Home بیروڕا ئاماری پێشێلکارییەکان لە نێوان سەنتەری میترۆ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

ئاماری پێشێلکارییەکان لە نێوان سەنتەری میترۆ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

by admin
0 کۆمێنتەکان 45 بینینەکان

دیار هەرکی:      
لەڕێکەوتی ١٨ ی ١ی ٢٠٢٥ ، سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی پێشێلکاریەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد لە کۆی ساڵەکە ١٨٢ حاڵەتی پێشێلکاری جۆراوجۆر دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە 2024 دا ئەنجامدراوە ، ٢٤ ڕۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراون و سێ ڕۆژنامەنووس بە درۆن پێکراون و گیانیان لەدەستداوە!
لە بەرانبەردا سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە لە ساڵی 2011وە کۆنفرانسی نوێبوونەوەی نەکردوە و لەو کاتەوە سەرجەم پۆستەکانی لەسەر بنەمای حیزبی دابەشکراوە و نەقیبی سەندیکاکە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤یی دا داتاکانی زۆر جیاوازن بەجۆرێک تەنیا ٤٥ حاڵەت تۆمارکراون و تەنیا ٧٣ ڕۆژنامەنووس کەیسەکانیان وەک پێشێلکاری تۆمارکراوە. ئەوەی جێی سەرنجە لە ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستاندا بەهیچ جۆرێک و هیچ کەسێک نەکوژراوە، ئەمە لەکاتێکدا سێ ڕۆژنامەنووس لە سنوری سلێمانی بە درۆن پێکران!
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و قسەیەکی تر!
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوکراوەیەکەوە لە سۆشیال میدیا کە چەندین دەزگا فەرمی و نافەرمیش بڵاویان کردەوە، چەندنین هەڕەشە و سوکایەتیم پێکرا، دوای ئەوەی لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکی لێژنەی پێشێڵکارییەکان د. نەزاکەت حوسێن و دواتر نەقیبی سەندیکا ئازاد حەمەئەمین گفتۆگۆم کرد، کە هەردووکیان لەسەر حزبێکی دیاریکراون، نەک تەنیا پاڵپشتییان نەکردم بەڵکو کارە ڕۆژنامەوانیەکەشمیان بە ناپڕۆفشناڵ هەژمار کرد. بۆ ماوەیەک هەڵوەستم کرد و وام هەست کرد ڕەنگە قسەی ئەوان ڕاست بێت، تومەز ئەمانە گوێیان لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسیش نیە چ بگات بە هەڕەشەی کوشتن!
ژمارەکانی سەنتەری میترۆ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بۆچی جیاوازن؟
بەپێی ئەو ئەزموونەی ئێستا ئێمەی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانمان هەیە، بەرپرسانی سەندیکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و بەهێزکردنی کورسیەکانیان ئامادە نین هەموو پێشێڵکارییەکان تۆمار بکەن، بە جۆرێکی تر ئامادە نین ببن بە سەندیکای هەمووان! بەپێی تۆماری دەنگێک کە لای ئێمەیە، نەقیبی سەندیکا ئاماژە بەوە دەکات هەر کارێک مۆڵەتی سەندیکای لەسەر نەبێت ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک لای خۆیەوە بڵاوی بکاتەوە ئێمە لێی بەرپرسیار نین و بە کارێکی ڕۆژنامەنووسی هاوڵاتیی هەژمار دەکەین، بە جۆرێکی تر، داکۆکی لە مافەکانی ناکەین!
پەیامێک بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
پێموایە کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی بایکۆتی ئەم سەندیکایە بکەین، سەندیکایەک تەنیا بە لێنزی حیزبی و سیاسی ڕاپۆرتەکانی دابڕێژڕێت هی ئەوە نیە ڕۆژنامەنووس و ئازادیخواز و کەسانی بوێر تیایدا بمێننەوە!

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە