Home بیروڕا کاتێک مێژوو هەر بە کارەسات خۆی دووبارە دەکاتەوە!

کاتێک مێژوو هەر بە کارەسات خۆی دووبارە دەکاتەوە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 55 بینینەکان

ئیدریس موستەفا:   
لە پەراوێزی دەرکەوتنی ئەبومحەمەد ئەلجۆلانی سەرکردەی یەکەمی بەرەی نوسرە/ رێکخراوی رزگاری شام لە شاری حەلەب
ببورە کارل مارکس ئەوەی تۆ گوتت کە “مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، یەکەم وەک کارەسات/تراجیدیا، دووەم وەک کۆمیدیا/مەسخەرە” لەم ناوچەیەی ئێمە وانیە و مێژوو هەر بە کارەسات خۆی دووبارە دەکاتەوە.
سیناریۆ لە یەکچووەکان
ئەو وێنەیەی ئەمڕۆکە لە حەلەب دیتمان، دەرکەوتنی محەمەد جۆلانی ئەمیر یان سەرکردەی یەکەمی رێکخراوی رزگاری شام کە جاران ناوی بەرەی نوسرە بوو، هەمان ئەو دەرکەوتنەی ئەبوبەکر بەغدادیمان پیشان دەدات کە ساڵی ٢٠١٤ دوای سەرکەوتنی بەسەر یەک دوو شار و ناوچەی گرنگی وەک موسڵ و رەققەدا دەرکەوت و لە مینبەری مزگەوتێکەوە لە موسڵ خەلافەتی خۆی راگەیاندا. ئەمڕۆکەش ئەبوو محەمەد جۆلانی حەلەبەوە دەرکەوت دوای گرتنی دوو ناوچە و شاری گرنگی وەک حەلەب و ئیدلب و لێدوانێک لە زاری ئەوە بڵاوبۆیەوە گوایە ركخراوەکەی (هەیئەی تەحریر شام) خۆی هەڵدەوەشینێتەوە.
مەبەست لەمە چیە؟
دیارە مەبەست لەمە واتە قۆناغی دادێ شتێکی جیاوازتر دەبێ و ئێمەش دەبێ خۆمان بگۆڕین بەڵام جیاوازیەکەی ئەم ئەوە بوو کە هیچ دەستەواژەیەکی وەک خەلیفە و خەلافەتەکەی بەغدادی بەکار نەهێنا.
سیناریۆکانی دەرکەوتنی جۆلانی هەر بە وێنەی بەغدادی لە یەک ناوچەی شێواوی جیوسیاسیەوە سەری هەڵدا کە راستەوخۆ بە پشتیوانی هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەکە و تا رادەیەک جیهانیشەوە بوو. پێشڕەویەکانییان هەر لە پەلامار و گرتنی شوێنەکان تا دەگاتە دروشمە ئاینیەکانیان کتومت لە یەک دەچن هەرجەندە جیاوازی رەنگ و نوسین لە ئاڵاکانیاندا هەبێت. هەردوو سەرکردەی ئیسلامی، جۆلانی و بەغدادی، بە خودی ریکخراوەکانیانەوە لە لایەن تەواوی ولاتانی ناوچەیی و جیهانیەوە بگرە ئەوانەش کە داڵدەیان دەدەن و پشتیوانی سیاسی و مالی و سەربازیان دەکەن بە تیرۆرست لە قەڵەم دراون کەچی رێگەیان پێ دەدرێ شوێنگەیەکی جوگرافیان هەبێ لە سوریادا و بە ئازادانە خەریکی ئیش و کارە سەربازی و جوڵانەوە ناوچەییەکانی خۆیان بن.
ئامانجەکان…
خاڵیکی گرنگ و یەکلاکەرەوە کە هەبێ لە نێوان بەرەی نوسرەی جۆلانی و داعشی بەغدادی ئەوەیە کە هەردووکیان لەسەرەتاوە لە ژێر یەک ناوی ئاینی و یەک ئامانجی سیاسی وەک رووخانی دەسەڵاتە تاغوتەکانی شام/سوریا و عیراق و دامەزراندی قەوارەیەکی ئیسلامی بۆ هەموو ئوممەی ئیسلامی، بەڵام هەر وەک داعش و بەغدادی، بەرەی نوسرە و جۆلانی هەموو ئاماژە و ئامانجێکیان لێدانە لە کوردی رۆژاڤا هەروەک چۆن داعش گڕگر هەموو توانا و هیزی خۆی بادایەوە بۆ شەڕی کوردی لە رۆژاڤا و باشور. لەو رۆژەوەی شەڕی حەلەب دەست پێکردووە تاکو ئێستا هەموو ئاماژە سیاسیەکان بۆ گیان رۆژاڤا ئاراستە دەکرێن نەک دیمەشق.
نەمانی بەرەی نوسرە/هەیئەی تەحریر شام بۆچی؟
یەکیک لە دەسکەلا سیاسیەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستەواژەی تیرۆرە و هەموو بەپرسەکانیان دەڵێن ئێمە نامانەوێ لە سوریادا تیرۆر بمێنێ. تیرۆری شلە دیدی تورکیاوە لە سوریادا واتە قەسد، رۆژاڤا، جا ئەمڕۆکە کاتێک جۆلانی دەڵێت بەرەی نوسرە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە ئەوە بە مانای ئەوەیە ئەوان چیتر لەو لیستەدا نامێنن کە بە تیرۆرست لە قەلەم دراون لە لایەن ئەمریکا وئەوروپا و خودی تورکیاشەوە. ئەوەی دەمینیتەوە کوردانی رۆژاڤان، دەولەتی تورکیا تەنها لایەنە کە قەسد/رۆژاڤا بە تیرۆرست لە قەڵەم دەدات بۆیە دەڵێ تیرۆرستەکان لە سوریا نابێ بمێنن واتە رۆژاڤا نابێ بمێنێ. ئەمە چەندە سەردەگرێ یان ئەوا بابەتێکی ترەو لێرەدا وازی لدەهێنێن بەڵام زۆر زەحمەت دەبێ بۆ تورکیا ئەم بسەلمێنێ چونکە رۆژاڤا و هێزە سەربازیەکەی کە بە قەسد ناسراوە تیرۆرست نین بە هەموو پێودانگە سیاسی و ئەخلاقی و ئینسانی و تەنات جوگرافیشەوە.
نەک هەر لەو رۆژەوەی شەڕی حەلەب دروست بووە بەڵکو پێش ئەوەش مانەوە و داڵدەدانی بەرەی نوسرە و جۆلانی بۆ ئەوە بووە کە رۆژێک بزاوتیان پێ بکرێ و لە ژێر هەر ناو و جواگرافیایەکی تردا بێ بگەڕینەوە بۆ سەر یەک رێگە ئەویش پەلاماردانی رۆژاڤایە چ سەربازی بێ یاخود سیاسی. تورکیا وەک دەوڵەتێک کە بوونە ستراتیجیەکەی رێگە نەدانە بە دروست بوونی هەر قەوارەیەکی کوردی لە دەرەوەی خۆیشی، بەرەی نوسرە و جۆلانی لە دوو ئاراستەدا بەکاردەهێنێ:
یەکەم. لە رووی سەربازیەوە کە ئیستا ئاراستەی حەلەب و حەمای گرتووە و یۆتۆماتیکیەن کە دەبێ بەرەو دیمەشق بێت بگۆڕی بە کۆبانی و رۆژاڤا هەروەک چۆن وەختی خۆی ئاراستەی سەربازی داعشیان لە دیمەشق و بەغدادەوە گۆڕی بۆ کۆبانی و هەولێر.
دووەم، گەر سەربازی نەیتوانی هیچ ئاکامێک بپێکێ ئەوا لە رووی سیاسیەوە، لەگەڵ لایەن و هیزەکانی تری مەوجود لە گۆرەپانی سیاسی سوریادا وەک روسیا و ئێران و ئەمریکا، هەموو ئاراستەکانی گفتوگۆ و دانیشتنی تایبەت بە راوەستانی شەڕ و حساباتی تر لە سوریادا بەورێیەدا بەرێت کە رۆژاڤا نابێ هیچ دەور و کاریگەریەکی هەبێ لە ئایندەی سیاسی سوریادا چ لە دەستورەکەیدا و چ لە هەیکەلەکەیدا.
ئاکام…
ئایا ئەم پلانەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی بەرەی نوسرە و جۆلانی دەگات بە ئامانجی خۆی یان نا ئەوا هاوسەنگی هیزەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی سوریادا وەڵامی پی دەدەنەوە بەڵام یەک حەقیقەتێی تاڵ هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەرکەوتنی هەر هیزێکی سیاسی ئیسلامی تر لە شێوەی داعش و ئەلقاعیدە دەتوانن بە ئاسانی دەربکەونەوە لە ژێر سایەی سیاسەتێکی ناوچەیی و جیهانیدا. ئەم هێزە ئاینیانە شتێک نین جگە لە رەنگدانەوەیەکی تری سیاسەتە حکومی و دەوڵەتیەکانی ناوچەکە و جیهان کە نەبوونی ئارامی ئامانجە؛ بەرەی نوسرەش وەک داعش یەک پەیامی هەیە ئەویش شەڕ و کوشتن و ماڵوێرانی و رەشبگیری بەردەوامی ژیانە لە هەموو ئاستەکاندا.
ئا لێرەدایە کە مێژوو لەم ناوچەیەی ئێمەدا چەندان جاریش دووبارە ببێتەوە زۆرتر هەر بە کارەسات خۆی دووبارە دەکاتەوە؛ بەڵام خۆزگە مێژوو جارێک خۆی بە ئارامی و ئاشتی بەرهەم دەهێنایەوە!

لێدوانێک بەجێ بهێلە