوزارییەکاندا جێیەکیان بۆ بکرێنەوە.
شارەزایان پێیان وایە کە ئەم هەنگاوە نوێیەی میسر شکستپێکهێنانی هەموو چالاکی و هەوڵەکانی دوو دەیەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە کە خوازیاربوون بۆ بە ئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگا لەو بارەیەوە زانیاری تەواو لەسەر زانستی جووتبوون و منداڵخستنەوە لە پەرتوکە فێرگوزارییەکاندا هەبن.
د.ئامال عەبدولهادی وەک پارێزەرێکی مافەکان لە بواری زانستی منداڵخستنەوە ئەڵێ " بێگومان ئەم بڕیارەی حکومەت کاریگەریی تەندروستی و کۆمەلایەتی خۆی ئەبێت " و ڕوونی کردەوە کە " بە هۆی نەبوونی زانیاری تەواو لەو بارەیەوە چەند تێگەیشتی نادروست سەر هەڵئەدەن ئەمە سەرباری زیادبوونی نەخۆشییەکان کە لە ڕیگای جووتبوونەوە(sexually transmitted diseases) بڵاو ئەبنەوە " . د.ئامال ئاماژە بەوە ئەدات کە بابەتەکان دەربارەی سێکس هەمیشە چەند بابەتی هەستیار بوون لە میسر، بە ڕادەیەک کە وتووێژەکانی نێو کۆمەلگای دەربارەی بابەتەکانی ژیانی سێکسی دوا و پەکخستووە ، و ڕێگری لەو هەوڵانە گرتووە کە ئەیانەوێ مامەڵەی دروست و زانستی لەگەل زانستی منداڵخستنەوە، و کۆنترۆڵکردنی گەشەی دانیشتوانیی بکەن.
هەرەوها نەهی ڕوشدی وەک لێکۆڵەوەرێک لە دەستپێشکەری میسر بۆ مافە کەسێتییەکان پێی وایە کە لابردنی ئەم ماددانە لە خوێندنگاکاندا " هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو دواوە " و لە ڕوونکردوەیەکیدا لەگەڵ ئای پی ئێس نیگەرانیی خۆی دەربارەی گەشەی تێڕوانینی پارێزەرانە و دینییانەی ئەم دوایییانە دەربڕی کە کاریگەریی خراپ ئەکاتە سەر تەندروستی و مافەکانی خەڵک. ڕوونی کردەوە کە لە ساڵەکانی شەست و حەفتاکاندا وتووێژەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییە سێکسییە دروست و نادروستەکان باسیان لێوە ئەکرا و بەلام ئێستا تەواوی باسەکان لە تێگەیشتنەکانی حەڵاڵ (permissible) و حەرام (sinful) دا چڕ ئەکرێنەوە ، کێشەیەک کە تەواوی باسەکان بۆ چوارچیوەی ئاین ئەگەڕێنێتەوە.
پیاوانی ئایینی هەر لەسەرەتاوە دژی بیرۆکەی فێرکردنی خوێندکاران بوون بە زانستی سێکسی ئامن و زانیارییەکان دەربارەی نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان و کاتێک کە ئەم باسە پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر باسی لێوە کرا یەکێک لە پیاوە ئایینییە توندڕوەکان رایگەیاند کە ئەبێت خوێندکاران بە شیوەیەک فێر بکرێن کە کاریگەری نەکاتە سەر غەریزەکانیان یان کاریگەری خراپ نەکاتە سەر ئەخلاقی گشتی نێو کۆمەلگا. ئەمەش بە مانای خوێندنی سێکسە بە شیوەیەک کە لەگەڵ دابونەرینی گشتی کۆمەڵگادا بێتەوە واتە ڕێگرتن لە سێکس تا کاتی شووکردن یان ژنهێنان، ئەمەش لە بواری پراکتیکییەوە ئەوە ئەگەیەنێت کە باسەکان دەربارەی سێکس لە ئاستەکانی خویندندا لە چوارچیوەیەکی ئاینی و بایۆلۆژیدا و بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک لە لایەنە کۆمەلایەتی و دەروونییەکانی.
بە پێی ڕاپرسییەکان و بە تایبەت لە نێوان کچاندا هەژاریی لە بواری زانستی تەندروستی سێکس و سێکسە ئامنەکان دەرکەوت ئەمە جگە لە نەبوونی زانیاری دەربارەی ئەرکە بنەڕەتییەکان منداڵخستنەوە و نەخۆشییە گوێزراوەکان لەو بوارەدا.
بە پێی لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دەربارەی نەخۆشی ئایدز ( HIV/AIDS ) کەمتر لە سەدا دوو لە ژنانی هەژار و کەمتر لە سەدا شانزە لە نێو پیاوانی دەوڵەمەند زانیارییان لەسەر ڕاستییە بنەڕەتییەکان دەربارەی ئەم نەخۆشییە هەبوو ، ئەگەرچی پیاوان زانیارییان بڕێک باشتر بوو لە ژنان بەلام لەم ڕێژەیەشدا تەنها یەک لەسەر سێییان لەوە ئاگاداربوون کە لەوانەیە نەخۆش هەبێت کە هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزیش بێت ( HIV-positive ) بەلام وەک کەسێکی تەندروستیش وابێت !
ئەوەی شایانی باسە میسر یەکێک لەو پێنج وڵاتە عەرەبییەی کە بڕیاری دا کە زانستی تەندروستی منداڵخستنەوە بکاتە نێو خوێندنەوە کە تاوەکو پلەی خوێندنی ناوەندیی درێژەی هەیە و لەهەریەکە لە ولاتەکانی تری وەک بەحرەین ، تونس ، جەزائیر، و مەغریب ئەخوێندرێن . هەروەها لە لوبنانیش تەنها لە خوێندنگا عەلمانییەکاندا وەک ماددەیەک لە خوێندندا زیاد کراوە.
د. مەمدوح وەهبە سەرۆکی کۆمەلەی میسریی بۆ تەندروستی خێزان رایگەیاند کە لابردنی ئەم وانانە لە خویندنگاکاندا ئەبێتە هۆی بلاوبوونەوەی تێڕوانینی و تێگەیشتنی هەڵە دەربارەی سێکس، و ڕێگری ئەخاتە بەردەم ئەو هەوڵانەی کە ئەیانەوێ دژ بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەکان لەو بوارەدا کارێک ئەنجام بدەن. هەروەها ڕایگەیاند کە لاوان هەوڵ ئەدەن کە زانیاری لە ڕیگای ترەوە بەدەست بخەن لەوانەش سەرچاوە نازانستییەکان بەمپێیەش سێکس لە ڕێگای کەسە نزیکەکانی خۆیان ، ئینتەرنێت و ماڵپەڕە سێکسییانەوە فێر ئەبن .
ئەمە جگە لەوەی کە میدیاکانی میسر هەوڵێکی زۆر ئەدەن بۆ رۆشنبیرکردنەوەی کۆمەڵگا لە بارەی تەندروستی منداڵخستنەوە ، بە شیوەیەکی زیاتر بە بەراود لەگەڵ پێنج ساڵی رابردوودا. ئەمە جگە لەوەی کە بەرنامە تەلەفیزیۆنی و ڕادیۆیییەکان وتووێژی زۆر ئەکرێت دەربارەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندن بە سێکسەوە. بەشێوەیەک کە چەند بابەت لە خۆی ئەگرێت کە پێشتر لە ناو حەرامکراوەکاندا ( taboo topics ) بوون وەک بەکارهێنانی کۆندۆم ( condom use ) ، دەستپەڕ ( masturbation ) ، سێکس لە ڕێگای دەمەوە ( oral sex ).
وەهبە پێی وایە کە کێشەکە لەوەدایە کە خەڵکانی نەخوێندەوار ناتوانن چۆنیەتیی ئەو زانیارییانەی کە بۆیان ئەخرێتە ڕوو جیا بکەنەوە. ڕاستی و ئامۆژگارییەکان دەربارەی مەسەلە سێکسییەکان لە نێو ئەو دەیان پرۆگرامەی کە لە لایەن دکتۆرە بێ توانا و پیاوە ئایینییەکانەوە کە نابابەتییانە و چەواشەکارانە ئەیانخەنە ڕوو وون ئەبن .
وەهبە پێی وایە کە کۆنفرانس ١٦ سال لەمەوپێش سازدراوە و مافی هەموو گەنجانە کە بەهرەمەند بن لە مافی زانیاری دروست و بابەتییانە، مافی ئامۆژگاریی زانستی ، مافی تەندوستی منداڵخستنەوە و بەهرەمەندبوون لە گشت تواناکانی. کە زۆرێک لەمانە لە ڕیگای چالاکییە ڕێکنەخراوەکانەوە ئەنجام ئەدرێن بەڵام ئێمە پێویستە بگەین بە گشت خوێندکاران و بەمپێیەش یان ئەبێت ئەم چالاکییانە بە زۆر بکرێن یان بیانکەینە نێو پرۆگرامەکانی خوێندنەوە.
سەرچاوە : ئای پی ئێس
* ناونیشانی بابەتەکە بەمشیوەیە بوو ( تکایە چیتر نا بۆ پەروەردەی سێکسی ، ئێمە عەرەبین ) بەڵام من ئەمەم بە گونجاو زانی.
|



سهرنجی خۆت دهربارهی ئهم بابهته بنووسه ، تکایه تهختهکلیلی ئینگلیزی بهکارمههێنه له کاتی زیادکردنی سهرنجهکهتدا تا ههموو به باشی و ڕوونیی توانای خوێندنهوهیان ههبێت