Home بیروڕا سەما لە خوێنی کوژراودا

سەما لە خوێنی کوژراودا

کووشتنی سەلوان مۆمیکا و کردنەوەی دەرگای دۆزەخ

by admin
0 کۆمێنتەکان 52 بینینەکان

عەتا محەمەد: 
لە کاتژمێر یازدەی شەودا و لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، دەنگی چەند گوللـەیەک دێت، کە چەندین مانگە بە هەزاران هەزار ئیماندار داوادەکات و چاوەڕوانی تەقاندنی ئەو گوللانەیە تا خوێنی سەلوان مۆمیکا بڕژێت. بەڵام پێدەچێت ئەم گوللانە جیاوازبن لەوانەی لە شەڕی باندە مافیاییەکانی ناو سوید و تەنانەت کووشتن بەناوی شەرەفەوە دەتەقێندرێن، چونکە ئەم گولـلانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەنگدەدەنەوە و لێکەوتەکانی سنووری سوید دەبڕێت و پێدەچێت دەرگای دۆزەخ بە رووی زۆر گروپ، پەنابەر و بەتایبەت ئیسلامییەکانیشدا بکاتەوە.
بکوژانی ئەو رووداوە، نازانن ئەو گولـلانەی تەقاندیان، تەنها نەیاندا بە سەلوان مۆمیکاوە، بەڵکو نایان بەو بنەمایانەوە، کە کۆمەڵگای سیاسیی سویدی لەسەر دامەزراوە، کە ئەویش ئازادیی بیروڕایە.
لەنێوان ئەدەب و واقیعدا
بەسەرهاتی سەلوان مۆمیکا، چیرۆکی سانتیاگۆ نەسارمان بیردەخاتەوە لە رۆمانی (چیرۆکی مردنێکی ڕاگەیاندراو)ی گابرێل گارسیا مارکیزدا. دەستپێک و یەکەم دێڕی رۆمانەکە بەم جۆرەیە: ئەو رۆژەی سانتیاگۆ نەساری تیادا دەکوژن، ئەو کاتژمێر پێنج و نیوی بەیانی لە خەو هەستا تا چاوەڕوانی ئەو کەشتییە بێت، کە قەشەی پێ دەهات.
لە رۆمانەکەی مارکیزدا، پیدرۆ و پابلۆ ڤیکارۆی دووانە و تەمەن بیست و چوار ساڵ، بڕیار دەدەن لە تۆڵەی شەرەفیاندا سانتیاگۆ نەسار بکوژن. ئەم دەنگۆیەش بڵاودەبێتەوە و خەڵکی ناوچەکە هەموویان دەزانن ئەو رۆژە سانتیاگۆ دەکوژرێت، بەڵام تاکە کەس کە نازانێت و ئاگای لێی نییە، سانتیاگۆ خۆیەتی. هەمووان دەزانن سانتیاگۆ دەکوژرێت، بەڵام بێ دەنگی هەڵدەبژێرن و رێگری لە مردنەکەی ناکەن.
لە دوای سووتاندنی قورئانیش لەلایەن سەلوان مۆمیکاوە، هەمووان چاوەڕوانی کوشتنیان دەکرد و دەیانزانیی دەکوژرێت، بەڵام جیاواز لە بەسەرهاتی سانتیاگۆ، کە بکوژەکانی دیاربوون و هەمووانیش بێ دەنگ بوون لە مردنە چاوەڕوانکراوەکەیدا، ئەوەی سەلوان مۆمیکا ئەگەرچی بکوژ دیارنەبوو، بەڵام دەزانرا دەکوژرێت، چونکە هەزاران هەزار ئیماندار داوای کووشتنیان دەکرد و لەخودا دەپاڕانەوە تا بکوژێک بنێرێت و بیکوژێت.
خوداش دڵی بکوژێکی نەرم کرد و سەرئەنجام سەلوانی کوشت، کە هەمووان چاوەڕوانی کووشتنەکەی بوون.
لەو دوو چیرۆکی مردنە زانراوەدا خاڵی لێکچوون ئەوەیە کە دوو کەس هەن و هەمووان دەزانن دەکوژرێن، بەڵام خاڵی جیاوازیان ئەوەیە، کە لە مەرگی سەلواندا خەڵکی بێ دەنگ نەبوون لەبەرامبەر کوشتنە چاوەڕوانەکەیدا، بەڵکو ئەوە ئەوان بوون داوایان لە بکوژە نادیارەکە دەکرد تا خوێنی سەلوان بڕژێت. سانتیاگۆ نەسار تاکە کەس بوو نەیدەزانی دەکوژرێت، بەڵام سەلوان مۆمیکا دەیزانی دەکوژرێت، هەرچەندە بکوژەکەی دیار نەبوو. ئەگەر خەڵکی بۆ مردنی سانتیاگۆ بێ دەنگ بووبن و غەمباربووبن بۆ ئەوەی دەکوژرێت، ئەوا بۆ کووشتنی سەلوان داوای کوشتنیان دەکرد و لە دوای کووشتنیشی، خۆشحاڵییان دەربڕی.
چەند تێبینییەک:
١- بۆتە بەڵگەنەویست کە قسەکردن لەسەر هەر بابەتێک پەیوەندی بە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی، وتە و هەڵسوکەوتی کاراکتەرە دینییەکان و چیرۆک و ئەفسانە هەڵبەستراوەکانیانەوە هەبێت، دەرگا بە ڕووی جنێوفرۆش و چەقۆکێشە ئیماندارەکاندا دەکاتەوە، چونکە ئەوان لە کلتورێکەوە نەهاتوون رێز لەبەرامبەر بگرێت، توانای گفتوگۆی هەبێت و عەقڵ تیایدا ئامادە بێت. بەڵکو ئەوان وەک گروپێکی داخراو، تەنها لەناو خۆیاندا رێز لەخۆیان دەگرن و داواش دەکەن ئەوانیتر و جیهان رێز لەخۆیان و پیرۆزییەکانیان بگرن، بەبێ ئەوەی ئەمان پێویستیان بەوە هەبێت رێز لەوانی دیکە و پیرۆزییەکانیان بگرن، چونکە دواجار هەموو ئەوانی دیکە جگە لە خۆیان، وەک کافر و مولحید سەیر دەکەن. کافر و مولحیدیش لە چاوی ئەماندا شایەنی نەوەک رێز نین، بەڵکو دەبێت بکوژرێن. خوداش لەناو هەموو ئەو بوونەوەرانەی درووستی کردوون، تەنها ئەم ئیماندارانەی خۆشدەوێت و ئەوانیتر شایەنی کووشتن و ملکەچکردنن بۆ ئەمان. بۆیە جگە لە جنێو و هەڕەشە بەناوی خودا و پێغەمبەرەوە، چاوەڕوانی هیچی تر لەم مۆدیلە لە ئیماندار ناکرێت.
٢- ئەم مۆدیلە لە مرۆڤی ئیماندار، ئیماندارێکی درۆزنە و تا دەسەڵاتی نییە، باوەڕی بە مافی مرۆڤ، رێزگرتن لە یەکتر، هەڵبژاردن و پێکەوە ژیان هەیە، بەڵام هەر هێندە زانی کەمێک دەسەڵاتی هەیە، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەش لەو ئازادییەوە بێت، کە کافرانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆیان دەستەبەرکردووە، ئەوا بەناوی شەرع و پیرۆزییەکانییەوە خۆی دەسەپێنێت و دەیەوێت لەناو کلتورێکی دیموکراتیی وەک سویددا: حیجاب بەسەر منداڵ و حەدی مورتەد بسەپێنێت، کە کووشتنە. کچی منداڵ بە زۆر بەشوو بدات، فرەژنی بسەپێنێت و بە دزییەوە هاوسەرگیریی موتعە بکات (کە لای شیعەکان هەیە و بە دزییەوە دەکرێت) و کۆمەڵگا و ئەوانیتریش وەک فاحش و فاسق سەیر دەکات. ئیدی بەناوی شەرعی خوداوە دەبێت بە دوژمنی ئەو کۆمەڵگایەی ئازادیی ئیمان و بیروباوەڕی بۆ دەستەبەرکردووە. ئەم مۆدیلە لە ئیماندار، بەناوی پیرۆزییەوە هەرگیز لە ئازادیی تێ ناگات.
٣- ئەم مۆدیلە لە ئیماندار خۆی دەگەیەنێتە وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام لەوە تێ ناگات، کە ئەو کۆمەڵگایانە ئازادیی بۆ ئەو و هەموو باوەڕدارێکی دیکە، بۆ سەلوان مۆمیکا و هەموو بێ باوەڕێک، رەگەزخواز، ژن و منداڵ فەراهەم کردووە، بەڵام ئیماندارەکە پێی قبوڵ ناکرێت و تەنها ئازادیی بۆ خۆی دەوێت. دەیەوێت رێز لە پیرۆزییەکانی ئەم بگرن، بەبێ ئەوەی ئەم رێز لەوانیتر و باوەڕ و پیرۆزییەکانیان بگرێت، چونکە ئەم خۆی وا وێنا دەکات، کە بەناوی خودا و شەرعی خوداوە قسە دەکات.
٤- ئەم جۆرە لە ئیماندار، دەبڵ مۆراڵ و دووفاقە، بەوەی لەبەردەم سووتاندنی قورئان و مزگەوتەکان بەدەستی سوپای ئەردۆغان خۆیان کوێر دەکەن و بە سووکایەتیی نایبینن دژ بەخۆیان و خودا، بەڵام بۆ کەسە تاکەکان خۆپیشاندان رێک دەخەن و دەچنە سەر سەفارەتەکان و شمشێر دەردەکێشن.
پێش رووداوەکە
من لێرەدا هیچ بەرگرییەک لە کەسایەتیی سەلوان مۆمیکا ناکەم، چونکە ئەو کەسێک بوو، لە قسەکانیدا دەردەکەوت سادە و کەم رۆشنبیرە لەو بابەتانەی لێی دەدوێت. پێش هاتنیشی بۆ سوید، لەگەڵ حەشدی شەعبیدا کاری کردبوو. ئەو لەو رابردووەیدا چی کردووە وەک چەکدارێکی میلیشیایی لە عێراق و چۆن بیری کردۆتەوە، شوێنی ئەم نووسینە نییە. بەڵکو ئەوەی جێگای سەرنجە، کاری سووتاندنی قورئان و کووشتنەکەیەتی، کە پێ ناچێت وا بە ئاسانی تێپەڕێت، چونکە ئەم رووداوە لەسەر کۆمەڵگای سویدی و رۆژئاوایی کاریگەریی قوڵی هەیە، کە هەر لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە و هەر لەم چەند رۆژە کەمەدا، دەبینین چۆن رق و بێزاری لە تیرۆر و کەسی تیرۆرستەوە گواستراوەتەوە بۆ رق لە ئیسلام و کلتوری ئیسلامیی، کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و تەنها رەگەزپەرستەکانی ئەوروپا بانگەشەی بۆ ناکەن، بەڵکو زۆرێک قسەی لەبارەوە دەکەن، کە هەست بە مەترسی لەسەر ژیان و کلتور و کۆمەڵگاکەیان دەکەن. وەک ئەوەی ئیتر ئیسلام ئەو ئاینە نەبێت، کە بتوانرێت لەگەڵیدا بژین. دیارە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لێکەوتە خراپەکانی ئەم رووداوە دەبینین.
سووتاندنی قورئان
کەسێک دێت و بانگەشەی ئەوە دەکات قورئان دەسووتێنێت. دوای نمایشی سووتاندنەکە و کاردانەوەی ئیمانداران و بەتایبەت ئیسلامییەکان، حکومەتی سویدی رووبەڕووی کێشە بوویەوە و لە چەندین وڵات و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش خۆپیشاندان کرا و لە بەغداد چوونە سەر سەفارەتی سوید. هەروەها داواکرا بایکۆتی کاڵای سویدی بکرێت.
حکومەتی سوید هەوڵیدا بە هەرجۆرێک بووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام ئەمە گرفتێکی بۆ درووست دەکرد لەسەر ئاستی کۆمەڵگای سویدی، چونکە ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا کردی، لە چوارچێوەی بنەما دیموکراتییەکانی سویددا بوو، کە خۆی لە ئازادیی بیروڕا و رادەربڕیندا دەبینێتەوە، کە ئازادیی بیروڕای ئاینییش لەو چوارچێوەیەدایە و ئەو کارە بەرامبەر قورئان و هەر کتێبێکیتر، بە سووکایەتیی دانانرێت، چونکە لە بنەما و یاساکانی ئەم وڵاتەدا شتێک نییە بەناوی (ئیزدراء ئەلئەدیان/ سووکایەتی بە ئاین)، کە بەتایبەت ئیسلامییەکان هەمیشە وا وێنای دەکەن، وەک ئەوەی پیلانێک هەبێت لە دژی خۆیان و پیرۆزییەکانیان. بەڵکو لەم وڵاتانەدا هەر کەسێک دەتوانێت رەخنە و قسە سەبارەت بە هەر ئاینێک و تەنانەت کارەکتەرە دیارەکانی ئەو ئاینە بکات، لەپێش هەموویانەوە ئاینی مەسیحیی و خودی عیساش. من دەزانم بۆ ئیسلامییەک قورسە لەم بنەمایە تێ بگات و هەزمی بکات.
ئەو گرفتەی حکومەتی سویدی تووشی بوو، تەنها ناڕەزایەتییەکان نەبوو دژ بە سوتاندنی قورئان، بەڵکو ئەوە بوو کە رێگری لە کارەکەی سەلوان، دژ بە بنەمای ئازادیی بیروڕا دەوەستێتەوە و ئەمەش لە توانای حکومەتدا نییە دژ بە یاسا بنەڕەتییەکانی وڵات کار بکات، چونکە ئەگەر بەناوی پیرۆزی و بریندارکردنی هەستی مسوڵمانەوە رێگا لە سەلوان بگیرێت، ئەوا دواتر هەموو گروپ و کەسایەتییەک دەتوانێت بە پاساوێکی وا، رێگری لە ئازادیی بیروڕا بکات.
نموونەیەک لە دیموکراتییەتی سوید
من دەزانم تێگەیشتن لەم بنەما دیموکراتیانە، بۆ باوەڕدارێکی ئیسلامیی قورسە، چونکە ئەو بنەمایانە لەسەرو پیرۆزییەکانەوە کار دەکەن و بۆ هەمووان وەک یەکن. لێرەدا نموونەیەک لە دیموکراتییەتی سویدی دەهێنمەوە تا جوانتر وێناکە ببینین.
لە سەرەتای پەتای کۆرۆنادا، حکومەتی سوید سیاسەتێکی جیاوازی هەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە و کەرەنتینەی رانەگەیاند. لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی مردوواندا، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوویەوە. کاتێکیش شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا هات، حکومەتی سوید بیری لەوە کردەوە، کە کەرەنتینە رابگەیەنێت، بەڵام پاشان هەر خۆی روونکردنەوەیدا، کە ناتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە لە یاسای بنەڕەتیی سویددا (دەستوور)، حکومەت ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیاری وا دەربکات و خەڵک بە زۆر ناچار بکات لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، چونکە خەڵک ئازادە و خۆی بڕیار دەدات لەسەر ژیانی خۆی. تەنانەت بەرپرسی کەیسی کۆرۆنا وتی: ئێمە ناتوانین بە زۆر هیچ کەسێک ناچار بکەین تا نەمرێت.
مەبەست لەم نمونەیە ئەوەیە، کە دیموکراتیەتی سوید لەو ساتە پڕ ترس و دڵەڕاوکێیەی پەتای کۆرۆنادا، نەیتوانی ئازادیی خەڵک لە چوونە دەرەوە و چوون بۆ کەنار دەریا و چێشتخانە و… بگرێت، چونکە خەڵک ئەو ئازادییەی لە دەستوردا بۆ دەستەبەرکراوە و حکومەت دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێکی وا بسەپێنێت، وەک حوکمێکی عورفیی.
ئازادی رادەربڕین و بیروڕاش بنەمایەکی دیموکراتیی ئەو کۆمەڵگایەیە و پەیوەندی بەوەوە نییە ئیسلامییەک بێت و بەناوی پیرۆزییەوە، رێگریی لێ بکات، چونکە هەر ئەو بنەمایە توانیویەتی: ئازادیی کردنەوە و درووستکردنی مزگەوت و ناوەندی ئیسلامیی، بەڕێوەبردنی رێورەسمی ئاینیی ئیسلامیی، یارمەتیی دارایی ئەو ناوەندانە، کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی بۆ ئەو ئیماندارانە رەخساندووە. تا ئەو رادەیەی منداڵانی مسوڵمان لە قوتابخانەکاندا حیجاب بن و خواردنیان جیابێت لەوانیتر، نەوەک گۆشتی بەرازی تیادا بێت. پاشان بنەما دیموکراتییەکان نە بۆ ئیمانداری ئیسلامی و نە بەپێی رای ئەو دانراون، بەڵکو کۆمەڵێک بنەمان بۆ کۆمەڵگا، کە چەندین نەتەوە و ئاین و رەگەز… تیایدا دەژی، کە ئیسلامیی و مسوڵمانەکان یەکێکن لەوانەی چوونەتە ناو ئەو کۆمەڵگایانەوە، بەڵام دیارە ئیمانداری ئیسلامیی ئەو بنەما و رووە جوانانەی دیموکراتیی ئەو کۆمەڵگایانە نابینێت، چونکە ئەو بەناوی بەرگری لە پیرۆزییەکانی، هەموو ئازادییەکی تەنها بۆ خۆی دەوێت تا زیاتر و زیاتر هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگای کافراندا زاڵ بکات. بەناوی ئازادیی، پیرۆزی و بریندارکردنی هەستیانەوە، زیاتر خۆیان بسەپێنن و خۆیان بە ئەندامێکی ناو ئەو کۆمەڵگا دیموکراتیانە نەبینن. وەک هەندێک لە ئیسلامییەکان دەڵێن: ئێمە هاتووین بۆ رۆژئاوا تا فەتحی بکەین. ئەم بۆچوونەش هەر لە بنەماوە دژ بە بنەماکانی دیموکراتیی و پێکەوەژیانە، کە کووشتنەکەی سەلوان مۆمیکا ئەوەی بۆ ئەو کۆمەڵگایانە سەلماند.
دوای سووتاندنی قورئان
دوای چەند جارێک لە نمایشی سووتاندنی قورئان، کێشەکە بۆ حکومەتی سویدی گەورەتر دەبوو. بەرادەیەک لە عێراقیشەوە داوا دەکرا سەلوانیان رادەست بکرێتەوە، کە ئەوەش مانای بردنەوەی بوو بۆ کووشتن. ئاشکراکردنی رابردووی سەلوان و وێنەکانی، بەوەی حەشدی شەعبی بووە، کارتێکی دایە دەست حکومەتی سوید تا لەو رێگایەوە فشار بخەنە سەر سەلوان و بە کێشەی ئیداری (لێسەندنەوەی مافی پەنابەری) و کێشەی دارایی (بڕینی مووچە)وە سەرقاڵی بکەن تا بڕیار لە چارەنووسی بدەن. ئەو شەوەی سەلوان کوژرا، بۆ بەیانییەکەی وادەی لە دادگا هەبوو، کە دوا بڕیار لەبارەی چارەنووسیەوە بدرێت. هەر رۆژی دوای کووشتنەکەشی، دۆسیەکەی لە دادگا داخرا. (پێموایە لەو ماوەیەدا سەلوان هەوڵی دابوو لە نەرویژ مافی مانەوە بەدەست بهێنێت، بەڵام داواکەی رەتکرابووەیەوە. ئەم دۆخەش دەرخەری ئەوەیە کە لەم وڵاتانە هیچ پیلانێک لە دژی ئیسلام نییە، بەڵکو ئەوە باوەڕدارانن ناتوانن لەناو چوارچێوە دیموکراتییەکاندا بژین و بەو جۆرە ئازادییان دەوێت، کە خۆیان مەبەستیانە).
دوای کووشتنی سەلوان مۆمیکا
دواجار سەلوان لە پەخشی راستەوخۆی تیک تۆکدا کوژرا، بەڵام ئەو کووشتنە کۆتایی فیلمێک نییە، کە ئێمە بینەرین و تیاشیدا دەژین، بەڵکو لە دوای ئەو کووشتنەوە کێشەکە بەردەوام و قورستر دەبێت، چونکە کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان، هەست بە مەترسییەک دەکەن، کە پێشتر بەو جۆرە سەیریان نەکردووە. هەوڵ دەدەم بە کورتی چەند روویەکی کێشەکە بخەمە روو:
١- درووستبوونی ترس لە کۆمەڵگادا. ئەم ترسەش لەلایەک ترسە لە گیانی مرۆڤەکان و زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان، لەلایەکی دیکەوە ترسە لە بنەما دیموکراتییەکان، کە کەسێک لەسەر ئازادیی بیروڕا بکوژرێت. بۆ تێگەیشتن لەم خاڵە، دەبێت بەچاوی ئیسلامییەک سەیری رووداوەکە نەکەیت، چونکە ترسەکە لەوەیە کە ئەگەر بۆ هەر رەخنە و رادەربڕینێک ئاسایی بێت کەسەکە بکوژرێت، ئەوکاتە ئەو کۆمەڵگایە چی بەسەر دێت؟ ئایا دیموکراتی و ئازادیی رادەربڕین چ مانایەکی دەبێت، کە ئەو کۆمەڵگایانە مێژوویەکیان هەیە لە تێکۆشان بۆی؟ بۆ کۆمەڵگایەکی رۆژئاوایی، ئازادیی رەخنەگرتن، ناڕەزایەتیی، ئازادیی بیروڕا و ئاینیی، مافی مرۆڤەکانە و کەس ناتوانێت زەوتی بکات. ئەگەر ئیسلامییەک لە هەستی پیلانگێڕییەوە وا دەزانێت پیلان لە دژی ئەو و ئاینەکەی هەیە، ئەوا لەو کلتورە تێنەگەیشتووە و نازانێت کە کەسایەتییە سیاسییەکان و خودی عیسای مەسیحیش بێ بەری نییە لە نوکتە و کاریکاتێر و رەخنە و توانج. کاتێکیش ئەمەت پێ قبوڵ ناکرێت، ئەوا کێشە لە تێڕوانینی تۆدایە، نەوەک بنەما دیموکراتییەکان کە لەسەرو پیرۆزییەوە کاردەکەن.
دەزانم قورسە لەمە تێبگەیت:
سەلوان و هەر کەسێکیتر کە قورئان دەسووتێنێت، یاخود رەخنە لە ئاینەکان دەگرێت، ئازاری جەستەیی کەسی نەداوە و سوکایەتی بە کەسێکی دیاریی کراو ناکات، بەڵکو ئەو لە بەرامبەر باوەڕێکدا قسە دەکات، کە تۆ پێتوایە هەستی تۆی پێ بریندار دەبێت. ئەگەر هەستی تۆ بکرێت بە بنەما، ئەوا ئەوکاتە دەبێت بپرسین: ئەی کاتێک تۆ لە رێورەسمی ئاینییتدا مانگا دەکەیت بە قوربانیی، کە لای خەڵکێکی زۆر پیرۆزە، تۆ حساب بۆ هەستیان دەکەیت؟ کاتێک رۆژانە لە وتارەکانتدا مەسیحی و جولەکە، کە دەکرێت هاوسێت بن، بە لەعنەت دەکەیت و بە گڵاو، نەوەی مەیمون و بەرازیان دادەنێیت، حساب بۆ هەستیان دەکەیت؟ کاتێک داوای کووشتنی کافر و مورتەد دەکەیت، حساب بۆ بریندارکردنی هەستی کەس دەکەیت؟ یا تۆ بەناوی پیرۆزییەکەوە قسە دەکەیت، کە ئەو کۆمەڵگایانە تێیان پەڕاندووە.
هەر بەم بنەمایەی باوەڕدارێکی ئیسلامیی هەیەتی و رێگا بەخۆی دەدات ئەو کارانە بکات، هەستی ئاینیی تۆ لەدەرەوەی بنەما دیموکراتییەکاندایە و ناکرێت تەنها حساب بۆ هەستی تۆ بکرێت و تۆش ئازاد بیت لەوەی بەناوی ئاینەکەتەوە جنێو بەوانیتر بدەیت و سووکایەتییان پێ بکەیت. ئازاد بیت لەوەی کچی منداڵ بە زۆر بەشوو بدەیت، کە لەگەڵ بنەما دیموکراتییەکانی ئەو وڵاتەدا نایەتەوە. ئیدی کاتی ئەوەیە لەوە تێبگەیت کە ئازادی یا بۆ هەمووان هەیە، یا ئەوە ئازادیی نییە کە تەنها بۆ تۆ هەبێت. پێم وایە کووشتنی سەلوان ئەو ترسەی لەو کۆمەڵگایانەدا درووست کرد، کە تۆ وەک کلتوور ناتوانیت لەگەڵ ئەوانیتر بژیت. ئەگەر تا ئێستا بە چەندین دەمامکی بانگخوازەکان توانرابێت ئەوە بشاردرێتەوە، ئیدی وردە وردە دەمامکەکان دەکەون و وێنەی راستەقینەی تۆی ئیسلامیی بەدەر دەکەوێت.
٢- لە بەرامبەر هەڵکشانی تاوان و هەژموونی ئیسلامییەکان لە وڵاتانی خۆرئاوا، رەگەزپەرستان و دژە پەنابەرانیش لە هەڵکشاندان و کورسیی پەرلەمانەکان دەگرن، کە لەوێوە دەتوانن یاساکان دژ بە بێگانە و پەنابەران بگۆڕن. زەرەرمەندی یەکەمیش ئیسلام و ئیسلامییەکانن، کە بە کردەوەکانیان: بە چەقۆ هێرشکردنە سەر ژن و منداڵ لە پارک و شوێنە گشتییەکان، تەقینەوە و بڵاوکردنەوەی کلتوری رق لەوانی کافر، زەوتکردنی ئازادیی منداڵ و ژن… وایان کردووە رۆح بکەنەوە بە بەری رەگەزپەرستەکاندا و ئەوانیش لە کۆمەڵگاکانیاندا ترس لە پەنابەر و بێگانە بڵاوبکەنەوە.
ئەم هەڵکشانەش مەترسییەکەی لەوەدایە، کە ئەگەر پێشتر مرۆڤ وەک تاک بە تاوانبار یاخود تیرۆرست و مەترسیدار سەیرکرابێت، ئەوا لەم دۆخە نوێیەدا وەک کلتور رەت دەکرێیتەوە. تۆ وەک مسوڵمانێک دەبینرێیت، کە ناتوانێت کلتوری رۆژئاوا قبوڵ بکات و دژ بە ئازادیت. وەک پەنابەرێک کە ناتوانیت لەناو یاساکانی ئەو وڵاتانەدا بژیت و دژی دەوەستیتەوە، بەڵام تەنها خۆشگوزەرانییەکانیت دەوێت بۆ خۆت. بینینی هەموو مرۆڤەکانی رۆژئاوا وەک کافر لە چاوی ئیسلامییەکدا، بەهەمان شێوە رەگەزپەرستەکانی رۆژئاواش هەموو ئیماندارێک و پەنابەرێک وەک مەترسی و دژە ئازادی و تیرۆرست دەبینن.
٣- دوای کووژرانی سەلوان، راپۆرتێک باسی لەو کۆمێنتی خۆشحاڵیانە دەکرد، کە لەلایەن مسوڵمانانەوە بۆ کوشتنەکەی نووسراون و نموونەی کۆمێنتەکانی پیشان دەدا. دیارە ئەم دیاردەیە لای ئیسلامییەکانی کوردستان و شوێنەکانیتریش هەیە و هەرگیز جنێو و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ شتی وا نەشاردۆتەوە. لە راپۆرتەکەدا پرسیار لەسەر ئەوە بوو، کە چۆن دەکرێت بۆ کووشتنی مرۆڤێک، کە رای جیاواز بووە، خەڵک ئاوا خۆشحاڵیی دەرببڕێت؟ دیارە ئەمەش ئەو ترسە درووست دەکات، کە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ کەسانی وادا دەژین، کە بە کووشتنی مرۆڤەکان خۆشحاڵ دەبن و داوای کووشتنیان دەکەن. ئیماندار و ئیسلامییەکانیش نازانن کە ئەمە دەرگای دۆزەخە بۆ خۆیان کردۆتەوە و پۆلیسی نهێنی ئەم وڵاتانە چاودێریی ئەو کۆمێنتانەش دەکات و لە ئایندەدا باجی ئەو خۆشحاڵییە دەدەن، چونکە ئەمە وەک کوردستان، عێراق، سوریا و ئەفغانستان… بە ئاسانیی ناڕوات.
٤- ئەگەر تا ئێستا ئیسلامییەک خۆی وەک قوربانییەک پیشاندابێت و لەم وڵاتەدا جێگای خۆی کردبێتەوە، ئەوا بەم کردەوانە و بەتایبەت دوای کووشتنی سەلوان و دەربڕینی خۆشحاڵیی، وێنەیەکی دیکە لە خۆی پیشان دەدات، کە ئەویش ئەوەیە لە هەر یەکێکیاندا جەلادێکی نووستوو هەیە و تەنها بە ئاگاهێنانەوەی زەحمەتە. ئێمە لە کووشتنی خواناسیشدا ئەم خۆشحاڵییەمان بینی. ئەگەرچی لە روویەکەوە کووشتنی سەلوان مۆمیکا و کووشتنی خواناس لە کوردستان، لێک دەچن و ئیمانداران خۆشحاڵبوون پێی، بەڵام پێ ناچێت دەرئەنجامەکانیان وەک یەک بێت. با چاوەڕێ بکەین و بزانین لە داهاتوودا خۆشحاڵیی ئیسلامییەکان و هەڵپەڕینیان لە خوێنی کوژراودا، دەگاتە کوێ. بابزانین ئەم خۆشحاڵییە هەروا بە ئاسانی تێدەپەڕێت، یاخود ئیسلامت وەک کلتور و وەک ئیماندار رەش کردووە لەبەردەم جیهاندا و بەنەزانیی خۆت و دەربڕینی خۆشحاڵیت، دەیسەلمێنیت، کە تۆ ئاینی پێکەوە ژیان و لێبوردن نیت، وەک هەندێک لە بانگخوازەکان وێنایان دەکرد و کۆمەڵگاکانی رۆژئاوایان تێدەگەیاند.
٥- لەمەودوا زیاتر چاو دەخرێتە سەر کارە نایاساییەکانی ئیسلامییەکان، بەتایبەت لە بواری ئابوری، سپیکردنەوەی پارە و کاری رەشدان و سەرچاوەی ئابووریی نایاسایین. دیمەنی ئەو بانگخوازە ئیسلامییە هەروا سادە نییە، کە بۆ کڕینی مزگەوت لە بەریتانیا، ناڕاستەوخۆ هانی کاری رەش و فرۆشتنی حەشیش و ماریوانا دەدات و لە مزگەوتەکاندا بە سەتڵ پارە کۆدەکەنەوە.
با چاوەڕێ بین و لە ئایندەیەکی نزیکدا ببینین چۆن ئیسلامییەکان دەرگای دۆزەخیان بەسەر خۆیان و کلتور و کۆمەڵگاکانیاندا کردەوە. ئەگەر پێشتر لە ترسی تۆمەتی رەگەزپەرستیی، کەسانێک لەم وڵاتانەی رۆژئاوا نەیانتوانیبێت بە ئاشکرا قسەبکەن، ئەوا دوای ئەم رووداوە زۆر ئاشکرا لە راگەیاندنەکانەوە دەدوێن و هەڵمەت لە دژی ئیسلام و ئیسلامییەکان بەڕێوەدەبەن.
لە کۆمێنتدا چەند لینکێکی پەیوەست بەم نووسینە دادەنێم، کە هەوڵ دەدەم زیاتر بە عەرەبی بن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە