Home بیروڕا ترامپ چی لە بنەماکانی لیبرالیزم دەکات؟

ترامپ چی لە بنەماکانی لیبرالیزم دەکات؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 69 بینینەکان

ڕزگار عومەر:
لە ناوەڕۆکی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا چەمکی” تاکگەرایی لیبڕاڵ” ڕەگێکی کلتوری و یاسایی هەیە، کە کۆمەڵگا وەک کۆمەڵێک “تاکی سەروەر” هەم وێنا دەکرێت هەم بەشێکی وەکو ماف مومارەسە دەکرێت.
لە ڕووی مێژووییەوە؛لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە، جیهانی ڕۆژئاوا جەختی لەسەر مافە کەسییەکان کردووەتەوە بە مانا ئازادیەکەی و بە مانا ئابوریەکەی کە ئیلهامێکی زۆری لە چەمک وتێگگیشتنەکانی سەرمایەداری وەرگرتووە، ئەم جیهانبینیەش کۆی سیستەمی سیاسەت و ئابووری و دیموکراسی لە قاڵب دەدەن، بە تایبەتی لە ئەمریکا؛ بەڵام هەمیشە هەست بە گرژیەك دەکرێت لە م نێوەدا چونکە ئەم چەترە لیبرالیزمە بە دەستی “لیبرالیزمی نوێ-ڕاستڕەوەی نوێ” پەڕوباڵێکی زۆرکراوە، هەر بۆیەش گرژی لە نێوان ئەم ئایدیاڵە تاکگەراییە و شوناسە بەکۆمەڵەکان و بەرژەوەندیە گشتیەکان سەرهەڵدەدات کە ڕەگ و هۆکاری جیاوازیان هەیە .
ڕۆشنگەری بەو مانا فەرمیە دانپیانراوەدا؛ گۆڕانکاری لە باڵادەستی ئەرستۆکراتی و ئایینیەوە ڕیفۆرم کرد بۆ فەلسەفەیەک کە سەنتەرەکەی مافەکانی تاک بوو. جۆن لۆک و جاڕنامەی سەربەخۆیی تۆماس جێفرسۆن ئەو بنەمایەیان خستەڕوو کە تاکەکان ئازادیی سروشتییان هەیە.
لە گوتاری هاوچەرخدا؛ لیبرالیزم لە لایەن سیاسەتی شوناسەوە ڕووبەڕووی تەحەدایەک دەبێتەوە. “پێشکەوتنخوازی” کە لە بنەڕەتدا بەدوای یەکسانی و دادپەروەریدا دەگەڕا، تادێت شوناسی بەکۆمەڵی پۆپۆلیستانەی-خەڵگەرایی ساختەی لە پێشەوەی ئازادی تاکەکەسیدا داناوە تەنانەت بە چەمک و پرەنسیبە هەرە سادەکانی لیبرالیزمی ڕەسەن. شوناسی “ئەمریکای بە هێز” و سەروەری ئابوری نێو گوتاری ڕاستڕەوەی و قارەمانە پۆپۆلیستەکەی “ترامپ” بە بڕینی بودجەی قوتابخانەکان دەست پێکرد، بە ناردنەوەی زۆرە ملێ ی پەنەهاندە، بە هەڕەشە لە دراوسێکان و هەموو جیهان و بە پێشنیاری زیادکردنی غەزە بۆ خاکی ئەمریکا دەستی پێکرد، لەم نێوەدا جۆن لۆکی فەیلەسوف و چەمکی لیبرالیزمی ڕاستەقینە چەندە تەنیان!
لە کاتێکدا لیبرالیزم لە مێژوودا پاڵپشتی بیرکردنەوەی ئازاد و دەربڕینی تاکەکەسی دەکرد، بزوتنەوە ڕاستڕەوەکان ئەمڕۆ زۆرجار ئەم ئازادییانە دەخەنە ژێر پلەبەندیی پلاتفۆرمە سیاسیەکانیان لەسەر بنەمای گەڕاندنەوەی شانازیە لە دەستچووەکانی “دەوڵەتی قەومی” بە پێناسە هەرە تەسکەکانی. ئەم گۆڕانکارییانە بووەتە هۆی مشتومڕ لەسەر ئەوەی کە ئایا تاکگەرایی دەتوانێت لەگەڵ چالاکییەکانی بنەمادار بە شوناسدا کە لە ئەمڕۆدا لە (دەمی ڕاسترەویدا بە شێواوی دەخرێتە ڕوو) پێکەوە بژین یان ئایا بەها لیبڕاڵەکان بەهۆی گەڕانەوەی گوتاری ڕاستڕەوی قەومی دەسەڵاتە کلتوری و هێزە کۆمەڵایەتیەکان تەنانەت دەستوریەکانیان لە دەست دەدەن؟
ڕاستە جیهانگیری و تەکنەلۆژیای پەیوەندیەکان شوناسی نەتەوەیی ئاڵۆز کردووە. لیبراڵەکان بە شێوەیەک پڕۆژەکەیان خستە ڕوو کە لە ڕوخساردا؛ نەریتی ئازادییە تاکەکەسییەکانیان لەگەڵ هاودەنگی نێونەتەوەیی هاوسەنگ دەکرد!
بەڵام دابەشبوونە کولتوورییە هاوچەرخەکان، پەمبدانە فۆبیا ئایدیۆلۆژی و کلتوریەکانی نێوان نەتەوەکان- نێوان پەناهەندە و هاوڵاتیانی ووڵاتە ڕۆژئاوییەکان بە داخەوە ئاماژە دەدەن سەر دابەزینی هەستپێکراوی هەردووکیان : ئازادییە تاکەکەسییەکان لەگەڵ هاودەنگی نێو نەتەوەیی.
لە ئاستی جیهانیدا کەمنین ئەو دەنگانەی کە دەڵێن کە کۆنەپەرستی زیادەڕۆیی ئەمریکی لە ناوەوەو لە دەرەوە، لیبرالیزمی نوێ ی داتاشراوی بەهێزی کۆمپانیاکان و مۆدێرنەی فەیکی شوناسسازی ، ئایدیاڵە سەرەکییەکانی ئازادی تاکەکەسی بە مانا لیبرالیەکەی هەڵوەشاندۆتەوە! بەڵام سەرەڕای ئەم دۆخە تاریکە، لە ڕووی دەق، لە ڕووی مێژووی “ماف” لیبرالیزم هێشتا وەک گێڕانەوەیەکی فەلسەفی بەهێز بەرگری دەکا.
تەحەدای سەرەکی ئەمڕۆ بریتییە لە ئاشتکردنەوەی “تاکایەتی” لەگەڵ شوناسی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە- خستنە ڕووی ئەو پلاتفۆرمانەی کە بوونەتە میراتگری ڕاستەقینەی فەلسەفەی “ماف” بە مانا هەرقوڵەکانی ئازادبوون لە کۆیلە بوونیی سیستەمی ئابوری.
لیبرالیزمی ڕەسەن وەکو سێتێك لە ئازادی و نوتفەکانی بیرۆکەی “یەکسانی کۆمەڵایەتی” دەبێ لە توێ ی خەباتێکی نوێ ی مەدەنی، کۆمەڵایەتی پێناسە بکرێتەوە، ئەو “لیبرالیزمە نوێ” یە کە ئەمڕۆ لە ڕێگای پۆپۆلیزمەکەی ترامپ خۆی دەنوێنێ، لەگەڵ ڕاستڕەوی وکۆمپانیاکان کارێکی گەورەیان کرد لە خنکاندنی لیبرالیزم بە ناوی لیبرالیزم!

سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە