Home بیروڕا هەرێمی پانێڵ و هەڵوەشانەوەی عێراق ..

هەرێمی پانێڵ و هەڵوەشانەوەی عێراق ..

هەرێمی پانێڵ و هەڵوەشانەوەی عێراق ..

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 59 بینینەکان
هۆشیار عەبدوڵا:
 
«ئەوانەی دژی ستەمکاری حزب و بنەماڵە کوردییە دەسەڵاتدارەکان تێدەکۆشن، کوردی رەسەن و مرۆڤی نۆبڵی ئەم سەردەمەن»
١
گوتراوە بێشەرمیش سنوری خۆی هەیە، ئەوانەی ئەندازیاری (ئابوریی سەربەخۆ) بوون کە دوایی بوو بە (چەتەیی سەربەخۆ)، دەبوو تاهەتایە ڕوویان نەهاتبا بێنەوە بەرچاوی خەڵک، کەچی شانازی بە ماوەی حوکمڕانیانەوە دەکەن!
٢
هەرێمی کوردستان پڕ بووە لە (دیدار) و (کۆڕبەند) و (پانێڵ).. جگە لە قسەی سواو، دوبارە، بێ مانا، دەرفەتێکیشن تا حەزی نمایشی بەرپرسەکان وەک فۆتۆ مۆدێل تێر بکەن!
لە ژورەوە سەعاتێک زیاتر قسەی کردوە و خەڵکی بۆ کۆکراوەتەوە، کەچی کە دێتە دەرەوە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەکات!
٣
کادرێکی نیگەرانی یەکێتی لە کۆتایی نامەیەکی توڕەدا پرسیارێکی بۆ سەروی خۆی ناردوە و دەڵێت « ئەو پارەیەی لەسەر حسابی ئیهمالکردنی کادرە دڵسۆزەکانی خۆتان لە کڕینەوەی بەرپرس و کادری فڵان حزبدا بە تاک تاک سەرفی دەکەن حزبەکە بە جوملە بکڕنەوە باشتر نیە و کەمتر ناکەوێ لەسەرتان؟!»
٤
خەریکە خۆ هەڵواسین بە ناڕەزایەتی چین و توێژەکانەوە لەلایەن سیاسیەکانەوە بە تەواوی هەم کاری نوێنەرایەتی و هەم کاری نارەزایەتی ناشرین دەکات! مامۆستا و فەرمانبەر خۆی دەتوانێ ببێتە نوێنەر، دەتوانێ کاندید بێت و نوێنەرایەتی هاوپیشەکانی خۆی بکات، پێویست ناکا بۆ هەمان مەبەست وەبەرهێنانی سیاسیی لە توڕەیی و هەڵوێست و ماندووبونی ئەواندا بکرێت!
٥
بۆ تەواو بوونی ڕێگا سەد مەتریەکەی سلێمانی، ڕۆژ و مانگم دەژماردن کەچی دەڵێن بۆ ٢٠٢٦ یەڵڵا ئەگەر تەواو بێت! هیوادارم ئەو سی چل کیلۆمەترەی بە ٢٠ ساڵ تەواو نەکرا، هێندەی چەرمی ڕویی ئەو بەرپرسانە ئەستور بێت کە ساڵانێکی زۆرە بەرپرسی نا بەرپرسی ئەم شارەن!
٦
لەبەر ئەوەی ئەو لێدوانەی ڕاست دەرچوو کە گوتی« لە ساڵی ٢٠٢٤ جەهەنەم چاوەرێی عێراقیەکان دەکات» ئەمجارە هاتوە دەڵێ «عێراق لە چرکەساتی هەڵوەشانەوەدایە»! شیکاری سیاسیی یان ئاوا بێ یان نەبێ!
٧
حزبەکانی دەسەلات بەسەر (تاران و ئەنقەرە) دا دابەشبوون و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیش بەسەر (گوڵەخانە)دا!
٨
گوزارشتی (Excellency) کە بە عەرەبی دەبێتە (صاحب السعادة) دامە (ChatGPT) دەڵێت لەقەبێکی فەرمییە بۆ هەندێک لە کەسایەتییە گرنگ و باڵاکانی حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەکار دێت!
لای من (صاحب السعادة) بە کوردی دەبێتە (خاوەن شکۆ)، دەشێ کوردیەکەم باش نەبێت و مانای تر ببەخشێت، بەڵام لەوە دڵنیام کە ماناکەی نابێتە «مودیر عام»!
٩
زۆرن ئەوانەی پێیان وایە چارەنوسی نوری سەعید پاشا غەدر بووە و شایستەی ئەو کۆتاییە تراژیدییە نەبووە، بەڵام زۆر زۆرترن ئەوانەی لە دڵەوە هیوای هەمان چارەنوسی نوری سەعید بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم دەخوازن!
 

لێدوانێک بەجێ بهێلە