
بەئیمزاكردنی دەقێك بەناوی دەستوری كاتیی سوریا، ئەبو محەمەد جۆلانیی (ئەحمەد شەرع) رێككەوتنەكەی لەگەڵ كورد لەباربرد، هیچ بەهایەك بۆ رێككەوتنەكە نەما، كورد گوتەنی ریسەكەی كردەوە خوری. دووبارە هەموو ئەگەرێكی بۆ سەقامگیربوونی ئەو وڵاتە دوورخستەوە. بەڕاگەیاندنی ئەم دەستورە كاتیە، شوناسی خۆی و حوكمڕانیەكەی وەك دیكتاتۆرێكی دیكە لەسوریای نوێ دووپاتكردەوە.
گومانی لای پێكهاتەكانی سوریا نەهێشت كە ئەویش هەمان رێچكەو رێبازی حزبی بەعسی گرتووەو باوەڕی بەنەخشەڕێی دیموكراتیانە بۆ چارەسەری كێشەكانی سوریا بەبەشداری پێكهاتەكان نییە، بەڵكو دەیەوێت بەپێی تێگەیشتنێكی قەومیی عروبیی، ئایدۆلۆجیی، مەزهەبیی حوكمڕانیی سوریای نوێ بكات. ئەمەش پێچەوانەی خواستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خۆدزینەوەیە لەبڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش.
لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ كورد، جۆلانیی هەوڵیدا رێككەوتنێكی هاوشێوە لەگەڵ دروزەكانیش ئیمزابكات، بەڵام راگەیاندنی ئەو دەستورە كاتییە لەلایەن جۆلانیی، هەوڵی رێككەوتنەكە هەڵوەشایەوەو دروزەكان زۆر توند دژی راگەیاندنی ئەو دەستورە وەستانەوە.
بەپێی هەڵسوكەوت و بڕیارەكانی ئەو چەند مانگەی، پێدەچێت جۆلانیی نەتوانێت بەئاسانیی خۆی لە تێگەیشتنی بیری توندڕەوانەی ئیسلامیی و دەستوەردانیی دەرەكیی بەتایبەتیش توركیا رزگار بكات. هاوكات ئەو بڕیارانەی لەماوەی چەند مانگی رابردوو داویەتی یەكانگیر نابێتەوە لەگەڵ ئەو هێزو توانایەی هەیەتی! زنجیرەیەك بڕیاری دەركردووە، مومكین نییە بتوانێت جێبەجێیان بكات. دەتوانین بڵێین بەردی گەورەی هەڵگرتووەو توانای هاوێشتنی نییە، بۆیە رەنگە لەكۆتاییدا بیكێشێت بەسەری خۆیدا. بۆنمونە داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزێك دەكات (هەسەدە) كە ژمارەیان لەهێزەكانی جۆلانیی زیاترەو پڕچەكترو بەدیسپلینترن، هاوكات لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پشتیوانیی دەكرێن؟! لەكاتێكدا داوای چەكدانان و تێكەڵكردنەوەی ئەو هێزە دەكات كە بۆخۆی سوپای نییە، بەڵكو ژمارەیەك گروپی چەكداری میلیشیای هەیەو چەند رۆژێك دەبێت ئەو میلیشیاو گروپە توندڕەوانە عەلەوییەكانیان كۆمەڵكوژكردو تاوانێكی زۆر گەورەیان لەمێژووی سوریادا تۆماركرد.
نمونەیەكی دیكە، دەبینین جۆلانیی دەستورێك ئامادە بەبێ بەشداریی هەموو پێكهاتەكان و بێ هیچ رێكارێكی دیموكراتیی بەسەر خەڵكی سوریادا دەسەپێنێت، لەكاتێكدا بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە 2254 كە نەخشەڕێی دووبارە بنیاتنانەوەی سوریای دیاریكردووە كە بریتیە لە نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بەمەرجێك هەموو پێكهاتەكان بەشداری لەنوسینەوەیدا بكەن، هاوكات سازكردنی هەڵبژاردنێكی ئازادو خاوێن بۆ هەموو گەلانی سوریا بەمەبەستی دیاریكردنی نوێنەرایەتیكردنی هەموو پێكهاتەكان لەحوكمڕانی نوێی سوریا.
خولاسە بڕیارو هەنگاوەكانی جۆلانیی لەبری ئەوەی ببێتەهۆی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی و ساڕێژبوونی برینی زیاتر لە 60 ساڵ حوكمڕانیی حزبی بەعس كە كۆمەڵگای سوریای وێرانكرد، رەنگە ببێتەهۆی جۆرێك لەدابەشبوونی ئەو وڵاتەو ماڵجیایی پێكهاتەكان.
بەپێی هەموو لێكدانەوەكان، سوریای نوێ بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێت. دابەشبونێك جارێ سیماكەی دیار نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە جارێكی دیكە نابێتەوە دەوڵەتێكی ناوەندیی و یەكگرتوو، بەڵكو لەباشترین حالەتدا دەبێتە وڵاتێكی فرەكانتۆن و ناوچەی جیاواز هەروەك چۆن لەدوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانیی سوریا بریتی بوو لەچەند كانتۆنێك و دواتر بەزۆر بەیەكەوە لكێنران.
لەدوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانیی، فەرەنسیەكان لە 23ی حوزەیرانی 1920 ناوچەیەكی سەربەخۆیان بۆ عەلەوییەكان بەناوی دەوڵەتی عەلەویی دروستكرد كە پایتەختەكەی لازقییە بوو، دواتر بەهۆی گۆڕانی بارودۆخ و بەرژەوەندی لە 1936 لەگەڵ دەوڵەتی سوریا لێكدران.
هاوكات بۆ دروزەكانیش لە 1921 ناوچەیەكی سەربەخۆ یان جیاكراوەیان دروستكرد بەناوی چیای دروز كە پایتەختەكەی سوێدا بوو، ئەویش تا ساڵی 1936 بەردەوامبوو.
بۆ كوردیش هەوڵی زۆر هەبوو، ساڵی 1928 و هەروەها ساڵی 1932 لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانیەكان یاداشت پێشكەشی فەرەنسیەكان كرا بۆ جیاكردنەوەی ناوچەیەك لەم سوریایەی ئێستا كە سنورێكی بەرفراوانی لەخۆدەگرت، دەوڵەتێك یان ناوچەیەكی جیاكراوە بۆ كوردو ئەرمەن و مەسیحیەكان دروستبكرێت. سەرەتا فەرەنسیەكان رازیبوون، بەڵام دواتر بەهۆی ناكۆكی ناوخۆی كوردو فشارو پیلانگێڕیی تورك ئەم دەوڵەتە سەرینەگرت و لەبارچوو.
بەپێی ئەو بارودۆخەی ئێستا، ئەم دۆخەی ئێستا بەدڵنیاییەوە زۆر درێژە دەكێشێت، پێدەچێت چەرخەی مێژوو بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانیی و ئەمجارەیان زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆئەوەی لانیكەم هەر پێكهاتەیەك ناوچەی خۆی جودا بكاتەوەو خودحوكمڕانیی خۆی بكات، بەڵام ئەمە ماندووبوون و كاتی زۆرو قوربانی زۆری پێویستە.