69
وەرزێر عوسمان: 

جگەرەی ئەلکترۆنی (ڤەیپ Vape) شتێکی نوێی سەرنجڕاکێشە، کە جێگرەوەیەکی باشتری جگەرەی ئاساییە، کە بەهەمان شێوەی جگەرەی ئاسایی نیکۆتین دەداتە جەستەمان! نیکۆتین تەرکیز و بیرگەمان باشتر دەکات، کاردانەوەمان خێراتر و ئارامگرتنمان زیاددەکات، لە هەمووی گرنگتر وا دەکات کە دڵەڕاوکێ و قەلەقیمان کەمبکات و جەومان بکاتەوە Mood Enhancement. یەکێکی دیکە لە کاریگەریەکانی نیکۆتین ئەوەیە کە هەستی برسیەتیمان کەمدەکاتەوە و بەمەش وادەکات باشتر کۆنترۆڵی کێشی لەشمان بکەین و کێشمان دابگرین! جا کەواتە بۆ هەموومان دەستنەدەینە ڤەیپ کێشان؟
ئاشکرایە تا ئێستا کە ڤەیپ زیانەکانی لە جگەرەی ئاسایی زۆر کەمترە. جگەرەی ئاسایی لەڕێی سووتانی تووتن Tobacco دوکەڵێکی پڕ لە زیان دەردەکات کە نزیکەی ٧ هەزار ماددەی زیانبەخشی تێیدایە، کە ٧٠ ماددە لەناو ئەو ماددانەدا سەلمێندراون کە دەبنە هۆی شێرپەنجە Carcinogenic. بەڵام ڤەیپ بەهەمان شێوەی جگەرە لەڕێی سووتانی ماددەیەکەوە دووکەڵ دروست ناکات، بەڵکو لە ناو ڤەیپدا شلەیەک هەیە کە نیکۆتینی تێدایە، کە ئەم شلەیە دەبێتە هەڵم لەڕێی گەرمبوونی کۆیلێک لەناویدا و ئێمە ئەو هەڵمە هەڵدەمژین، بەو شێوەیەش ماددەکانی وەکو قەتران Tar و دوانەئۆکسیدی کاربۆن لەناو ڤەیپدا نییە.
بەشێوەیەکی خێرا بەکارهێنانی ڤەیپ ڕووی لەزیادبوون کردووە، بەجۆرێک لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری The Lancet Public Health Journal ـدا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ئینگلتەرا دەستیانکردووە بە کێشانی ڤەیپ لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، کە پێشتر ئەم کەسانە بەهیچ جۆرێک جگەرەی ئاساییان نەکێشاوە! لە ساڵی ٢٠٢٣ لە بەریتانیا ٪٢٠ منداڵان بەلایەنی کەمەوە جارێک ڤەیپیان کێشاوە. لە ئەمەریکا ٪٨ هەموو خوێندکاران بەبەردەوامی ڤەیپ دەکێشن.
لە زۆربەی ئەو شلانەدا کە لە ڤەیپدا بەکاردێت ماددەکانی پرۆپلین گلایکۆڵ Propylene Glycol و گلیسڕۆڵ Glycerol هەیە، کە ئەمانە دووکەڵی دەستکردی ڤەیپەکە پێکدەهێنن، کە ئەم مادانە بەهەمان شێوە لەو ئامێرانەدا بەکاردێن کە بۆ دروستکردنی دووکەڵ لە ئاهەنگەکاندا بەکاردێن، هەروەها لە چەندین خۆراکی دیکەشدا بەکاردێت. هەروەها لە ڤەیپدا خوێی نیکۆتین هەیە بە چەندین تامی جیاواز، کە بەهۆی گەرمبوونەوە دەبێتە هەڵم و لەگەڵ کێشانی ڤەیپەکەدا دەگاتە دواین سنووری سییەکانمان کە بریتیین لە سیکڵدانۆچکەکان، لەوێوە نیکۆتینەکە دەچێتە ناو سووڕی خوێن و بەرەو ئامانجەکەی دەچێت، کە مێشکە. نیکۆین لە مێشکدا دەبێتە هۆی ئالودەبوون، کە ئەمەش بۆ هەموو خەڵک ترسناکە، بەڵام بۆ هەرزەکاران چەندینجار ترسناکترە. مێشک لە تەمەنی هەرزەکاریدا لە گەشەیەکی خێرادایە و وەرگرەکانی نیکۆتین لە مێشکدا زۆر چالاکن، بۆیە گەیشتنی ئەو هەموو نیکۆتینە بە مێشک کاریگەری خراپتری دەبێت لەسەر گەشەی مێشک. لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کێشانی ڤەیپ لە هەرزەکاراندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بیرکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی و تەرکیز، هەروەها تێکچوونی جەو (هەرچەند بەتەواوی نازانرێت ئایا ئەو کەسانەی خۆیان هەر وان ئەگەری کێشانی ڤەیپیان زیاترە، یان کێشانی ڤەیپەکە ئەو کێشە تەندروستیانە دروستدەکات).
کێشانی پاکەتێک (٢٠ جگەرە) لە ڕۆژێکدا بۆ زۆرینەی کەس دەستدانات، چونکە کێشانی جگەرە قورسترە و ناتوانی لە هەموو جێگەیەک بیکێشیت بەهۆی تامە تاڵ و بۆنە ناخۆشەکەیەوە، بەڵام ڤەیپ ئەم کێشانەی نییە و دەکرێت بۆ چەندین کاتژمێر لە ژوورەوە و لەکاتی کارکردندا بکێشرێت، چونکە تام و بۆنێکی خۆشی هەیە، لەوانەیە هەر ئەوەش هۆکاربێت کە چەندین کەس دەستبکەنە کێشانی ڤەیپ لەکاتێکدا هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە. شتە ترسناکەکە لێرەوە دەستپێدەکات؛ لەناو ئەو شلەی ڤەیپەدا دەکرێت هەزاران ماددەی جیاواز جیاواز هەبێت بەپێی جۆر و ئەو کۆمپانیایەی دروستی دەکات، و بەشێک لەو ماددانە هەرگیز لەسەر پشتی ڤەیپەکە نانووسرێن. دروستکردنی ڤەیپ لە تەواوی جیهاندا چاودێریەکی زۆر کەمی لەسەرە Less Regulated و کۆمپانیاکان دەکرێت ماددەی زۆر گوماناوی بکەنە ناو شلەی ڤەیپەکانەوە، ئەمە جگە لەوەی زۆر لەو ماددانەی کە دەزانین لەناو ڤەیپەکاندا هەن، هێشتا لە سەلامەتییان دڵنیا نین، هەندێکی تریشیان تەنها بۆ سەر پێست و بۆ خواردن سەلامەتن، بەڵام نازانین کاریگەریان بۆ هەڵمژین بۆ ناو سییەکان چۆنە!
بە گەرمبوونی کۆیلی ناو شلەی ڤەیپ، ئەو کۆیلە چەندین کانزا دەردەدات و دەچنە ناو هەڵمەکەوە، لە نموونەی ئەلەمنیۆم، بۆرۆن، کالسیۆم، ئاسن، مس، مەگنسیۆم، زینک، قوڕقوشم، کرۆمیۆم، نیکڵ و مەنگەنیس. ئەم کانزایانە زۆربەیان دەبنە هۆی هەوکردنی ڕێڕەو و بۆری هەناسە لە سەرەتادا و چەندین نیشانە بۆ ئەو کەسانە دروستدەکەن کە لەوەوپێش جگەرەیان نەکێشاوە، تەنانەت هەڵمژینی نیکڵ سەلمێندراوە کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات. جگە لەو هەواڵە ناخۆشانەی باسمان کرد، تێکەڵکردنی ئەم هەموو ماددەیەش دەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی چەندین ئاوێتە Compound و ماددەی نوێ و ئەو ماددانە زۆر ترسناکتربن!
لە کۆتاییدا، تا ئێستا ئەوەی سەلمێندراوە ئەوەیە کە وازهێنان لە جگەرەکێشان و گۆڕینی بە کێشانی ڤەیپ، سوودی تەندروستی هەیە و لە هەندێک مەترسی جگەرە دوورمان دەخاتەوە، بەڵام ڤەیپ بێ مەترسی نییە (بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێشتر جگەرەکێش نەبوون)، بەڵکو بەهۆی ئەوەی کەمتر لە دەیەیەکە هاتۆتە ناو جیهانەکەمان، زۆرینەی لایەنەکانی نادیارە و توێژینەوە دەربارەی کاریگەریە درێژخایەنەکانی زۆر کەمە و دەکرێت لە داهاتوو ئەنجامی ترسناک دەربارەی بڵاوببێتەوە، چونکە تا سەرەتای ئەمساڵ دەستنەکرابوو بە توێژینەوەی زۆر گەورە Large Scale لەسەری و ئەم توێژینەوەیەش کە ئێستا دەستیپێکردووە کاتی دەوێت تا ئەنجامەکانی دەردەکەون. بەڵام کێشە نییە کە تا ئێستا توێژینەوەی تەواومان لەبەردەست نییە، چونکە ئەو کەسانەی لە ئێستادا ڤەیپ دەکێشن وەکو مشکێکی تاقیگە وان و لە داهاتوودا بۆمان دەردەخەن کە ئایا ڤەیپ تەنها کەمێک خراپە یان زۆر خراپ و ترسناکە!
بەشی زۆری ئەم نووسینە، لە ڤیدیۆیەکی کەناڵی Kurzgesagt لە یوتوب وەرگیراوە. سەرچاوەکان هەمووی لێرەدا هەن:
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر