Home بیروڕا کۆیلەکردن بەناوی ئەڵڵاوە

کۆیلەکردن بەناوی ئەڵڵاوە

لە سوید لینا ئیسحاق بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی حوکم درا

by admin
0 کۆمێنتەکان 42 بینینەکان

عەتا محەمەد:    
سەرئەنجام رۆژی سێ شەممەی رابردوو، دادگای سوید بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی، سزای ١٦ ساڵ زیندانیی بۆ ژنەکەی ناو داعش، لینا ئیسحاقی تەمەن ٥٢ ساڵدا دەرکرد، بەڵام لەبەرئەوەی پێشتر سزادراوە و ئێستا لە زینداندایە، سزاکەی بۆ کرا بە ١٢ ساڵ. ئەو تاوانانەی لینای لەسەر سزادرا، بریتیبوون لە: تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، جینۆساید و تاوانی جەنگیی ترسناک، ئەویش کۆیلەکردنی ژن و منداڵی ئێزدییە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ لە شاری رەققەی پایتەختی داعش لە سوریا.
دادوەر دەڵێت: ئەو ژنە تۆمەتبارە، پاڵنەرێکی ئایدۆلۆژیی بەهێزی هەبووە بۆ جینۆساید.
ئەو ماوەیەی لینا لە شاری رەققەی پایتەختی داعش بووە لە سوریا، شەش منداڵ و سێ ژنی ئێزدی وەک کۆیلە لە ماڵەکەیدا راگرتووە، کە لە شەنگال بەدیل گیرابوون و کڕین و فرۆشتنیشیان پێوە کردووە.
لینا ئیسحاق لە بەهاری ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ هاوسەرەکی و منداڵەکانیدا سەفەر دەکات بۆ سوریا و پەیوەست دەبێت بە رێکخراوی داعشەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، هاوسەرەکەی لە شەڕێکی داعشدا دەکوژرێت.
دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕانەوەی بۆ سوید، گومانی لێ دەکرێت تاوانی جەنگی ئەنجامدابێت. ئەوەبوو لە ساڵی ٢٠٢٢ بە تاوانی جەنگ، سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا درا. لەو بڕیارەی دادگادا ئاماژە بەوە درابوو، کە لینا رێگای داوە کوڕە منداڵەکەی ببێت بە چەکداری داعش، کە دواتر لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا کوژراوە.
جارێکیتر لە سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا، لینا تۆمەتبار کرایەوە بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگیی ترسناک. ئەمەش وای کرد لینا ببێت بە یەکەم کەس لە سویددا، کە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی سزا بدرێت.
لینا ئیسحاق ساڵی ١٩٧٢ لە عێراق و لە خێزانێکی مەسیحی لە دایک بووە و منداڵ دەبێت کاتێک دێت بۆ سوید. جگە لە خوێندن، لە تیپی کچاندا یاریی فوتبۆڵێن دەکات. دوای ئەوەی هاوسەرەکەی دەناسێت، دەبێتە مسوڵمان و بیری توندڕەویی هەڵدەگرێت و بە خۆی و پێنج منداڵەکەیەوە پەیوەست دەبێت بە داعشەوە، کە لە شەڕەکانیدا، هاوسەرەکەی و دوو کوڕی دەکوژرێن.
***
لینا ئیسحاق یەکێکە لەو نمونانەی کە ئیسلامییەکان و رێکخراوەکانیان لە وڵاتانی رۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکەن و هەوڵێکی زۆر دەدەن تا ئەوانی دیکە: مەسیحی، بێباوەڕ و کەسانی دیکە بکەنە مسوڵمان و بیانگێڕنەوە بۆ ناو دینی خۆشەویستی، ئاشتی و پێکەوەژیانی ئیسلام، بەڵام نمونەکەی لینا دەریدەخات چ پرۆژەیەکی ترسناک لە پشت ئەمەوە وەستاوە و چۆن ئەو کەسە سادانە، کە ژیانێکی ئارامیان هەیە، دەگۆڕن بۆ بکوژ و تیرۆرست لەپێناو سەپاندنی شەرعی ئەڵڵادا. دیارە لە رێکخراوی داعشی تیرۆرستیدا بە سەدان کەسی لەو شێوەیە رێکخران و بران بۆ سوریا و عێراق تا بەناوی دەوڵەتی ئیسلامەوە شەڕ بکەن. بەڵگەکانیش کەم نین، کە دەریدەخەن ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێنرێت بۆ شەڕی دژ بە کورد و لەناوبردنی.
لینایەکی مەسیحی و عاشقی فوتبۆڵێن، کە لە کۆمەڵگای سویددا گەورەبووە، دوای بە مسوڵمانکردنی، دەبێتە کەسێک ئامادە بێت کۆیلەی هەبێت و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکات.
لینا یەکێکە لەو نمونانەی دەریدەخات، ئەو هەوڵە زۆر و پارەیەی ئیسلامییەکان و رێکخراوەکانیان خستوویانەتە گەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام و بە مسوڵمانکردنی ئەوانیتر، چ دینێک بڵاودەکەنەوە و لە پشت قسەکانیانەوە، چ درۆ و پرۆژەیەک شاردراوەتەوە.
ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە، یەکێک لە گروپ و نەتەوە چالاکەکان بۆ بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگاکانی رۆژئاوا، پیاوانی مسوڵمانی کوردن، کە لەم بوارەدا توانایەکی زۆریان خستۆتە کار بەبێ ئەوەی لە کەیسێکی وەک ئەوەی لینا ئیسحاقدا هیچ ویژدانیان بجوڵێت، کاتێک دەبینن بە دەیانی هاوشێوەی لینا، دوای مسوڵمانبوونیان، بران بۆ سوریا و کران بە سەرباز و ئەندامی رێکخراوی داعش، کە پرۆژەی سەرەکییان لەناوبردنی کوردە. ئەگەر ئەو ئیسلامیانە پاساویان بۆ کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان کافربوونیان بووبێت، خۆ دەیانی وەک شەهید هوجامیان سەربڕی و کووشت، لەکاتێکدا ئەوانە مسوڵمانیش بوون.
کەیسی لینا ئیسحاق، یەکێکە لەو کەیسانەی مرۆڤ هەڵوێستەی لەبەرامبەردا بکات و لە کاری ئیسلامییەکان و رێکخراوەکانیان ورد ببێتەوە، کە ئەو هەڵمەتەی هەیانە بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام و بە مسوڵمانکردنی ئەوانی تر، کڕینی مزگەوت لە وڵاتانی رۆژئاوا، کردنەوەی خوێندنگەی تایبەت بە خۆیان بەناوی فێرکردنی قورئانەوە، لینا ئیسحاق یەکێکە لە دەستکەوتەکانیان. لینایەک کە لە وڵاتێکی وەک سویددا گەورەبووە، کە ئەگەر ئێستا بەهۆی هەڵکشانی شەپۆلی راستڕەو و رەگەزپەرستەکانەوە بەرەو گۆڕان بڕوات، ئەوا بۆ تەمەنی لینا و گەورەبوونی لەو وڵاتە، یەکێک بووە لە لێبووردەترین کۆمەڵگاکان و ژنان لە هەر وڵاتێکی دیکە زیاتر بە مافەکانیان گەیشتوون، کەچی لینا وای لێ دێت کۆیلە بەناوی ئەڵڵاوە رابگرێت و بیانفرۆشێت. ئەم گۆڕانە ترسناکە، جێگای هەڵوێستەیە. بەوەی ئەو هێزە چییە لە پشت ئەم گۆڕانە ترسناکەی مرۆڤەوە وەستاوە، کە وادەکات ئەو رقە زۆرەیان تیادا درووست بکات بەرامبەر بەوانیتر تا ئەو رادەیەی بەناوی ئەڵڵا و ئیسلامەوە منداڵەکانیان بکات بە کۆیلە و کەنیزەک واتا کۆیلەی سێکسی. ئەمە رووداوێکی سادە نییە.

سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە