72
عەزیز ڕەئووف:

پرۆژەی یەک ملیۆن نان یەکسانە بە یەک ملیۆن بێحورمەتی بە مرۆڤی کورد. کێ باوەڕ دەکا لە وڵاتی پڕ لە نەوتدا مرۆڤ پێویستی بە نان بێت؟ چ سوکایەتییەکە بە تاکی کورد کەرامەتی بشکينی ، موچەی پي نەدەیت، برسی بکەیت و داواش لەخەڵک بکەیت سوپاست بکەن بۆ بەخشینی نانێک. بەر لەهەرشت حزب پارەی لە کوێ بوو تا نان بکات بە خێر؟
چ بێ حورمەتیەکە کۆی داهاتی میللەت بدزیت و جارجار نانێک بۆ خەڵک فڕێ بدەیت و چاوەڕێی سوپاسیش بکەیت.
بەس دزی لە میللەت نەکرێت، موچە لەکاتی خۆیدا بدرێت، هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێت، ئیدی چ پێویست بە بەخشینەوەی نان دەکات؟
ئەم برادەرانە زۆر بێئاگان، نازانن ئەسڵەن ئەم پرۆژەیە خۆی مانای ئەوەیە لە شەش ملیۆن کەس، یەک ملیۆنی برسییە و لە خوار هێڵي هەژارییەوەیە. تکایە با ئەم پرۆژەیە تەرجەمە نەکرێت، وڵاتانی بیانی بزانن، سەرەتا خۆتان حەیاتان دەچێت( ئەگەر حەیاتان ماوە).
پرۆژەی یەک ملیۆن نان، یەکسانە بە یەک ملیۆن بێحورمەتی بە کورد.