فازیل شەوڕۆ – دوبلن
ناکرێ لەباسی مێژووی ئەو 75 ساڵەی دوایی دەڤەری کۆیەدا، ناوی مامۆستا کەمال پەستەک سۆر(85 ساڵ)، لە ڕیزبەندی ناوی تێکۆشەرە چالاکەکاندا تۆمار نەکرێت. ئەو هەرلە هەرزەکاریدا وەک گەنجێکی چەپی خەمخۆری چینی ڕەشوڕووت دێتە مەیدانی کوردایەتی و لە گۆڕەپانی خەباتدا فێرە ئەزموونی چالاکیی ڕۆشنفکری و خزمەتکردن دەبێ. بەدرێژایی ساڵانی مامۆستایەتیدا، ڕژێمە عەسکەرتارییەکانی بەغدا، هەر گوازە گوازیان پێ دەکرد، چەندانجار لە زیندانیان پەستا و دڕەندانە ئەشکەنجەیان دا، دووجاران، بەچیای کەوت و لە ڕێزەکانی پیشمەرگە کۆمەنیستەکاندا، چەکی بەرگری کردە شان، دوو یان سێ جاریش بۆ ناوەند و باشووری عێراق نەفی کرا. لە ساڵانی 1975- 1977 ؛ کە منیش بۆ شاری ڕومادی دورخرابوومەوە، ئەو لەو شارەدا لە گۆشە هۆدەیەکی بچکۆڵە، دوور لە خێزان و زێد، ڕۆژگاری مەنفای بەسەر دەبرد. بەعس نەیتوانی بە پۆست و پارە و پول و زەوی و زار، وا بکات ئەو زاتە بەقەد سەر دەرزییەک بیرباوەڕی خۆی بگۆڕێت.
مامۆستا کەمال وەک ڕووناکبیر و کەسایەتییەکی دیار، لەگەڵ خانەوادەی تایەری مەلا حەیبی، کە ناسراو و نەجیبزادەن، لە کۆیە خێزان پێکدێنێت. حاجی زاهیری، باوکی خاتوو سەباحەتی هاوژینی مامۆستا، جگەلە کەسایەتییە قورس و گرانەکەی، وەستایەکی داهێنەر بوو بە قەد سێ ئەندازیاران، شارەزایی هەبوو، یەکەم کەس بوو سێری غازی لە کوردستان داهێنا.
مامۆستا کەمال و خاتوو سەباحەتیش، دوو پەروەردەکاری هێندە کارامە و ژییر و ئەقڵمەند و خەمخۆر بوون، کە توانیان وا بکەن منداڵەکانیان بە ڕەنج و شەونخوونی خۆیان ببن بە دکتور و بێنە مەیدانی خزمەتکردنی. لە کۆیە بەم خانەوادەیان دەگوت:”ماڵی مامۆستا شەش دکتۆرەکە!” دکتۆر (هانا)ی جوانەمەرگ و دکتۆر (سانا)ی شەهید خوێندکار و پەروەردەی دەستی خۆم بوون، وای کە ئاقڵ و زرینگ و چەلەنگ و قورس بوون، حەیف، سەد حەیف!
مەخابن، دەستی تاوانێکی ڕەش، بە ناحەق پێنج ئەندامی ئەم خێزانە بەڕێزەی خەڵتانی خوێن کرد. تاوانێک کە هیچ پاساوێکی نییە و دەکرا ڕێگری لێ بکرێت. لە دیدی مندا، هەر قاتیلەکە، لەم کۆمەڵکوژییە خوێناویەدا، تاوانبار نییە، ئەو دەسەڵاتەی کەژ و هەوای ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانەی ڕەخساندوە- بە ئەنقەست یان بێئەنقەست، بەشداری ئەو تاوانەیە. مامۆستا کەمال خەبات و تیکۆشانی بۆ ئەوە بوو، ڕۆژێک بێ هاووڵاتیانی بحەسێنە و خۆشگوزەران بن و لە ئازادی و ئاسایشیدا بژین. بەرقەراکردنی هەرێمێک، دوای 34، تێیدا نرخی پارچە چەکێک هەرزانتر بێ لە نرخی جووتە کەوشێک، دەبێ پێشبینی چی بۆ بکرێت؟ ئەمە لوژیکی ژیانە، لە هەر جێیەک بەڕەڵڵایی و بێ یاسایی و نادەپەروەری و چەکبەدەستی هەبێ، تاوان تەشەنەدەکات و خوێنڕشتن زۆردەبێ.
هەرگیز لە کەلتووری کوردەواریدا، نەمان بیستبوو، لەسەر هۆڕن، فوول لایت، دەستە دۆمینە، کورتە نامە، پاڕککردن، شانلەشاندان، چاولێکبڕین، خەڵک بکوژرێت. کەی لە کوردەواریدا باوک کوڕی خۆی سەربڕیوە، کوڕ باوکی خۆی کووشتوە، ژن مێردەکەی پەل پەل کردوە، برا برای خۆی سووتاندوە، جێران جیرانی خۆی لەچاڵ ناوە، خۆشەویست ئەڤینداری خۆی داوەتە بەرچەقوان، زاوا نارنجۆکی فڕێداوەتە ماڵی خەزووران؟ بەڕاستی ناکرێ ڕۆژانە ئێمە ئازیزەکانمان؛ لە شۆفێر، چایەچی سەر شەقام، مامۆستای زانکۆ، مەلای مزگەوت، ژنی دوگیان، منداڵی ساوا، پیادەی بێگوناح، مامۆستا منداڵەکانمان، بخەینە سەر شانمان و بە خاکیان بسپێرین و بڵێین(ئەل فاتیحە).
دەبێ بپرسین: کێ بەر پرسە؟ کۆمەڵگاکەمان بەرەوە چ خەرەندێک ملی ڕێی گرتووە؟ ئێمە، وەک هەرێم، هەر یەک ملیۆن و دووسەد هەزار خێزانین، لەو هەورامانە، دۆست و ئاشنایان لە زاخۆ و ئامیدی هەیە… لەو گەرمیانە خزم و کەسوکاریان لە ڕەواندز و هێرۆ و هەڵشۆیە هەیە – بەڕاستی ئێمە خێزانێکی بچووکین، چۆن دەبێ ئەو کووشتوبڕە وەحشیگەرانە وا قڕمان بکات؟ گەر وا بڕوات، با هەر یەکێکمان، وەفاتنامەی خۆی لە گێرفانی خۆی دانێ!
تاوانە پیس و وەحشیگەرەکەی، دەرحەوق بە خانەوادەی مامۆستا کەمال و خاتوو سەباحەت کرا، دوایین تاوان نابێت، کاتی ئەوە هاتووە، دەسەڵاتداران بە جددی، ئەم کێشە خوێناوییە، چارەسەر بکەن. پێشبینییەکان خراپترن لەمە (زارم نایە ئاماژەیان پێبدەم). زوو وەئاگانەێنەوە، لوولەی ئەو چەکانە، ڕوو لە سینگی هەموومان دەکات، بە سینگی دەسەڵاتدارەکانیشەوە، ئاخر کە تەیمان و بەربەست شکا، هیچ هێزێک ناتوانێ بەری لێ بکرێت.
دروود لە گیانی پاکی مامۆستا کەمال و خاتوو سەباحەت و دکتۆر سەناریا و دکتۆر سانا و کوڕەکەی.