Home بیروڕا بڵاوکردنەوەی جەهل بەناوی دینەوە

بڵاوکردنەوەی جەهل بەناوی دینەوە

ئیمام و بانگخوازەکان لە ئەوروپا خەریکی چین؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 53 بینینەکان

عەتا محەمەد:    
بەشێکی هەرە زۆری ئیمام، مامۆستا و بانگخوازی ئیسلامیی و ئیمانداران، هەمیشە بانگەوازیی ئەوە دەکەن، کە ئیسلام سەرچاوەی زانستە و زانا مسوڵمانەکان خاوەنی زۆرێک لە زانستەکانن. بۆ ئەم مەبەستەش بە دوو ئاڕاستەدا قسەدەکەن: لەلایەک زۆرێک لە دۆزینەوە و داهێنانە زانستییەکان دەگێڕنەوە بۆ قورئان، کە لەوێدا باسکراون، لەلایەکیترەوە بە شانازییەوە سەرچاوەی زانستەکان دەگێڕنەوە بۆ زانا مسوڵمانەکان، وەک ئەوەی دینی ئیسلام پاڵنەر و پاڵپشتی زانست بێت.
ئەم وتارە بۆ گفتوگۆی ئەو باسە نییە، بەڵکو سەبارەت بە کاری بکەرە ئیسلامییەکانە لە ئەوروپا بەگشتیی و لە سوید بەتایبەتی، کە لەم سەردەمی پێشکەوتنی زانستەدا خەریکی چین. لەکاتێکدا بانگەشەی خاوەنداری لە هەموو زانست و دۆزینەوەیەک دەکەن، کەچی خۆیان چی دەکەن؟
بانگەشە و خاوەنداریی لە زانست
دەکرێت لێرەدا چەند تێبینییەکی خێرا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان زانست و ئاینی ئیسلام بنووسم، کە مەبەست لێی، دەرخستنی ئەو وەهم و درۆیەیە، کە بکەرە ئیسلامییەکان سەبارەت بە زانست بڵاوی دەکەنەوە و ئیمانداری پێ هەڵدەخەڵەتێنن.
خاڵی یەکەم، بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسلام و زانست، هەوڵدەدەن زۆرێک لە دۆزینەوە زانستییەکان بگێڕنەوە بۆ قورئان و تا رادەیەکیش فەرموودە، کە لەم کارەدا ناڕاستەوخۆ لە خودی زانست دەدەن. لێرەدا شتێکیان درووست کردووە بەناوی ئیعجازی قورئانییەوە، لەکاتێکدا:
١- ئەوە دەزانرێت کە قورئان کتێبێکی زانستیی نییە و بۆ ئەو بوارە دانەبەزیوە. ئەگینا ئەڵڵا دەیتوانی وەک کاتەلۆگێک روون و رەوان دۆزینەوە و تیۆرییە زانستییەکانی بە وردەکارییەوە تیادا بنووسێتەوە.
٢- خودی قورئان بە ئیعجاز دادەنرێت، واتا وەک تێکستێک لە رووی زمان و رستەبەندی و… ئەمەش وادەکات وشە و ئەو کۆنسێپتەی تیایدا دێت، مانای جیاوازیی بدرێتێ و لەگەڵ دۆزینەوەیەکی زانستیدا، بانگخوازەکان هاواریان لێ هەستێت و دەڵێن لە قورئاندا باس کراوە. بۆ ئەو مەبەستەش ئایەتێک وا لێکدەدەنەوە تا لەگەڵ دۆزینەوە زانستییەکەدا بگونجێت. یاخود دۆزینەوە زانستییەکە بەشێوەیەک دەشێوێنن، تا لەگەڵ ئایەتەکەدا بێتەوە. لێرەدا دەتوانن سەیری خڕێتی زەوی بکەن، کە دوو دەستە لەناو ئیسلامدا هەیە، یەکێکیان ئایەتەکان وا لێک دەداتەوە کە زەوی تەختە و راخراوە، دەستەکەی تر دەیانەوێت لەگەڵ زانستدا بیگونجێنن و ئایەت دەهێننەوە، کە ئاماژەیە بۆ خڕێتی زەوی. یاخود تیۆری گەشەسەندن، کە باڵی سەرەکیی ناو ئیسلام رەتیدەکاتەوە، هەندێکیش دەیانەوێت لەگەڵ زانست و داریونیزمدا بیگونجێنن و ئەو ئایەتە دەکەن بە بەڵگە، کە ئەڵڵا ئادەمی هەڵبژارد، واتا بوونەوەریتری هاوشێوەی ئادەم هەبوون.
ئەم کێشەیە، لەناو مەسیحێتیشدا هەبووە و هەیە، بەوەی لەلایەک زۆرێک لە دۆزینەوە و زانستەکان وا لێکدەدەنەوە کە لەناو کتێبی پیرۆزدا هەیە. لەلایەکی دیکەوە دژایەتیی هەر زانستێکیان دەکرد، ئەگەر دژ بە کڵێسا بوایە. لەگەڵ ئەوەشدا کڵێسا نەیتوانی خۆی لەبەردەم زانستدا بگرێت و لە ساڵی ١٩٩٢ پاپا یوحەنا پۆلسی دووەم لە وتارێکیدا پۆزشی بۆ گالیلۆ هێنایەوە، کە بەرگریی لە بۆچوونی کۆپەرنیکۆس کرد و سەلماندی زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە و خۆر سەنتەرە، نەوەک زەوی. کە لەکاتی خۆیدا کڵێسا دژایەتی ئەو بۆچوونەیان دەکرد، چونکە لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا نەدەهاتەوە. (هەرچۆن لە کۆندا زۆربەی زانا مسوڵمانەکان، وەک گالیلۆ، تەکفیر کراون).
٣- سێیەم هەندێک باس هەیە لە قورئان و فەرموودەدا، کە زۆر ئاشکرا هیچ زانستیی نییە، وەک بارانبارین و هەورەبروسکە، کە چۆن مەلائیکەت بە قامچی هەورەکان کۆدەکەنەوە و… لەم دۆخەدا بکەرە دینییەکان خۆیانی لێ گێل دەکەن، چونکە ئەو شتە سادەیە زانستیانە باس نەکراوە. یاخود باسی نەیزەک.
بەگشتیی زانا و فەیلەسوفەکان تەکفیرکراون
خاڵی دووەمیش سەبارەت بەوەی زۆرێک لە زانا مسوڵمانەکان خاوەنی کۆمەڵێک زانست و بەشداریی گرنگیان هەبووە لە زانستدا، ئەوە باسێكی تایبەتە، بەڵام لێرەدا بە کورتی ئاماژەیەک بەو بابەتە دەکەم.
فارابی، ئیبن سینا، رازیی، کندی و… کە بۆ فریودان شانازییان پێوەدەکرێت، زانای گرنگ بوون لە بوارەکانی خۆیاندا، بەڵام دۆزینەوەکانیان پەیوەندیی بە مزگەوت و عیبادەت، یاخود نەتەوە و رەگەزەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو ژینگە زانستییەی تیایدا خوێندوویانە، ئەوەش لە سەردەمێکدایە کە دوای غەزاکانی مسوڵمانان، ئیسلام بەر شارستانیەتەکانی تر دەکەوێت و بزاوتی وەرگێڕانیش لە یۆنانییەوە دەست پێ دەکات، بەتایبەت لەسەردەمی عەباسیدا. ئەمەش وادەکات ژینگەیەکی لەبار بڕەخسێت بۆ زانست، لە دەرەوەی ئەوەی پێی دەوترێت زانستی ئیسلامیی، واتا فقهـ و شەرع و نەحو و صەرف… دیارە زانست نە وەک وەحیی دێت، نە بە تەقواو نوێژ و زەکاتی زۆر دێت، بەڵکو لەناو پرۆسە و ژینگەیەکی زانستیدا دەبێت. تەنانەت لەم سەردەمەدا ئەگەر مسوڵمانێک بەشدار بێت لە دۆزینەوەیەکی زانستیدا، ئەوا رۆڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانکۆ و ژینگە زانستییەی تیایدا دەخوێنێت، نەوەک رادەی ئیمان و تەقوای. پاشان ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە، کە دینی ئیسلام کۆک نەبووە لەگەڵ زانستدا و زۆربەی زانا مسوڵمانەکان لە کۆندا، بە تۆمەتی مورتەد، زەندیق و ئیلحاد تەکفیر کراون و دژایەتیی کراون. بۆ نموونە:
جابر بن حەیان (٧٢١-٨١٣) زانستی کیمیا، تۆمەت: زەندەقە و کوفر و جادوو. لە زینداندا دەمرێت.
فارابی (٨٧٤-٩٥٠ی زاینی- کازاخستان) فەلسەفە، زانستی پزیشکیی، مۆسیقا… تۆمەت: کوفر و زەندەقە.
ئیبن سینا (٩٨٠-١٠٣٧ی زاینی- ئۆزبەکستان) پزیشک و زانستی پزیشکی، تۆمەت: مولحید و زەندیق.
ئەبوبەکری رازیی (٨٦٥-٩٢٥ی زاینی) پزیشک و زانستی پزیشکی، ماتماتیک، کیمیا، فەلسەفە… تۆمەت: مولحید و زەندیق. رایەک هەیە کە دەڵێت، بە کتێبەکانی ئەوەندەی لێ دەدەن و دەکێشن بەسەریدا، کوێر دەبێت و بە کوێری دەمرێت.
یەعقوب بن ئیسحاق ئەلکەندی (٨٠١-٨٧٣ی زاینی) فەلسەفە، لۆژیک، فەلەک، ماتماتیک، زانستی پزیشکی. تەکفیرکرا.
ئیبن ئەلهەیثەم (٩٦٥-١٠٠ی زاینی) ماتماتیک، فەلەکناسیی، ئەندازە، فەلسەفە. تۆمەت مولحید.
عەباس بن فیرناس (٨١٠-٨٨٧ی زاینی)، کە مسوڵمان شانازیی پێوەدەکات بەوەی یەکەم کەس بووە هەوڵی فڕینی داوە، بە سیحر و زەندەقە تۆمەتبار کراوە.
دیارە من ئەو زانیاریانەم هەروا بە کورتیی نووسیوە و خوێنەر خۆی دەتوانێت زیاتر بەدوای ژیانی ئەو زانایانە و هی دیکەدا بڕوات.
پەیوەندیی نێوان دین و زانست
ئەو پێشەکییە کورتەم بۆ ئەوە بوو تا پەیوەندی نێوان زانست و دینی ئیسلام ببینین، کە پەیوەندییەکی دژ بەیەک بووە و ئەم دیدەش تا ئێستا ماوەتەوە، کە هەمیشە پیاوانی ئاینیی دژ بە هەر بیرکردنەوەیەکی زانستین، ئەگەر لەگەڵ دیندا نەیەتەوە. لە راستیشدا زانست کایەیەکی سەربەخۆیە و بەخواستی دین کار ناکات. (زانست ئەم کێشەیەشی لەگەڵ کڵێسادا هەبوو، بەڵام وەک دەزانرێت کڵێسا لەو ململانێیە پاشەکشەی کرد). لێرەدا دەکرێت بپرسین: با وای دابنێین ئەو رایەی سەرەوە درۆیە و پیاوانی ئیسلام هەمیشە لەگەڵ زانستدا کۆک و پاڵپشت بوون، ئەی لەسەدەی بیست و یەکدا بەو پێشکەوتنە زۆرەی مرۆڤایەتیی پێی گەیشتووە، ئیمام و بانگخواز و (زانای ئاینیی) مسوڵمان لە ئەوروپا خەریکی چین؟ لەکاتێکدا ئەوانە کارناکەن و بە پارە و کۆمەکی ناوەندە حکومییەکان و خەڵک، دەژین.
دەکرێت زۆر بە سادەیی بووترێت ئەوانە خەریکی خوداپەرستی و کاروبار و رێنیشاندانی ئیمانداران و بڵاوکردنەوەی ئیسلامن، بەڵام ئایا لە راستیدا وایە؟
بکەرە ئیسلامییەکان لە ئەوروپا خەریکی چین؟
لە شانازییکردنی ئیسلامییەکان بە رۆڵی ئاینیی ئیسلام لە زانستدا، دیاردەیەک سەرنجی راکێشام، کە ئەویش ئەوەبوو لەم ساتەی تیایدا دەژین و پێشکەوتنە زانستییەکان سنووری ئاساییان تێپەڕاندووە، ئەو بکەرە ئیسلامییانە خەریکی:
– دەرکردنی جنۆکە لە لەشی مرۆڤ (بەتایبەت ژنان)،
– روقییەی شەرعی.
– چاوی پیس و چاوەزار.
-سیحر و بەتاڵکردنەوەی.
– لێکدانەوەی خەون.
– ئامانجی شەیتان لە وەسوەسە.
– رێنوێنی بۆ کەسێک کە شەیتان تووشی وەسوەسەی کردووە.
ئەم کارانە لە کوێ دەکەن؟ سەیر نییە لە مزگەوت و ناوەندە ئیسلامییەکان لە پایتەختی سوید و بەریتانیا و…
دەتوانیت وانەی شتی سەیر لە یوتوب ببینیت، کە ئیمام و بانگخوازەکان، لە ئەوروپا وانەی لەبارەوە دەڵێنەوە. هەر بۆ نموونەش لینکی سایتی (الاسلام نیو) دادەنێم، کە ئەو باسانەی بەزمانی سویدی و بە ڤیدیۆ داناوە. بەزمانی کوردییش شتی سەیر دەبینیت.
ئەمە بەشێکە لە کاری ئیمام و مامۆستا و بانگخوازەکان لە ئەوروپا، کە لەسایەیدا خۆش دەژین و بەردەوام دەڵێن: الحمدلله علی نعمة الاسلام. بەبێ ئەوەی شەرم بیانگرێت و باسی پەیوەندیی نێوان دین و زانست نەکەن. ئیتر وازبهێنن لە بڵاوکردنەوەی درۆ و وەهمی پەیوەندیی نێوان زانست و دینی ئیسلام، چونکە زانست، عەقڵی پێویستە نەوەک خورافە. زانست بیرکردنەوە و لێکدانەوە و رەخنەی پێویستە. عەقڵ، زانست بەرهەم دەهێنێت. ئەوەی دوای دەرکردنی جنۆکە لە لەش، بەتاڵکردنەوەی سیحر و چاوەزار دەکەوێت، شەرمە باسی زانست بکات.
– ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە هیچ پەیوەندیی بە بیرکردنەوەی زانستییەوە هەیە؟
ئێستا دەبینیت لەپاڵ فکری توندڕەویی ئیسلامیدا، ئەوروپا پارەی باجی خەڵکیی بۆ چ خورافەبازییەک خەرجکردووە و ئیمام و بانگخوازەکانیش لەسایەیدا خۆش دەژین. ئەگەر رێگریشیان لێ بکات، ئەوکاتە ئەوە بە دژایەتیی دینی ئیسلام دادەنێن، نەوەک دژایەتی خورافەبازیی.
لە کۆمێنتدا ڤیدیۆی مەلا هەڵۆ و کوڕی پاک دادەنێم، کە یەکەمیان چۆن و بۆچیی خڕێتی زەوی رەت دەکاتەوە. دووەمیشیان خەریکی کاری جنۆکەبازییە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا. ئایا شەرم نییە ئەم عەقڵە دژە زانستە، باس لە زانست بکات؟
ئەوروپا درەنگ بەئاگا هات، کە بەناوی مافی مرۆڤ و ئازادییەوە چۆن کەوتە خزمەتی رێکخراو و مزگەوتەکانی ئەم جۆرە مرۆڤانە، کە دووکاری سەرەکیی دەکەن لە ئەوروپادا، ئەوانیش: یا توندڕەو بەرهەمدەهێنن، یا جەهل و خورافە بڵاودەکەنەوە. ئەگەر خوێندن لەو وڵاتانە هەوڵ بدات مرۆڤ فێری بیرکردنەوە و رەخنە بکات، ئەوا لەپاڵیاندا ئەو ناوەندە دینیانە فێری دەرخکردن و ملکەچبوونی دەکەن و لە رێگای باسی سیحر و جنۆکە و رووقیەی شەرعی و سوودەکانی دۆعا و چاوەزارەوە… جەهل و دژ بە عەقڵبوونی تیادا دەچێنن.
بکەرە ئیسلامییەکان لەپێناو بازرگانیی خۆیاندا و بەناوی دینەوە، بە کۆمەک و پارەی باجی خەڵک، بە سوودبینین لە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ئاینیی، کاریان بڵاوکردنەوەی رق و جەهل و وەستانەوەیە لە دژی عەقڵ.
دەتوانرێت ناونیشانی وانەکانی ئەم سایتە سویدییە, کە لە کۆمێنت دایدەنێم، بە زیرەکیی دەستکرد وەربگێڕدرێت، تا بزانرێت وانەکان باسی چی دەکەن.

لینکی وێبسایتەکە:   https://islam.nu/

سەرچاوە: فەیسبووکی نوسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە