Home بیروڕا نانمان نییه،‌پسکویت بخۆین ؟!

نانمان نییه،‌پسکویت بخۆین ؟!

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 161 بینینەکان

بەشدار عوسمان:

( نانەکەت دەدزن، پاشان لەتێکیت دەدەنێ، دوایی فەرمانت پێ دەکەن سوپاسییان بکەیت لەسەر بەخشندەییان..ئای لە بێ شەرمیان! ) غەسسان کەنەفانی

بەشێکی زۆرمان (وتە بەناوبانگەکەی) ماری ئەنتوانێت، شاژنی فەرەنسامان بیستووە، کاتێک خەڵک لەوپەڕی برسیەتەتییدا دەیانناڵاند و لەتێک نان نەبوو بیخۆن و لەبرسان دەمردن، شاژن پیاسەیەک بۆ ناو خەڵک دەکات و خەڵکیش هاواریان لێ هەڵساوە و داوا لە شاژن دەکەن، کە (نان) نییە بیخۆن و برسیین، شاژنیش بە ئاوازێکی زۆر خۆشەوە وەکو ئەوەی باشترین چارەسەری بۆ دۆزیبێتنەوە و دەڵێت:’بسکویت’ بخۆن !
ئەو وتەیەی شاژن، لێکچوونێکی تیایە لەگەڵ قسەکانی بەشێک لەکاربەدەستانی ئەم هەرێمە.
هەربەجدیی بەرپرسانی ئەم مەملەکەتە لەوە تێناگەن مناڵ کە شیری نییە و زیڕە دەکا ؟! ئاهوناڵەی پیر و پەککەوتەیەک چۆنە، کە لەبێ دەرمانیی دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک؟! گەنجێک کە بێکارە و چوار هەزاری لەگیرفان نییە، چ ئومێدێکی هەیە ؟! خێزانێک کە مووچەکەی دوا دەکەوێت حاڵی چەندە پەرێشان دەبێ ؟! نا لە سترێس و دڵەڕوکێی کاتی نزیکبوونەوەی کرێ خانوو تێناگەن، چونکە دابڕاون و ئاگاداری ژیان و گوزەرانی خەڵک نین، لە هەسارەیەکیتر ژیان دەکەن، شوێنی ژیان و گەڕەکەکانیان، ئاو و کارەبایان، قەسر و قەمەرەکانیان، خەستەخانە و قوتابخانە و زانکۆی مناڵەکانیان، بازاڕ و جلوبەرگ و مووچەکانیان..، جیاوازییەکانیان ئاسمان و ڕێسمانە و ئاسان نییە تێبگەن لەحاڵ و گوزەرانی خەڵک، بۆیە ئاسایی وەریگرن هەروەک ئەوەی شاژن !
بۆهەر کەسێک، کە ویژدانی بە بەرژەوەندییەک نەفرۆشتووە، چاویلکەی حزب و گڕوپ بەرچاوی کز و لێڵ نەکردووە و ستەم و نادادیی مووەکانی لەشی بەرزدەکاتەوە، دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایەتیی بۆ ئەو ژیانە نایەکسان و پڕ ستەمکارییە جێگای شانازییە، داهاتووش نیشانمان دەدا ئەوانەی چوونەپاڵ ستەمکاریی و تێکەڵاوی حکومڕانی چەتەکانەوە، چ باجێک دەدەن و مێژوو بەچ خەتێکی لار و شاش دەیانوسێتەوە.
هیچ شتێک هەر هیچ، بەهانەمان ناداتە دەست چاو بپۆشین لەگریانی مناڵێک و بەهۆی برسیبونیەوە، لە نا ئارامی کرێچیەک، لە بێ ئومێدی گەنجێک، لە هەناسەبڕکێی نەخۆش و خانەنشینێک بەهۆی نەمانی حەبەکەیەوە، لەچاوەروانی کەمئەندامێک بۆ هاوکارییەکەی، ئەوانەی بەهەر بەهانەیەک دەیانەوێت ئەو چاوپۆشیە بکەن دەچنە ریزی ماری ئەتوانێتەوە.
ئیتر ناتوانن لاف و گەزافی (خۆشگوزەرانی) خەڵک، جارێکیتر بەگوێی هیچ کەسێکدا بدەن، باش درکیان بەوە کردووە، لەسای سەری ئەو چەتانەی کوردایەتی، ژیانی خەڵک گەیشتۆتە سەر قەیرانی (نان و ئاویش !)

لێدوانێک بەجێ بهێلە