یەکێک لەکۆڵەکەکانی نیزامی سەرمایەداری، جیاکاری رەگەزی و جنسی و بەدیاریکراویش جیاکارییە لەنیوان ژن و پیاودا، لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئابوری و سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و لەبواری ئابوری و بەرهەمهیناندا، هەموو ئەمانەش لەپێناو زامنکردنی زۆرترین قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدایە. چینی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی، تەنانەت لەپێناو ئەم ئامانجەو ڕاگرتنی ستەم وجیاکاری بەسەر ژنانەوە، هەمیشە لەهەوڵی برەودان بەپیاوسالاری و دەمەزرەدکردنەوەی بیروباوەری دواکەتوانەو رەوایەتیدان بە پلەدوویی و ژێردەستەیی ژناندایە، تا دەگات بەزەوتکردنی مافە فەردی و مەدەنییەکان و تائەو جێگەیەی بۆی بچێتەسەر بەرگی یاساییان پێدەبەخشێت.
بۆژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی بەدرێژایی زیاتر لەسێ دەیە ژنانی کوردستانی بەگشتی و ژنانی کرێکار بەتایبەتی، رووبەرووی هەلومەرجێکی سەختی جیاکاری و ستەم وتوندوتیژی و بێمافی کردۆتەوە. لەڕێگای برەودان بە فەرهەنگی پیاوسالاری و دەمەزەردکردنەوەی بیروباوەری پرتوکاوی کۆن و خێڵەکی و تێکەڵکردنی ئیسلام و شەریعەتەکەی لەگەڵ یاساکاندا و شۆرکردنەوەی بۆ ناو ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ماف و ئازادییەکانی ژنانی بە قێزەونترین شێوە لە قاڵبداوە. ژنانی کرێکار لە قەڵەمرەوی بەرهەمهێنان و ئابوریدا لە مووچە و لە هەڵبژاردنی کار و پیشەدا، لە سەعاتکار و بەهرەمەندبون لەڕاهێنان و فێربوندا و لەهەموو ئاستەکاندا جیاکارییان لەگەڵدا دەکرێت.
لەئاستی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەجیا لە کاری دەرەوەیان وەکو کرێکار و کارمەند، ناچارن بێبەرامبەر و حسابکردن بۆ ماندوبونیان، ئەرکی ماڵداری و مناڵ بەخیوکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، بەبێ ئەوەی لەهیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بکرێن. لەبواری یاسایی و مافەکاندا ژنان لە مەسەلەی زەواج و جیابوونەوە، میرات و سەرپەرشتی خێزان، هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و خاوەندارێتی ماڵ و موڵک، تەنانەت جلوبەرگ پۆشیندا، یەخسیری هەمان بەرژەوەندیەکانی سودی سەرمایە و سەرمایەدارین.
جیا لەوانە، توندوتیژی لە دەیان شێوەدا بەدژی ژنان لە ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگەی کوردستانن. لە سوکایەتی و بەکەم سەیرکردنەوە، بۆ هەڕەشەو ئازاردان، بۆ گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کار، تا دەگات بە هەراسانکردنی ژنان لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەوانەش زیاتر تیرۆر و ناچارکردنیان بۆخۆکوژی… گۆشە بەگۆشەی ئەم دۆخە سەختەن کە رووبەڕووی ژنان و کۆمەڵگەی مۆدێرنی کوردستانن. لەگەڵ ئەوانەدا نەبوونی مووچە، گرانی و بێکاری لەو هەلومەرجە سەختە ئابوریەدا بۆتە هۆی ئەوەی باندەکان و دەڵاڵانی بازرگانی سیکسی، بەرەو هەڵكشان بچن و خراپ کەڵگوەرگرتن لە دۆخی بەشێک لە ژنان بکەن و ناچار بە لەشفرۆشی و تێکەڵ بە باندەکانی بازرگانی سیکسی بکرێن. بەشی هەرەزۆری ئەو باندانەش دەستیان لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکاندایە. ئاماری قوربانیەکانیانی کوشتن و خۆسوتاندن ساڵانە ڕوو لەهەڵکشانە و گۆرستانی بێناونیشانی ژنانی کردۆتە پەلەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی دەسەلاتەوە، لەکەنار ئەم ڕاستیانەوە تائێستا کوشتنی ژنان بەوێنەی کوشتنی بەئەنقەست مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ناکرێت و تۆمەتبار و تاوانبارانیان، ئازادن و ئەگەر کەسانێکیش دەستگیر بکرێن، بەپاساوی” شەرەفپارێزی” ئازاد دەکرێن، یان لە بارەگای دەستسازی حزبەکاندا بەناوی سوڵحی عەشایەری، دۆسیەی ژنانی قوربانی، دیزە بەدەرخۆنە دەکەن.
بەم دواییانە، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی بۆرژوازی کورد لە ساتوسەودایەکی شەرمئاوەردا، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی شیعە و سونەدا، رەزامەندی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بەپێی شەریعەتی جەعفەری کرد تا لە دەرەوەی یاسا مامەڵە بە پرسی زەواجەوە بکەن و بەمەش پەنجەمۆری تەئیدیان دا لەبەشودانی کچانی مناڵ و تەمەن نۆ ساڵ…. کە توندوتیژیەکی ئاشکرایە لە دژی مناڵان و رەوایەتی بەخشینە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەریان. ئەم هەڵویستەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە بۆرژوای کورد و دەسەڵاتەکەی ئامادەیە لەپێناو مانەوەو ئامانجە نەتەوەپەرستیەکانی خۆیدا، نەک تەنها لەگەڵ هێز و لایەنی کۆنەپەرستەکانی دژە ژن لە عێراقدا بکەوێتە ساتوسەودا، بەڵکو ئامادەیە لەسەر داوای ڕەوتە ئیسلامیەکان، یاسای کۆنەپەرستانەی زیاتری دژە ژن، لەبەرامبەر بە مەدەنیەتی کۆمەڵگەدا بەدەستەوە بگرێت.
هەشتی مارس، ڕۆژ و رەمزی “نا” وتنە بەم هەلومەرجە سەختەی ژنان. ڕۆژی نارەزایەتیە بە جیاکاری و ستەم و توندوتیژی و بێمافی، ڕۆژی هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازیە. ئەم ساڵ لەکاتێکدا یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەینەوە، کە خەبات و نارەزایەتی جەماوەری ڕۆژانە بۆ خواستی باشکردنی ژیان و خزمەتگوزاریەکان یەخەی دەسەڵاتداران دەگرێ، کەتێیدا ژنان بەشداریەکی بەرچاویان هەیە. نارەزایەتیەکانی ئەمدوایانەی مامۆستایان و فەرمانبەران نیشانیدا، کە ژنان هیزێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی ململانێیە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دا.
دەبا ٨ ی مارسی ئەمساڵ بکەینە ڕۆژی هاتنەمەیدان و ڕاوەستانەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی، بەدژی هەرجۆرە جیاکاری و ستەم و بێمافیەک کەڕوبەڕوی ژنان کراوەتەوە. با هەشتی مارسی ئەمساڵ بەتەوژمێکی فراوان و بەهێزەوە لەژێر ئاڵای ئازادی و یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، پێبنێتە مەیدانەوە و لەم نێوەشدا خواستی هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەموارکراوی باری کەسێتی عێراق، وەک یەکێک لە نەبەردە کۆمەڵایەتیەکانمان لەراستای گەیشتن بەئازادی و یەکسانی، بەدەستەوەبگرین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەهەموو توانایەوە لە پشتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەپێناو ماف و داخوازییەکان و یەکسانیان لەگەڵ پیاوان لە هەموو زەمینەو مەیدانەکاندا تیدەکۆشێت.
بژی ٨ مارس، رەمزی وەستانەوە بەرووی ئاپارتایدی جنسیدا!!
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان
٢١/٢/٢٠٢٥