Home بیروڕا هەڵەبجە و بێ دەربەستی و پرسیارە بێ وەڵامەکان

هەڵەبجە و بێ دەربەستی و پرسیارە بێ وەڵامەکان

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 48 بینینەکان
جینۆسایدی هەڵەبجە، لە مێژووی کورددا و لە چوارچێوەی جینۆساید و کوشتوبڕییەکانی دیکەی سەریدا، وێنەی نییە، بەشێوەیەک شارێک و خەڵکەکەی کردە کوانووی مەرگەسات و زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی بێ تاوانی کردە قوربانی، هەزارانی دیکەیش تائێستا بەهۆی کاریگەرییە دوورمەوداکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە بەدەست دەیان نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

جینۆسایدی هەڵەبجە، هیچی لە هێرۆشیما و ناکازاکی کەمتر نییە، بەڵام ئەگەر بەراوردییان بکەی، ئەوا دەبینیت هەڵەبجە لەنێوان جیهانیی سەرمایەداریی بەرژەوەندیخواز و دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردیدا، لەوپەڕی بێ نازی و فەرامۆشیدایە، بگرە کەمترین ئاوڕی لێ دراوەتەوە.
لەڕووی مەعنەوییەوە، دوای ٢٢ ساڵی لە رووخاندنی رژێمەکەی سەدام حسێن، کەچی هێشتا حکومەتی عیراق بەرپرسیارێتیتی کاریگەرییەکانی ئەو جینۆسایدەی هەڵنەگرتووە و قەرەبوویشی نەکردوونەتەوە، لەوەش خراپتر و بێ باکتر لە هەڵەبجە ئەوەیە؛ بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند نەکردووە و خەریکی سەوداسەرین پێوەی.
لە ئاستی گوتار و بانگەشەدا، هێز و لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵاتداری کوردستان و عیراق، زۆر بە باڵای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکاندا هەڵدەڵێن، بەڵام لە ئاستی کرداردا کەمترینی بۆ کراوە، بگرە لە زۆر رووەوە هیچی وای بۆ نەکراوە کە لە پارێزگایەکی شایستە بچێت.
دەبوو هەڵەبجە خاوەنی گەورەترین مۆزەخانەی نیشتمانی، کتێبخانە و ئەرشیفی نەتەوەیی، دامەزراوەی دۆکیۆمێنتکردنی گەورە، ژێرخانی ئابووری و پەروردەیی سەردەم، خوێندنگەی نموونەی، سەنتەری توێژینەوە و بەدواداچوون و زۆر دامەزراوەی دیکەیش بووایە، بەڵام هیچی لەوانە نییە یان لە ئاستی پێویستدا نین.

هێشتا لە هەڵەبجە دڵی بریندار و کەسوکاری قوربانییەکان، منداڵانی بێ نازی دایک و باوک، دایکان و باوکانی جگەرسووتاو، لە بێ ئۆقرەییدا دەژین، دەبینین حکومەتی عیراق بە ملیۆنان دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی شەڕی سەپێندراوی سەدام حسێنی بەسەر کوەیتدا کردەوە، کەچی لەئاست هەڵەبجە بێ باکە و بە کردار خاوەندارێتی لێ ناکات.
هەڵەبجە پێویستیی بە پرۆژەی بنیاتنانەوەی تاک و کۆمەڵگە و شار هەیە، پێویستی بە رێزلێگرتنی بەکردار لە قوربانیدانەکەی هەیە، پێویستی بەوە هەیە هەڵەبجە لە هەموو رووەکانەوە سیماکانی جینۆسایدکردنەکەی سەری نەهێڵرێت، بەڵکو ببێتە شارێکی وا کە هاوشانی هێرۆشیما و ناکازاکی بێت، سەدان و هەزاران کتێب و توێژینەوەی لەبارەوە بنووسرێت.
یادکردنەوەی وەکو بانگەشە نەبێت و لەو رۆژەدا نەبێتە جێگەی تەراتێنی بەرپرسانی حزبی و حکومی و دوای ئەوەیش تا یادکردنەوەیەکی دیکە لێی نەپرسنەوە، بەڵکو دەبێت هەڵەبجە بکرێتە سیمبوولێکی رێزلێگیراو و بەشێکی زۆری تواناکانی حکومەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی تەرخان بکرێت و ئەو هەستە لای هەڵەبجەییەکان دروستبکرێت کەوا ئەوان خاوەن خەبات و شانازیی نەتەوەیی هەموو کوردن و هەرگیز تەنها و فەرامۆش ناکرێن.

سۆزان حەمەتاتە

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە