Home بیروڕا کرێکاران پێش خەبات کردنیشیان، ناڕازین!

کرێکاران پێش خەبات کردنیشیان، ناڕازین!

by admin
0 کۆمێنتەکان 98 بینینەکان

شاباز مەحمود:   

خەباتی چینایەتی لەمێژە ئەوەی سەلماندووە کە ئەمنیەت و ئاسایشی شوێنیکار، حورمەت و کەرامەتی کرێکار، مافە ڕەواو مرۆییەکانی، هیچ کاتێک خێرو سەدەقەی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیان نەبووە. ئەوەی کە ئاشکرایە کرێکارو سەرمایەدار بەدرێژایی مێژوو، هەمیشە لەدوو جەمسەری ناکۆک و کێشمەکێشی بەردەوامدان. بەهێزبوونی کرێکاریش تەنها بەڕێکخراوبوون و پتەوکردنی هاوپشتی چینایەتی و بەکۆبونەوە لەدەوری ڕێکخراوی ڕاستەقینەو سەربەخۆی خۆیان دەتوانن بە داخوازیەکانیان بگەن. کرێکاران تەنانەت کەهێشتا دەستیان نەدابێتە مانگرتن، ناڕازین و خواستی دیاریکراویان هەیە. کەوایە دەبێ هەرلەئێستاوە هەوڵبدرێت بۆ ناسینی هەلومەرجی کارو خواستە دەستبەجێکانی کرێکاران و ڕیگای بەدەستهێنانیان وکرێکارانی پێهوشیار بکرێتەوە. لەدرێژەی ئەم هەوڵانەدایە کەکرێکاران دەتوانن داخوازیەکانیان بۆ باشکردنی ژیانیان بەسەر دەوڵەت و خاوەنکاراندا داسەپێنن. بەڵام ئەمە بەتەنیا تایبەتمەندی و پێناسەی سەرکەوتنی ئەم خەباتە نییە، هەروەک باسمانکرد لەوانەیە کرێکاران لەم خەباتە دیاریکراوەدا دەستکەوتێکی بەرچاویان نەبێت، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە کرێکاران لەئاکامی ئەم هەوڵ وتێکۆشانانەدا بەئاستێکی بەرزتر لەهوشیاری و یەکگرتووتریی دەگەن وبەمەش زیاتر پەی بەهێزو توانای خۆیان دەبەن. تەنانات بەورادەیەی کەکرێکاران هوشیاردەبنەوە وهێزی یەکگرتوی خۆیان دەناسن هەربەورادەیەش دەتوانن بەرامبەر سەرمایەداران و دەوڵەت بۆ گەیشتن بەداخوازیەکانیان ڕابوەستن.

لەلایەکی دیکەشەوە چینی کرێکار ناتوانێت تەنها بەیەکێتی و سەندیکاکانیەوە بچێتە ئەم جەنگە هەمەلایەن و توندەوە لەگەڵ بۆرژوازیدا، یەکێتیە کرێکارییەکان، سەندیکاکان، هەریەکەیان کارەکانیان دیاریکراوە، هەریەکە بەجیاواز ئەگەری سەرکەوتنی لەهەمان مەیدانیشدا لاوازە، چونکە ئەو هێرشانەی بۆرژوازی گۆشەو لایەنەکانی شەڕێکی فراوان و هەمەلایەنەی چیانیەتیە کەئامانجەکەی هێشتنەوەو درێژەدانە بەتەمەنی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر حسابی ژیان و ئایندەی چینی کرێکارو بۆ چەندین ساڵ نەوە دوای نەوە مۆری خۆی بەجێگاو رێگای سیاسی- ئابوری و کۆمەڵایەتی چینی کرێکارەوە دەنێت..

سەرمایەدای لەهەرێمی کوردستاندا، چینێکی کرێکاری فراوانی دروستکردوە کەتاکە سەرچاوەی دابینکردنی ژیانی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەتی. ڕێکخستنی ئەو هەلومەرجەی کە چینی کرێکاری کوردستان کاری تێدا دەکەن‌و دیاریکردنی ئەو یاساو بڕیارانەی کە زاڵن بەسەر هەلومەرجی کاری کرێکاراندا، یەکێکە لەگرنگترین پێداویستیەکانی درێژەدان بەژیان‌و مانەوەی کرێکارو بەدابینکردنی گوزەرانی خۆی‌و خێزانەکەی. ئەو دۆخەی بەسەر کارو ژیانی کرێکاراندا سەپاوە، نەك هەر لەگەڵ چاوەڕوانیەکانی کرێکارانی کوردستاندا نایەتەوە، بەبەراورد بەو ئاستە سەرسوڕهێنەرەی کەڵەکەی سەرمایە، بەڵکو مەترسی جدی هەیە بۆسەر ژیان‌و گوزەرانی چینی کرێکار لەکوردستان‌دا. هەربۆیە دەبێ کرێکاران وخەباتەکەیان بەئاسۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەسیستەمی ئێستادا، بچنە سۆراخی خەبات بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانیانەوە.

دواستوونی دە نگی کرێکار

لێدوانێک بەجێ بهێلە