ئەرسەلان ڕەحمان:
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغداد بەر لەوەی عێراق بەجێبهێڵێت، لە هەولێرەوە ڕەخنەی لە ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین لەم ناوچەیە گرت. ئەم ڕەخنەیە بە ڕاپۆرتی ئینشایی بەرپەرچ نادرێتەوە و پێویستی بە کاری بوێرانە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی وێنا ناشیرینەکە.
لە دوا دیداری لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و نوێنەری کەناڵە بانگهێشتکراوەکان، ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی 2024، لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری هەولێر، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی وادە تەواوبووی ئەمەریکا لە عێراق، ڕەخنەی لە ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان گرتووە.
کەرکوک ناو، ڕاپۆرتێکی لە بارەی ناوەڕۆکی قسەکانی ڕۆمانۆوسکی بڵاوکردووەتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “میدیای ئازاد لە هەرێمی كوردستان پێشتر بەوە بەناوبانگ بوو، كە زۆر پتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانین بڵێین سومعەیەكی باشی هەبوو، بەڵام بەداخەوە دەبینین لە ناوچەكەدا پاشەكشێی لە پرسی میدیادا رویدا، ئەم پاشەكشێیە لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە رویداوە”.
هەروەها هاتووە: “ئێمەوە وەكو ئەمریكا بەردەوام پشتیگیری لە بابەتی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانیی دەكەین، بەردەوام لەگەڵ حكومەتی هەرێم و میدیا جیاوازەكاندا بۆ ئەو پرسە لە گفتوگۆداین… ئێمە دژی ئەوەین رۆژنامەوانان بەبێ ئاگادركردنەوەی رەسمی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان بپشكنرێت، یان دەستی بەسەردا بگیرێت.. حكومەتی هەرێم بەردەوام بەرپرسیارە لەوەی زانیاریی تەواو بە رۆژنامەنوسان بدات بەتایبەت لەسەر پرسی شەفافیەت”.
نەک تەنیا ئەوەندە، بەڵکو ڕۆمانۆوسکی، بە ڕوونی ڕەخنەی لە حکومەت گرتووە و وتویەتی: “پاشەکشێ هەیە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لە جێبەجێکردنی یاساکانی پەیوەست بە ڕۆژنامەوانان”.
بە پێویستیشی زانیوە: “هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ پێگە بەهێزەکەی پێشووی لە پرسی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی”.
ڕۆمانۆوسکی یەکەم کەس نیە لەو بارەیەوە هۆشداری دابێت و ڕەخنەی لە ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین گرتبێت.
هەرێم کە ئێستا لە سەروبەندی سەرپێخستنەوەی پڕۆسەی ئاواکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەیەکی تازەیە، پێویستە ئاوڕێکی جددی لەو ڕەخنانە بداتەوە، کە بەردەوام لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و لە زاری دیپلۆماتکار و نێردە خۆرئاواییەکانەوە لە ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین دەگیرێن.
چاوداخستن و سپاردنی ئەو ڕەخنانە بە وەڵامە ئینشاییەکانی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بەس نیە، چونکە ئەو ئینشایانە لە ناوخۆدا کڕیاریان نیە و لە دەرەوەش چاودێری هەنگاوی کردەیی دەکرێت، نەک ئینشای کۆپی پەیست.
لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمدا هەندێک هەنگاو بە ئاراستەی کرانەوە بە ڕووی میدیاییدا نران، بە تایبەت ئەو گفتوگۆ پەخشکراوانەی سەرۆکی کابینەکە لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی کەناڵ و دەزگا جیاوازەکان سازیکردن، بەڵام بەدوایدا هیچ هەنگاوێکی هاوشێوە نەبیران.
دوای ئەو گفتوگۆیانە ڕێک پێچەوانەی ئامانجی گفتوگۆکان هەنگاونران. ئەمەش ڕەنگە هۆکاری زۆری هەبن، دیارترینیان ئەو عەقڵیەتەیە، کە تیمی میدیایی کابینەکەی ئاراستە دەکرد، لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە خۆبەرەوپێشەی ئەو تیمەی وەک ڕاوێژکار و شارەزای میدیا لە دەوری مێزی سەرۆکی کابینەکە کۆببوونەوە.
ئەو تیمانە لە پێناو قایمکاری پێگەکەیان، دەرگایان بە ڕووی هەموواندا دادەخست و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لەوەدا دەبینییەوە، هەموو شتێک بە تەرازووی بەرژەوەندیی خودییان ببینن.
لە دەستپێکی کابینەکەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هیچ وتارێکی ڕەخنەیی، پۆستێکی دژبەرانە، کاریکاتێر و بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی، هێندەی ئەو سیاسەتە چەوتەی “عەقڵە میدیاییەکەی کابینەی نۆیەم” زیانیان بەر ناوبانگی کابینەکە نەگەیاندووە، کە دەکرا لەو بوارەدا پێچەوانەی ئێستا، ناوبانگێکی ئەرێنی و کاریگەری بۆ دروست بکەن.
مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی میدیا، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، بە هەموو پێوەر و عەقڵێک بکرێت، بە عەقڵی ئەمنیی و مەرامی تەسکبینانە و بەرژەوەندیخوازانە ناکرێت.
ئەگەر بشکرێت، ئاکامەکەی ڕوونە، نەک هەر ئەوەی پەیامەکە ناگات؛ ئەوەتا وێناکەشی تڵخ و عەیبدار دەکات.
هەڵاواردن لە پێدانی زانیاری، قۆرغکردنی زانیاری بۆ یەک تا دوو کەناڵ، دابەشکردنی میدیا بەسەر یار و نەیار، سەنگەرگرتن لە کەناڵ و سەرچاوەی میدیایی، تەخوین و تەوهینی کەناڵ بە پاساوی بڵاوکردنەوەی زانیاری، دیاریکردنی کەناڵی دڵخواز بۆ ئەوەی کاربەدەستان لێیەوە دەرکەون،.. تا دەگاتە خەرجکردنی پارە و توانای تەکنیکی بۆ داخستن و سڕینەوەی بابەت و پەیج و ئەکاونتی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە مۆرکێکی ئەم چەند ساڵەی دوایی.
لە پێشینەی کار ئەوەیە، ئەوانەی خۆیان بە خەمخۆری ناوبانگی هەرێم و کابینەی داهاتوو دەزانن، لە ئێستاوە بیر لەوە بکەنەوە، لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام نەبن، پێویستە بەدوای دەستنیشانکردنی هەڵەکانەوە بن، ڕێگەچارەی پێویست بگرنە بەر، چیدیکە قەدەری پرسێکی هەستیاری وەک ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی، بە عەقڵیەتی داخراو (لە پێناو مانەوە لە پێگە) نەسپێرن، بۆ ئەوەی لانیکەم وێنای کابینەکە دزێو پیشانی دنیا نەدەن.
گرنگە گوێ بگرن و بۆ هەر ڕەخنەیەک قەوانی سواوی دەستی دەرەکی لە پشتە نەڵێنەوە. کار بکەن بۆ ئەوەی دەزگا، کەناڵ، پەیجی هەواڵی و ڕۆژنامەوانانی خۆیی ئاشت بکەنەوە و یاسای مافی پێدانی زانیاری وەک یەک بۆ هەمووان جێبەجێ بکرێت.
وێنە: سایتی کەرکوک ناو