Home هەواڵهەڵمەتی هۆشیاری دژ بە هەژماری پارتی و یەکێتی..

هەڵمەتی هۆشیاری دژ بە هەژماری پارتی و یەکێتی..

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 71 بینینەکان
(بەشی یەکەم)
١
پارتی و یەکێتی ستراتیژیان ئەوەیە کە مووچە لە دەستی ئەواندا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕوی سیاسییەوە بەکاری بهێنن، هەژماری من ڕێکاری جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژەی نێوانیانە هەڵبەتە ئەو قازانجەشیان مەبەستە کە لەبانکەکاندا بە هۆی هەژمارەوە مسۆگەری دەکەن!
٢
پێکنەهاتنی پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەغدا لە ڕوی ئابوری و داراییەوە بە تایبەتی لە سەر مووچە هۆکارەکەی یەک خاڵە، ئەوان پێیان وایە موچەیان بە دەستەوە نەمێنێ نامێنن، بۆیە لە ٢٠١٤ ەوە ئەو کێشەیە بە دەیان پاساوی جۆراوجۆر درێژە پێدەدەن.
٣
لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک ئامادەنەبوو بۆ یاسای ساڵانەی موازەنەی فیدڕاڵی لیستی مووچە و خشتەی هێزی کاری حکومەت بنێرێ بۆ بەغدا، بەغدا ساڵانە داوایدەکرد و هەولێر ڕەتی دەکردەوە، لەبەرامبەردا، بە ئارەزوی خۆیان موچەیان بۆ بندیوار و خەڵکی حزبی و ناوی وەهمی بڕیەوە و سندوقی خانەنشینیان ئەنفال کرد و دەیان جۆر کاری ناجۆریان لەناو لیستی مووچە خۆر و خانەنشینان خوڵقاند بە ئامانجی ئەوەی ببێتە گرێیەکی ئاڵۆز، وەک ئەوەی ئێستا بووە.
٤
عێراق ئابوریەکی کرێخۆر و بەرخۆری هەیە، داهات و رەیعی نەوت نەبێت عێراق ناتوانێ مانگانە مووچە بدات، واتا ئابوری ئەو دەوڵەتەی ناوی عێراقە هەمیشە مەترسی لەسەرە، لە دۆخێکی ئاوادا ئابوری هەرێم دەجار زیاتر لە عێراق مەترسی لەسەرە، دەسەڵاتدارانی هەرێم باش هەست بەو مەترسییە دەکەن، بەڵام ئامادەنین ئابوری هەرێم لەگەڵ عێراق یەکخەن بۆ ئەوەی لەحاڵەتی مەترسیدا هەرێم لە سیاقی دەوڵەتەکەدا ببخوێندرێتەوە جا بۆ سود بینین بێت لە یەدەگ نەختینەیی یان قەرزی دەرەکی، لە خۆڕا نییە گروپی دەسەڵاتداری هەرێم وەک بە نوێنەری ئەمریکایان گوتبوو، ئەگەر تەنەکەیەک نەوت بێت حەز دەکەن خۆیان بیفرۆشن و لە ژێر دەستی خۆیاندا بێت. « لەدەرفەتێکدا ئەم خاڵە بە ڤیدیۆ زیاتر ڕوون دەکەمەوە».
٥
هەژماری من کە لەبەرامبەر توطین و بە بانکیکردنی فیدڕاڵیدا پرۆژەیەکی حزبییە و هێشتنەوەی مووچەیە لە دەستی پارتی و یەکێتیدا کە لە ٢٠١٤ ەوە سەلماندویانە دەستێکی ناپاک و پیسن بۆ مووچەی خەڵک، لە ئێستادا تەنها بنەمای سەرەکی نییە بۆ پێکهێنانی کابینەی ١٠ بەڵکو بنەمای سەرەکی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتییە بۆ رێکەوتنێکی ستراتیژی درێژ مەودای نێوانیان کە لانیکەم لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت.
 
(بەشی دووەم)
١
جیاوازی هەرە گەورە لە نێوان توطین و هەژماردا بریتیە لە:
پارتی و یەکێتی دەیانەوێ ئەو پارەیەی بۆ مووچە دێت بڕواتە ژێر دەستی ئەوان، بە ئارەزوی خۆیان دوای بخەن، پاشەکەوتی بکەن، لێی ببڕن، ( وەک ئەوەی لە ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا کردویانە) کەی حەزیان لێ بوو بیخەنە سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران واتا لە عێراقەوە بێتە لای وەزارەتی داراییەکەی ئەوان، ئەوان بیخەنە سەر هەژماری بانکی مووچە خۆر!
ئێمە دەمانەوێ مووچە بەرپرسیارێتی حکومەت نەمێنێ و ببێتە ئەرکی بانک وەک هەموو دنیا ، واتا راستەوخۆ وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە ئەو پارە بخاتە سەر هەژماری مووچەخۆران بە گوێرەی ئەو بانکانەی بەسەریدا دابەش بوون.
ئەگەر حکومەتی هەرێم و حزبە گەندەڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم مەبەستیان سیاسیی و بەحزبیکردن و بۆ فشاری کاتی هەڵبژرادن نەبێت و مەبەستیان باش ئیدارەدانی ژیانی خەڵک بوایە دەبوو مەمنون بن لەبری سەرقاڵ بوون بە مووچەوە خۆیان بۆ سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی تری حوکمڕانی تەرخانبکردایە! بەڵام چونکە نیەت و نیازیان پیس و ڕوونە، دەیانەوێت بەم هەموو شکست و ئابڕووچونەوە لە دەستی خۆیاندا بمێنێتەوە.
٢
توطین بەمانا فیدڕاڵیەکەی دەبێ بەمجۆرە بێت:
یەکەم: مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ هاوتاکانیاندا لە عێراق لە ڕوی چەندێتییەوە واتا بڕی مووچە و خانەنشینی وەکو یەک بێت و هاوتابکرێت.
دووەم: لەڕوی چۆنێتی وەرگرتنەوە لەو بانکە فیدڕاڵیانە جێگیر بکرێت کە فیدڕاڵین و هیی دەوڵەتن نەک بانکی کەسی و حزبی کە مۆڵەتی بە چەندین فێڵ و فرت وەرگرتوە لە بانکی ناوەندی، هەروەها مانگانە فەرمانبەر و مووچەخۆر پارەی پاک و نەدڕاو وەربگرێ نەک پارەی پیس و دڕاو و بێکەڵک.
سێهەم: هەرچیی پێشینە و قەرز هەیە مووچەخۆرانی هەرێمیش وەک بەغدا بتوانن لێی سودمەبن بن.
٣
هەژماری من بە مانا حزبیەکەی پارتی و یەکێتی بەمجۆرەیە:
یەکەم: پارتی و یەکێتی و حکومەتە حزبیەکەیان ئاست و بڕی مووچە لە رێگای قاسە شکاوەکەی ناویان ناوە وەزارەتی دارایی لەو ئاستەدا بهێڵنەوە کە خۆیان مەبەستیانە واتا مووچە لە ئاستی چەندێتیدا لەگەڵ عێراق هاوتا نەکرێ گوایە ئەوان سیستمێکی جیاوازن لە عێراق.
دووەم: لەڕوی چۆنێتی وەرگرتنی مووچەوە ڕوونە کە دەیانەوێ لە ڕیگای بانکەکانی خۆیانەوە بێت، کێ هەیە نەزانێت بەشێک لەو بانکانە هی کام بەرپرس و کام ئەندامی دیاری بنەماڵە سیاسیەکانن، لە حاڵەتێکی لەو شیوەیەدا مامەڵەی بانک لەگەڵ مووچە خۆر مامەڵەی حزبی دەبێت نەک دەوڵەتی. هەروەها ئەو کاسبیە پیس و ئاست نزمەش درێژە پێ دەدەن کە پارەی پاک و نوێ لە عێراق وەربگرن و دڕاو و بێ کەڵک بدەن بە مووچەخۆران.
سێهەم: لە هەژماری مندا مووچەخۆر لەهەموو پێشینە و قەرزێک بێبەش دەبێت کە لە ئاستی حکومەتی عێراقیدا هەیە و ئەمەش ڕوونە و چەندین ساڵە دەیبینین.
 
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی پێشوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

لێدوانێک بەجێ بهێلە