٣٤ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ساڵی ١٩٩١ هاوڵاتییانى باشووری کوردستان، بەیەک دەست دژی زڵم و زۆری ڕژێمی عێراق ڕاپەڕین و هەرێمی کوردستانیان لە دەزگا و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانى بەعس پاککردەوە، خەڵکی باشووری کوردستان چەندین ئامانجیان لەو ڕاپەڕینە هەبوو، بەڵام دوای ٣٤ ساڵ لە ڕاپەڕین دەبێت، ئێستا بپرسین ئەو ئامانجانە وەک خۆی بەدی هاتوون؟ ئایا چی گۆڕانکارییەک لە دۆخی ژیانى خەڵک گۆڕاوە؟ کێ ڕاپەڕینی کرد و کێش بەرهەمەکەی چنییەوە؟
٥ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١ خەڵکی شارۆچکەى ڕانیە دژی ڕژێمی بەعس خۆپیشاندانێکى فراوانیان ئەنجامدا، دواتر ئەو خۆپیشاندانە بووە هەوێنی ڕاپەڕینی ١٩٩١ و هەموو شار و شارۆچکەکانی گرتەوە، لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا تەواوی هەرێمی کوردستان لە ڕژێمی بەعس پاککرایەوە و کەوتە ژێر دەستى کورد خۆیەوە.
ئامانجەکانى ڕاپەڕین بەدی هاتن یان لەبار بران؟
خەڵکی باشووری کوردستان لە ئەنجامدانى ڕاپەڕین چەندین ئامانجی هەبوو، بەو هیوایەی ڕۆژێک بێت لەسەر دەستى حکومڕانی خۆماڵیدا بگات بە ئاوات و ئامانجەکانی، کە ١٠٠ ساڵە بەهۆی داگیرکەرانەوە لێی بێبەشە، بەشێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانى هاوڵاتییانى باشووری کوردستان، ژیانێکى ئازاد و دیموکراسی، حکومڕانییەکى کوردی، ئازادبوونى باشووری کوردستان، گەیشتن بە خزمەتگوزای و خۆشگوزەرانى، ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنى هەرێمەکە، بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی و چەندین ئامانجی دیکەبوو.
دوای ساڵێک لە ڕاپەڕین حکومەت و پەرلەمانى کوردستان پێکهات و دەزگا و دامەزراوەکان پێکهێنران، خوێندن بە زمانى کوردی دەستی پێکرد و ژیانێکى ئازادیی کوردانە دەستى پێکرد، خەڵکی باشووری کوردستان بە دڵێکى خۆشەوە ژیانێکى نوێیان دەست پێکرد، بەڵام ئەو دڵخۆشییە زۆری نەبرد و شەڕی ناوخۆ لەنێوان پەدەکە و یەنەکە لەسەر دەستکەوتەکانى ڕاپەڕین و سەپاندنى پێگەی خۆیان دەستی پێکرد، ئەو شەڕە یەکەم شت ئامانجەکانى ڕاپەڕینی کردە ئامانج و بەشێک لەو ئامانجانەى لەناوبرد.
بەر لە هەموو شتێک ئازادیی ڕادەربڕین و سیاسی و ڕۆژنامەوانی کەوتنە ژێر مەترسییەوە و ئەو ئەمانجە لەسەر دەستى یەکەم ئەزموونى حکومڕانی کوردی لەناوبران، تا ئەم ساتەش گرنگترین ئامانجی ڕاپەڕین کە ئازادیی بوو لە مەترسیدایە و ئازادییەکانی مافی مرۆڤ و ڕادەربڕین لە بنپێی دەسەڵاتی کوردیدایە.
خزمەتگوزاری و گەیشتن بە سەرەتاییترین مافی هاوڵاتییان کە کارەبا و ئاوی خواردنەوە و ڕێگاوبانێکى ڕێکوپێکە وەکو ساڵەکانى ڕاپەڕین لە ئاستێکى زۆر خراپدایە، داهات و قوتی خەڵک دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە سیاسی دەکرێت، دواتریش وەک خێر و بە منەتەوە بە هاوڵاتییان دەدرێت.
پارتە دەسەڵاتدارەکانى هەرێمی کوردستان هەموو شتێکیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە، بە سەرچاوەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی و سەرچاوەى مرۆییەکانیشەوە، هەرێمی کوردستانیان بەسەر دوو ناوچەدا دابەش کرد کە بە دوو ئیدارەیی ناسراوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو دوو ئیدارەییە تا ئەم ساتەش بەردەوامە، بە مانایەکى دیکە سیستەمێکى حکمڕانی نییە کە هەموو ناوچەکان وەکو یەک سەیر بکات و بڕیارەکانى تێدا جێبەجێ بکرێت، ئەمەش لە بڕیاردان و ئیدارەدانی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی ڕەنگی دایەوە.
هەر لە ساڵانى دوای ڕاپەڕینەوە دەستى داگیرکەران هێنرایە ناو ئەو هەرێمە ئازادەوە کە بە خوێنی گەل لە بەعسی داگیرکەر ئازادکرا، بەڵام بە دەستى حزبێکى کوردی دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێنرایەوە سەر خاکی هەرێم کە تا ئەمڕۆ ئەو داگیرکارییە فراوانتر بووە و ئاستى پەیوەندی و هاوکاریی ئەو پارتە کوردییە کە پەدەکەیە لەگەڵ تورکیا بۆ داگیرکردنى زیاترى خاکی هەرێم ڕۆژ بە رۆژ توندوتۆڵتر دەبێت.
لە سایەی ئەو سیستەمە حکومڕانییە کوردییە، وایکرد بەشێکی زۆری گەنجان بۆ بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان ڕووبکەنە وڵاتانى ئەورووپا و ژیانی خۆیان ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار کردەوە، بەشێکیشیان بوونە خۆراکی دەریاکان.
دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەرنامە بەشێکی زۆری سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانیان دایە کەرتی تایبەت و باج و ڕسوومات و سەرانەیان لەسەر خەڵکی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە زیادکرد.
هەر لەسایەی ئەم سیستەمەدا شیرازەى کۆمەڵگە و خێزان بەرەو تێکچوون ڕۆیشت، پیادەکردنی سیاسەتى حزبی و هەڵاواردن و چەندین جیاوازی و ناکۆکییان خستە ناو کۆمەڵگەوە، کە تا ئەم ساتەش بەهیچ یاسا و بڕیارێک ڕاست نەکراوەتەوە.
دوای ٣٤ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی لە باشووری کوردستان، ئەوانەی گیانی خۆیان بەختکرد ئێستاش نەوەکانیان هەمان ڕێگایان گرتووەتەبەر، ئەوانەشی هاتنە سەر سفرەی حازر بونەتە ملیاردێر و بازرگانی بە خوێن و داهاتی هاوڵاتییانی ئەم هەرێمەوە دەکەن، لە ژێر ناوی کوردایەتیدا خۆیان و نەوەکانیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدان و هاوڵاتییانیش لەسەر شەقام هەمان داواکاری سەراتاکانی دوای ڕاپەڕین دەکەن، کورد وتەنی کێ کردی و کێ خواردی.