پەیکار عوسمان:
پەیامەکە لەوەدا گرنگبوو، کە ڕێک ئەوەت پێدەڵێت کە حەزت لێی نییە. وەکو دکتۆر دەرمانێکی تاڵت ئەداتێ، بەڵام چارەسەرە. لەڕاستییدا کورد و تورک هیچ ڕێگایەکیان نییە جگە لەوەی کە بچنە سەر عەقڵێکی تر و عەقڵی ئێستایان فڕێدەن. ئەوە ئەو پێکە تاڵەیە کە ئەبێت بینۆشن.
ئێمە جیاشبینەوە، هێشتا چەن ملیۆنێک تورک ئەکەونە کوردستانەوە و چەن ملیۆنێک کورد ئەکەونە تورکیاوە و هەر لە ملی یەک نابینەوە. بۆیە گۆڕینی عەقڵییەتەکە گرنگترە لە گۆڕینی هەر شتێک، کە دواتر لوغمەکانی ئێستا بێنەوە بەر پێمان.
فاشیزم ئەوپەڕی ناعەقڵانییەتە و شۆڕشی چەکداریش نووسخەکەی تریەتی لەمبەرەوە و یەکتریش بەرهەم دەهێننەوە. عەقڵی فاشیستی تورک، هی سەدەی پێشووە و چەپی چەکداری کوردیش، هی سەردەمی سۆڤێتە. هەردووکی بەجێمانە لە مێژوو. هەر کونێک بکەوێتە ئەو دوو عەقڵەوە، گرنگە بۆ هاتنە ناو دنیای نوێ.
ڕزگاریی بە یەکجار ڕوونادا و بە یەک فۆڕمیش ڕوونادا. کورد ئەبێت لە هەر پارچەیەک و لە هەر دۆخێکدا، ڕێگایەک بەرهەمبهێنێت، نەک یەک ڕێگا بۆ هەموو دۆخ و پارچەکان. باشترین فۆڕمی خەبات لە باکوور، گونجانە لەگەڵ دەوڵەت و دەستکاری عەقڵی کۆمەڵگایە لەناوەوە. نەک شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەت، کە ئەو شەڕە، دەوڵەت و عەقڵە فاشیستییەکەی بەهێزتر ئەکات.
فاشیزم چەن بەهێز و سەردەست بێت، هەر لاوازە و پێویستی بە یارمەتییە بۆ خۆتێپەڕاندن. ئێمە کە خودی قوربانییەکەی فاشیزمین، ئەبێ دەستی هاوکارییەکە خۆمان درێژی بکەین. ژێردەست چەنیک مەزڵووم بێت، زیاتر پێویستی بە عەقڵانییەتە و نابێت لە بەخۆداچوونەوەدا تەمبەڵی بکات. مەزڵوومییەتەکەی ژێردەست، پاساوی ناعەقڵانییەتەکانی نییە.
ئا لێرەدا چەکی باکوور، هیچ بەرامبەرێکیشی نەبێت، هەر خودی دانانەکەی دەستکەوت و بەرامبەرە، چونکە بوارێکە بە خۆت و بەویشی ئەدەیت. ئەوە دوا دەرفەتی باشەیە و ئەمە فەشەل بێنیت، جگە لە خراپەی نوێ و درێژبوونەوەی خراپییە کۆنەکان، هیچ شتێکی تر ڕوونادا.
چەقبەستی عەقڵ، وائەکات کە شتێک زۆر بە خراپ بزانین، بەڵام لەڕاستییدا ئەوە خراپی ناو چەقبەستەکەیە نەک خودی خراپە. خۆ ئەگەر گرێکە بکەینەوە، ڕەنگە بکەوین بەسەر باشەیەکدا. ڕەنگە خراپی ناو عەقڵە کۆنەکە، باشی ناو عەقڵە تازەکەبێت. ئا لێرەشدا، کردنەوەی گرێکە گرنگترە لەو حساباتەی کە بە عەقڵە کۆنەکە دەیکەین!
ئەوەی بە زمانە کۆنەکە پێی ئەڵێیت ئاشبەتاڵ و شکست، ڕەنگە ڕێک وەستاندنی ئەو نەزیفی شکستەبێت کە ئێستا تێیداین. ئەشێت دۆخێکی تر دروست بکات، کە لەوێدا ئیتر شکست و سەرکەوتنیش بە جۆرێکی تربێت. غەزە نموونەیە و ئەگەر ئەوان عەقڵییەتی خۆیان نەگۆڕن، نەزیفی شکستیان هەر بەردەوام ئەبێت و واش ئەزانن ئەوە سەرکەوتنە!
کێشەی چەک ئەوەیە کە ناکرێتە شان، بەڵکو ئەکرێتە عەقڵ و بیرکردنەوەمان داگیر ئەکات. لە ڕۆژهەڵاتیش کە عەقڵی ڕەخنەیی لاوازە و سەرکردە موقەدەسە، ئیتر کۆمەڵگا دەرەقەتی ئەو دۆگمە نایەت و شتەکە هەر ئەڕوات و ناوەستێت. ئیتر لە دەرەوەی چەک ناتوانین بیربکەینەوە ئەگەرچی دنیایەک شکستیشمان بۆ بهێنێت. ئا ئەم خلۆربوونەوەیەش، مەگەر هەر کەسی یەکەم، خۆی بیوەستێنێت!
حزب و چەک، کە هەردووکی بەناو وەسیلەیە، بەڵام لە واقدا و لە دۆخی ئێمەدا، بووەتە ئامانج و موقەدەس. ئەگەر کەسی یەکەم خۆی نەیوەستێنێت، دواتر کەسی تر ناتوانێت بیوەستێنێت. خۆشبەختانە لە دۆخی باکووردا، کەسی یەکەم ماوە و توانای عەقڵی و ئەخلاقی ئەوەشی هەیە کە ئەو دوو تابۆیە بشکێنێت.
بۆ ئەوەی لە بتێتی شتەکە تێبگەیت، سەیرکە: باشوور پڕە لەو حزبانەی کە زیادەن و کەچی هەڵیشناوەشێنرێنەوە. پڕە لە میلیشیا و کەچی ناشبنە هێزی نیزامی. چونکە عەقڵ و هێزی ئەوەمان نییە کە ئەو دوو تابۆیە بشکێنین!
حزبێکی گەورە، ئەگەر بتوانێت ئەوە بکات، هەر تەنیا ئەوە، ڕووداوێکی مێژووییە. بەڵام ئێمە نایبینین، چونکە ئێمە چاومان لەسەر مۆدێلی ئاشبەتاڵی ئەیلوولە و ناتوانین بە جۆرێکی تر چەکدانان ببینین. هەروەها ناشتوانین خۆهەڵوەشانەوەی حزب تەسەور بکەین، مانەوەی بێئەرزشی گۆڕان و حسک و شیوعی. نموونەی زیندووە!
دەوڵەت ئەجێندای خۆی هەیە، بەڵام هیچ کردەیەک یەک نەتیجەی نییە و هەر ئەوە ناهێنێت کە دەوڵەت ئەیەوێت. بەڵکو جوڵەی ژیان، شتی زۆر زیاتر و چاوەڕوان نەکراو ئەهێنێت. لە دۆخی کورد و تورکدا، جوڵاندنی تۆپەکە گرنگترە، لەو تاکە گوڵەی کە تۆ لە عەقڵی خۆتدا داتناوە. جوڵانەکە ئەشێ شتی نوێ بهێنێت، بەڵام بەردەوامیی چەقبەستەکە، جگە لە درێژکراوەی ئەوەی کە هەیە، هیچی تر ناهێنێت. وابزانم ئەوەشی کە هەیە، دۆخێکی باش نییە، تا هیوای درێژبوونەوەی بخوازین.
ڕۆژئاڤا بە شۆڕشی چەکداری ڕزگار نەکرا، بەڵکو بە ڕێکخستنێکی ئامادە، کە بۆشایی دەسەڵاتی پڕکردەوە. لە داهاتوودا، باکوور و ڕۆژهەڵاتیش هەر بەو جۆرە ئازاد ئەکرێن، نەک بەو شەڕەتەقەیەی، کە جگە لە باکوور، پارچەکانی تریشی لاواز کردووە. ئەمە ڕاستییەکە، کە کەس ناوێرێت بە پەکەکەی بڵێت، هەرکەسیش بیڵێت، خێرا تەخوین ئەکرێت. ئا ئەمە قسەیەکە، کە ئەبێ پەکەکە خۆی بەخۆی بڵێت، وتنەکەی ئاپۆش ئا لێرەدا گرنگە.
هەر حزبێکیش لە هەڵوەشانەوە و چەکدانان بترسێت، پەکەکە نابێت لێی بترسێت، چونکە ئەگەر حزبەکانی تر، بە هەڵوەشانەوە و چەکدانان بتوێنەوە، بەڵام پەکەکە لە دنیایەک فۆڕمی تردا توانای کۆکردنەوەی خەڵکی باکووری هەیە و خەڵک و خاک و شارەوانی و شەقام هی خۆیەتی. ئەسڵەن دۆخی ئێستای، کێشەیە بۆ ئەو ئامادەیی و کاریگەرییەی!
وەکچۆن فاشیزمی دەوڵەت تا لە دەرەوە پیایکێشیت عینادتر و فاشیستر ئەبێت و ئەبێت لەناوەوە کونی تێ ببێ وەکو کونەکەی باخچەلی. حزب و شۆڕشی چەکدارییش، بەس خۆی ئەتوانێت ماشێنی عینادی خۆی بوەستێنێت، ستۆپی ناو پەیامەکەش لەم گۆشەیەوە گرنگە!
زۆر دژی پیرۆزکردنی سەرکردە و دواکەوتنی مێگەلی و کوێرانەم. بەڵام ئا ئەمەی کە ڕووئەدا، هەنگاوێکە کە پێویستە حزب، بەبێ پارچەبوون و بە یەک دەنگ، دوای سەرکردەکەیان بکەون، چونکە خودی هەنگاوەکە، خۆی ڕەخنەییە و گەورەترە لە عەقڵی باوی تورک و کورد و لەوەی کە دەقیان گرتووە لەسەری!
شکاندنی بتی سەرکردە گرنگە و زیندوێتییە، بەڵام شکاندنی دۆخی چەقبەستووی یەک سەدەیی، گرنگترە. حزبی ئێمە کە لە دنیایەک کاتی ناپێویستدا، پیاهەڵدەر و گوێڕایەڵی سەرکردەیە، حەق نییە، لە دۆخێکی تەواو هەستیار و مێژووییدا پشتی سەرکردەکەیان بەر بدەن و تەنیای بکەن.
ئەوەی کە بە تەسلیمبوونی ئەزانیت، بەس کەلێنی تێمەخە، ئیتر بەهێزییە. کۆبوونەوەی هەموو کوردی باکوور، لە دەوری ئاشتی، خۆی لەخۆیدا بەهێزی و سەرکەوتنە. وەستانی گەل لە پشتی خیتابێکەوە، شکستمان بۆ ناهێنێت، دەسکەوتەکانی دواتری لەسەر دائەمەزرێت!
ئاشتی هەنگاوێکی فیکری و ئەخلاقییە، حیکمەتێکی گەورەیە کە مرۆڤ زمانی باو تێپەڕێنێت و لە دەرەوەی پێوەرەکانی ڕاهاتن و دڵخوازی جەماوەرەوە، دۆخێکی تر بخولقێنێت. ئایەتێکی قورئان هەیە ئەڵێ بەتەواویی بچنە ناو ئاشتی. ترسان لە ئاشتی عەیبە، ترسان لە شەڕ پێویستە.
حساباتی چی ئەدەم و چی وەرئەگرم. ئەمە سەرخانە، ئەبێ ژێرخانەکەی بۆ دروست بکەیت. دۆخی تورکیا وایە کە زمانی فاشیزم و ئینکاری کورد، سەدەیەکە کەڵەکە بووە، بۆیە یەکسەر لە “داوای مافەوە” دەستپێکردن هەڵەیە. بەڵکو لە ژێر ئەوەوە و لە خوڵقاندنی کەشەوە، کارە دروستەکەیە. ئا لێرەدا بەشی بینراوی پەیامەکە، هەزم ناکرێت و وائەزانین خراپە، بەڵام بەشە نەبینراوەکەی گرنگ و بنیاتنەرە.
بە نەخشەی فیکر و دانایی و پێغەمبەرایەتی و ڕۆشنگەرییدا بچۆرەوە. ئەبینی ساتە ڕووناکەکان لەوێدا ڕوویداوە، کە چەقبەستی زمان و عەقڵی باو تێپەڕێنراوە. ئەوەی بە تەسلیمبوونی ئەزانیت، تەسلیمبوونی ناو تێگەیشتن و زمانێکە، کە ئەکرێت خودی تێگەیشتن و زمانەکە، کێشەبێت و بگۆڕدرێت. ئەمەی ئێستا، دوا دەرفەتی کورد و تورکیشە بۆ خۆتێپەڕاندن و خۆداهێنانەوە. ئەم دەرگایە داخرێت، ئیتر دەرگای دۆزەخێک ئەکرێتەوە، لە بابەتی ئەوەی ئۆکراین و غەزە.
عەقڵی هاشوهوش و حەماسەت و پەرچەکرداریی، ١٠٠ ساڵە هەڵە و شکستمان ئەداتێ. گرنگە یەکجار عەقڵێکی ئارام و پشودرێژ بخەینەگەڕ، عەقڵێک کە لە ئاستی ڕەوایەتی قەزییەکەدا بێت. ١٠٠ ساڵە بە عەقڵی هەڵەشەوە، بچووکین و زۆر لە خوار باڵای دۆزەکەمانەوەین.
گرنگە تێبگەین، ڕزگاری دوو تەرەفی شەڕکەر، پێکەوە بۆ هەردوکیان ڕووئەدات نەک بۆ یەکێکیان. بەقەت تۆ و زیاتریش، بەگومانم لە سیاسەتی تورکیا، ئەشزانم جوڵەی داڕشتنەوەی ناوچەکە هەیە و هەلێکە بیقۆزینەوە. بەڵام ڕۆشتن لەگەڵ ئەم هەنگاوی ئاشتییەشدا، ئەشێ بەشێک بێت لە قۆستنەوەی هەلەکە و سوودوەرگرتن لەو دۆخەی کە پێشهاتووە!
مەنتقی هێز و عەقڵی سیاسیی و پراگماتی. گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر، عەقڵێکی فیکری و ئەخلاقییە، کە ئەوەنەی لە خەمی ئەوەدایە کە دۆخێکی نوێ بڕسکێت، ئەوەنە لە خەمی ئەوەدا نییە، کە لەناو دۆخە کۆنەکەدا چی دەست ئەکەوێت و چی لەکیس ئەچێت.
ماف و مەرجەکانی ئێمە دیار نییە، بەڵام بۆ دۆخی تورکیا، شکاندنی پێشمەرجەکان گرنگترە لە دانانی مەرج. پێشمەرجەکان ئەوێی خنکاندووە، ئەبێ لێگەڕێین ئەوە بگۆڕێ، ئەوکات کەشی لەباری مەرج دێتە پێشەوە. لەڕاستییدا هێز نییە مەرج بەسەر عەقڵی فاشیزم و سوڵتانیدا بسەپێنێت. وەکو دۆخی هیتلەریش، عالەم کۆنەبووەتەوە بۆ تێکشکاندنی ئەم غرورە لە دەرەوە. بۆیە ئەبێت بە شێنەیی لەناوەوە دەسکاری بکرێت.
لێگەڕێن پارچەکان باشترین بژاردەی خۆیان بخوڵقێنن. یەک پێوەر بۆ هەموو پارچەکان نابێت. ئا لێرەدا زمانی عاتفیانەی شۆڕش و حزب، ئەویش هەر زمانێکی فاشیستە، چونکە تاک-پێوەریی ئەخوڵقێنێت و نایەڵێت مرۆڤەکان فراوانتر بیربکەنەوە و ئەگەری زیاتر و جیاواز تاقیبکەنەوە. ئەگەر حزب و شۆڕش، خۆیان بتوانن داهێنەربن و زمان بگۆڕن، ئا ئەوە، بەقەت کونبوونی زمانە فاشیستەکەی دەوڵەت گرنگە.
کەڵەکەبووی سەدەیەک لە زمانی فاشیزم و ئینکارکردن، ناتوانێت ڕاستەوخۆ دان بە مافی کورددا بنێت و ئەوە بڵێت کە تۆ حەزت لێیە. بەڵام تەواوی ئەوەی ڕووئەدا، دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە کورد و هەندێک لە مافەکانیدا، بەڵام بە شێوازی ڕازیکردنی غروری دەوڵەت، نەک بە شێوازی بە پاڵەوانکردنی ئۆجەلان. لێرەشدا کرانەوەی گرێکە گرنگە، نەک ئەوەی کێ پاڵەوانە.
بەستەڵەکی ئەستووری فاشیزمی تورکیا، خێرا ناشکێت، هێواش خاو ئەبێتەوە. ئێمە ئەبێ هاوکاربین و لە وەهمی شکاندنەکەوە بچینە ناو هەنگاوی خاوکردنەوەکە. ڕەنگە لە ئێران، ڕزگاری ئێمە خێرا ڕووبدا لەگەڵ کەوتنی سیستەمدا. بەڵام گۆڕان لە تورکیا خاو ڕووئەدا و ئەبێت ئەو خاوییە قبوڵبکەین و هەر لەو قبوڵکردنەوەشەوە ئەتوانین تۆزێ خێرای بکەین.
جورئەتی ڕەخنەگرتن لە سەرکردەکەت، گرنگە. بەڵام لەوە گرنگتر، ڕەخنەگرتن و تێپەڕاندنی عەقڵێکە کە تیایدا گیرمان خواردووە و سەدەیەکە وانەبێت نازانین بیربکەینەوە. ئاشتیش ئەوە ئەهێنێت ئەم ڕیسکەی بۆ بکەین.
لە تورکیا هەر ئەونە ڕووئەدا کە دۆخی تورکیا هەڵیئەگرێت. چاوەڕوانی لەمە زیاتر، ئەوەش ئەکوژێت کە ئەکرێت ڕووبدا. ئەوەی لەوێ ڕووئەدا، بە چەندێتی بیپێویت، کەمەو ئەو بڕە نییە کە تێرمان ئەکات. بە فۆڕمیش، ئەو فۆڕمە نییە کە حەزمان لێیەتی و عەقڵمان دەقی گرتووە لەسەری.
بەڵام بە ئەگەرێک بۆ گۆڕانی زمان و عەقڵییەت و کرانەوەی گرێکە بیپێویت، ڕووداوێکی زۆر گەورەیە، بەڵام چونکە ئەم ئاستەی گۆڕانکاری، میتافیزیکی و نادیارە و دوو ئاستەکەی تر مەلموس و دیارن، ئیتر وائەزانین لە زیانداین. ئەوەی ڕووئەدا گفتوگۆی دوولایەن نییە، بەڵکو هەمووی هەر بە فلتەری دەوڵەتدا ئەروات، بەڵام ئەوەش هەر گۆڕانە لە دەوڵەتدا!
من باسی ئاستە تەکنیکی و موخابەراتی و عەسکەری و دیبلۆماسی و هاوکێشەکانی هێز و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ناکەم، کە بێگومان ئەوانە گرنگن. باسی ئاستێک ئەکەم کە لەوانە گرنگترە، بەڵام باس ناکرێت و نابینرێت، لەکاتێکدا بەشێکی کوێری ئێمە، هی نەبینینی ئەو ئاستەیە.
دەمێکە تاقەتی ڕاکەڕاکم نەماوە بەدوای حەدەسی ڕۆژانەدا، بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا، ڕۆژانە نییە و ئەشێت ئەگەرێکی مێژوویی بێت. نە خۆشخەیاڵم نە ڕەشبین، تەنیا ئەمەوێ بڵێم، گرێی تورکیا لەو شوێنانەوە ناکرێتەوە کە دیارە، لەو شوێنانەدایە کە نادیارە. چارەسەر ژمارەیی نییە و ئەوەنییە یەک دوو سێ بەدەست بهێنین. دۆخی ئەوێ ماویەتی بۆ ڕیزکردنی یەک دوو سێ و ئەبێت شتێک لە ژێرەوەی ئەوەدا بگۆڕێت.
ئەوەی بۆ من گرنگە، پرسیارە کۆنەکە نییە: چیم ئەدەیتێ؟ پرسیارە نوێکەیە: ئێمە هەردوولا، ئەتوانین جۆرێکی تر بیربکەینەوە؟ دەوڵەت لە ئاستی پرسیارە بچووکەکەدا براوەیە و ئێمەش ئا لێرەدایە کە بێتاقەتین و وائەزانین دۆڕاوین. بەڵام لە ئاستی پرسیارە گەورەکەدا، هەموومان براوەین، ئەگەر بتوانین لە دەرەوەی دۆخە کۆنەکەدا خۆمان ببینین و کەش و ئەگەری نوێی ژیان دابهێنین!
تەنیا وتنی دیموکراتیزەکردنی تورکیا، بەبێ وتنی هیچ شتێکی تر، لەڕاستییدا وتنی هەموو شتەکانە. بەڵام خۆ تۆش بەقەت دوژمن بێئاگایت لە دیموکراسی، بۆیە تێناگەیت. یەکسانی هاوڵاتی، ئازادییە سیاسی و کەلتوورییەکان. ئەو سەرەتا دیموکراتەیە، کە تورکیا بۆیە فاشیزمە، چونکە لەوێوە دەستی پێ نەکرد!
زۆر دژی ئەوەم لە بەرژەوەندی دەسەڵات و سەرکردە و کارێزما و بتی سیاسی قسە بکەم. بەڵام ئەوەی کە دەرگای پرسیاری نوێ ئەکاتەوە و ئەیەوێت لە پرسیارە کۆنەکە دەرتبێنێت و بەجۆرێکی تر تەسەوری خۆت و دنیا بکەیت. ئەو کەسە ئەگەر بەتەنیاشبێت و تەواوی خەڵکەکە لەلایەکی تر بن، ڕاستی لای ئەوە. هەرگیز زۆرینە و زمانە باوەکە، هەڵگری ڕاستی نەبوون!
مافی ئێمە زۆر سادەیە و پێچ و پەنای ناوێت، بۆیە نەخوێنەوار و خێڵەکیش ئەتوانن ببنە سەرکردە. ئەوانەش کە هەموو کردەیەکیان بچووکترە لە نەتەوە، هەر ئەتوانن پاڵەوانی نەتەوە بن. بەڵام کێشەکە لە قووڵاییدا، دیموکراسییە و لە “هاوڵاتی یەکسان و قبوڵکردنی جیاوازییەوە” دەسپێئەکاتەوە. ئێمە لەوێوە ئەبینە نەتەوە و گەورەتر لە خێڵ، دەوڵەتانیش هەر لەوێوە ئەبنە مەدەنی و نافاشیست.
هەم تورکیا لەوێوە ئەبێت بە بەشەر و هەم ئێمەش لەوێوە ئەبین بە بەشەر. لە دەرەوەی ئەوەدا، بەجیا و پێکەوەش، هێشتا دەعبایەکی ترین. لای منیش پرسیاری دەسکاری کردنی ئەو دەعبایە گرنگترە، لە پرسیار و وەڵامەکانی ناو عەقڵییەتی سەدەی پێشوو.
ئاشتی شتێکی مەسیحانەیە و ئەبێت وەکو ئەو بچینە سەر خاچ و دەس لە هەموو شت بەردەین لەپێناویدا. بەڵام خەمت نەبێت هیچت لەکیس ناچێت، چونکە ئاشتی خۆی هەموو شتەکانە و ئەوەشی کە ئەتەوێت، لەناویدا هەیە. شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە لاواز نییە و ئەتوانێت جگە لە خۆی، دەستی ستەمکاریش بگرێت و لەتاریکی دەری بهێنیت. غاندی ترسنۆک نەبوو، ئازایەتی ئەوەی هەبوو کە بەبێ چەکیش بیربکاتەوە و ئەملا و ئەولاش بخاتە ناو بیرکردنەوەیەکی تر. کێشەی شەڕ هەر قوڕبەسەرییەکانی نییە، حەتمیەت و چەقبەستی عەقڵیش دروست ئەکات. لە شەڕدا یەک ئازا هەیە، ئەوەی کە ئەو چەقبەستە ئەشکێنێت.