موحسین کەریم:
من داوایەکی دڵسۆزانە دەخەمە بەردەم مانگرتووەکان کە مانگرتن لە خواردن بشکێنن و لەجیاتی ئەوە ببنە پێشەنگی خەڵك بۆ بەڕێخستنی خۆپیشاندان و مانگرتنی هەزاران کەسی بۆ بەردەم بارەگاکانی یەکێتی و پارتی لە هەموو شارو شارۆچکەیەکی کوردستان.
درێژەی بابەتەکە…
مانگرتن لە خواردن شێوازێکی شۆرشگێڕانەی خەبات نیە!
ماوەی (٦) رۆژە ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی لە بەردەم ئۆفیسی سلێمانی نەتەوە یەکگرتوەکان دژی یاریکردن بە مووچەکانیانەوە لەلایەن حکومەتی هەرێم و عێراقەوە، دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.
شایانی ووتنە لەماوەی ساڵانی ڕابردودا دەیانجار مامۆستایان و فەرمانبەران، بەتایبەتی لەناوچەی زۆنی سەوز، مانگرتن و خۆپیشاندان و بگرە بۆ چەندین مانگ بایکۆتی خوێندنیان ئەنجام داوە، بەڵام تائێستا کێشەی دواخستن و نەدانی مووچەو زەوتکردنی لەجێگای خۆیدا ماوەتەوەو چارەسەر نەکراوە.
دوای ئەوەی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران، لەوە بێئومێدبوون کە حکومەتی هەرێم وەڵام بە خواستەکانیان بداتەوە، لەژێر کاریگەری بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆن، روویان لە بەغدا کرد، بەو ئومێدەی لەرێگای حکومەتی ناوەندەوە کێشەی مووچەکانیان چارەسەر بێت. بەڵام دوای تێپەربوونی چەندین مانگ، کێشەی مووچە نەك چارەسەر نەکرا، بەڵكو بووە کارتێکی ململانێی نێوان بەغدا و هەرێم بۆ تەسلیمکردنی هەرێم بە بڕیارە سیاسیەکانی بەغدا!
ئێستا بەشێك لە مامۆستایان، ڕوویان لە نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە بۆهەمان مەبەست، واتە بۆ فشاردانان لەسەر هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری کێشەی مووچەو باقی خواستەکانی دیکەیان لە پلەبەرزکردنەوەو ..تاد. بەڵام ئەمجارەیان لەجیاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەو مانگرتن و بەدەستەوەگرتنی شێوازە کاریگەرو شۆرشگێڕانەکانی خەبات و نارەزایەتی دەربڕین، دەستیان بۆ مانگرتن لەخواردن بردووە.
من لەگەڵ راگەیاندنی هاوسۆزیم بۆ خواستەکانی مامۆستایان و نیگەرانیم لەسەر دۆخی تەندروستی و ژیانیان، ئەم شێوازەی دەستیان داوەتێ نەك بەشێوازێکی شۆرشگێڕانە نازانم، بگرە پێموایە نیشانەی ئەوپەڕی بێئومێدی سیاسیە کە هیچ ئاکامێکی نابێت و ژیانیان دەخاتەبەردەم مەترسی و کاریگەری خراپیش لەسەر ئایندەی خەبات و نارەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵك بەگشتی جێدەهێڵێت.
دوای تێپەڕبوونی(٦) رۆژ بەسەر ئەم مانگرتنەدا، نە نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتوەکان و نە نوێنەرێکی حکومەتی هەرێم و ناوەند نەهاتونەتە ناو خێمەی مانگرتوان و گوێ لە خواستەکانیان بگرن و هەوڵی چارەسەری کێشەکەیان بدەن، لەکاتێکدا بەرەبەرە مەترسی لەسەر ژیانی مانگرتوەکان زیاددەکات.
بێجگەلەوەی کە شێوازی مانگرتن لەخواردن شێوازێکی شۆرشگیڕانە نیەو خۆکوژیە، هاوکات هەڵبژاردنی شوێنی نارەزایەتیەکەشیان نادروستە. لەجیاتی مانگرتن لەخواردن لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، پێویستە کە مامۆستایان و فەرمانبەران بە ریزی دەیانهەزار کەسیانەوە بچنە بەردەم مەڵبەند و لقەکان و مەکتەب سیاسیەکانی پارتی و یەکێتی و خێمەی نارەزایەتی هەڵبدەن تا وەڵام بە داواکاریەکانیان دەدەنەوە، نەك مان لەخواردن بگرن… چونکە حکومەتی هەرێم، واتە حکومەتی یەکێتی وپارتی.. تا فشار و مەترسی لەسەر بارەگاو سەرکردایەتی ئەو دوو حزبە لەلایەن خەڵکەوە دروسی نەبێ، ئەوان باکیان بەهیچ نیە…
بۆیە لە کۆتاییدا من داوایەکی دڵسۆزانە دەخەمە بەردەم مانگرتووەکان کە مانگرتن لە خواردن بشکێنن و لەجیاتی ئەوە ببنە پێشەنگی خەڵك بۆ بەڕێخستنی خۆپیشاندان و مانگرتنی هەزاران کەسی بۆ بەردەم بارەگاکانی یەکێتی و پارتی لە هەموو شارو شارۆچکەیەکی کوردستان.
سەبارەت بە مانگرتن لە خواردن
59