Home بیروڕا سەبارەت بە وتارەکەی جەی دی ڤانس لە کۆنفرانسی میونیخ.

سەبارەت بە وتارەکەی جەی دی ڤانس لە کۆنفرانسی میونیخ.

by admin
0 کۆمێنتەکان 66 بینینەکان

توانا محەمەد نوری:   
وتارەکەی J D Vance ، جێگری ترەمپ، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ وەک تەزووی کارەبا ئازاربەخش بوو بۆ هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا. شۆکێک کە وای لێکردن لەبەردەم ئەو کامێرایانەی کە وێنەکانیانی بۆ جیهان پەخش دەکرد، دان بە خۆیان بگرن.

وتارەکەی ڤانس لە کۆنفرانسی میونیخ زیاتر لە هەڵسوکەوتی نوێنەری سەرکەوتووی هاوپەیمانان لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیای دۆڕاو دەچوو؛ هەڕەشەی لێکردن و بێباکانە مەرجەکانی خۆی لەبەردەم ئەوان دانا و دواجار بە ئاماژەیەکی سەرکەوتووانە داوای لە خودا کرد یارمەتیان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ کلتوورێکی هاوبەش.

بەڵام قسەکانی ڤانس هێندە هەندێک سەرکردە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەوروپی وروژاندووە کە لە ئێستاوە باس لە پلانەکانیان دەکەن بۆ “ئەوروپایەکی نوێ”. ئەوروپای خەڵکی “شارستانی” خاوەن “کلتوورێکی هاوبەش”. کلتوورێکی هاوبەش کە پردی نێوان ئەمریکییەکان و ئەوروپییە ڕاستەقینە و “شارستانییە”. کلتوورێکی هاوبەش کە بە بڕوای ڤانس لە ناوەوە هەڕەشەی لەسەرە. هەڕەشەکە گەورەتر لە هەڕەشەکانی چین و ڕووسیا؛ هەڕەشەی بیانییە بێ کولتوورەکان.

وتارەکەی ڤانس ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەمریکا تەنیا کاتێک وەک هاوپەیمان و لایەنگری یەکێتی ئەوروپا دەمێنێتەوە کە بزووتنەوە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا بن. بێ هۆ نییە کە زۆرێک لە ئەڵمانیا وتارەکەی ڤانس لە کۆنفرانسی میونیخ بە وتارێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی ترەمپ بۆ “پارتی ڕاستڕەوی ئەفد” ناوبردووە. تەنها ٥ کەس چەپڵەیان بۆ وتارەکەی جەی دی ڤانس لێدا، ٤ کەسی ڕاستڕەوی توندڕەو لەگەڵ یەک ڕووسیش.

ئەوروپا لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، گۆڕانکارییەک کە دەتوانێت بە تەواوی ڕووی سیاسی جیهان بگۆڕێت. زیاتر لە مانگێکە تیمەکەی ترەمپ بە ئاشکرا و چالاکانە سەرکردایەتی هەڵمەتی ڕیکلامی پارتی “ئەڵتەرناتیڤی فاشیست بۆ ئەڵمانیا” دەکەن، هانی خەڵکی ئەڵمانیا دەدەن بۆ دەنگدان بەم پارتە. بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگەی ئەڵمانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، سەرکەوتنی ئەفدە دەتوانێت سەرەتای سەرهەڵدانەوەی فاشیزم لە فۆڕمی ڕووتی خۆیدا بۆ دەسەڵات لە ئەوروپادا بێت.

وتارەکەی ڤانس لە میونیخ ڕاگەیاندنی شەڕێکی فەرمییە لە دژی نەیارانی ڕەگەزپەرستی و بێگانەپەرستی لە ئەوروپا و جیهان، بەرامبەر بە دەیان ملیۆن هاوڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی کە بە پێی پێناسەی جەی دی ڤانس لە چوارچێوەی “فەرهەنگی هاوبەش”دا جێی نابێتەوە. هەروەها کاردانەوەی بێ وێنەی ئەم وتارەش بانگەوازێکی بەئاگابوونەوەیە کە پێویستە هەموو لایەک بە جددی وەریبگرین.

١٨/٢/٢٠٢٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە