53
ڕزگار عومەر:

پەیامی ئاشتی “ئۆجەلان” پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دۆخێکی لە ڕای گشتی هەرێمی کوردستان دروست کرد، کە خەڵکێکی زۆر “بیروڕای” خۆیان لەسەر ئەم پرسە گرنگە بڵێن، ئەمە دەرفەت بوو بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە چاوەڕوانیەکانی خۆیان لە ئەنجامەکانی ئەم پرسە بخەنە ڕوو، تەنانەت بەشێك لە پێشبینەکان بۆ نموونە لە وەڵامی “قەندیل” ڕاست و دروست دەرچوون. لەم دۆخە فراوانەو ئەم چالاکیە گرنگەی “شرۆڤە” کردن بە تاك یان بە گشتی و هەڵوێست نیشاندان لە یەک کاتدا بریتیە لە “گەڕانەوەو جەخت کردنەوە” لە یەكێك لە پرەنسیبە سادەکان بەڵام گرنگی “بەشداری سیاسی” کە زۆر لە نووسەرو خۆ بە “موفەکیر” زانی بەرژەوەند خوازو ئاسۆ کورتبین نایانەوێ بەم شێوەیە بیبینن.
کاتێك گەڕامەوە سەر ئەو ڕەخنانە لە بەشداری و هەڵوێست نیشاندانی گشتگیر دەگیرێ لەلای خۆمەوە پۆلین کردنەکەی ئاسان بوو، بەشی یەکەمی ئەو ڕەخنانە دەڵێت:- ئێمە ئەگەر ئەو هەموو کەسە ژیرو شرۆڤەکارەمان هەیە بۆچی دۆخی خۆمان وایە؟ بەشی دووەم بریتین لەو نوخبەیەی کە خۆی لە لوتکەیەکی زۆر بەرز دەبینێ و ماف دەداتە خۆی لە سەر هەموو شتێك لێدوان و قسەی نابەرپرسانە فڕێبدات و گاڵتە بەم بەشداریە گشتیە نیشان بدات، هەمووشی لە بەر ئەوەی ئەم نوخبەیە وەكو جەبرێکی ئاکارو فەشەلی سایکۆلۆژی دوورکەوتنەوە لە بەرەی خەڵك دەیەوێ بڵێ “تەنیا منم دەتوانم شرۆڤە بکەم” کە بەشی زۆری پەیامەکانیشیان بریتیە لە بێ بەهاکردن، لووتبەرزیەکی فشۆڵی چەتری “مەعریفە” یان “ڕۆشنبیری نایاب” .
هەردوو گروپی ڕەخنەگر بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەوانیش لەسەر هەموو شتێك قسە دەکەن و شرۆڤە دەکەن کە ئەمە لەلایەن خۆمەوە تا ئێرە مافەو پێویستیشە بکرێت، بەڵام کاتێك تۆ دێیت ئەم مافە و ئەم پێویستیە بێ بەها دەکەیت بۆ خەڵك و لە دەرەوەی خۆت دەیکەیتە بابەتێکی گاڵتەسازی ئەو دەمی تۆش دەبیتە کارمەندێکی مەعنەوی “سیستەمی بێدەنگردن” و کەم بایەخ کردنی “بەشداری گشتی سیاسی” ئەگەر تەنانەت ئەم بەشداریە بە دەست چەندین گرفت و شکستیش بناڵێت.
هەندێك لە کەسایەتیەکانی گروپی یەکەم “هەموویان نا” دەیانەوێ بەم شێوازە لە ڕەخنە ئاراستەی ئەم بەشداریە سیاسیە بەرهەمدارتر بکەن بەڵام کێشەکەیان ئەوەیە بەهەمان شێوەو ڕیتیمی بێ بەها کردن ڕەخنە دەگرن بۆیە لە ئەنجامی کۆتاییدا ئەوانیش “بەربەستن” نەك “چارەی” بەشداری باشترکردنی سیاسەت کردن و بەشداری سیاسی گشتی.
هەندێکیش لە کەسایەتیەکانی گروپی دووەم نەك تەنیا لە “شرۆڤە” کردنی سەرپێ ی و یان “ڕەخنە گرتن لە شرۆڤە و هەڵوێستی ڕای گشتی” بەڵکو لەسەرجەم کاردانەوەکانی بەرامبەر هەر شێوازێکی بەشداری سیاسی بریتیە لە گاڵتە پێکردن و تێکەڵاوکردنی لە گەڵ جۆرێك لە خۆ بە کۆمیدی کردنی بێ ئەرزش و هەرزان، لەم توێژە کەسی وای تێدایە هێشتا وێنەکەی لە گەڵ “داود ئۆغلو- کە وەزیری دەرەوە بوو” لە ئینتەرنێت هەر ماوە!