Home بیروڕا وێنەگرتن و بڵاوکردنەوە بە مەرجی زیان نەگەیاندن بە ژیانی تایبەتی و پێشێل نەکردنی یاسا

وێنەگرتن و بڵاوکردنەوە بە مەرجی زیان نەگەیاندن بە ژیانی تایبەتی و پێشێل نەکردنی یاسا

by admin
0 کۆمێنتەکان 33 بینینەکان

ئەرسەلان رەحمان:    
ئەگەرچی دەزووی نێوان کاری میدیایی و سیخوڕی گەلێک باریکە، بەڵام ناسینەوەی سەخت نیە، مادام بۆ بڵاوکردنەوەیە، تۆمەتی سیخوڕییەکە پووچەڵ و بێ بەها دەبێت. هیچ سزا و تاوانێک لە ئارادا نیە، مەگەر بە دەقێکی یاسایی بڕیاری لەسەر درابێت. تۆمەتباریش بێ تاوانە، تا ئەو کاتەی لە دادگایەکی دادوەرانەدا، پاڵپشت بە دەقێکی یاسایی و بەڵگە تاوانێکی لەسەر ساغ دەکرێتەوە. ئەمانەی دوایی ڕێسای یاسایین.
ئەو واقیعەی نەوە دوای نەوەی ئامێرە زیرەکەکان و سۆشیال میدیا هێناویانەتە ئاراوە، ڕەنگە لای هەندێک کەس تێگەیشتن لێی کاتی بوێت! دەبوایە پێش هەمووان، یاسادانەر، کاربەدەست و میدیاکاران دەستوپەنجە لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیە نەرمکەن و کۆمەڵگە ئاڕاستە بکەن بۆ ئەوەی لە ئامێرە زیرەکەکان لە لایەک و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لە لایەکی دیکەوە بە درووستی مامەڵە بکەن و سوودمەند بن.
سۆشیال میدیا، میدیاکارێکی هێناوەتە ئاراوە، کە وەک بەکارهێنەری مۆبایل، ئەپ و پلاتفۆرمەکان، تەنیا وەرگر نیە، بەڵکو بەرهەمهێنەری ناوەڕۆکیی میدیایی و نێرەریشە. چۆن پەیام وەردەگرێت، پەیامیش دەنێرێت. بە شێواز و نۆرمی جیاواز کارلێک لەگەڵ پەیامی ئەوانی دیکەش دەکات. ئەمە پێی دەوترێت ڕۆژنامەوانی هاووڵاتی، بەرهەمهێنی ناوەڕۆکی میدیایی، نێرەر، وەرگر.
ئەم جۆرە لە ڕۆژنامەوانە، پێویستیی بە ناسنامەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان نیە، لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکدا پەکی لەسەر یاساییبوون و پاراستنیی ئیتیکی پیشە نەکەوتووە، زۆرجار بۆی گرنگ نیە، ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، چەندێک سنووری ئیتیک و یاسای بەزاندووە. هیچ لە بارەی پیشەی ڕۆژنامەوانی نازانێت، ئەزموونیش سەلماندوویەتی پابەندکردنی ئەم جۆرە بە کۆمەڵێک هێڵی سوورەوە ئەنجامی دڵخواز بۆ دەسەڵاتەکان ناداتە دەستەوە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی لەسەرەوە بۆ خوارەوە وەک یەک بێدەسەڵاتن لە ئاست “خاوەندارێتی، سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردن”ـی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داهێنراوەکانی میدیایی نوێ، کە تەنیا پەکیان لەسەر ئینتەرنێت دەکەوێت.
ئەگەرچی پرسی وێنەگرتن، لە دەقی یاسای زۆرێک لە وڵاتاندا چارەسەر کراوە، بە تایبەت ئەگەر وێنەگرتنەکە پەیوەست بوو بە دەستوەردان لە ژیانی تایبەتیی کەس، تاک، هاووڵاتی و لە مەقامی نەشیاو بە شکۆی کەسەکان وێنە گیرا، بەڵام بۆ هەندێک بواری دیکە هێشتا بۆشایی یاسایی هەیە.
بەزاندنیی ژیانی تایبەتی تاک، پێشێلکاریی یاسایی و ئیتیکییە، وێنەگرتنی منداڵ، بەساڵاچووان، نەخۆش، قوربانیانی توندوتیژی، توێژە جیاجیاکان، شکاندنی شکۆی تاک و دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتیی و بەزاندنی حەرەمی ماڵی بۆ وێنەگرتن، یاسا چارەسەری کردووە و سزای بۆ دیاریکراوە و وەک تاوان ناسێنراوە.
بە نموونە، لە میدیای کوردیدا، ئەوانەی لە دێڕەکانی پێشتر باسمان کردن، هێندە دووپاتە کراونەتەوە، وەک حاڵەتێکی ئاسایی چاوی نەک تەنیا بینەر و وەرگر، بەڵکو دەسەڵاتیش پێی ڕاهاتووە و قسەی لەسەر ناکرێت. لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو پێشێلکاریانە لەو کەناڵانەوە دەکرێت، کە ناسنامەیان وابەستەیە بە سیاسەتی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەوە. چونکە زۆر جار ئەوانن یاوەری کاربەدەستان دەکەن، لە پاڵ نەخۆش و برینداردا لێدوانی بەرپرسان وەردەگرن، ئەوانن، دەستیان ئاوەڵایە بۆ ئەوەی بچنە مەکتەبەکان و وێنەی مناڵان بگرن، هەر ئەوانیشن سەر دەکێشنە قاوشی زیندانەکان و لە پشت شیشی زیندانەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ حوکمدراو تا دەگاتە ڕاگیراو دەکەن.
نەک هەر ئەوە، پیشاندانی دەستگیرکراو، تۆمەتبار، ڕاگیراو، بەر لەوەی دادگای کرابێت، بەر لەوەی پەڕاوی بۆ کرابێتەوە و تۆمەتی ئاراستە کرابێت و ناچار کردنی بە خوێندنەوەی ئەو دەقانەی بۆی دەنووسرێت و وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی بە ناوی “دانپێدانان” یەکێکە لە تاوانە ترسناکەکان و گەورەترین پێشێلکارییە بەرامبەر بە: مافی مرۆڤ، یاسا، دادگا و ڕەوتی دادوەری. هەر دەسەڵاتێک پەنا بۆ ئەو کارە بەرێت، هیچ تێگەیشتنێکی بۆ یاسا، دادوەری و دادگا نیە، چونکە هەموو ئەوەی دەکرێت؛ دەرخەری ئەوەیە دەزگای ئەمنیی باڵاترە لە دەسەڵاتی دادوەری. ئەو دەسەڵاتە، دەبوایە باڵاترین بێت، کەوتووەتە ژێر پێی دەسەڵاتی ئەمنییەوە.
لە ماددەی 438ی یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی بەرکار هاتووە، هەر کەسێک هەواڵ، وێنە، قسانێک پەیوەندییان بە ژیانی تایبەتی و خێزانیی تاکەکانەوە هەبێت بە هەر ئامرازێک بڵاوبکاتەوە، ئەگەر بابەتەکە ڕاستیش بێت و ببێتە مایەی سوکایەتی بەو تاکە، بە بەندکردن یان پێبژاردن، یاخود یەکێک لەو دوو سزایە سزا دەدرێت، بێگومان سۆشیال میدیا دەچێتە خانەی یەکێک لە ئامرازەکانی بڵاوکردنەوە. لە یاسای مافی دانەریش باسکراوە و لە هەرێمیش یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمیش هەمان مانا هاتووە.
بۆ شوێنی گشتییش، بابەتەکە لە بنەڕەتدا ڕێگەپێدراوە و هیچ گرفتێکی نیە، مەگەر ئەوەی بە دەقێکی یاسایی وێنەگرتن لەو شوێنە قەدەغەکراو بێت، بە نموونە، شوێنی هەستیاری ئەمنیی، سەربازی، شوێنێک، کە ڕێنمایی تایبەت بە قەدەغەی وێنەگرتنی هەڵواسیوە، وەک بازگەکان، یان ئەو ڕێگایانەی دەچنە ناوچەیەکی دیاریکراو، ڕێنمایی بۆ ڕێبواران دانراوە، کە وێنەگرتن قەدەغەیە، دەکرێت لە بەرامبەر سەرپێچیکاردا ڕێکاری پێویست لە چوارچێوەی یاسادا بگیرێتەبەر.
ئێستا زۆرێک لە شوفێر و خاوەن ئۆتۆمبێل جۆرێک لە کامێرای تایبەت لە نێو ئۆتۆمبێلدا جێگیر دەکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی و دیمەنەکانی ڕێگە، ئەوە بەشێکە لە ئازادی تاک، مەگەر ئەوەی بە یاسا قەدەغە کرابێت.
ئەو گرتە و وێنانەی تۆمار دەکرێن، بە تایبەت لە شوێنی گشتیی، مادام بە ڕێنمایی تایبەت و یاسا قەدەغەنەکراوە و هیچ هێمایەک نیە هاووڵاتی ئاگادار بکاتەوە، کە وێنە قەدەغەیە، هەروەها مادام وێنەگیراوەکە، یان گرتەکە پێشێلی ژیانی تایبەتیی کەسی نەکردووە، هیچ زیانێکی مەعنەویی بە تاک و کۆمپانیا و دامەزراوەکان نەگەیاندووە، شوێنێکی کراوە بووە و هیچ کەسێک دەرنەکەوتووە، ئیدی سەلماندنی ئەوەی تاوانە لە دادگای دادوەرانە لە مەحاڵ مەحاڵترە.
کێشەیەکی دیکە دێتە ئارا، بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی وێنە دەگرێت و لە پلاتفۆرمەکانی بەردەستی بڵاوی دەکاتەوە، کەناڵ، دامەزراوە، سەرچاوەی هەواڵیی لێی دەگوازنەوە و دووبارە بڵاویدەکەنەوە، ئەمە یەکێکە لە مانا ڕاستەقینەکانی کۆمەڵایەتیبوونی ئەو تۆڕانە، بابەتێکیشە بەری پێ ناگیرێت. ئەوەی لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا لەوڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویدا، زۆرینەی ڕەهای بەرهەمی بەکارهێنەرەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوو، کە لە میدیای جیهانیدا بڵاودەکرایەوە و ئێستاش ئەگەر ئەو جۆرە بەرهەمە لە زۆر کەناڵی خۆمانە قەدەغە بکرێت، ڕەنگە هیچی ئەوتۆیان بۆ نەمێنێتەوە بڵاویبکەنەوە.
ئەوەی جیهانی خستووەتە سەر گۆڕانکاری خێرا، کاریگەری ئەو گرتانەیە بەکارهێنەران تۆماریان دەکەن و میدیا بڵاویان دەکاتەوە. ئەمە دیاردەیەکی ئاساییە و هیچ ئیشکالیەتێکی تێدا نیە.
بۆ هەندێک هەلومەرج ڕەنگە ڕەچاوکردنی هەندێک پابەندیی پێویست بێت، بە نموونە لە کاتی شەڕدا، هەموو شتێک دەچێتە ژێر ڕکێفی بڕیاری ئەمنیی و سەربازییەوە، دەبێت میدیا، بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی پابەندی تەواوی ئەو ڕێنمایی و بڕیارانە بن، کە لایەنی پەیوەندیدار دەریاندەکات.

سەرچاوە فەیسبووکی نوسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە