بەیاننامەی ڕەوتی سۆسیالیستی ئەنتەرناسیونالی, لەسەر دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ لە تورکیا
INTERNATIONAL SOCIALIST TENDENCY STATEMENT ON MASS ARRESTS IN TURKEY
1 بەرەبەیانی 18ی بەفرانبار (18ی شوبات) پۆلیسی تورکیا 52 چالاکوانی کورد و چەپیان لە چوارچێوەی شەپۆلێکی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵدا کۆکردەوە. لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی هەماهەنگدا لە سەرانسەری دە (10) پارێزگادا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و سیاسەتمەداران دەستگیرکران و دەستڕاگەیشتنیان بە نوێنەرایەتی یاسایی ڕێگری لێکرا. لە 14ی شوباتەوە زیاتر لە 300 کەس دەستگیرکراون و ترسیش هەیە هەزاران کەسی دیکە ببنە قوربانی ئەم سەرکوتکردنە.
2 دەستگیرکردنەکانی 18ی شوبات لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک لە کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (PDC) بووە. ئەم پارتە لە ساڵی 2011 دامەزرا کاتێک گفتوگۆی ئاشتی لە نێوان بزووتنەوەی ئازادیی کورد و دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی حکومەتی ئاکەپەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو. هاوپەیمانی پارتە چەپ و دیموکراسیەکانە، لەنێویاندا پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە (HDP)ی لایەنگرانی کورد، دامەزرێنەرانی لە چەپی سۆسیالیستی تورکیا، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مافی مرۆڤ و جەماوەری بزووتنەوەی کوردی لەخۆگرتبوو.
3 ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکە کارکردن بوو لەسەر ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی بۆ هەموو گەلان و بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکانە لەناو کۆمەڵگەدا. هەرچەندە پرۆسەی ئاشتی تێکچوو، بەڵام کۆنگرەی دیموکراتی گەلان هێشتا چالاکە. هەموو چالاکییەکانی ئاشتیانە بووە و هیچ تۆمەتێکی یاسایی بەرامبەری نەبووە. شێنۆل کاراکاش (Şenol Karakaş,)، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی دەستە خوشکمان لە تورکیا ، پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ (DSIP)، لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە سەرەتا دەستگیرکرابوون، هەرچەندە ئەو ئەندامی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان نەبوو.
4 بەپێی ڕێکخراوی کەمپەینی پشتگیری لە گەلی تورکیا، ‘سەرکوتکردنەکە لە کەسایەتییە سیاسییەکان زیاترە و هەڵکشاوە بۆ سەرکردە کرێکارییەکان و ڕۆژنامەنووسان. مەهمەت تورکمەن (Mehmet Türkmen)، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی ڕستن و چنین بیرتێک سێن (Birtek-Sen)، بە تاوانی ڕێکخستنی کرێکاران دەستگیرکرا- کردەوەیەک کە دەبێ مافێکی بنەڕەتی بێت. هەروەها حکومەت مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی لە شاری عەنتەپ قەدەغە کردووە، کە دوو کارگەی پەیوەست بە سیاسەتمەدارێکی سەر بە ئاکەپە ڕووبەڕووی نائارامی کرێکاری بوونەتەوە.
‘هەروەها ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی و هەڵسوکەوتی نادروستی حکومەت زیندانی دەکرێن. سەرکردە و هونەرمەندان و چالاکوانانی پارتە سیاسییەکان بەهۆی قسەکردنیان لە دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەستگیر دەکرێن. لە هەندێک حاڵەتدا، تاکەکان ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە بەهۆی ئەو ڕووداوانەی کە 10، 15، یان تەنانەت 20 ساڵ لەمەوبەر ڕوویانداوە’.
5 ئەم شەپۆلە سەرکوتکردنە وەڵامی ئەردۆغانە بۆ کەمبوونەوەی جەماوەری حکومەتەکەی. دەنگەکان بۆ ئاکەپەی دەسەڵاتدار کەم دەبێتەوە و دەنگەکانی پارتی کۆماریخوازی گەلی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) لە زیادبووندایە. جەهەپە دەستی کردووە بە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە. توڕەیی لە نێو کۆمەڵگادا بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە پەرەدەسێنێت. هەڵاوسان بە فەرمی زیاتر لە 42% بەڕێوەدەچێت. هەروەها هەموو پرسە دەرەکییەکان، سوریا، فەلەستین و شەڕێکی ئەگەری دژ بە ئێران، زۆر جێگەی نیگەرانییە. حکومەت کە هاوپەیمانی نێوان ئاکەپە و مەهەپەی فاشیستە، دەیەوێت بە لە ناوبردنی هێزە دیموکراسیەکان کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات. سەرکوتکردنەکە ڕەنگدانەوەی لاوازی ئەردۆغانە نەک بەهێزی ئەو.
6 پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی شۆرشگێری تورکیا (DSIP) لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: ‘جار و بار، بینیومانە کە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی دەستبەسەرکردنی بەیانی زوو شانبەشانی پراکتیزە دژە دیموکراسیەکان دەڕۆن. ئێمە ئامادە نین ئەمە قبوڵ بکەین. هەموو ئەوانەی دەستبەسەر کراون دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
‘ئێمە دەزانین کە ئەم هەڵکوتانە سەر ئەو کەسانەی کە لە بەرەی ئاشتی و یەکسانی ڕاستەقینەی نێوان گەلان و دیموکراسی و ئازادی وەستاون بەشێکە لە سیاسەتی ترساندن دژی هەموو کۆمەڵگا. ئێمە بەردەوام دەبین لە پێکەوە وەستانەوە، لەکاتێکدا هاودەنگی بەهێز دەکەین و خەباتمان لە دژی سیاسەتی ستەمکاری بنیات دەنێین کە ئارمانجیان بە تاوانبارکردنی داواکارییەکانی ئاشتییە’.
7 داوا دەکەین دەستبەجێ هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون ئازاد بکرێن و هەموو تۆمەتەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و حکومەتی تورکیا ڕێز لە مافە دیموکراسیەکانی خەڵک و ڕێکخستنی سەندیکاکانی کرێکاران بگرێت بۆ پێشخستنی بارودۆخی کرێکاران. هەروەها داوا دەکەین حکومەت بە نیەتێکی باشەوە بچێتە دانوستاندنێکی خێرا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە کوردستان.
بەرێوەبردنی (هەماهەنگی) -ڕەوتی سۆسیالیستی ئەنتەرناسیونالی
23ی بەفرانباری (شوبات)ی 2025
بۆ خوێندنەوەی بەیاننامەکە بە پی دی ئێف کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە.
http://www.rsck.org/ku/?p=2453
ڕەوتی سۆسیالیستی ئەنتەرناسیونالی – تۆرێکە (نێتۆرکێکە) لە پارت و ڕێکخراوە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لە سەرانسەری جیهان (زیاتر لە 30 وڵات) خەبات دەکەن لە پێناوی “سۆسیالیزم لە خوارەوە” پابەندن بەم بیرۆکەی کارل مارکس “رزگاری چینی کرێکاران بەندە بە خەباتی چینی کرێکاران خۆیانەوە”.