ڕزگار عومەر:
لە نێوان لێدوانی مەزڵوم عەبدی کە ووتی” ئێستا لە ساتەوەختێکی مێژووییدا دەژین و دەرفەتە بۆ بونیادنانی سوریایەکی نوێ” و لێدوان وداوای فەرمی هەسەدە لە رۆژئاوا بۆ چەك هەڵگرتنی گشتی” کاتێکی زۆرکەم هەبوو، بەڵام لە هەردوو لێدوان گرنگتر عەقڵی پشتەوەی ئەم لێدوانانەیە، مەزڵوم و هەسەدە بە پراکتیس بەشداری خۆ ئامادەکردنن بۆ قۆناغێکی نوێ کە مەترسی و دەرفەت لە دروستکردنی مێژووی تازە یەکسانن!
هەسەدە، یان کورد لە سوریا بژاردەی خۆی نەبوو بکەوێتە بەردەم مەترسی نوێ، دیزاین کردنی ڕووخاندنی ڕژێمەکان و میلیشیا گەورە نیمچە دەوڵەتەکان (چەشنی حیزبواللەی لوبنانی) گەورەترە لە توانای واقیعی زۆربەی هێزو دەسەڵات و دەوڵەتانی ناوچەکە.
ئەم جۆرە لە دیزاین هەندێ ڕەهەندی هەمان سیناریۆی ڕوخاندنی ڕژێم و هەڵوەشاندنەوەی یۆگسلاڤیای پێشووی تیایە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەم جۆرە لە پلانی ستراتیژی سەرەڕای تۆکمەیی هەنگاوەکانی یەکەمی لە ڕووخاندنی ڕژێمیکی دیاریکراو، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی ناکۆکیەکانی ساتی لە دایك بوونی مەرج نیە کۆنتڕۆڵی دەرئەنجامە نەخشە کێشراوەکانی بۆ بکرێت، پراکتیکی هەر کاراکتەرێکی کارای ناو ڕووداو خۆی ئەوە دیاری دەکا چەندە “مەترسی” دەگۆڕدرێت بۆ “دەرفەت”.
رەنگە لە ڕووی کاتەوە زۆری پێنەچێ کە کورد لە سوریا توشی گێچەڵ و هەڕەشە ببنەوە، هەروەکو هەمان هەڕەشەو گێچەڵ کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەردەوامیی هەبووە.
لەم قۆناغە زەمەنیە ٢٠١٤ تا ٢٠٢٤ کورد، هەسەدە، زۆر زیانی گیانی و جوگرافیان بەسەردا سەپێنران، بەڵام ئەوان هەمیشە بەهرەمەند بوون لە هاوسۆزیەکی جیهانی نەك لەبەر ئەوەی ئەوان لە هەموو ڕوویەکەوە “پێرفێکتن” یان لە هەموو ڕوویەکەوە توانیویانە لە ئاستی پێوەرو چاوەڕوانیەکان بن، بەڵکو لە بەر ئەوەی فەلسەفەی سیاسی کارپێکراوی ئەوان یەك هاوکێشەی سادەیە چۆن “نەبوون” بگۆڕیت بۆ “بوون”!
ئەمە تەنیا بەشەڕی ستراتیژی و سەربازی و یاریکردن لە نێو پارسەنگ کردنی زلهێزەکانی گۆڕەپانی سیاسی و جیپۆلیتیکدا نەکراوە، بەڵکو لە ڕێگەی دروست کردنی نموونەیەکی “دواڕۆژ”ی مومکین بوو، لە ڕێگەی جێگیرکردن ئەزموونەکەیان وەکو پڕۆژەیەكی کراوە بۆ سێنتەری”متمانە” ی ئاسایش و ئایندەی سوریا بەتایبەت و ناوچەکە بەگشتی، ئەوان ئەو “بەهایانە”ی کاریان پێکرد دروشمی سەر دیوارو گوتاری بەتاڵی سیاسی فاشیل نەبوو، بەهاکانی ئەزموونی ئەوان گشتێکی تۆکمە بوو لە پراگماتیك و لە فەلسەفەی بوون.
بۆ هەر کەسێك کە ئێستای سوریا دەبینێت، کە ئەزموونی کورد دەبینێت لەوێ، نابێ تەنیا لەهەست و بەرپرسیاریەتی پرسیاری کام ئایندە چاوەڕێمان دەکا وبە تامی ڕەشبینی یان بێ متمانەیی بە کاراکتەرەکانیتر شینێکی پێشوەختە بگێڕێت!
چارەنووسێك بە زەبەلاحی خۆی لە بەردەمدا قیت بۆتەوە چی لە بەرامبەردا دەکەیت؟ چار نیە دەبێ بەهەمان کەرستەو ڕێگای تاقیکراوەی پێشوو، بە هەمان قوتابخانەی سەرکەووتویی پراگماتیکی عەمەلیی وانەیەکی نوێ لە گۆڕینی “نەبوون ” بۆ ”بوون” بە جیهان بڵێیتەوە!
دیزاینی گۆڕینی ڕژێمەکان
ڕووداو و دەرفەت
54