Home بیروڕا بنەماکانی لادان و شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریا لەیەکێتی سۆڤیەت[1]

بنەماکانی لادان و شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریا لەیەکێتی سۆڤیەت[1]

by admin
0 کۆمێنتەکان 495 بینینەکان

منصور حکمت

وەرگێڕانی لەفارسیەوە- کاوە کەریم- پێداچوونەوەی فارسی- کوردی سالار کرداری

نۆرەی یەکەم

منصور حکمت:

 دوای بۆچوونەکانی غولام کیشاوەرز.

جگە لەبەشی کۆتایی قسەکانی سەبارەت بەپەیوەندی نێوان بۆرژوازی و پرۆسەی پیشەسازیی ڕوسیا، کەمنیش لەگەڵیدا هاوڕام، هاوڕێ غولام هەندێک کێشە و ناڕوونی لەدواتری قسەکانیدا بەجێهێشت. من بەشەخسی پێموایە لەڕێبازەکەیدا بۆ کێشەی سۆڤیەت، میتۆدۆلۆژیایەکی هەڵەی دەربڕیوە. هاوڕێ غولام ئاماژەی بەوەشکرد، دوو پایەی سەرەکی شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریا لەڕوسیا، لەبیرکردنی ئینتەرناسیۆنالیزم بوو، بەو مانایەی کەبنیاتنانی سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا مومکین نییە، پێویستە شۆڕشی جیهانی بەهانای شۆڕشی ڕوسیاوە بێت. دووەم: دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا فۆڕمی تایبەتی خۆی وەربگرێت، واتە فۆڕمی کردەی ئیرادەی جەماوەری وەرنەگرتبێت. دەرەنجامی من ئەوەیە کەهاوڕێ دەڵێت لەواقیعدا دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەڕوسیا دامەزرا و ڕەنگە دیکتاتۆری حزب یان شتێکی  لەو هاوشێوەیە دامەزراندبێت.

گومانی تێدا نییە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەبەردەم ئەرکە ئابورییەکانیدا شکستی هێنا، یان لەهەر حاڵەتێکدا ئەرکە ئابورییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر پرسێکن کەدەتوانێ ببێتە چەقی لادانەکانی سیاسی و لەهەر حاڵەتێکدا پەیوەندییەکی جددی هەیە لەگەڵ ئەوەدا. بەبڕوای من ئامادەنەبوون بۆ ئەم ئەرکە ئابورییانە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەشکستی بەلشەفییەکان لەڕوسیا. میتۆدۆلۆژیای هاوڕێ غولام لەڕاستیدا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ میتۆدۆلۆژیای حزبی شیوعی نێودەوڵەتی کە لێرەدا ڕەخنەی لێگرت. ئەم میتۆدۆلۆژیایە نائامادەیی بەلشەفییەکان لەئەنجامدانی ئەرکە ئابورییەکانی دوای شۆڕش پیرۆز دەکات و تیۆریزە دەکات. بەو حوکمەی کەبنیاتنانی ئابوریی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا مومکین نییە، ئەرکی ئابوریی پرۆلیتاریا لەوڵاتێکدا بەجێناهێڵێت و بەو هۆیەوە، لەبەردەم بۆرژوازیدا، کەجۆرێک لەئەرکەکانی ئابوری بۆ باشترکردنی ماددی لە کۆمەڵگادا پێشنیار دەکات، بێبەرگری دەمێنێتەوە و هیچ بەدیلێکی نییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​شکست دەهێنێت، بەناچاری پرۆسەی پیشەسازیکردنی ڕوسیا بۆ بۆرژوازی جێدەهێڵرێت.

 بەگشتی ئەوانەی بەم ڕوانگەیەوە مەحاڵبوونی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا پێشنیار دەکەن و دواتر وەڵامی “نێودەوڵەتی” دەدەنەوە کەشۆڕش تەنها لەئاستی نێودەوڵەتیدا دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی مانای ئابوری بۆ پرۆلیتاریا هەبێت، نائامادەیی تیۆری و پراکتیکی… بەلشەفییەکان بۆ ئەوان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەرکە ئابورییەکانی پرۆلیتاریادا دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات پیرۆز دەکەن. ئەمەش کێشەی باسی هەم هاوڕێ غولام وهەم حزبی شیوعی نێودەوڵەتییە، کەهاوڕێ هەوڵیدا سنووری بۆ دیاریبکات. بۆ ئێستا دەمەوێت ئەوەش زیادبکەم کەئامادەنەبوون بۆ پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی ئەرکە ئابورییەکانی شۆڕشی پرۆلیتاری لە وڵاتێکدا، لەکاتێکدا ئەم شۆڕشە بەهەر شێوەیەک بێت لەوڵاتێکدا ڕوویداوە، مانای ئەوەیە کەکۆمۆنیستەکان دژی هەڵوێستی بۆرژوازی (لەژێر دەسەڵاتی… ناونیشانی “بنیاتنانی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا” کەهاوڕێ غوڵام بەدروستی نیشانیدا کەچۆن بۆرژوازی پشتگیری لەم هەڵوێستە دەکات) بەدیلێکی ئابوری نییە. ئەگەر بکرایە بەیەکجار لەهەموو جیهاندا شۆڕشێک ڕووبدات و هەمووان ببنە سۆسیالیست، ڕەنگە بەهیچ شێوەیەک ناڕوشنی نەمێنێت. تەواوی ئاڵۆزی خەباتی شۆڕشگێڕانە ئەوەیە کەڕەوتی ڕووداوەکان بەو شێوەیەی کەچاوەڕوان دەکرا نەڕوات و شۆڕشی کرێکاری بەمانایەکی سیاسی لەوڵاتێکدا سەردەکەوێت. لەم حاڵەتەدا، واتە لەدۆخی ڕوسیادا، ئەوە نائامادەیی کۆمۆنیزمە لەو وڵاتەدا لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەرکە ئابورییەکانی دوای شۆڕش، کە ڕێگە بەبۆرژوازی دەدات لەژێر ناوی سۆسیالیزمدا لەوڵاتێکدا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بڕوات، پرۆلیتاریاش ڕەخنە لەم “سۆسیالیزمە لەیەک وڵاتدا” ناگرێت. تەنانەت ئەو کەسەش کەڕەخنەی گرت دیسانەوە ئەم بێ ئامادەکارییەی پیرۆز کرد و ئەیووت دەبێت چاوەڕێی شۆڕشی جیهانی بکرێت. ئەمە ڕەخنەی بنەڕەتی منە سەبارەت بەباسی هاوڕێ غولام و دواتر بەڵگەی خۆم دەخەمەڕوو.

 بەگشتی سەبارەت بەمەسەلە کێشەدارەکەی “سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا” دەبێت بڵێین لەفۆرمی ئێستای خۆیدا، چ بەشێوەیەکی نەرێنی و چ بەئەرێنی، بەبڕوای من بۆرژوازی پێشنیاری کردووە بۆ پرۆلیتاریا.

لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک پرسیارم هەیە، وەڵامەکانیان یارمەتیدەر دەبن بۆ ڕوونکردنەوەی باسەکە. هاوڕێ غولام دوو لادانەکەی سیاسەتی بەلشەفییەکانی لەسەر ئاستی جیهانی و لەسەر ئاستی ناوخۆ (لادانەکانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا) ڕوونکردەوە، بەڵام من تێنەگەیشتم کە ئایا پەیوەندییەکی هۆکارگەرایی لەنێوانیاندا دامەزراندووە یان بەبۆچوونی ئەو ئەوە پەیوەندییان بەیەکترەوە نییە؟ ئەگەر دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بەڕاستی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بووایە و ئەو فۆرمە تایبەتەی شورایی لەشوێنی خۆیدا بووایە، چ گەرەنتییەک دەبوو کە سیاسەتی سۆڤیەتی لەسەر شۆڕشی چین یان ئەڵمانیا، یان لەئێران لەبەرامبەر کودەتاکەی ڕەزاخان غەیرە سیاسەتی پرۆلیتاری دەمایەوە؟

 لێرەدایە کە بەبڕوای من ڕۆڵی حزبی پێشڕەو لەباسی غولامدا لەدەست دەچێت. بەڵام ئەگەر ئەم دوو بوارە لەیەکتر جیابن، کامیان دەتوانێت مەرجێکی پێویست و بەس بێت؟ ئەگەر دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا شێواو بوو، بەڵام سیاسەتی بەلشەفییەکان لەگۆڕەپانی جیهانیدا لەسەر بنەمای بڵاوبوونەوەی شۆڕشی جیهانی بووایە، ئێمە ڕووبەڕووی ڕوسیای ئەمڕۆیی نەدەبووینەوە؟ ئەگەریش پەیوەندیان بەیەکترەوە هەبوایە، ئەو پەیوەندییە چۆن دەبینێت؟

ئەگەر وەک مانیفێستی کۆمۆنیست و مارکس دەڵێن، شۆڕشی سۆسیالیستی و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەسەر دەستکۆتاکردنی دەستکۆتاکەرانە، پرسیاری داهاتووشم ئەوەیە کە ئایا  توانای دەستکۆتاکردنی دەستکۆتاکەران لەوڵاتێکدا ئیمکانی هەیە یان نا؟ ئەگەر ئیمکانی هەیە، لەوڵاتێکی بەدیلی پرۆلیتاریا بەمانا ئابورییەکەی لەبەرانبەر ئەم دەست کۆتاکردنە چییە؟ ئایا پرۆلیتاریا بەدیل جۆرێکە لەسیستەمی ئابوری لە چەند وڵاتێکدا یان لەبنەڕەتەوە یەک سیستەمی ئابوری جیهانییە؟ ئەگەر دەستکۆتاکردنی دەستکۆتاکەران لەوڵاتێکدا مومکین نییە ، ئەو کاتە پرسیارێک دێتە پێشەوە کەبۆچی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا کە لەبنەڕەتدا ئامرازی ئەم کارەیە، لە وڵاتێکدا مومکینە؟ لینین سەبارەت بەحکومەتی کرێکاران و بەشداری حزبی سیاسی چینی کرێکار لەدەسەڵات و یان تەنانەت ڕەهابوونی دەسەڵاتی حزبی سیاسی چینی کرێکار لەحکوومەتدا شایەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا نادات.

 لەشۆڕشی ساڵی ١٩٠٥دا کاتێک لەنامەیلکەی “دوو تاکتیک”دا وەڵامی پاورۆس دەداتەوە، دەڵێت: ئەگەر سۆسیال دیموکراسی دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەمە بەمانای دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا نییە، بۆچی ئەم دەسەڵاتە بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی نییە بەڵکوو بۆ شۆڕشی دیموکراتیک و بەهێزی شۆڕشێکی لەو شێوەیە بەدەست هاتووە. بۆیە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا حکومەتێکە کەبۆ شۆڕشی سۆسیالیستی و هەروەها بۆ دروستکردنی گۆڕانێکی سۆسیالیستی لەکۆمەڵگادا بەدەست هێنراوە. ئەگەر کردەوەیەکی لەو شێوەیە مومکین نەبێت، ئەوا خودی بەدیهێنانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و نەک تەنها بنیاتنانی سۆسیالیزم دەبووە زاراوەیەکی جیهانی، بێگومانیش ئەمەش یەکێکە لەو ناڕۆشنیانەی کە ڕەتکەرەوە ئایدیالیستەکانی “سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا”. ” لە گفتوگۆکانیاندا دەیخەنەڕوو.

پرسیاری داهاتووشم ئەوەیە ئایا پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات ئەرکی ئابوریی هەیە یان نا؟ ئەگەر ئەرکێکی وا هەبێت، ئەوا ناوەڕۆکەکەی چییە و وێنەکەی چۆن دەبێت؟ بەم شێوەیە دەمەوێت هاوڕێ غوڵام سنووری خۆی بەو ڕوانگەیە ڕوونبکاتەوە کە لەبنەڕەتدا نکۆڵی لەخەبات و ئەرکە ئابورییەکان بۆ پرۆلیتاریا لە قۆناغی دوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا دەکات.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە بەبڕوای من هاوڕێ غولام کاتەکانی توڕەیی لینین بەشێوەیەکی هەزمنەکراو وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لەباسەکانیدا خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە کەحکومەتی سۆڤیەت لەچ کاتێکدا بۆرژوازی بووە. هاوڕێ ئاماژەی بەوەدا کەلینین لەمێژوویەکی دیاریکراودا ووتی حکومەتی سۆڤیەت حکومەتی تزارییە ( قەیسەر). ئەمە هیچ مانایەکی تری نییە جگە لەوەی بڵێم من تزارم. ئەوەی کە لینین توڕە بوو، پاڵیش بە حزبەکەیەوە دەنێت و هەندێک جار بە شێوەیەکی زۆر تیژ مامەڵە لەگەڵ کێشەکان دەکات، بە بڕوای من هیچ بەڵگەنامەیەکی مێژوویی- شیکاری نییە بۆ ڕوونکردنەوەی سروشتی یەکێتی سۆڤیەت. ئەگەر بەڕاستی فۆرمۆلبەندی لەو شێوەیە هەموو بیروباوەڕی لینینی دەربڕیبێت، ئەوا بەشێوەیەکی سروشتی دەبوو لینین دەست بکات بەڕووخاندنی حکومەتێکی لەو شێوەیە.

نۆرەی دووەم

منصور حكمت:

هاوڕێ غولام وەڵامی هەندێک لەپرسیارەکانی منی دایەوە، بەڵام لەگەڵیاندا ناکۆکم. جەختیشی لەوە کردەوە کە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بۆ دەستکۆتاکردنە و لە ڕوسیاش بۆ هەمان مەبەست بووە. بەڵام ئەڵتەرناتیڤی ئابوری دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بۆ ئەم دەستکۆتاکردنە جگە لەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی نەبێت بەهیچی تری نازانێت. ڕێککەوتنی هاوڕێ غولام لەگەڵ ئەمەدا لەبەر ئەوەیە کەهێزە بەرهەمهێنەرەکان دەبێت تا ڕادەیەکی دیاریکراو گەشەبکەن بۆ ئەوەی سۆسیالیزم لەڕوسیادا مومکین بێت. ئەمە باسێکی ناوەندگەرایی (سانتريستى) یە. مشتومڕێکی کۆن و کۆنە کە بەگشتی سۆسیالیزم تەنیا بەپەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا و هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە دەبەستێتەوە و لەڕاستیدا سەرمایەداری دەوڵەتی دەکاتە قۆناغێک، وەک هاوڕێ خۆی دەڵێت ” ئولوسيون” (چارەسەر) ئەنجام دەدەن نەک “تاکتیک”. ئەگەر بڕیارە سەرمایەداریی قۆرخکاری دەوڵەتی قۆناغێک بێت کەهێزەکانی بەرهەمهێنان تێیدا گەشە بکەن تا سۆسیالیزم دەبێتە مومکین، ئەوا چی لە ئیدیعایەی ئەو (کادت)[2] دا هەڵە بوو کەدەیگوت سەرمایەداری دەوڵەتی یەک چارەسەرە،  کۆمۆنیستەکانیش هەڕەمەکیانە بەتاکتیکیان دەزانی، لەم ڕوانگەیەوەیە کەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی لەکۆمەڵگای ڕوسیادا دەگۆڕێت بۆ  یەک ئولوسيون و بازنەیەکی پەرەسەندن  و هاوڕێ غولامیش ئەمە قبوڵ دەکات.

هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ڕوانگەی کۆمۆنیزمی چەپ یان پارتە کۆمۆنیستیە ئینتەرناسیونالەکان، نائامەدیی پرۆلیتاریا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئابورییەکان دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات پیرۆز دەکات و تیۆریزە دەکات. ئەو سیستەمە فیکرییە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ئابورییەکی جیاوازی ناسەرمایەداری بۆ ئەو قۆناغە نییە. بەناچاری فۆرمێکی سەرمایەداری کەبڕیارە هێزە بەرهەمهێنەرەکان زۆر گەشە پێبدات، وەک بنەمای دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا دادەنێت و بەپێویستی نازانێت کەپرسی ئەڵتەرناتیڤی ئابوریی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا بیرلێبکاتەوە و ئامادەیی جێبەجێکردنی بێت. بەبڕوای من ئەم تێڕوانینە جگە لەوردە وردە و ئابوریگەرایی( ئکونۆمیسم) لەتیۆری مارکسیزمدا هیچی تر نییە. ئەوەی لینین لە چ چوارچێوەیەکدا بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی لێدەڕوانی مەسەلەیەکە و ئەوەشی کەهاوڕێکەمان ئێستاش ناتوانێت لەهیچ شتێکی تر بیربکاتەوە جگە لەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی نەبێت سەبارەت بەئابوری دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، ئەوەش مەسەلەیەکی ترە.

 ئەگەر لینینیزم فێرمان بکات دیاردەکان وەک خۆیان وێنا بکەین، ئەوا دەبێت سەرمایەی قۆرخکاری دەوڵەت وەک خۆی وێنا بکەین. ڕەخنەی ئێمە لەسەرمایەداری ئەوەیە کەسیستەمێکی چینایەتییە، ئیستغلالکارە، زۆرینەی مرۆڤەکان سامانی کۆمەڵگا بەرهەم دەهێنن، بەڵام تەنها بەپێی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری خۆیان کرێ وەردەگرن و بەکورتی سەرمایەداری کۆیلایەتی کرێیە. بەڵام کاتێک کەبڕیارە بیروڕای خۆمان دەربارەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دەرببڕین یەکسەر دەڵێین بێگومان فۆرمی کرێ و یاسای بەها دەمێنێتەوە و  لەمەسەلەی سەرمایەداری قورخکاری دەوڵەتی  ئەوە فەرامۆش دەکەین کەبڵێین سەرمایەداری سیستەمێکی ئیستغلالکارە بەهەر فۆرمێک و لەژێر دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا هەرچییەک بێت، ئیستغلالکارییە! ئایا قسەکە ئەوەیە کە پرۆلیتاریا  لەماوەیەکی دوور و درێژدا گەشە بکات، کەهاوڕێ چەندین جار دەڵێت “دەیان ساڵ”، لەسەر بنەمای نیزامێک کەهێزە بەرهەمهێنەرەکان ئیستیغلال دەکات؟ بنەمای شۆڕشی کۆمۆنیستی دژی ئیستغلالکردنە، بەڵام هێشتا بۆچوونێکی وا هەیە کەسەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی یەکێکە لەقۆناغەکانی گەشەکردنی هێزی بەرهەمهێنەر.

 شۆڕشی سۆسیالیستی کاتێک لەبنەڕەتدا لەدەستوری چینی کرێکاردا بڕیاری لەسەردەدرێت کە لەڕووی مێژووییەوە پەیوەندییە بەرهەمهێنانە هەبووەکان ڕێگەیان لەگەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان گرتووە، بەڵام ئێستا بەڕواڵەت جۆرێک لەشۆڕشی سۆسیالیستی هەیە کەڕێگا بۆ گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان خۆش دەکات ، لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی پەیوەندییە ئابورییەکانی باودا لەلایەن پرۆلیتاریاوە! من ئەمە قبوڵ ناکەم. من دەڵێم لینین لەو کاتەدا فۆرمولەی سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی دەربڕی چونکە کۆمۆنیزمی ڕوسیا پێشوەخت بیری لە ئابوری شۆڕشگێڕی ئینتقالی نەکردبووەوە و کاری لەسەر نەکردبوو.

ڕەنگە بگوترێت ئەمە ڕوانگەیەکی نیشتمانییە بۆ شۆڕشێکی جیهانی. پێدەچێت توانای پرۆلیتاریا لەوڵاتێکدا بۆ گەیشتن بەشۆڕشەکەی بەئابوری ئەو وڵاتە نیشان بدرێت، بەڵام لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکاریە سۆسیالیستییەکان ئەو توانایە نیشان نادات. قسە لەسەر ئەمە نییە کەپرۆلیتاریای جیهانی زوڕنای سۆسیالیزمی لێداوە، کۆمۆنەکان فۆڕمی حکومەتی خۆی بەدەستهێناوە و مانیفێستی کۆمۆنیستیش فۆرمی ئایدیۆلۆژیی خستۆتە ڕوو، بەمشێوەیەش، دەکرێت پەیوەندی بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای خاوەندارێتی بەکۆمەڵ لەوڵاتێکی دواکەوتوو بنیاتبنرێت. لەم نێوەندەدا پلانی سەرمایەداریی قۆرخکاری حکومەت هیچ مانایەکی تری نییە جگە لەوەی سەردەمی خاوەندارێتی تایبەت  نەگەشتۆتە کۆتایی. ئەم بۆچوونە ئەم فۆرمە تایبەتەی ئابورییە لە ئابوریی ڕووسیاوە وەرئەگرێت.

 بیرۆکەکانی مانیفێستی کۆمۆنیست تێکەڵییەکن لەڕەخنە لە سۆسیالیزمی فەرەنسی و ڕەخنە لەفەلسەفەی ئەڵمانی و ڕەخنە لەئابوری سیاسی ئینگلیزی. دەوترێت ” دەبێت سۆسیالیزمی زانستی لەدەرەوەی سنووری وڵاتێکەوە لەدەرەوەی چینەوە بهێنرێتە ناوەوە”، بەڵام چی لەسەرمان پێویستە بیکەین کاتێک گەیشتینە ئۆردوگای بەڵێندراو؟ ئەوەی پێویستە بکرێت، ئەوەی چارەنووسمان تاقیدەکاتەوە، گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە لەو وڵاتە تایبەتەدا یان لەگۆشیەکی تایبەتدا لەجیهاندا. ئەمە پێناسەیەکی ئیکونۆمیسمەکانە. ئەم ڕوانگەیە جگە لە سەرمایەداری هیچ بەدیلێکی ئابوری نییە بۆ ئابوری دوای شۆڕش. لینین سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی بەباشترین شێوە دەزانێت لە نێو ئەو فۆرمانەی کە هەن، کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ پاراستنی دەسەڵات و پاراستنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی بژێوی خەڵک لەو هەلومەرجەدا. بەڵام لەباسەکەی ئەمڕۆی هاوڕێ غولامدا، ئەم سیستەمە بۆتە مەرجێکی پێویست بۆ گەشەی هێزی بەرهەمهێنەر.

هاوڕێ دەڵێت، ئەو باسەی ئیمکانی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا لەدۆسیەی ڕوسیادا ڕەتدەکاتەوە، لەو حاڵەتەشدا، ڕوون نییە بۆچی پێویست بە بەڵگە و هێنانەوەی ووتەکانی مارکس و ئەنگڵس بۆ جیهانیبوونی سەرمایەداری دەکات. لەڕاستیدا لەئیستدلالی ئەو هاورێیەدا، باسی “سەرمایەداری سیستەمێکی جیهانییە” پێشەکییەکە بۆ ئەو ڕاستییەی کەئابوریی ڕوسیا ناتوانێت سۆسیالیستی بێت. بەڕاستی هەرکەسێک بیەوێت سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا ڕەتبکاتەوە، ڕوانگەیەکی گشتی ڕەتدەکاتەوە و کەم کەس هەیە تەنها بەو ئارگیومێنتە ڕازیبێت کەسۆسیالیزم لە ڕوسیادا  نەدەتوانرا بەدی بهێنرێت. هاوڕێکەمان هەمان شتى کرد. بەئیستدلالکردنی گشتی ڕەتیکردەوە.

هەربۆیە ئەو پرسیارەی کەدێت بەخەیاڵمدا ئەوەیە کەبۆچی سەرەڕای ئەوەی کەسەرمایەداری جیهانییە، پێش ڕووخانی دەوڵەتی بۆرژوازی و سەرمایەداری لەوڵاتێکدا، خەباتی ئابوری لەوڵاتێکدا مانای هەیە، بەڵام لەسبەیی شۆڕشدا، خەباتی ئابوری چینەکان مانای نەماوە و سەرمایەداری لەسەر ژیانی خۆی بەردەوام دەبێت وتازەش بەشێوەیەکەی سەرسوڕهێنەر، واتە سەرمایەداری نەک هەر ئیستغلالکەر نییە، بەڵکو مافی کرێکارانیش دابیندەکات، کەڵەکەبوون دەکات و هێزە بەرهەمهێنەرەکان گەشە دەکات! جگە لەمەش ئەو جیاوازیەی لەگەڵ سەرمایەداریی سەردەمی شۆڕشی دیموکراسیدا هەیە لەسەر ئەو بنەمایە کەئەمەی یەکەمیان ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە و ئەوی تریشیان پەرە بەهێزە بەرهەمهێنەرەکان دەدات! سەرمایەداریی ئێران لە هەلومەرجی دامەزراندنی کۆماری شۆڕشگێڕانەدا، لەهەر قوناغێکی کورت  یان درێژدا توانای پەرەپێدانی هێزی بەرهەمهێنانی نابێت. بەڵام لەباسەکەی هاوڕێدا، بەپێچەوانەوە سەرمایەداری، لەداهاتوودا پەرە بەهێزە بەرهەمهێنەرەکان دەدات و ڕوونیش نییە کە ئەگەر بڕیار وایە سەرمایەداری بەناونیشانی دەرکەوتنی گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنەران بەکاربهێنین ئێمە چ شتێک سۆسیالیستیمان بۆ دەمێنێتەوە؟

دواکەوتوویی ئابوری ڕوسیا لەلایەن هاوڕێ غولامەوە لەکاتی گفتوگۆکاندا چەندین جار ئاماژەی پێدەکرێت. بەهەرحاڵ، سەرەڕای بوونی دواکەوتوویی، دەبێت شیکارییەک بدەین کەسەرکەوتنی شۆڕش و درێژەپێدانی بەگرتنەبەری ئەم یان ئەو سیاسەتی دیاریکراو لەتوانادابوو ئەگەرنا ڕوونکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ دواکەوتوویی، هەمان تیۆری شکستگەرایی و مەحاڵبوونی شۆڕشی سۆسیالیستی لەڕوسیا دەخاتەڕوو. ئەوەی کەبەبێ شۆڕشی ئەڵمانیا شۆڕش لەڕوسیا سەرناکەوێت، ڕێنوێنییەکی کردەیی بەهیچ کەسێک نادات. لەم سیستەمە بیرکردنەوەدا سنووری نێوان مارکسیزم و نامارکسیزم دەشێوێنێت. لەنێوان ئەو کەسەی کە دەڵێت سۆسیالیزم لەڕووسیادا کردەیی نییە،  پەیوەندییەکانی کەهەن سەرمایەدارین، بەڵام حکومەتی کرێکاران لە کاردایە، لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەکات کەحکومەتی کرێکاران و پەیوەندییە هەبووەکان سۆسیالیستین، لەجیهانی واقیعدا، ئەم مەودایە تەنها جومگەیەکە.

هەڵوێستی ئابوریگەریی (ئیکونوميستى) بەشێوەیەکی لۆژیکی مرۆڤ بەرەو جەبرگەرایی (دێترمینیزم) دەبات. لەم ڕوانگە جەبرگەراییەوە و ئابوریگەرایدا، ئەم ڕۆشتنە دەبێت ناچاری بێت، بەسەرمایەی دەوڵەتیشەوە دەبێت تێپەڕێنرێت. لەهەمان کاتدا بەبڕوای هاوڕێمان کەبڕیارە سەرمایەداریی دەوڵەتی بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بێت، دواجار بیرۆکراسی گەشە دەکات، ئامراز و میتۆدی پێویست بەکاردەهێنرێت و هەرکەسێک نەیەوێت ئەمانە قبوڵبکات، ناچارە بڵێت هیچ شتێک عەمەلی نییە. پێویستە چاوەڕێی شۆڕشی جیهانی بین. ئەوەی لەمەدا نوێنەرایەتی نەکراوە لینینیزمە. هاوڕێکەمان دۆخی ئۆپۆزسیۆنی چەپ یان ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتووی وەک ئەوەی دوا قەڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕانە نیشاندەدا و لەبیری دەچێت ئەوەی لەڕاستیدا جێبەجێ کرا تێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتوو بوون.

من لەدژی بەپیشەسازیکردن نیم لەگشتیەکەیدا. ئەوەی لەبۆچوونی مندایە وەبیرخستنەوەی ئەو خاڵەیە کە مارکسیزمی شۆڕشگێڕ سنووربەندی لەگەڵ پرۆسەی گواستنەوەی بەپیشەسازیکردنی ئابوری ڕوسیادا نییە، وەک ئایدیالی نەریتی ڕوسیا وەک وڵاتێکی بۆرژوازی. شۆڕشگێڕی پرۆلیتاری هێڵی جودای خۆی لەسەر ئاستی ئابوری لەگەڵ شۆڕشگێڕی بۆرژوازیدا ڕوونناکاتەوە. شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ “بڕیاربوو” سەرمایەداری گەشە بکات و شۆڕشی ١٩١٧ تا ئێستاش “بڕیارە” سەرمایەداری گەشە بکات.

لەڕاستیدا لەسەر ئاستی سیاسی و لەشێوە و سیمای حکوومەتی دەرەنجامی شۆڕشدا، پرۆلیتاریا بەڕوونی خۆی لەداخوازییەکانی بۆرژوازی جیاکردەوە، بەپێچەوانەوەی ئەمەوە، لەبواری ئابوریدا، تەنانەت خودی لینینیش سنوورێکی لاوازی هەبوو لەگەڵ بۆرژوازی گەورە هەبوو کەدەیویست ئابوری ڕوسیا بەپیشەسازی و مۆدێرن بکات.

 بەرنامەی پرۆلیتاریا لەسیاسەتدا جیاوازە، بەڵام لە بواری ئابوریدا بەو جۆرە نییە. بەرنامەیەکی ئابوری-کۆمەڵایەتی دیاریکراو بۆ قۆناغی گواستنەوە کەسەرمایەداری نەبێت، بوونی نییە. بەمشێوەیە، لەدوای قۆناغی شەڕی ناوخۆ و دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی پرۆلیتاریا، کاتێک مەسەلە ئابورییەکان بوون بەهنوکیی، ڕەوتێک هاتە مەیدان کەوەڵامی بۆکێشەکە هەبوو. لەهەلومەرجێکی وەهادا ڕاگەیاندنی ئەوەی کەشۆڕش جیهانییە  چارەی دەردی کەسی نەدەکرد. بەتایبەت ئەگەر ئەوە بزانین کەهێڵی ستالین – بوخارین بەپاڵپشتی پسپۆڕانی فەرمانگەکان و ئەو بۆرژوازیانەی لە دەرەوە پشتیوانیان لێدەکرد، چارەسەرێکی دیاریکراوی خستە بەردەم چینی کرێکاری ڕووسیا و ئابوری کۆمەڵگا. ستالین  لەمێژووی ڕوسیا دا ئەو کەسەیە توانی ڕوسیا لەهەژاری و نەهامەتی ڕزگار بکات و وەڵامی کێشەیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای لەدوای شۆڕش دایەوە. ئەگەر ترۆتسکی یان ئوزنسکی یان هەر کەسێکی تر شکستی هێنا، بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەوە نەبوو بۆ دیموکراسی، بەڵکو لەبەرئەوەی وەڵامێکیان بۆ ئەم کێشەیە نەبووە. لە بنەڕەتدا وەڵامیان نەدایەوە.

هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێین کێشەکە وەڵامێکی هەڵە لەلایەن هەردوولاوە وەردەگرێت. ئەو کەسەی کە گەشەسەندنی ئابوری ڕوسیا دەخاتە ژێر ناونیشانی سۆسیالیزمەوە بێ ئەوەی سەرەتا ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی سۆسیالیستییە، بۆرژوازییە و لەبەرانبەر کەسێێکی تر کەدەڵێت چینی کرێکار هیچ بەدیلێکی نییە، لەڕووی ئابوریشەوە خەتی بۆرژوازی هەیە. ئەگەرنا دەبێت وەڵامی کۆمۆنیستێک ئەوە بێت کە “بنیاتنانی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا” واتە قۆناغی خوارەوەی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی تەنانەت لەووڵاتی “غانا” شدا دەکرێت. چونکە سۆسیالیزم بریتیە لەکۆمەڵێک پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، لەنێوان مرۆڤەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان، هەروەها شێوازی دابەشکردنی داهاتی کۆمەڵایەتی. لەهەر حاڵەتێکدا هاوڕی غولام هەر ناوێک بۆ بۆچوونەکانی هەڵدەبژێرێت، جەختی سەرەکی بۆچوونەکانی ئەوەیە کە لەڕوسیا لەو سەردەمەدا هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ئابورییەکی غەیرە سەرمایەداری بەکردەیی نەبووە و لەم حاڵەتەشدا من ئەوە دەڵێم ئەگەر ئەو جۆرە کارانە پراکتیکی نەبوون، ئەوە مانای وایە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بێمانا بووە.

بەبۆچوونی من دەتوانرێت ئابوری کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی پێناسە بکرێت. دروشمی “بۆ هەریەکە بەپێی کارەکەی” ڕەهەندی دابەشکردنی مەسەلەکەمان نیشاندەدات. بەڵام خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و پلاندانان و.. هتد ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و تەکنیکییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو. “بۆ هەریەکەیان بەپێی کارەکەی” بەهیچ شێوەیەک بەمانای سەرمایەداری نییە. لێرەدا هه موو کەسێک بەهێندەی کارەکەی بۆ سامانی کۆمه ڵگای زیاد کردووه، ئەوەندە وەردەگرن و لێره دا ته نیا سه ختی و چڕی و ماوه ی کاره کەبنەمانی هەڵسەنگاندی کاره . ئەمە سەرمایەداری نییە چونکە هەموو کەسێک دوای لێبڕینی قازانج بڕی کارەکەی پێنادرێت. هەر کەسێک بەپێی کارەکەی دوای لێبڕینی ئەو بڕە پارەیەی کەپێویستە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەرفراوانی کۆمەڵگادا . ئەم بڕە پارەیە لەلایەن ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتییەوە دیاریدەکرێت. بێگومان ئەمەش کۆمۆنیزم نییە. چونکە پێناسەی “لە هەریەکەوە بەپێی توانای خۆی، بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆی” پێویستی بەکەموکوڕی نییە، بەڵام هێشتا کەموکوڕیی لەسۆسیالیزمدا هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پێویستە بنەمای “ئابوری” بۆ دابەشکردن دیاری بکرێت.

هاوڕێ غوڵام خاڵی دیکەی سەبارەت بەگۆڕانی بیرۆکەی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا پێشنیار کرد، کە بەبڕوای من ئەم پێناسەیە دەکاتە مردوو و وەستاوی دەکات. لەتیۆری مارکسیزمدا دەوڵەت لەشوێنێکدا وەک کۆمەڵێک زیندان و دادگا و سوپا پێناسە دەکرێت و لەشوێنێکی دیکەشدا بەسەر پێکهاتەیەکی سیاسی فراوان کەسیستەمی بەرهەمهێنان لەخاوەندارێتییەکی دیاریکراو دەپارێزێت و دووبارە بەرهەمهێنانەوە دەپارێزێت. ئێستا دەڵێی بۆچی لەنێوان ساڵانی ١٩١٧ بۆ ١٩٢١، دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و سەرخانی سیاسی لەگەڵ خاوەندارێتی بەکۆمەڵدا ناگونجێت، یان بۆچی حکومەتی گشتی کرێکاران  دیموکراتیکی نییە؟

لەڕووی مێژووییەوە بەلشەفییەکان هەڵەیان نەدەکرد. حزبی پێشەنگی چینی کرێکار هەستا و دەستی بەسەر زیندان و دادگا و چەک و….. هتد گرت. وە ئەم حزبە پێش ئەوەی دەسەڵات بەدەست بهێنێت نوێنەری پرۆلیتاریا بووە و دوای ئەوەش هەر نوێنەری پرۆلیتاریا بوو. ئەگەر پرۆلیتاریا وەک  ئۆپۆزسیۆن ڕێکخراو بێت مانای ئەوە ناگەیەنێت کەڕاپرسی هەموو کرێکاران بێت، ئەوا پرۆلیتاریا ڕێکخراو وەک حکومەت مەرج نییە بەپێویستی مانای ڕاپرسیکەری هەموو تاکەکانی کرێکاران نییە، بەڵکو بەمانای دانانی دامەزراوە پێشەنگەکانی چینی کرێکارە لەهەڵوێستە سەرەکییەکاندا. ئێستا ئێوە وەڵام دەدەنەوە کەمیکانیزمی حزبی پێشڕەو و ئەو چینەی کەنوێنەرایەتی دەکات دیموکراسی نییە. وەڵامی من ئەوەیە کەئەمە یەکێکە لەڕەهەند و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و هەمووی نییە. مەسەلەکە لەم ڕوانگەیەوە لەڕاستیدا نەبینینی ڕۆڵی ڕێبەر و پێشڕەوە لەحزب و لەکۆمەڵگادا. پێناسەی سیاسەت وەک دەربڕینی دیموکراسی یان چین یان ئابوری هەڵەیە. بەشێکی گرنگی سیاسەت بە تیۆری شۆڕشگێڕانە دیاری دەکرێت، ئەگەریش ئەو تیۆرە شۆرشگێرانە بێت، ئەوا دەسەڵاتی هەڵخڕانی وەک دیموکراسی وایە، تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگدان. لەهەمووی سەرلێشێواوتر دەبوو ئەگەر بەلشەفییەکان بۆ ڕاپەڕین چاوەڕێی بۆچوونی شورا یان کۆمیتەکانی شار بوونایە. ئەگەر قبووڵی بکەین کەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەو مانایەیە کەپرۆلیتاریا لەئۆپۆزسیۆندایە، لەحوکمەتدا وەک چۆن پرۆلیتاریا لەحکومەتدایە، بۆچی هەر کەفۆرمێکی حکومەت پێشنیارکرا، دەستبەجێ خواستی یەک یاسای بنەڕەتی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنی دەکەین؟

 لینین دەڵێت هەموو حکومەتێک دیکتاتۆرییە، لەپێناو دیاریکردنی ماهیەتی چینایەتی ئەو دیکتاتۆریەتە، پێویستە ئەوە ببینین ئامانجی کام لەچینەکان بەزۆر بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت. ئەگەر هەموو سەرنجەکانت لەسەر پێکهاتەی ڕێکخراوەیی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا چڕبکەیتەوە، جەوهەر و سروشتی چینایەتییەکەی و ڕۆڵی لەسەرکوتکردنی بەرخۆدانی ئیستغلالکاراندا پشتگوێ بخەیت، بەسروشتی دەتوانیت ڕەخنە لەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا زیندوو بگریت کەهەمان کار ئەنجام دەدات، کەبۆچی دیموکراسی نییە و…. هتد. وەک بنەمایەک وەڵامەکەت دەست دەکەوێت کەئەم حکومەتە لەڕەحمی دیموکراسیەوە لەدایک نەبووە، نە دەرفەت هەیە و نە دوژمنانی پرۆلیتاریاش ڕێگا بەئەگەرێکی لەو شێوەیە نادەن.

 ئەگەر قسە لەسەر لێنینیزمە، لینینیزم ئەو توخمە چالاکەیە کەهەوڵدەدات زۆرترین سوود لەماددەی هەبووەوە بدۆزێتەوە، ئەگەر ئەو ماددیش خەلق نەبوو، ئەوا خەتای لینینیزم نییە. ئەو دامەزراوە دیموکراسیانەی کەبۆ پڕۆلیتاریای ئێوە پێویست بوو، لەو سەردەمەدا بوونیان نەبووە. سەبارەت بەپەروەردەی چینی کرێکاری ڕووسیا  لەلایەن بەلشەفیەکانەوە  ئەوەش زیادەڕەوی تێدایە. بەلشەفییەکان بە ٤-٥ هەزار کەسەوە چوونە ناو شۆڕشی شوباتەوە. لەدۆخێکدا کەهیچ هێزێکیان لەگوندەکاندا نەبوو و لە شارەکانیشدا کەمبوون.

بەبۆچوونی من دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەڕوسیا دامەزرا، بەشێوەیەکی زۆر خێرا دامەزرا کەتەنانەت نەیتوانی خۆی ئامادەبکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەرکە ئابورییەکانی. وێنەیەک کەهاوڕێکەمان لەسەر دیکتاتۆریەتی دەیدا وێنەیەکی خەیاڵییە.  بەو مانایەی کە لەبەیانیی گەشتن بەدەسەڵات، عەملی نابێت. دیکتاتۆری پرۆلیتاریاش ڕابردوو و داهاتوویەکی هەیە. ناکرێت سەرەتاکەی مۆری حزبی چینایەتی پێشڕەوی لەسەربێت، بەڵکو کۆتاییەکەی دەبێت مۆری شوراکانی لەسەربێت.

لەگشتیدا پوختەی قسەکانی من ئەوەیە کەباسەکەی هاوڕێ غوڵام لەچوارچێوەی هەمان دیالۆگی “شۆڕشی جیهانی بەرامبەر بە تێزی سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا” دایە. تەواوی ئەم دیالۆگە مشتومڕێکە، بەتایبەتی لەنێوان دوو بەشی غەیرە لینینیستیدا بەدرێژایی مێژووی چەپ، لە قووڵایی و لەڕەهەندی چینایەتیدا مشتومڕێکە لەنێوان بۆرژوازی گەورە و بۆرژوازی لیبراڵ.

پرسی سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا لەچوارچێوە مێژووییەکەیدا نەک لەلایەن پرۆلیتاریاوە بەڵکو لەژێر فشاری بۆرژوازیدا وروژێندرا. لەو کاتەدا ئەوانەی ئەم بابەتەیان ڕەتکردەوە، بەڕاستی نوێنەرایەتی بەرژەوەندی پرۆلیتاریایان نەدەکرد، بەڵکو نوێنەرایەتی جەهل و نەزانی و بێهیوایی پرۆلیتاریا و نائومێدی و بێدەسەڵاتی پرۆلیتاریایان دەکرد. بەڵام من موافقی ئەوەم کەئەوان نزیک بوون لەپرۆلیتاریا تا ڕەوتەکانی تر. ئەگەر بەدرێژایی مێژوو لینینیزم هەمیشە  نوێنەرایەتی ئەڵتەرناتیڤێکی پرۆلیتاریای کردبێت بۆ هەلومەرجێکی دیاریکراو، هەربۆیە ئەوان لینینیست نەبوون. لەدونیای ئەمڕۆدا ئەم کێشەدارە ناتوانیت بیخەیتەڕوو جگە لە گشتاندن نەبێت و چیتر ناتوانم ئەمە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ بکەم. لەڕوانگەی منەوە، بەمانای گشتی و سادەی وشەکە، “سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا” پراکتیکییە. بێگومان من دژی ئەو ڕەوتەم کە لەڕووسیا دا لەوکاتەدا سۆسیالیزمی لەوڵاتێکدا پێشنیار کرد بۆ ئەوەی بتوانێت وەک بەرگێک بۆ پشتکردن لەشۆڕشی جیهانی و خاوکردنەوەی لێواری تیژی شۆڕش لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ڕیفۆرمخوازی ناوخۆیی و بانگەشەی سازانی چینایەتی لەئاستی نێودەوڵەتیدا.

ئەوەی لەڕاستیدا ڕوویدا ئەوە بوو کەبەلشەفییەکان چوونە ناو شۆڕشی ١٩١٧ و دەستیان بەسەر حکومەتدا گرت و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایان دامەزراند. بە هۆی ناڕوونی و نەبوونی ئامادەکاری لەڕوونکردنەوەی ئەرکە ئابورییەکانی شۆڕشدا، کاتێک ئابوری بوو بەپرسی سەرەکی ئەم کۆمەڵگایە، بەکردەوە تەنیا چینێک واتە بۆرژوازی بەدیلێکی هەبوو. بۆیە بەشێک لەپرۆلیتاریا ئایدیالی بۆرژوازی بەناونیشانی ئایدیالی سۆسیالیستی دانایەوە.

لەم ڕووەوەشەوە جیاوازی من لەگەڵ هاوڕێ غولام ئەوەیە کەئابوریی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بە سەرمایەداری نازانم. هەروەها بەلشەفییەکان دەتوانن بەدوای هەندێک فۆڕمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بگەڕێن کەسەرمایەداریی قۆرخکاری دەوڵەتی نین، بەدڵنیایشەوە پێویستە ئەم کارە بکەین. بەڵام تیۆری هاوڕێش هەمان شت سەبارەت بەدۆخی ئێمە گشتگیر دەکات. ئەم کارە یان ئەو کارەی بەلشەفییەکان پێی هەستان کارێک بەناونیشانی کەسانێک کەهەوڵی هێشتنەوەی دەسەڵات دەدەن و وەڵامێکی ئابوری بە بژێوی خەڵک دەدەنەوە، قابییلی درککردنە. بەڵام ئەوەی کەمن  ناڕەزایەتی و مخالیفم، سیستمی بنیاتنانی پێورە ئابوریەکانی بەلشەفیکەکان بوو وەک  پرۆسەیەکی گەشەسەندنی قوناغی ڕاگوزاری ( ئینتقالی).

نۆرەی سێیەم

منصور حكمت:

هاوڕێ غولام باسەکەی بەشێوەیەک خستەڕوو کەفۆرمولەکردنی ئابوریی من “بۆ هەریەکەیان بەپێی کارەکانی” و بەڕواڵەت ئەمە بەرنامەیکی زۆر تایبەتە وئەمەش بەدیلی منە لەبەرانبەر ئەوەی ڕوویدا یان  بۆ قسەکانی هاوڕێ. جەختکردنەوەم لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە بوو نەک لەسەر شتێک کە سیفەتێکی تایبەتمەندی و جیاکەرەوە بێت یان دەربڕینی کۆمەڵێک مەرجی ئابوری بێت. پاشان کاتێک قسەکانی هێنایەوە، لانیکەم چاوەڕوانی من ئەوە بوو کەئەو بابەتانە باسبکات کەلینین یان هەر بەلشەفیکییەکی دیکە بۆچوونەکانی هاوشێوەی لێدوانەکانی منی بەشێوەیەکی ئەرگومێنت ڕەتکردۆتەوە. بەڵام ئەو هەمان باسە کۆنەی کرد کەلینین دەیگوت سەرمایەی قۆرخکاری دەوڵەت ڕێگایەکە کەدەبێت بەناچاری تێیپەڕێنین، هەر شتێکی تریش  ڕشتنی ئاوە بۆ ناو ئاشی بۆرژوازی، ئاڵوگۆڕە زۆرەملێکە دەبێتە هۆی سەرمایەداری قۆرخکاری. ڕوون نییە بۆچی پێداگریی دەیان جار لینین لەسەر ئەوەی کە ئەم حکومەتە حکومەتێکی کرێکارییە و ئەرکەکانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا جێبەجێ دەکات، وا لەدۆستەکەمان ناکات دەست لەئارگیومێنتەکەی هەڵبگرێت کەئەم حکومەتە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا نەبوو، بەڵام بەهێنانەوەی وتەیەکی لینین کەئاڵوگۆڕکردن بەرەو قۆرخکاری دەبات، ئەرکی هەر جۆرە باسێکی ئابوری ڕوون دەکاتەوە. لەڕاستیدا مەسەلەکە ئەوە نییە کەئەگەر ئاڵوگۆڕەکە بەئازادانە بهێڵینەوە، دەگۆڕێت بۆ قۆرخکاری، بەڵام لینین دەڵێت ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە بۆ ڕێگریکردن لێی و ئەگەر گۆڕا بۆ سەرمایەداری باشترە قۆرخکارییەک  بێت و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا بێت. مەبەستی من ئەوەیە کە ئەوان چارەسەرێکی باشتر یان شتێکی تریان نەبینی. هەروەها لەئارگیومێنتەکانی ترتدا قسەی سەرکردەکانی پارتی بەلشەفیک سەبارەت بەپێشێلکردنی ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری و بنەمای دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا دەهێنیتەوە. ئەوەی کەدەبوو بزانن کەبەبێ شۆڕشی ئەڵمانیا شۆڕشی ڕوسیا سەرناکەوێت، یان میکانیزمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا فڵان و فڵانەیە، ئارگومێنتێکی زۆر مەحکەم نییە. چونکە ئەم بیرۆکانە کەئێوە دەریدەبڕن بیرۆکەی هەمان حزبن و نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئەم حزبە تەنها بانگخواز(موبەلیغ)ی بوو، حزبێک کەباڵی شۆڕشگێڕی سۆسیال دیموکراسی و باڵی کۆمۆنیستی بزووتنەوەی کرێکاری بوو. بەڵام ئەم بیرۆکانە پێشێلکران. بەڵام بەپێچەوانەی هاوڕێ غولام،  من پەنجەم خستە سەر ئەو پرسانەی کەئەم حزبە قسەی لەسەر نەکردووە، واتە شۆڕشی پرۆلیتاری ساڵی ١٩١٧ لەمەودوا چیتر پێویست نییە ئامانجە ئابورییەکانی شۆڕشی بۆرژوازی ڕوسیا بێت، پێویست بوو پێشتر چارەسەری هەبوایە. جگە لەوەش پێویستە ئەم بەدیلە لە شۆڕشی ئێرانیشدا بەردەست بێت. لەگەڵ ئەمەشدا لەساڵانی ڕابردوودا ئەڵتەرناتیڤی چەپگەرای ئێران سەرمایەداریی دەوڵەتی قۆرخکاری بوو و ئێستاش هەروایە.

بەم شێوەیە ئەم جۆرە هەڵوێستانەی هاوڕێ ئێمە دەخەنە پێگەی ئەو کەسانەی کە لەلایەک لەپێگەیەکی ئایدیالیستییەوە هێرش دەکەنە سەر سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا و لەلایەکی دیکەشەوە خۆیان لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرس و کێشە و گرفتانە بەدوور دەگرن کەبۆرژوازی و هێڵی ستالین پێشنیاریان کردبوو. هاوڕێ غوڵام لەکۆتا بەشی قسەکانیدا ئەگەری بنیاتنانی ئابورییەکی ناسەرمایەداریی قبوڵ کرد و لێرەدایە کە دەتوانین بڵێین ئەگەر بەڕاستی ئەگەرێکی وا هەیە، بۆ ناتوانرێت پێی بڵێین بنیاتنانی سۆسیالیزم.

 وەک لەگفتوگۆی هاوڕێیاندا ئاماژەی پێکراوە، کۆمۆنیست سیستەمێکی جیهانییە، چینی کرێکار چینێکی جیهانییە، شۆڕشەکەیشی شۆڕشێکی جیهانییە و سەرەڕای ئەمەش دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا جۆرێکە لە حکومەت و ئەم حکومەتە دروست دەبێت لەوڵاتان. دەوڵەتی جیهانی سەرمایە بەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا جێگەی ناگرێتەوە، بەڵکو حکومەتە بۆرژوازییەکانی وڵاتان بەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا جێگەیان دەگرێتەوە. ئەگەر ئێستا بتوانرێت دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەوڵاتێک یان چەند وڵاتێکدا جێگیر بکرێت، ئیتر ئابوری قوناغی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا چیترمانایەکی نێودەوڵەتی پەیداناکات و لەڕووی تیۆریەوە دەبێت بەمانای ئابوری دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەو وڵاتەدا بێت یان  لەوڵاتانی تردا. مەسەلەکە ئەوەیە: ئابوریی قوناغی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا چییە؟ وەڵامی ئەم کێشەیە بۆ بەلشەفیکەکان ڕوون نەبوو و ئەوەی بەڕواڵەت ڕوونە نادروستە. چونکە دانانی سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتی وەک ئابوریی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا – کەمن لەگەڵیدا ناکۆکم- لەڕاستیدا وەڵام نەدانەوەیە بەکێشەکە و پێناسەنەکردنی هیچ جۆرە ئابورییەکی تایبەت نییە بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. ڕەنگە وەڵامی هەندێک کەس ئەوە بێت کەقۆناغێکی لەو شێوەیە ئابورییەکی تایبەتی نییە و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا تەنیا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخستنی سیاسی چینی کرێکارە.

دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا، ڕێکخستنی چینی کرێکارە بۆ سەرکوتی بەرگری بۆرژوازی لەبەرانبەر دەستکۆتاکردنی سیاسی و ئابوری. وەک باسکرا، لینین بەم بنەمایە پێیوابوو کەحکومەتی سۆڤیەت بۆ دەستکۆتاکردنی بۆرژوازی بووە، ناویدەنێت سۆسیالستی، هەرچەندە ڕووسیا لەو ساتەوەختە تایبەتەدا سۆسیالیست نەبوو، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ئامانجێکی وەهای هەبوو، بێگومان ئامانجێکی وا، ئامانجێکی مەحاڵ نەبوو. ئەو گریمانەیەی کەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا بەو پێکهاتە تەشکیلاتیەی کەهاوڕێ غولام خوازیارە کە لەڕووی ئابورییەوە پشت بەسەرمایەداریی قۆرخکاری دەوڵەتی دەبەستێت، توانای جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی بەدروستی هەیە، ئەوەش هەڵەیەکی تەواوەتییە. ئەگەر ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لەڕاگەیاندنی پەیوەندی سیاسی و زارەکی تێپەڕن، لەڕاستیدا ئەوە مانای ئەوەیە کەپەیوەندی بە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەوڵاتێکدا هەیە. چینی کرێکار دەتوانێت زۆرترین ڕێژەی هاوکاری نێودەوڵەتی و سیاسەتی ئینتەرناسیۆنالیستی پیشان بدات کاتێک پرۆلیتاریا زۆرترین شتەکانی ناو وڵاتەکەی خۆی کردووە. پێناچێت مەعقول بێت چاوەڕوانی لە چینی کرێکار بکەین کە لەناوخۆدا گیریخواردوە بەململانێی نێوان کار و سەرمایەوە، بەڵام بتوانێت سووتەمەنی شۆڕشی جیهانی لە ئەڵمانیا و.. هتد دابینبکات.

 لەکۆتاییدا ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە: ڕێکخستنی ئابوری کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات چییە؟ ئایا هێشتا ڕێکخراوێکی بۆرژوازییە؟ ئەگەر قبووڵی بکەین کەچینی کرێکار وەک چینێکی کرێکاری ڕێکخراو دەتوانێت خزمەت بەشۆڕشی جیهانی بکات و بێگومان دوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی ئەم ڕێکخراوە تەنیا لەحزب و نیقابەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئابورییەکەیشی خوازراوە، بەسروشتیش ئێمە هەروەها دەبێت قبووڵی بکەین کەچینی کرێکار لەباشترین جۆری ڕێکخستنی ئابوریدا، دەتوانێت خزمەت بەشۆڕشی جیهانی بکات. ئایا ئەمە دەبێتە ڕێکخراوێکی ئابوری بۆرژوازی؟ ئەگەر ئەمە بەهۆی بێتوانایی چینی کرێکار لەدروستکردنی ئابوری و شێوازه کانی دیکه زۆرملێی بێت، ئەوا باسەکە لێرهدا دەبێت بەباس لەهێز و تاکتیک. یان بەپێی پێناسەکە، لەسەردەمی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریادا، ڕێکخستنی ئابوریی پرۆلیتاریا بەئاگاهانە بۆرژوازی دەمێنێتەوە؟ بێگومان ئەمە نادروستە، ڕێکخستنی نابورژوازی لەبواری ئابوریدا بۆ پرۆلیتاریا لەسەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا مومکینە.

یەکێک لەهاوڕێکان، لەڕوونکردنەوەی مەیدانێکی تایبەتی خەباتی ئابوریی پرۆلیتاریا دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، باشتربوون و خۆشگوزەرانی چینی کرێکار وەک ئاڕاستەیەکی سەرەکی دانا. بەدڵنیاییەوە و بەسادەیی ئەم مەسەلەیە ئەوە دەوروژێنرێت کە ئەم جۆرە خۆشگوزەرانییە بۆ ئەمڕۆ و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو نییە. بۆیە بەتەنیا بەسوودوەرگرتن و بەکارهێنانی لەگیرفانی بۆرژوازییەوە ئەوە دابین نابێت. بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی دەبێت ڕێکبخرێت و بەشێوەیەکی دیاریکراو ڕێکبخرێت، ئەگەرنا ناتوانرێت باس لە ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری بکرێت. کاری ئینتەرناسیۆنالیستی ڕاستەقینەی پرۆلیتاریای ڕوسیا ئەوەیە کە ڕوسیا بکاتە قەڵای شۆڕشی جیهانی و هەموو شتێک کە لە ڕوسیاوە دابین دەکرێت بخاتە خزمەت شۆڕشی جیهانییەوە. ئەگەر یەک کرێکاری بەکرێگرتە، پێش و دوای بەدەستهێنانی دەسەڵات، سامانی چینی کرێکار پێکبهێنێت، ئەوا چینێکی لەو جۆرە دەتوانێت تا ڕادەیەکی دیاریکراو بەشداری لە ئینتەرناسیۆنالیزمدا بکات. هەرچەندە ڕوانگەی هاوڕێ غوڵام زیادەڕەوی لەکارپێکردن و کاریگەرییەکانی ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری بکات. بەواتایەکی تر ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاری بەهاوتای شۆڕش دەزانێت لەجیاتی چینەکانی وڵاتانی تر. لەکۆتادا شۆڕشی ئەڵمانیا ئەرکی چینی کرێکاری ئەڵمانیایە و هێزی بزوێنەری سەرەکی ئەم شۆڕشە چینی کرێکاری ئەو وڵاتەیە، وەک هەر شۆڕشێکی دیکە، لەقۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا شێوەی خۆی دەگرێت و دێتە ئاراوە. بەفشار خستنە سەر کلیلێک، گڵۆپی سوڕانەوە هەڵناگیرسێت. چینی کرێکاری ئەڵمانی دەبێت بۆ شۆڕش ئامادە بێت نەک زینۆڤیڤ[3]. شکستی شۆڕشی ئەڵمانیا بە هەڵەی (ڕادک) ڕوون ناکرێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئینتەرناسیۆنالیزم زیادەڕەوی دەکرێت بۆ ئەوەی جەخت لەسەر مەحاڵبوونی پراکتیکی ئینتەرناسیۆنالیزمی ڕاستەقینە بکاتەوە.

ئێمە پرسیار دەکەین لەچ دەورەیەکدا ئابوری وەک پرسێکی سەرەکی دەوروژێنرێت، واقیعەکە ئەوەیە کە ئابوری وەک پرسێکی بابەتیی خۆی دەخاتەڕوو. کاتێک دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لەڕوسیا پاڵ بەدوژمنە سیاسیەکانیەوە نا و تاڕادەیەک متمانەی سیاسی بەخۆی پەیدا کرد، بەڵام لە ڕووی ئابورییەوە هیچ شتێک نەبوو کەخۆراک بدات بەکۆمەڵگا، ئەوا ئەو شتەی کە بەڕاستی فشاری خستە سەر حکومەت و حزب، سوپای سپی[4] نەبوو. دەستێوەردانی ئینگلیزەکان بەتەنها کورت نەبووەوە لە سەر برسێتی و نەخۆشی، و بەیەک وشە  ئابورییە.

ئەگەر دوو قۆناغی سیاسی و ئابوری بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەبەرچاو بگرین، دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕووسیا بە جددی نەچووەتە قۆناغی ئابورییەوە، ئەو قۆناغەی کەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەگشتی سەقامگیری سیاسی خۆی بەدەست دەهێنێت ئەرکە ئابورییەکان دەست پێدەکات. ئەو پرسە ئابوریانەی کەهەبوون بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی بوو. بەم تێبینییە، لەجوڵانەوە و بۆچونەکانی لینین بۆ ئەو ڕێوشوێنانە کە لەهەندێک حاڵەتدا لەڕادەبەدەر بیرۆکراتی بوون و لەهەندێک حاڵەتدا نەهێشتنی ڕۆڵی جەماوەریان لەخۆگرتبوو، وەک ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی  تێدەگەم و هەوڵ نادەم  ئەوانە بەناونیشانی ڕێوشوێنی ئابوری دیکتاتۆری پرۆلیتاریا تیۆریزە بکەم . ئەمە کارێکە کەهاوڕی غولام دەیکات و ئەمە بۆ لینینیزم هەڵەیە. لەو هەلومەرجەی کەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا سەقامگیری سیاسی خۆی بەدەست هێناوە، ئەرکە ئابورییەکان دەبێت ببێتە شتێکی تر جگە لەسەرمایەداری دەوڵەتی. بۆیە بەرگریی لینین لە سەرمایەداری دەوڵەتی لەچوارچێوەی پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و پاراستنی هاوسەنگی هێز لەکۆمەڵگا و بەدەستهێنانی پشتیوانیی جووتیاران و.. هتد دەگونجێت. ئەگەر لینینیش لەهەندێک حاڵەتدا هەمان مانای بەکارهێنابێت، من بەخزینی دەزانم.

بەپێویستی دەزانم ڕوونیبکەمەوە کەئەو لێدوانەی سەرەوە بەو مانایە نییە کەهیچ ڕەخنەیەک لەسیاسەتی بەلشەفییەکان بەرامبەر بەچین و ئێران و تورکیا و ئەڵمانیا نەگیرێت. ئەو شێوازەی هاوڕێکەمان بەکاری هێناوە ئینحراف (لادان) بەئینحراف ڕووندەکاتەوە. لەو قۆناغە تایبەتەدا، دانانی پرۆلیتاریا لەژێر مایکرۆسکۆپدا بەپێوەرە بەرزەکان لەڕاستیدا ڕێگە نادات پرۆلیتاریا هەڵە بکات. سوڕاندنی سەری تیرەکە بەرەو بەرژەوەندیی بۆرژوازی لەلایەن  فلڵان کەسەوە بنەمای بۆرژوازیکردنی دەوڵەتە، بەتەنیا تێبینیەکی پێشێلکراوە بۆ تیۆرییەکانی لەلایەن حزبەوە، وەسفکردنی بەحزبێکی غەیرە کرێکاری،  ئەو شتە چییە جگە لەوەی کەفرسەت  بەپرۆلیتاریا نادات کارێک بکات؟ هەڵوێستێکی لەو شێوەیە پێچەوانەی گرتنەبەری ڕەوتە مێژووییەکان و نەبینینی ڕەوتی زیندووی شۆڕشە. لێرەدا باس لەهەندێک کەموکوڕی مێژوویی دەکەین لەحزبی بەلشەفیدا، ئەمەیە کەپێویستە ڕوونبکرێتەوە.

نۆرەی چوارەم

منصور حكمت:

هاوڕێ غوڵام پێشنیاری کرد کەبەدیلمان لەبەردەم سەرمایەداری قۆرخکاری دەوڵەتدا چییە؟ مەسەلەی من لەم ئاستەدا نییە کەپیشەسازییەکانی شەکر و بەرهەمە بەکارهێنراوەکانی شەکر دەبوو گەشەیان کردبا یان پیشەسازی قورسیان پەرەپێدابا. بەڵکو مەسەلەکە لەسەر ئەو فۆرمانەی خاوەندارێتی و ئەو شێوازانەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتییە کە ڕۆڵی چینی کرێکار نە بەجیا لەئامرازەکانی بەرهەمهێنان بەڵکو لەپێوەندی لەگەڵ ئەواندا و لەڕۆڵی بڕیاردەردا لەبەرچاو دەگرن. دەکرا پێشوەختە ئەم جۆرە کێشانە دیاری بکرێن. هەر بەم تێڕوانینەیە کە پێویستە سەرنجی چینی کرێکار ئاراستەی سیاسەت و خەباتی شۆڕشگێڕانە لەسەر ئاستی جیهانی و خەباتی دژی بۆرژوازی لەئاستی ناوخۆدا بکرێت. بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ چینی کرێکار ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کەدەتوانێت حوکمی خۆی بکات بەسەر کۆمەڵگادا و هەموو ئەگەرەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتەکەی وەک چینی دەسەڵاتدار بخاتە ناو خزمەتی شۆڕشگێڕی جیهانییەوە و ئەمەش پێویستی بەڕێکخستنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی هەیە. کۆمەڵگایەک دەتوانێت لەپلەی یەکەمدا خەبات بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە ماددییەکانی ژیانی خۆی و بۆ ئەوەش دەبێت بەرهەم بهێنێت و ئەم بەرهەمە ڕێکبخرێت.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە کەحزبی بەلشەفی ڕوسیا، بەهۆی نەبوونی ئامادەکارییەوە، وەک توخمێکی هەرزی شۆڕش لەڕێنماییکردنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاداناتوانێت بەتەواوی ڕۆڵی پێشڕەو لەدوای شۆڕش بگێڕێت. چینی کرێکاری ڕووسیا لەبیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وردە وردە توخمێکی پێشڕەو لەخەباتی خۆیدا نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​وەڵامی ئەو کەسانەی کەدەیانەوێت قەرەبووی نەبوونی توخمی پێشڕەو بەبەشداریکردنی جەماوەر بکنەوە ناگانە شوێنی خۆیان. خەت و ناڕۆشنی  توخمی پێشڕەو بەڕەوانەکردنی بڕیاری سیاسی بۆ جەماوەری فراوان چارەسەر نابێت. کێشەکە لەوەدایە کە لەو ساتەوەختەدا شۆڕشگێڕانەدا حزبی بەلشەفی هێشتا تا ڕادەیەک لەڕووی ئابورییەوە دابڕاوبوو لەشۆڕشگێڕیی بۆرژوازی ڕوسیا لە سەدەی بیستەمدا، لەو قۆناغەشدا نەک تەنیا لینین، بەڵکو پلێخانوف و مێنشەفیکەکان سەرمایەداری وەک تاکە ڕێگە دەبینی.

نۆرەی پێنجەم

منصور حكمت:

هاوڕێ غولام دەڵێت قسەکانی من بەقەد ئینحراف ( لادان) بە ئینحراف ڕوون دەکەنەوە. پشتبەستنم بەو ڕاستییە بوو کە ئەو هاوڕێیە لادان لەهەڵوێستەکانی حزبی بەلشەفییەکان بەلادان لەهەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی بەلشەفیەکان ڕوون دەکاتەوە. ئینتەرناسیۆنالیزم و گرنگیدان بەمەسەڵەکانی شۆڕشی جیهانی، ڕوونکردنەوەی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا لەتێز و تایبەتمەندییەکانی پارتی بەلشەفیک بوون. لەکاتێکدا من مامەڵە لەگەڵ پرسێک دەکەم کە هەر لەسەرەتاوە لەتیۆری پارتی بەلشەفیدا نەبووە. لاوازییەکی وا لە ٣-٤ ساڵی یەکەمدا خۆی نیشان نادات. لەشۆڕشی ساڵی ١٩٠٥دا، بەبڕوای بەلشەفییەکان، تەوەری ئابوریی شۆڕشەکە پەرەسەندنی سەرمایەداری بوو، لانیکەم بەبۆچوونی من لەتێزەکانی مانگی نیساندا، لینین لەپێوەند لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەمەی ڕەتکردەوە. بۆیە ڕوونکردنەوەکەم لەسەر بنەمای لادانێک نییە لە تێزێکی مارکسیستی. بەڵکو ئەوە ئەوەیە کەدەبوو هەندێک مارکسیست دیدێکی ڕوونیان هەبووایە سەبارەت بەئابوریی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە هەموو حکومەتێک دیکتاتۆرییە. پوچەڵکردنەوەی ئەو جۆرە حوکمە زۆر قورسترە لەوەی کە هەر حوکمێکی تر لەمارکسیزمدا ڕەتبکرێتەوە. چۆنە حکوومەتی کرێکارانە، خزمەت بەسیاسەت و بەرژەوەندی چینی کرێکار دەکات و هێز بەکار دەهێنێت، بەڵام دیکتاتۆری پرۆلیتاریا نییە؟ ئەگەر حکومەتێکی لەو شێوەیە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا نەبێت، یان نابێت دیکتاتۆری بێت یان سەر بە پرۆلیتاریا نەبێت. یان نابێت دیکتاتۆری بێت. ئەگەر دیاردەیەکی زۆر تایبەت و چوارچێوەدار نەزانین، ئەو حکومەتەی کە لە ئەنجامی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هاتە ئاراوە، دیکتاتۆری بوو و دیکتاتۆرییەکیش کاری دەکرد، هاوڕێ غولامیش ئەمە قبوڵ دەکات. ئێستا ئەگەر ئەم دیکتاتۆریەت خزمەت بەچینی کرێکار نەکات، هاوڕێکەمان دەبێت وەڵام بداتەوە کەخزمەت بە چ چینێک دەکات؟

ئەمە بەرئەنجامێکی دروست نییە لەمارکسیزم، وەک ئەوەی مارکسیزم یەک یۆتۆپیایی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا وەسف کردبێت کەدەبێت پێیبگات. بەپێچەوانەوە مارکسیزم هەموو شتێکی هەبوون ڕەچاو دەکات، دەگوترێت سەرپێچی لێبکەیت. مارکسیزم نەخشەی ڕێکخراوەیی و ئیداریی پرۆسەی بڕیاردان و ڕۆڵی جەماوەر و حزبی لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا پێناسە نەکردووە. لەو شوێنەی کە لەبەرنامەدا باسمان لەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کرد، دوای ڕوونکردنەوەی دەردەسەریەکانی سەرمایەداری و پێویستی سۆسیالیزم، دەڵێت گۆڕینی سۆسیالیزم بەسەرمایەداری بەچاکسازی و بۆچوون و ڕێگەی ئاشتیانە مومکین نییە و پێویستی بە توندوتیژی هەیە.

 لەبنەڕەتدا مارکسیزم لەپلەی یەکەمدا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەپێوەند لەگەڵ دەسەڵاتی چینێک پێشنیار دەکات نەک لە پێوەندی لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات. ئێستا ئەگەر کەسێک فۆرمی خوازراوی دیاردەیەک بکاتە بنەمای ڕەخنە لەفۆرمی ئینتقالی، فۆرمی سەرەتایی و سەرەتایی خۆی، کەسێکی لەو جۆرە ئایدیالیستە. لەکۆتایشدا، ئەگەر ڕەخنەکانتان لەسەر ئاراستەی جوڵەی ئەم حکومەتە بێت، ناتوانن ئەنجامگیری ئاراستەی کۆتایی بکەن لەفۆرمی سەرەتاییەوە. هەردوولا دەیانەوێت ڕوونیبکەنەوە کەچۆن شۆڕش لەڕوسیا شکستی هێنا. بەڵام بەم تێبینییە کە دەمەوێت نیشانبدەم کەچۆن دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا شکستی هێنا و دەیانەوێت ئەوە ڕوونبکەنەوە کەدیکتاتۆری پرۆلیتاریا بەهیچ شێوەیەک دروست نەبووە، چونکە لەگەڵ نامیلکە خوازراوەکەدا ناگونجێت سەبارەت بەبناغەکانی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا. دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا مەرجێکی پێویستە بۆ سەرکوتی بەرگری ئیستغلالکاران لەلایەن چینی کرێکارەوە، ڕەنگە چینی کرێکاری خوێندەوار لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا هەر لەیەکەم ڕۆژەوە فۆرمی کۆمۆن دروست بکات، ئیدارەی کۆمەڵگاش بەپلەبەندیەکی باشتر بێت لەسەردەمی بۆرژوازی، لەڕووسیاش ئەو فۆرمە دواکەوتووە و لەم ئێرانەشدا فۆرمێکی دیکە وەردەگرێت. وەکو تر لینین لەدرێژەی قسەی هاوڕێدا دەڵێت: “هەندێکجار ئیرادەی چینێک وەک ئیرادەی حزبێک و تەنانەت ئیرادەی تاکێک خۆی دەردەخات”. لێرەوە لینین کۆتایی بە بەڕێوەبردنی تاکەکەسی دەهێنێت. لەکۆتاییدا باسەکە لەسەر ئەو ڕاستییەیە کەهەندێک جار ئیرادەی چینەکە بە فۆرمەکانی تر خۆی نیشان دەدات. بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت هۆکاری ئەوە ڕوونبکاتەوە کەچینی کرێکار نەیتوانی 5 ساڵ دوای شۆڕش ئیرادەی خۆی دەرببڕێت، نە بەو فۆرم و نە بەهیچ فۆرمێکی تر، لەگەڵ کێشەی فۆرمەکەی لەخاڵێکی دیاریکراودا، لێرەدا ڕووبەڕووی میتۆدۆلۆژییەکی تر دەبینەوە لەشیکاری ڕوسیادا. بەلشەفییەکان دەبوو هەستن و دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوانیش دەبوو شکست بەسپییەکان بهێنن، جا سۆڤیەت ڕازیبێت یان نا. دیکتاتۆری پرۆلیتاریا دیاردەیەکی زیندووە و دەبێت بەزیندووی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم باسەدا، ئەوەندەی هاوڕێ غولام مۆدێلەکەمان ڕوون دەکاتەوە، منیش لەگەڵیدام، بەڵام ئەوەندەی ئەو ئەمە دەکاتە بنەما بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی شکستی شۆڕش لە ڕووسیا، بە میتۆدۆلۆژیایەکی هەڵە دەزانم.

نۆرەی شەشەم

منصور حكمت:

ڕوخسار دروستکردنی هاوڕێ غوڵام لەسەر بوون یان نەبوونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ئەگەر بەگشتی ئاماژە بەکەموکوڕی و زیانەکانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لەڕووسیا بکردایە، دەکرا تاڕادەیەک قبوڵ بکرێت. بەڵام مەسەلەکە لەوە گرنگترە. ئەو ئەمە وەک ڕەخنەی تیۆری خۆی  بۆ ڕوونکردنەوەی شکستی شۆڕشی پرۆلیتاریا لەڕووسیا بەکاردەهێنێت و منیش لەگەڵیدا نیم. ئەوەی کەدیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا نەگۆڕی بۆ فۆرمی خوازراو، یەکێکە لەو بابەتانەی کەدەبێت ڕوونبکرێتەوە. ئەوەندە سادە نییە کە لەبەرئەوەی ئەمە نەگۆڕی بۆ واقیع و بەلشەفییەکان نەیانبینی، شۆڕش شکستی هێنا. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کەنامیلکەی “حکومەت و شۆڕش”ی لینین لەهەمان ساڵاندا چاپ و بڵاو بووەتەوە.

لەهەر حاڵەتێکدا بەڕوونکردنەوە جیاوازەکانی شۆڕشی ڕووسیا گەیشتوینەتە ئەنجامێکی جیاواز و ڕێنمایی جیاوازمان بۆ داهاتوومان دەست دەکەوێت و ئەمەش گرنگی پرسەکەیە. ئەگەر تێزەکەی هاوڕێ غولام وەک بنەمایەک وەربگرین – بێگومان قسەکانی دواتری جیاواز بوون لەقسەکانی یەکەم- بە پێی قسەی یەکەمی، دەرئەنجامی شۆڕشی ئێران نادیارە، بۆچی ڕوون نییە کە لەشوێنەکانی تر شۆڕش دەکرێت و شۆڕشی ئێران پشتیوانی جیهانی بەدەست دەهێنێت، ئەگەرنا سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا پراکتیکی نابێت. بەپشت بەستن بەم بۆچونانەی دوایی، وادیارە هاوڕێ سۆسیالیزم لەوڵاتێکدا بەکردەیی دەزانێت، بەڵام شێوەی گۆڕینی  دیکتاتۆرییەت کەحزب  محورەکەیەتی بەدیکتاتۆریەتی و ئامرازی کرداری حکومڕانی تەواوی چین، ئەوا سەرکەوتنی شۆڕش مسۆگەر دەکات. کلیلی مەسەلەکە لێرەدا نییە و ڕەنگە چارەسەرێکی لەو شێوەیە بۆ حزبێک کەئامادەی نییە، ڕەنگە بەزەرەر بێت. بەم شێوەیە لەهەڵسەنگاندنی بارودۆخی دیاریکراوی ڕووسیادا لەتەنیشت ئەو ڕەوتانە دادەنرێت لەو گۆشەنیگایەوە کە کەدیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا نەگۆڕاوە بۆ فۆرمی ئایدیاڵی خۆی، فشاریان لەسەر حکومەتی ئەو سەردەمە دروستکرد. بە واتایەکی تر دوورییەکەی دیاریکراوی نەبوو لەگەڵ خەتی بەرگری یاخیبوونی کرۆنشتات[5]، یان دیموکراتی-ناوەندگەرایی، یان ئۆپۆزسیۆنی چەپدا. لەکاتێکدا مەبەستی من ئەوەیە کەهیچ کام لەم ڕەوتە نوێنەری پرۆلیتاریا نەبوون (ئەوان نوێنەری خەتی مارکسیستی نەبوون).

ئەوەی من دەیڵێم، بەئەنجامێکی تر دەگات و ئەویش ئەوەیە کە حزبی پرۆلیتاریا تەنانەت پێش شۆڕشیش دەبێت ئامادەبێت بۆ ئەوەی میتۆدی تایبەتی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەلشەفییەکان بەبێئەوەی پلانێکیان هەبێت بۆ دەستکۆتاکردنی تەواوی بۆرژوازی، چوونە ناو شۆڕشەوە. هێشتا لەساڵی یەکەم و دووەمی شۆڕشدا، لینین ناوبەناو دەگەڕایەوە بۆ بیرۆکەی دیکتاتۆری دوو چینی،  ئەمە هەمان ئەو حزبەیە کەکۆمیتەی ناوەندییەکەی هەر لەدەستێوەردانی لینین لەگەڵ تێزەکانی ئەپرلیدا کەباوەڕی وابوو  پێیوابوو شۆڕشی شوبات بیرۆکەی دوو چینی جێبەجێ کردووە و کۆمەڵگای ڕووسیای خستۆتە سەر ڕێگای گەشەی سەرمایەداری.

لە نێوان تێزەکانی ئەپریلی لینین و باسکردنی سەرمایەداریی قۆرخکاری دەوڵەتیدا کەلێنێک هەیە. ئەم کەلێنە کەلێنی پاشەکشێ لینینیشە. ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە هێندەی کار کە لەسەر تیۆری ئیمپریالیزم و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کرا، ئەوەندەش کار لەسەر تیۆری شۆڕشی پرۆلیتاری و ئەرکە ئابورییەکانی بکرایە، ڕەنگە پاشەکشەیەکی لەو شێوەیە پێویست نەبوایە.

حزبێک دەتوانێت بەرەو دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا هەنگاو بنێت کەپشتی بەتەواوی هێزی چینی کرێکار دەبەستێت و بەرنامەی دەستکۆتاکردنی خۆی زانراو بێت. لەکاتێکدا بەلشەفییەکان هەستان بەپرۆسەی زەوتکردنی زەوییەکان، بەڵام لەکۆتاییدا بەئەنجامیان نەگەیاند. تەوەری ئابوری شۆڕشی پرۆلیتاریا تا مانگی ئەپریلی ١٩١٧ هەمان تەوەری شۆڕشی بۆرژوازی بوو. تێزەکانی ئەپریل ئەمە دەگۆڕێت، بەڵام ئەم باسە ئەوەندە قوڵ و بەرفراوان نابێت. بەلشەفییەکان بەبەرنامەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کەسەرپەرشتی فۆرمێکی سەرمایەداری دەکرد هاتنە ناو شۆڕشەوە. دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کەناوەڕۆکی ئابوری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریای ڕووسیا لەساڵی ١٩١٧دا هێشتا ناڕۆشن بوو، زیاتریش دیدگای ئەو بۆ ئینتەرناسیۆنالیزم، پێکهاتەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و ئەرکەکانی لە ڕووی سیاسەتەوە و ..هتد ناڕۆشنتر بوو.

[1] منصور حکمت  (زمينه هاى انحراف و شکست انقلاب پرولترى در شوروى)، سمینارێکی حزبی لە سەر شکستی شوڕشی ئۆکتوبەر لە یەکێتی سوڤیت، ەساڵی 1985 .

تێبینیەک لەسەر ئەم وەرگێڕانی ئەم باسەی منصور حکمت.

ماوەیەک لەمەوبەر بەشوێن وەڵامی هەندێک پرسیار لەبواری ئابوری مارکسدا دەگەڕام، ئەم باسەی منصور حکمت ( زمينه هاى انحراف و شکست انقلاب پرولترى در شوروى) بەرچاوکەوت. باسێکی تابڵێت گرنگ و بەپێز. کاتێک خوێندمەوە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بۆیە هەوڵمدا وەریبگێڕم بۆ خۆم تاکو زیاتر لێى تێبگەم. من لەزمانی فارسی تێدەگەم، بەڵام ئاستی ئەوەم نییە کەبتوانم وەرگێڕان بکەم لەزمانی فارسیەوە بۆ کوردی. وەرگێڕانەکەی خۆم نارد بۆ هاوڕێیەکی خۆم ( سالار کرداری) تاکو تەماشایەکی بکات، یان ئەگەر وەرگێرانەکەم گونجاوە، پێداچوونەوەیەکەی بۆ بکات بۆ ئەوەی کەسانی تر لێی سوودمەند بن. خۆشبەختانە توانیم ئەو کارە بکەم. بۆیە بڕیارم دا دوای چاکردنی بڵاوی بکەمەوە. باسەکە گفتوگۆیەکە لەیەکێک سمینارەکانی حزبی کۆمۆنستی ئیران لەناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەنێوان  منصور حکمت و غولامی کیشاوەرز، کەتێدا منصور حکمت وەڵامی سەرنجەکانی غولام دەداتەوە.

[2] پارتی کادت، پارتی دیموکراتی دەستووری یان دیموکراتە دەستوورییەکان پارتێکی سیاسی بوو لەڕووسیا کە لەلایەن لیبراڵەکانەوە لە ئۆکتۆبەری ١٩٠٥ بە سەرکردایەتی مێژوونووس پاڤێل میلیوکۆڤ دامەزرا. ئەو حیزبە بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی خۆسەپێن و هێنانەکایەی دەسەڵاتی پاشایەتی دەستووری دەکرد. وەرگێڕ

[3] گریگۆری یڤسێیڤیچ زینۆڤیێڤ شۆڕشگێڕێکی ڕووسی و سیاسەتمەداری سۆڤیەت بوو. زینۆڤیێڤ بەلشەفیکی کۆن و دیار بوو، نزیکترین هاوڕێی ڤلادیمێر لینین بوو. وەرگێر

[4] لێرەدا مەبەست لەشکری سپییە کە لە ناوچەکانی ئۆکرانیادا لەدژی لەشکری سوری بەلشەفیەکان دەجەنگا لەدوای شۆڕشی ئۆکتوبەر. وەرگێر

[5] یاخیبوونی کرۆنشتات ، یاخیبوونێکی گەورەی دەریاوان و سەرباز و خەڵکی مەدەنی سۆڤیەت بوو لە شاری بەندەری کرۆنشتات، کە دەکەوێتە دوورگەی کۆتلین لە نزیک پترۆگراد (ئێستا سانت پترسبۆرگ)، لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢١. یاخیبوونەکە ڕووداوێکی سەرەکی بوو لە ساڵانی سەرەتای ڕووسیای سۆڤیەتدا و زۆرجار وەک تەحەدای ڕاستەوخۆ  بوو بۆ حکومەتی بەلشەفییەکان . وەرگێڕ

لێدوانێک بەجێ بهێلە