چەند سەرنجێک دەربارەی ئاماری ساڵی2011ی بەدواداچونی توندوو تیژی دژ بە ئافرەتان لە کوردستان
لاوژە جواد
دەمەوێت لەسەرەتاوە ئەوە بڵێم کە بەداخەوە دیاردەی توندوو تیژی دژی ژنان بەهۆی کولتوری پیاوسالاریەوە دیاریدەکی جیهانیە و تارادەیەک هەموو دونیای گرتۆتەوە. بەڵام ئەو دیاریدەیە لەوڵاتێک بۆ وڵاتێکی ترو بەپێی فەرهەنگ و کولتورو تێروانینیان بەرامبەر بەژن جیاوازی هەیە. بۆنمونە لەوڵاتانی پێشکەوتودا ئەودیاریدەیە زۆر کەمترە تا وڵاتنی جیهانی سێهەم و ئیسلامی. ئاینەکان بەگشتی و ئیسلام بەتایبەتی شەرعیەتیان داوە بەدەسەڵاتی پیاو بەسەر ژن و لێدانو توندوو تیژی بەرامبەر بەژن و منداڵ، بەئاشکرا دەبیندرێت.
لەوکۆمەڵگایانەی کە ژن ئازادەو ئاین دەوری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا نی یە و شتێک بەناوی شەرەف بەو شێوەیەی کە لەوڵاتانی ئیسڵامی پێناسەی دەکرێت جێگەو ڕێگایەکی نی یە ئەو دیاریدەیە زۆر کەمترە.
ئاماری بەرێوەبەرایەتی بەدواچونی توندوو تیژی دژ بە ئافرەتان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بۆمن زۆر جێگەی سەرسورمانە! بەڕای من زۆر ئاسایی یە کە لەلایەن بەشێک لە رێکخراوو چالاکەوانی ژنانەوە ناڕەزایەتی لەسەر دروست بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە ڕاگەیاندراوە کە ١٥٤٦ حالەتی توندوو تیژی هەبوە بەرامبەر بەژنان لە کوردستاندا ئەوەش ١٠٠ حالەت لەساڵی پار کەمترە. دیارە ئەمە جێگەی دڵخۆشی یە ئەگەر ئەولێکۆڵینەوە ڕاستبێت. ٤٣ ژن کوژراونوو ٤٤ خۆیان کوشتوە، ٢٨٨ سوتاونو ١٣٢ خۆیان سوتاندوە بەڵام من گومانم لە دروستی ئەو ئامارە هەیە لەو ژمارەیە.
ڕێژەی ئەو ژنانەی کە ئێمە دەیان بینین لەڕاگەیاندنەکانەوە زۆر لەوە زیاترە کە لە ڕاپۆرتەکانی ئێوە دەیانبینین. بەهۆی راگەیاندنی جۆراو جۆرو ئاسان بونەوەی پەیوەندی لە جیهانی ئەمرۆدا زۆر ئەستەمە بتوانی ڕاستیەکان بشێوێنیت.
کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریەو بەکارهێنانی توندوو تیژی بەرامبەر ژنان دیاریدەیەکی تاڕادەیەک ئاسایی یە. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەیبینینو دەیبیستین کە دیاریدەی تیرۆروو توندوو تیژی بەرامبەر بەژنان لەزیادبوندایە. بەهۆی نە بونی یاسایەکی شیاو بە ئینسان و دیفاع لە مافی ئینسان بونی ژنەوە، تاوانبارانی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، هەتا ئەگەر مادەیەکی بچوکیش لە یاسا دژ بەم دیاریدەیە بێت بەهۆی گەندەڵیەوە زۆر ئاسان تاوانباران دەتوانن ئازادانە بسورێنەوە.
بە داخەوە لەکۆمەڵگای ئێمەدا هەرلەمنداڵیەوە کج بە کولتوری پیاوسالاری پەروەردە دەکرێت. لەباری دەرونیەوە زۆر جار لاواز رادەهێندرێ. ئەو کەلتورە پیاوسالاری و ژێر دەستە بونە وای لێدەکات کە ئیعتماد بەنەفسی کەم بێتوو کەمتر بتوانێ ئەو توندو تیژیەی کە بەرامبەری دەکرێت دەری بڕێت، زۆربەی ژنان کاتێک توندو تیژیان بەامبەر دەکرێت ناتوانن دەری ببڕن و دەیشارنەوە، یاخۆد ئەگەر ئاسەواری لێدانیان پێوە دیاربێت ئەوە پاساوێک دەهێنەوە، کەوتون، شت بەسەریانە کەوتوە یان بەهۆی روداوی هاتوو چۆ بووە، یان کەخۆیان دەسوتێنن ئەوە پەرەمێزیان پیاتەقی یان نەوتیان پیا ڕژا! زۆرجاریش کە تیرۆر دەکرێن ئەوە کەسوکاریان هەوڵ دەدەن هۆکارێک بۆ مردنەکەیان دەدۆزنەوە.
دووای ٢١ ساڵ حاکمیەتی دەسەڵاتی کوردی هێشتا هیچ پڕۆگرامێک، هیچ پلانێک یان هیچ بەرنامەێەکی سیستماتیک بۆ هوشیاری تاک لە هیچ بەشێکی کۆمەڵگا نابیندرێت ، بەداخەوە ئێمە لەکۆمەڵگایەک دەژیەین کە هیچ پەروەردەو تەوعییەیەکی تیا نیە .سەنتەرێک یان داموو دەزگایەکی حکومی یان شوێنی تایبەتی داڵدەدانی ژنان نابینی. شوێنێک کە جێگای باوەری ژنان بێتوو ئیحساسی ئارامی بێت بۆ خۆیان و منداڵەکانیان.
چەند سایکۆلۆگ و لێکۆلەرەوەی کۆمەڵایەتی دەبینین کە کاریان بەس کارکردن بێت لەسەر ژنان و هۆشیارکردنەوەیان، تا بتوانن ئەوانەی کە بەتایبەت دووچاری توندوو تیژی بونەتەوە جارێکی تر کەسایەتیان بۆ بگەڕێتەوەو، بتوانن جارێکی تر لەسەر پای خۆیان بوەستنەوە. ئەو ژنانەی کە خۆیان دەکوژن یان دەسوتێنن، لەو پەڕی نائومێدیەوە ئەوکارە دەکەن. ئەو بنبەستە پاش ساڵەهای ساڵ سوکایەتیان پێکراوەو توندو تیژی دەرونی و فیزیکیان بەرامبەر بەکار هاتووە بۆیە بەو ئەنجامە گەیشتون کە ئەوکارە بکەن.
ئەگەر دەزگایەکی باوڕ پێ کراو، کە بە کردەوە نیشانی دابێت دڵسۆزانە بەبێ هیج مەرامێکی شاراوە لە میدانی ژنان وە بەتایبەت ئەو ژنانەی کە تووشی ئەزمە بوون، دەست بەکار بکات و زوو فریای ئەو ژنانە بکەوێت، بە دڵنیایە وە ئەو ڕێژەێە دادەبەزێت. بەڵام لەکاتێکدا کە داموو دەزگایەکی لەو جۆرە بە عملی وجودی نی یە، چۆن بتوانم بەو ئامارە باوەر بکەم.
تێبینیەکی ترم لەسەر ئەو ڕاپۆرتە ئەوەیە کە تەنها ئیشارەت بە توند و تیژی جەستەیی کراوە، هیج سەرچاوەێەکی رەسمی وەک خەستەخانە، پزیشکی پسپۆر یان پۆلیس راستی ئەو ڕاپۆرتەی نەسەلماندووە و هیچ ئیشارەتێک بە لاێەنە کانی تری توند و تیژی نە دراوە ، ڕێژەی چەندی ژنان لەژێر توندوو تیژی دەرونیدان. یان دەستدرێژی سێکسیان لێکراوە، دەستدرێژی سێکسی بەرین ترین جۆری توندو تیژیە کە بەرامبەر ژنان دەکرێت. بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمە ئەو ژنانە سزا دەدرێن و یان لەبری ئەوەی کۆمەک بکرێن و جارێکی تر ئومێد بۆ ژیانیان بگەڕێندرێتەوە ئەوە تیرۆر دەکرێن. بەپێی هەموو لێکۆڵینەوەیەکی زانستی، خڕاپترین جۆری توندوتیژی کە کاریگەری بەسەر ژیانی ئینسانەکان دەمێنێتەوە بەدرێژایی ژیانیان دەستدرێژی سێکسی یە.
لە کۆمەڵگای پێشکەوتودا بۆنمونە لە دانیمارکدا، ساڵانە ئاماری لەو جۆرە دەدرێت، ئەوەی بۆمن جێی سەرنجە ئەوەیە کە لەووڵتەدا ساڵانە ژمارەی ئەوژنانەی ڕوبەڕوی توندو تیژی دەبنەوە لە زیاد بوندایە. کاتێک پسپۆڕانی ئەو بوارە لە میدیاکانەوە قسەو باس لەسەری دەکەن ئیشارەت بەوە دەدەن کە ژنانی دانیمارک ئاستی هۆشیاریان لەبەرزبونەوە دایەو باوەریان بەسیستەم زیاتر دەبێت و زیاتربەکارهێنانی توندو تیژی ڕوبەڕوی سیستەم و قانون دەکەنەوە. لەم وڵاتەدا ژنان و پیاوان لە مافوو یاسا بەتەواوی بەرامبەرن. سەنتەری تایبەت بە ژنان هەیە کە تیایدا دەپارێزرێن و چارەسەری دەرونی و جەستەییان بۆدەکرێت لەهەموشی گرنگتر بەڕای من ئەوەیە کە ژنان ئابوری سەربەخۆیان هەیە. ئەو سیستەمە بەتەواوی پارێزگاری لەو کەسانە دەکات کە ڕۆبەروی هەرەشەو توند و تیژی دەبنەوە، جیاوازی نیە کە ژنن پیاون یان منداڵن. ئەگەر هەڕەشەکە هەر بەردەوام بێت ئەوە ناوو ناونیشانی تازەیان پێدەدرێتوو شوێنیان شاراوە دەبێت.
لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا کەڕامەتی ئینسانەکان پێش هەموو شتێکە ئینسان لەهەموو شتێک بەقیمەت ترە، لەپێناو راگرتنی حورمەتی ئینسان بەردەوام چاو بەقانونەکان دەخشێننەوە، ئاسایی ترین شت دەربرینی بیرو ڕاو هەستی تاکی کۆمەڵگایە. لەو کۆمەڵگایانەدا هەمو ڕاگەیاندنێک و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەربەخۆیەو بەپێی شارەزایی و پسپۆڕیە. هیچ شتێک ناشارنەوە و هەموو شتێک بەئاشکرا بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا دەکەن، باوەڕیان وایە کە بەڕەخنە گرتن لەخۆ دەچنە پێشەوە کە هەرواشە.
بەڵام لەکۆمەڵگای دواکەوتودا هەمووشتێک شاراوەیە لە داهات و داراییەوە بیگرە تا دەگاتە بچوکترین شت. زۆر جار گۆێمان لێبووە کە ڕەخنە لە نوسەرو ڕۆشەنبیرانی کورد گیراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە کە نهێنی کوردستان دەبەنە دەرەوەو بەوە ئابڕوی کورد دەچێت. هەربۆیەش ئاستی تەوعیەی کۆمەڵگا زۆر بەهێواشی دەچێتە پێشەوە. دەسەڵاتدارانی کوردستان نانی ئەوە دەخۆنوو بوقازانجیان نی یە کە ڕاستیەکان بخەنە دەرەوەو، کۆمەڵگا لەهەموو شتێک ئاگاداربکەنەوە. باوەڕیان بە ڕەخنەگرتن لەخۆ نی یە و ناشیانەوێ کۆمەڵگا هۆشیار بێتەوە.
بەڕای من لێکۆڵینەوەی لەم شێوەیە دەبێت لە لایەن کەسانی پسپۆرەوە بکرێت، کەسانێک کە شارەزاییان هەبێت و بەزمانێک ی ئارام قسە لەگەڵ ئەوکەسانە بکەن و هەستی ئاسایشیان پێبدەن. ئەو کارانەش تەنها سایکۆلۆگ و لێکۆلەرەوەی کۆمەڵایەتی زۆر تایبەتەوە دەبێت بکرێت، نەک بەرئەساسی کارو پێشینەی سیاسی پلە و پاێەی حیزبی کەسەکان دابنرێن.
|



سهرنجی خۆت دهربارهی ئهم بابهته بنووسه ، تکایه تهختهکلیلی ئینگلیزی بهکارمههێنه له کاتی زیادکردنی سهرنجهکهتدا تا ههموو به باشی و ڕوونیی توانای خوێندنهوهیان ههبێت