بێگومان کورژانی سەلوان مۆمیکا گورزێکی خەتەرناکە کە بەر ئازادیی دەربڕین کەوت و، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دژایەتییکەرانی ڕەخنەکردنی ئاینی ئیسلام، بەڵام ئایرۆنیا گەورەکە لەوێدایە کە ئەو موسڵمانانەی دڵخۆشن بەو کوشتنە، باجە گەورەکەی ئەو کوشتنە ئەوان دەیدەن. ئەمە زۆر بە سادەیی چونکە لە ئێستادا ئیسلام و موسڵمانان لە دۆخێکدان کە لە هەر شت زیاتر، پێویستیان بەو جورئەتەیە کە سەلوان مۆمیکا نواندی لە ڕەخنەکردنی ئەوان و ئاینەکەیاندا.
لە بەشی کۆمێنتی ژێر هەواڵی کوشتنەکەدا لە سۆشیال میدیا، ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان دڵخۆشیی گەورەیان دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە دەنگێکی ڕەخنەگری توند کپ کرا، بێئاگا لەوەی کە ئەو بێتۆڵێڕانسییەی ئەوان فێر کراون لەبەرامبەر ڕەخنەکردنی ئیسلامدا پیشانی بدەن، بە جۆرێک دەستی لە قوڕگی کۆمەڵگاکانیان گیر کردووە کە مەگەر تەنها دەنگی توند و ئیستیفزازکەرانەی وەک سەلوان مۆمیکا بتوانێت لە خەتەرەکەی ئاگاداریان بکاتەوە.
لە هەر کۆمەڵگایەکدا کاتێک ڕەخنەگر لەڕێگەی توندوتیژیی یان چاوترساندنەوە لەسەر ڕێ لادەبرێت، لە جێگەی ئەو ڕەخنەگرە بەتاڵاییەک جێ دەمێنێت کە لەلایەن ئەو هێزانەوە پڕ دەکرێتەوە کە بیروباوەڕێکیان هەیە کە بەرگەی ڕەخنە و ڕاگۆڕینەوە ناگرێت. ڕێک ئەمەیە کە وڵاتانی ئیسلامیی پڕ کردووە لە تیرۆریزم و توندڕەویی ئاینیی و ڕۆشنبیرانی سەرکز و ڕیاییکەر بۆ دین بەناوی میانڕەوییەوە و، ئەو دەرفەتەی لەو کۆمەڵگایانە سەندۆتەوە خەوشەکانی خۆیانیان پیشان بدرێت و چاکی بکەن.
٭ ٭ ٭
جۆری مومارەسەکردنی ئاینی ئیسلام لە زۆر وڵاتدا، لەوانە، (یان ڕەنگە دروستتر بێت بڵێین بەتایبەت) لە باشووی کوردستان، بە پلەیەک لە خەڵکەکە کراوە بە سەردییەتێک سەبارەت بە «بەرەی خێری ئیسلام و بەرەی ناحەزی کافر» کە ئاینەکە تەواو ئیختیزال بووە بۆ ئایدۆلۆجیایەکی تۆتالیتاریی ڕاسیستیی. ئایدۆلۆجیایەک کە لە چوارچێوەیدا هاوڵاتییانی نەرمڕەو و توندڕەو، وە موسڵمانانی ئیسلامچیی و موسڵمانانی میللیی، هەر هەموو پێکەوە لە یەک سەنگەردان و کۆکن لەسەر وەهمێکی کوشندەی وا کە گوایە ئەگەر هەریەک لای خۆمانەوە کار بۆ پەڕینەوەی ئیسلام لە ڕەخنە بکەین و، هەریەک لای خۆمانەوە، «بە دەست و بە زمان و بە دڵ» بچین بە گژ هەر کەسێکدا کە بچوکترین ناکۆکیی لەگەڵ ئایدۆلۆجیای ئیسلام پیشان دەدات، بەو جۆرە عەدالەت و ئاسوودەیی و ئەخلاقی بەرز و خێر و بەرەکەت هەموو کۆمەڵگاکەمان دەتەنێتەوە. بڕۆ کۆمێنتەکانی ژێر ئەو هەواڵە بخوێنەرەوە کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە ئاهەنگی شاییەکدا لە حەمدانییە، کاتێک خەڵکەکە سەمایان دەکرد ئاگرێک کەوتەوە و زیاتر لە سەد کەس سووتان، دەبینیت موسالیمترین «موسڵمانی میللیی»، چی ڕاسیستێکی دینیی داماڵڕاو لە ئەخلاق و، چی شەڕکەرێکی شەڕانگێزی ناو سەنگەری ئەو ئایدۆلۆجیایەیە.
ئەمە بە درێژایی مێژوو هەر وابووە: لە کاتی دینداریی ئیفراتییدا، خەڵکانێک کە لەپێناو ئەخلاقێکی بەرزتری کۆمەڵایەتیی باوەڕی قایمیان بەو ئاینە هەیە، لە درێژەدا خۆیان دەبیننەوە بوونەتە شەڕکەری سەرسەخت بۆ بەهاگەلێک کە ڕێک بەپێچەوانەی ئەو ئەخلاقە بەرزەوەیە کە لەپێناویدا باوەڕی قایمیان بەو ئاینە هێناوە. سەیرکە کۆمەڵگا موسڵمانەکان پڕ پڕن لەو موسڵمانە سادانەی کە ئامادەی یان لایەنگری کوشتنی هەر کەسێکن کە پێیوابێت ئیسلام ئاینی ئاشتیی نییە و ئایدۆلۆجیایەکە کە ئامادەیە نەیاری خۆی بکوژێت.
٭ ٭ ٭
ئەوە ڕۆشنە کە ئەو خەڵکە موسڵمانە سادەیە کە ئاوا وەک قوربانیی لەناو ئایدۆلۆجیایەکی سیاسیی تۆتالیتارییدا گیر کراون، لە دڵڕاگرتن و ڕێزگرتنی هەستیان زیاتر، پێویستیان بەوەیە بەئاگا بهێنرێنەوە لەوەی کە خۆیان بە دەستی خۆیان خەریکی چی داڕوخاندنێکی کۆمەڵگاکەی خۆیان و، چی بنکۆڵکردنێکی ئەو ئاینەن کە هەموو مانایەکیان لە وجودی خۆیان پێوە بەستۆتەوە.
ئەو بەئاگاهێنانەوەیە بەوە ناکرێت ڕۆشنبیرانی میللەتەکە ڕێز ببەستن و یەک لە دوای یەک دەم پان بکەنەوە و بڵێن سەرکۆنەم بۆ سووتاندنی قورئان هەیە و هەبوونی ئەو جۆرە ئازادییەم پێ باش نییە. قسەکردنێکی لەو چەشنە سەنگەرگرتنە لە ئازادیی دەربڕین شانبەشانی ئەو موسڵمانە قوربانییانە کە ڕێک بە هۆی بەرتەسکیی ئازادیی دەربڕینەوە بوون بە کەسی توندڕەوی شەڕکەر بۆ داخستنی کۆمەڵگا و، بوون بە هێزی ناشیرینکردنی ئاینی ئیسلام و تاڵکردنی ژیانی ئێمە.
سەرکۆنەکردنی ئازادیی سوتاندنی قورئان لەلایەن ئەو ڕۆشنبیرانەوە ڕێک پشتڕاستکردنەوەی ئەو قەناعەتە کوشندەیەی ئەو موسڵمانانەیە کە ئیسلامیزم لەپێناو ئەجێندای سیاسیی خۆیدا کردویەتییە مێشکیانەوە و ئەوانیش بەسەریدا کڕ بوون کە گوایە ئیسلام لەژێر هێرشدایە و، گوایە خەڵک هەن هەر لە بەلاشە «دژەدین»ن و قیڕە قیڕ دەکەن و ڕەچاوی کەمتەحەمولیی موسڵمانان ناکەن. ئەو جۆرە قسەکردنەی ڕۆشنبیران لەسەر ڕەخنەگرانی توندی ئیسلام بەشدارە لە ڕیالیزەکردنی کوشتن و تەسفییەکردنی ئەو ڕەخنەگرانەدا. ئەو جۆرە قسەکردنە سەنگەرگرتنی هاوبەشی ئەو ڕۆشنبیرانەیە لەگەڵ بکوژانی خواناس وریا و سەلوان مۆمیکادا و، بەشدارە لە تۆکمەکردنی ئەو وەهمەی ناو سەری خەڵکی موسڵماندا کە گوایە ناحەقیی بە خۆی و دینەکەی دەکرێت و، گوایە موسڵمان مافی هەیە موراعاتی هەستی بکرێت و بریندار نەکرێت. بیهێنە پێش چاو چەند مومکین بوو ئێستا خواناس وریا لەناوماندا بوایە ئەگەر ئەو گەنجە بێهۆشەی لە شاری چەمچەماڵ، کە بە ناوی داکۆکیی لە ئیسلامەوە دەستی چووە خوێنی، جگە لە گوێگرتن لەو چاوپێکەوتنە درێژ و پڕ ژەهرانەی کە کەناڵە تەلەفزیۆنییە کوردییەکان لەگەڵ ئیسلامیی و سەلەفییە گەمژەکاندا ئەنجامی دەدەن، لەو چەند ساڵەدا هەر لەو کەناڵانەوە بیبینیایە ژمارەیەک لە ڕۆشنبیری کورد دەڵێن قورئانسوتاندن و قسەی تیژ لەسەر ئیسلام مافە و، موسڵمانان دەبێت، وە لە قازانجیانە تەحەمولی بکەن.
دیارە ئەو جۆرە داکۆکییە لە ئازادیی دەربڕین لەبەرامبەر مومارەسەی ئیسلامییدا لە ئێستای کوردستاندا هیچ زەمینەیەک بۆ وتنی نەماوەتەوە. نە ژمارەیەکی ڕۆشنبیری وا ماونەتەوە هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەن و بێباک لە شەعبییەت جورئەت بکەن ئەو جۆرە داکۆکییە لە ئازایی دەربڕین و کراوەیی کۆمەڵگا بکەن، وە نە هیچ میدیایەک ماوەتەوە ئامادە بێت ببێتە کەناڵێک بۆ گەیاندنی قسەکردنێکی لەو جۆرە. شەو تێناپەڕێت کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی باشوور کەسێکی ئیسلامچیی نەهێنابێت و بەبێ پرسیاری ڕەخنەیی مایکی نەخستبێتە بەردەمی تا پرۆپاگەندەی دینیی هەڵڕێژێت بەسەر خەڵکی سادەی هەرێمەکەدا، بەڵام ساڵان تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی شەوێک یەکێک لەو کەناڵانە بوێرن یان ئامادە بن کەسێک بێنن باسی هۆکارەکانی باوەڕنەبوونی خۆی بە ئیسلام و گرنگیی باوەڕنەبوون بە ئاین بکات.
کاتێک کۆمەڵگا ئاوا ئایدۆلۆجیای دینیی دەیتەنێ و هیچ زەمینەیەکی تیا نامێنێتەوە بۆ کردنی قسەی ئیستیفزازکەرانە و کرداری تووڕەکەرانە، ڕێک ئەو کاتە زیاتر لە هەر کاتێکی تر، وەختی کردنی قسەی ئیستیفزازکەرانە و کرداری تووڕەکەرانەیە. لەبەرامبەر واقیعێکی وادایە لە وڵاتانی ئیسلامیی کە سەلوان مۆمیکا بڕیار دەدات هیچ لە قسەی ناودڵی خۆی نەشارێتەوە و، ئەو قوربانییە گەورەیە بدات ڕووبەڕووی ئەو خەتەرە گەورەیە ببێتەوە کە لەپشت ئەو کۆکییە سەرتاپاگیرەی موسڵمانانەوە هەیە لەسەر دژایەتییکردنی ڕەخنەی ئاینەکەیان.
٭ ٭ ٭
ئەوە ڕۆشنە کە ئاینی ئیسلام لە قەیراندایە نەک لەبەر ئەوەی ئازادیی دەربڕین لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا دەرگای کردۆتەوە بەر ڕەخنەی توند بکەوێت یان قورئان بسووتێندرێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئیسلامی سیاسیی و ئەو وڵاتانەی لەڕێگەی ئایدۆلۆجیای ئیسلامییەوە قازانجی سیاسیی خۆیان دەبەنە پێشەوە، ئەوە بۆتە چەکێکی گرنگ بەدەستیانەوە و لە شەڕی بەرژەوەندیی خۆیاندا بەکاری دەهێنن کە زۆرینەی زۆری موسڵمانان کەمتەحەمولن و بەهرەی ئەوەیان نییە جگە لە تووڕەیی و بەکارهێنانی توندوتیژیی، ڕەخنە بە شێوەی تر وەڵام بدەنەوە. بۆ نموونە، زیاتر کەمتەحەمولکردنی موسڵمانانی باشووری کوردستان لەم پانزە ساڵەی دواییدا و ڕەواجپێدانی چیرۆکی مەزڵومییەتی ئیسلام لەناو خەڵکی باشووردا، کاری سیستەماتیکیی ئەو ڕژێمانەیە کە بۆیان گرنگە کۆنتڕۆڵیان بەسەر جووڵەی سیاسیی خەڵکی هەرێمەکدا هەبێت. کەمێک لەو پارادۆکسە ورد بەرەوە کە بەو ئەندازەیەی ژمارەی ئەو کوردانە لە باشووری کوردستاندا زیاد بکەن کە پێیان کوفرە خەڵکی کورد هەبن کە «دین و ئاینیان نیشتیمان»ەکەیان بێت، بەو ئەندازەیە تورکیا و ئێران و عێراق و دوژمنانی تری ناسنامەی کوردیی، شەڕەکەیان لەگەڵ ئەو ناسنامەیەدا دەچێتە پێشەوە بەبێئەوەی یەک سەربازی خۆیان بجوڵێنن.
هەمیشە کاتێک ئاین بەو جۆرە و بەو ئەندازەیە لەگەڵ بەرژەوەندیی سیاسییدا تێک دەئاڵێن، ئیتر ڕەخنەی نەرم بەداخەوە کارکردی نامێنێت. لە سیاقێکی وادا کە ئەو ڕژێم و هێزانە ئەو سوئیستیفادە ناپاکانەیە لە ئاین و لە باوەڕداریی خەڵک بە ئیسلام دەکەن و، توانیویانە موسڵمانان بکەنە سەربازی قەناعەتێکی وا کە گوایە ئیسلام نابێت ڕەخنەی توند بکرێت و نابێت لە پیرۆزییەکانی نزیک بیتەوە، گرنگترین شت ئەوەیە کە کەسانێکی وەک سەلوان مۆمیکا و موحەمەد ساڵح هەبن کە جورئەتی ئەوە بکەن ئەو قەناعەتە ئیستیفزاز بکەن و نەهێڵن ببێت بە نۆرمێک کەس نەوێرێت لێی لابدات.
٭ ٭ ٭
ئیسلام هیچ زەرەرێک ناکات ئەگەر ئەوەندە دڵگەورە بێتەوە لەگەڵ ڕەخنەدا کە ئیتر موسڵمانانیش بە چەشنی زۆرینەی مەسیحییەکانی ئەمڕۆ، تەحەمولی سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکەیان بکەن. ئەوانەی لەو دڵگەورەبوونەی موسڵمانان زەرەر دەکەن ئەو ڕژێم و هێزە ئیسلامچییانەن کە ئاینی موسڵمانان و کەمتۆڵێڕانسیانیان قۆزتۆتەوە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان. بیهێنە پێشچاو چەند ڕژێم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوخێن و چەند مەلا و شێخ و بانگخواز و ئیسلامچیی تر جاهو ڕەفاهیان لێ تێک دەچێت و بێکار و بێ داهات دەبن ئەگەر موسڵمانانی ئەو وڵاتانە ئەوەندە هۆش پەیدا بکەن بزانن درۆیە کە گوایە ئیسلام لەژێر هێرشی وڵاتانی ڕۆژئاوادایە، یان ئەگەر ئیتر نەچێتە عەقڵیانەوە کە قورئان ئاسمانییە و ئیتر ئەو پیرۆزییەی جارانی لایان نەمێنێت کە ئامادە بن ئینسانی لەسەر بکوژن.
هۆشیاربوونەوەیەکی لەو چەشنە کارەساتە بۆ ئەو ڕژێم و ئەو کەسانە. بۆیە کوژرانی سەلوان مۆمیکا زۆر پێدەچێت سەنعاتی دەستی ئەوان بێت، وە ئەو کوشتنە دەستکەوتە بۆ ئەوان، نەک بۆ ئیسلام و موسڵمانان. ئەو موسڵمانانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دڵخۆشیی دەربڕن، بێئاگان لەوەی ئەوان لە ڕاستییدا بە نەمانی کەسێکی بە جورئەتی وەک سەلوان مۆمیکا دەرفەتێکی فەریدیان لەدەست چوو لە ڕاستای دەرهێنانی خۆیان و ئاینەکەیان لە ژێر دەستی ئەو ڕژێم و هێزانەی کە بە فەزڵی ڕاگرتنی ئەوان لە بەدبەختیی و کەمزانیی و توندڕەوییدا، درێژە بە ژیان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن.
سەلوان مۆمیکا لە بەختی ئەو ڕژێم و هێزانە چوو، بەڵام لە دەست ئیسلام و موسڵمانان چوو.
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر