جەعفەر عەلی:
مێژوو ڕووداوەکانی مێژو، بەتێکڕا جوان نین، وەک چۆن هەڵگری لاپەڕەی جوانن، لاپەڕەی ناشیرینیشیان هەن. هەندێکجار ڕووداوێک پڕ بە جوانی خۆی لە زەمەنێکی مێژوییدا ڕوودەدات، بەڵام مامەڵەی خەڵک بەگشتی لەگەڵ ڕووداوەکە و چاوەڕوانی کوشندەی زیاد لە سەقفی هەر چاوەڕوانییەکی ئەقڵانی لە هەندێک حیزب و کارەکتەری سیاسی، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە، مامەڵەی خودی سیاسی و حیزبە سیاسییەکان، لەگەڵ ڕووداوەکەدا، دەشێت کۆی مانا جوانەکانی ڕووداو بە هەموو جوانییەکانییەوە ژێرەوژوور بکەنەوە، تایبەت ئەو کاتانەی هێشتا ڕووبەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، ئامادەیی بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە خۆی و ئەو پاشخانە مێژوییە نەبێت، کە لە نێویدا ژیان دەکات.
ڕەنگە نەوەی ئێمەو بەشێکیش لە نەوەی دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، شاهیدی نەک ناشیرینکردنی ڕوداو، بەڵکو شاهیدی ناشیرینکردنی ئەو کارەکتەرە سیاسییە پلە یەکانەش بین، کە چۆن منداڵ، خێزان و بەشێک لە کەسوکارە نزیکەکانیان، لەو پەڕی گەورەییەوە، بچووکیان کردنەوە، لەوپەڕی جوانییەوە، بەرەو ماڵی ناشیرینیان بردن. ڕوداوەکانی مێژوش لەم دۆخە بەدەرنین، لەوانەیە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان، نمونەیەکی ئەو ناشیرینکردن و بێ بەهاکردنەی ڕوداو بێت.
ئێمە لەمڕۆدا، کاتێک لەبەردەم یادکردنەوەی ڕوداوێکی جوان و گرنگی وەک ڕاپەڕیندا بە نیگەرانییەکی قوڵ و ناخێکی بیمارەوە دەوەستین، دەبێت بزانین هۆکاری دروستکردنی ئەم بیمارییە ڕۆحییە قوڵە، بە تێکڕا لە ئەستۆی سیاسییەکان و ئەو حیزبانەدا نییە، کە جڵەوی سەرکردایەتی سیاسی، ئیداری و ئابووری، ڕۆژانی دوای ڕاپەڕینیان گرتە دەست، بەڵکو بەشێکی ئەم ئازارە ڕۆحییە و هەستکردن بە گوناهە مێژوییە، دەبێت لەو سەرزەمینە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەدا بۆی بگەڕێین، کە لە دۆخی ڕۆژگاری ڕاپەڕیندا ئامادەیی گەورەی هەبوو، دۆخێک دەرفەتی ئەوەی بە هۆشیاری مرۆڤەکانی نەدەدا، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارییەوە، جگە لە کەوتنی بەعس وەک دەسەڵات و، باوەشکردن بە وێنەی سیاسی و حیزبی فریشتەیی شاخ، هیچی دیکە ببینێت. ئەم هۆشیارییە کۆمەڵایەتییە بچووک و سنوردارە، نەک چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت لە ڕوداوی جوان و گەورەدا، دەستکەوتی جوان و گەورە بەرهەم بهێنێت، بەڵکو زیانی زۆر گەورەشی بەو ئازایەتی و ئیرادە دەستەجەمعییە گەیاند، کە بە کۆ و بەیەکەوە، لە بەرانبەر ناوەندی دەسەڵاتی ستەمکاری بەعس لە بەغدا گوتیان: نەخێر.
ئەو ڕۆژگارەی لە بەرانبەر ستەمی فاشیزمی بەعس گوتمان نەخێر، هەرگیز بەیەکەوە، لە بەرانبەر مۆدێلی ستەمی نوێی دەسەڵاتی کوردیدا، درێژەمان بە بەردەوامی و گەورەکردنی ئەو نەخێرە نەدا و لە شارە جیاوازەکان دووبارەمان نەکردەوە، تا ئەو کاتەی دەسەڵات، بوونی مرۆیی، ئیرادە، نان و ژیانی هەموومانی بە بارمتە گرت و لە نێو سیستمی کۆنتڕۆڵی حیزبی و خێزانی سیاسیدا لە هێز و جوڵەی گەورەی خست.
لەسەرەتای ڕوداودا، ئەوە تەنها دەسەڵات نەبوو هێزی نەخێرو ڕەخنەی لەئێمەدا کوشت، بەڵکو خودی خۆمان بووین لە نێوان دوو دنیای تەواو جیاوازی بەڵێ و نەخێردا، (نەخێر)مان لە هۆشیاری کۆمەڵایەتیماندا تا ڕادەی سڕینەوە کاڵکردەوە و تەنها (بەڵێ)مان دەناسی و توند لەبەردەمی (بەڵێ)دا بچووک بووینەوەو چۆکمان دادا.
(بەڵێ) یەک لەناشیرینترین ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ، خوێنو برینو ئەتککردنی پیرۆزییەکانی نیشتماندا، هێشتا وەک هێزێکی مەعنەوی گەورە کۆمەکی بەناشیرینترکردنی ڕوداوو مانا جوانەکانی ڕاپەڕین دەکرد، تەنانەت هێزی هەڵسەنگاندنو دامەزراندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیشمان بەڕەنگی سیاسی دڵخوازی خۆمانو ڕەتکردنەوەی ڕەنگی جیاوازی ئەویدی، ئەگەر هی کراسەکەی بەریشی بووبێت، گرێدابووەوە.
ئیدی ئەوە دەستپێکی ئەو سەرەتای ناشیرینکردنە بوو، کە جەماوەری ڕاپەڕیو لە بەرانبەر هەموو گوناهێکی سیاسییەکان و حیزبەکاندا، لە تاڵانی بەنداوی بێخمەوە بۆ تاڵانکردنی سامانی ژێر زەوی نیشتمان، نەک بێدەنگی، بەڵکو پشتیوانی و متمانەبەخشینی هەڵبژارد، لێرەوە جەماوەری ڕاپەڕیو، دەبێت ئەو ڕستەیە لە مێشکی خۆیدا بسڕێتەوە: “ئێمە بۆ ئەوە ڕاپەڕینمان نەکرد بەم دۆخە بگەین”، چونکە بەشێکی گەیشتن بەم دۆخە خودی جەماوەری ڕاپەڕیو لێی بەرپرسیارە و دەبێت هاوشانی دەسەڵات، لە چاوەڕوانی ڕوداوی دیکەدا، باجی هەڵە و گوناهەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.