مەحمود ئەحمەد:
ئامانجی دڕندانەو هەمەجیەتی جەنگی ٧ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٣ لەدژی غەزە بەناوی حەماسەوەو دواتریش لوبنان بەقیمەتی وێرانکردن و قەتڵ وعامی خەڵک، پاساوەی پووچی ئەمنی قەومی ئیسرائیل ناکام دەکاتەوە…
ئیسرائیل بۆ بردنە پێشەوەی ستراتیژی گەورەی خۆی، بۆ بەئاکام گەیاندن و ئاسانکاری ڕێڕەوی داوود لەبەرامبەر ڕێگای ئاوریشمینی غۆلی صیندا، پێویستیکرد نەخشەی شانۆیەکی لەپێشدا داڕێژراو سازبدات کەچۆن حەماسی ئینسانکوژ پەلکێشی جەنگێکی نابەرامبەر بکات و بەم هۆیەوە پاساوی دیفاع لەخۆو خەتەر بۆسەر ئیسرائیل بهێنیتە پێشەوە بۆ لێدان لەحەماس کەلەڕاستیدا لێدان بوو لەخەڵکی بەشمەینەتی غەزەو لوبنان، بۆ ئەوەی لەم ڕاستایەشەوە لەئامانجە گڵاوەکانی نزیک ببێتەوە… بۆ ئەم پێناوەش تۆڕو تەڵەی ئاهەنگێکی تەرفیهی گەنجانی سازکرد لەنزیک گوندەکانی هێڵی تەماسی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حەماسیش ئەم هەلە زێڕینەی قۆستەوەو بەناوی هێنانە کایەی جارێکی تری قەزیەی فلسطین بۆ ناو هاوکێشە جیهانی و ناوچەییەکان، لەپەلامارێکی کتوپڕدا ئاهەنگەکەی وێرانکرد بەقیمەتی کوشت و بڕی چەندین گەنج و لاوو بەبارەمتە گرتنی دەیان کەسی ئیسرائیل کەهەتا ئێستاش وەکو وەرەقەیەک لەبەرامبەر ئیسرائیلدا بەکاری ئەهێنیت…
لەماوەی زیاتر لەساڵێکدا، ئەو حەماسەی کەبەفیتی ئامریکاو غەرب لەدژی دەرکەووتنی چەپڕەوی لەئاستێکی بەرچاودا لەغەزە، بۆئەو شارە گواسترایەوەو لەکۆدەتایەکی لەناکاودا وەک دومەڵ هێنایانە سەرشانۆی ڕوداوەکان، ئیسرائیل کردی بەپۆڕی خوراوو کەوتە تیرۆرکردنی سەروکەللەی شێخە تیرۆریستەکانی. هێزو پێزو جبەخانەی جەنگی حەماسی نەک هەر بەتەنها گێڕایەوە بۆدەیان ساڵ پێشتر، بەڵکو بەم هۆیەشەوە لەباری کۆمەڵایەتیەوە زیاتر خستیە حاشیەی کۆمەڵگاوەو کەوتە بەر نەفرەتی گەورەی خەڵک لەئاستی جیهانیشدا..
ستراتیژی نەخشەی هێڵی داوودو گێچەڵ و شەڕەنگێزی تورکیا سەرەتای پلان و میکانیزمەکانی ئیسرائیل دەستی پێکرد بەشکاندنی هیلالی شیعی.. ئێران بۆ دڵنەوایی هەواداران و لایەنگرانی ڕەوەندی پان ئیسلامیزم لەدژی شەیتانی بچوک، چەند زەربەیەکی حاشیەیی و ڕووکەشی حەواڵەی ئیسرائیل کرد هەتا بتوانێت لایەنگران و خەڵک لەئاستی ناوچەکەو جیهان کۆبکاتەوە لەدژی هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل. پلانی تێکشکاندنی هیلالی شیعی و خستنەکەناری ووڵاتانی ناوچەکە کەچۆن لەدوای ڕووداوەکانی ٧ ئۆکتۆبەرەوە ئەم هێڵی داودە بوو بەئامانجی واقیعی ئیسرائیل لەپێناوی ئیسرائیلێکی براوەو گەورە لەناوچەکەدا، توانی دەستی ئێران ببڕێت لەسەر نەخشەی نوێی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناویندا..
ڕێڕەوی نەخشەکە لەتەلئەبیبەوە دەست پێدەکات بەرەو بەرزاییەکانی جۆلان، لەوێشەوە بەرەو سوەیدا، حمص، دێرەزوورو حەسەکە درێژ ئەبێتەوە بەرەو سنوری عێراق، بەم پێیە ئاسایشی ئابوری ئیسرائیل زامن و مسۆگەر دەکات. هەر ئەمەش خۆی لەخۆیدا تێکشکاندنی هیلالە شیعییەکەی ئێران بوو کە لەلوبنانەوە دەست پێدەکات بەرەو سوریاو عێراق، لەوێشەوە درێژ ئەبێتەوە بۆ یەمەن کە ئێران لەماوەی ساڵانی ٢٠١٢ هەتا ٢٠٢٢ تێکڕای مەسرەفی جەنگی بەناوی هاوکاری سوریاوە بەزیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و دەستبەتاڵ و مایەپووچ هەروا ئاسان ئاودیوی سنوریش کرایەوە بەسەدان کوژراوەوە..
تورکیاش لەترس ولەپێناوی بەرژەوەندییەکانیدا، هەر زوو لەمیدیاکانی خۆیەوە ئەوەی دایەوە بەگوێی جیهانداو کەسیش گویی لێنەگرت، کە ئەم پڕۆژەی داوودە هی ئامریکایەو جێبەجێکارەکەی ئیسرائیلە کەئامانجی تەنها دوو خاڵە:
یەکەم: بەستنەوەی عێراق بەسوریاوەو دووەمیش: گەیاندنی سنورەکانی کوردستانە بەدەریاوە..
گێچەڵ و شەڕەنگێزییەکانی تورکیا لێرەوە دەست پێدەکات بۆئەوەی بتوانێت کوردستان داگیر بکات بەئامانجی پاوانخوازی ناوچەکوردییەکان و بەشێک بێت لەحکومەتی ئایندەی سوریا لەڕێگای مورتەزە ئیسلامیەکانەوە..
تورکیا وەک چەتەی زەمانە، بەشوێن سەرچاوەی ئابوری و تەماعی دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت و غازە بۆپڕکردنەوەی بۆشاییە گەورەکانی خۆی لەتورکیادا بەتێچوویەکی کەمتر هەروەک نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق. تەماعی لەڕێژەی ئەو سەرچاوە گەورەیەی ناوچە کوردییەکانە کەزیاتر١٠% کۆی گشتی بەرهەمە نەوتیەکانی سوریایە، بەم هۆیەوە پاساوی پووچی تیرۆریزمی قەسەدی بەرزکردۆتەوە لەپێناوی داگیرکردنی ئەودا..
تورکیا دەیەوێت هەمان فۆتۆکۆپی لیبیا لەکوردستانی سوریا دووبارە بکاتەوە..دەیان هەزار مورتەزەقەی تیرۆریستی ئیسلامی بۆ سازو ئامادەکردووە بۆ لەخوێن هەڵکێشانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردو لەکورستانی باشوریشەوە دەستخۆشانە لەم بەربەریزمەی حکومەتی فاشیستی تورکیا دەکرێت لەلایەن ئیخوانچیەکان و هاو ئاوازەکانیانەوە..
تورکیا دەستەوسانەو ترسی گەورەی هەیە، قەسەدیش ئامانجی هەیە!
ئەوەی کەجێگای تێڕامان نیە ئەوەیە کەتورکیا ناوێریت و لەئێستاشدا کەفەزا لەبارترە بۆی ناتوانێت بچێتە ناو ئەو تاکتیکەوە کەقەسەد وەک تەڵە بۆیناوەتەوە. قەسەد ئەیەوێت تورکیا بخاتە ناو جەنگی خۆیەوە بۆئەوەی ئامریکا بهـــێنێتە سەرخەت بەبیانوی داگیرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوەوە.. لەلایەکی تریشەوە تورکیا ناتوانێت بەفەرمی مورتەزەقەکان بکات بەماڵ لەسەر خۆی بۆ دیفاع لەوان وبەهۆی ئەوانەوە داگیرکاری کوردستان دەست پێبکات کەهەرئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەمافیاو باندی ئیسلامی ناوەزەندیان ئەکات. ئامریکاش لەسەر هێڵە هەتا بزانێت تورکیا ئەچێتە ناو شەڕی قەسەدەوە بۆئەوەی بەبیانووی پاراستنی کوردەکان وەک باشترین حیلف لەشەڕی داعشدا بێتە دەنگ و ڕێگا لەتورکیا بگرێت و بەیەکجاری لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەنەوت وغازی کوردستاندا، دەستی ئەو ببڕێتەوە..
تێكشکاندنی ئێران و پەڕوباڵکردنی لەلایەن ئامریکاو ئیسرائیلەوە، دەرفەتێکی ستراتیژی بۆتورکیا هێناوەتە پێشەوە کەبتوانێت میکانیزمی زەمینەسازی بۆبەهێزکردنی ڕۆڵێکی گەورەتر لەسوریاو ناوچەکەش بەدەست بهێنیت.. دەستوەردانی ئاشکرای تورکیا لەسوریادا لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی داعش ئاسا بەتیرەو تائیفەی جیاوازی ئیسلامیەوە، پێـــئەچێت ببێتە یاریزانێکی سەرەکی ئەگەر بەرژەوەندی شێخەکانی خلیج بیەڵیت لەسبەینێی ئاوەدانکردنەوەی سوریادا لەڕێگای کۆمپانیاو بازاڕسازی گەورەی ئەوانەوە..
سەرەڕای ئەوەی کەتورکیا لەڕێگای هەڕەشەکانیەوە لەقەسەدو فشار بۆ ئامریکاو غەرب بۆ نەهێشتنی ئەوان وەک هێزێکی سەربەخۆ لەناوچەکەداو کلک بادان بۆ ئامریکا کەسیاسەتی لەناوبردنی قەسەد جێبەجێ بکات..سەرەڕای ئەوەی کەتورکیا دوای پەیدابوونی باڵانسی هێز بەقازانجی ئەو لەدوای تێکشکاندنی ئێرانەوە، تەماعی بەرهەمەکانی نەوت وغازو کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی هەتا ئێستای حکومەتی ئایندەی سوریا لەڕێگای مورتەزەقەکانیەوە هەتا ڕادەیەک بەرجەستەی کردبێتەوە، پــــێئەچێت هەڵوێستی ئامریکاو ئیسرائیلی پێگرنگ نەبێت و بیر لەوە بکاتەوە کەئامریکا ڕۆژێک ناوچەکە بەجێدەهـــێڵێت و خۆی دەبێتە پاڵەوانی مەیدانەکە… بەڵام ئامریکا لەم شانۆسیاسیەدا بۆ سەرکەوتنی هێڵی داوودو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکەی، وە بۆ نانبڕاوکردنی تورکیا لەناوچەکەو پاراستنی چاڵە نەوت و غازەکان لەدژی تورکیا، جێگای گومانە هەروا ئاسان بیەڵێت تورکیا لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو ساتوسەودا بکات و مەیدانەکەی بۆچۆڵ بکات. پیاسەو نمایشی ئینزارئامێزی هەفتەی پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئامریکاوە لەناوسەنتەری شاری کوبانی و دەوروبەریدا لەناو هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا لەقەسەد، ئەو پەیامە ئەدات بەتورکیا کەبەرژەوەندییەکانی لەتورکیا پێ گرنگترە.. ئامریکا بۆ ڕازیکردنی ئەم حەلیفە تەقلیدییەی خۆی کەتورکیایە، تەنها چەندین کیلۆمەترێک ئەکات بەدیاری لەنێوان سنوری تورکیاو ڕۆژئاوادا بەپاساوی تەئمین کردنی سنوری ئەمنی قەومی تورکیا نەهیچی تر..
ئیسرائیل هەرلەئێستاوە لەڕێگای هەڕەشەکانیەوە ئامریکا ئاگادار ئەکاتەوە لەحکومەتە ئیسلامیەکەی ئاردۆگان لەسوریاداو خەتەری داهاتوو پیشانی ئامریکا ئەدات کەدێتە پێشەوە بەرامبەر بەپڕۆژە ستراتیژییەکەی داود. سەرەڕای ئەوەی کەئەگەرێکی دیراسەکراو هەیە بۆپاراستنی قەسەد لەپەلاماری شەڕەنگێزی تورکیا کەلەڕاستیدا زیاتر بەرژەوەندی ئامریکایە لەسەرمەسەلەی نەوت وغاز.. بەڵام لەناو جەوهەرو دڵی جیهانی دڕندەی سەرمایەداریداو لەپێناوی بەرژەوەندییەکانیاندا، ڕێکەوتن و سەفەقات هەیەو ئەوەی کەبێبەهاو بێنرخە تەنها ژیان و زیندو مانەوەی خەڵکەو کە لەم پێناوەدا دەکرێتە قوربانی.. هەر بۆیە هێشتا گارەنتیەک نیەو هاوکێشەکان ئاڵۆزن بۆپاراستنی قەسەد لەم لەبەرامبەر فاشیزمی حکومەتەکەی ئاردۆگاندا.. ئەوەی کەبەدەست قەسەدەوە ماوەتەوە، جگە لەبەرگری قەسەد خۆی، جگە لەهەوڵی جددی هێنانە کایەی سەپۆرتێکی کۆمەڵایەتی گەورە لەکوردستانی تورکیادا، جگە لەگرێدانەوەی بەرەی ئازادیخوازای ناو سوریاو بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان بەخۆیەوە کەبتوانێت سنورێک بۆ فاشیزمی تورکیا دابنێت، من هیچ میکانیزمێکی تر شک نابەم…