Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی عێراق لانكەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان

عێراق لانكەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 40 بینینەکان

هەر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی پیشووەوە كۆمەڵكوژی بەشێوەیەكی بەرچاو دژی گەلی عێراق كوردستان ئەنجامدراوە، كە بریتی بوون لە كۆمەڵكوژییەكانی (هەڵەبجە و ئەنفال، گۆڕی بەكۆمەڵ، ڕاپەڕینی شەعبانی، تیرۆركردنی زانایان،  كۆمەڵكوژییەكانی ئێزیدییەكان لەسەر دەستی داعش) بەرپرسێكش دەڵێت: نەتوانراوە هەموو كەسوكاری شەهیدان قەرەبوو بكرێنەوە و خزمەت بكرێن.

عەبدول ئیلالە نائیلی، سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عێراق دەڵێت، زیاتر لە ٢٢٠ گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق هەیە، بەشێكی زۆریان دەگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣ كە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە كۆمەڵكوژكراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای دامەزراوەی شەهیدان و یاسای قوربانیانی تیرۆر، كۆمەڵێك مافی ماددی و ئەخلاقی بۆ كەسوكاری شەهیدان لەخۆگرتبوو، كە لە مووچەی خانەنشینی بۆ كەسوكاری شەهیدان دەست پێدەكات، جا شەهیدانی ڕژێمی قڕكەری بەعس بن، یان شەهیدانی تیرۆر.

باسی لەوەشكرد، هەموو ئەمانە لە مووچەدا یەكسانن و مانگانە یەك ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها پارچە زەوییەكیان پێدەدرێت.

ڕاشیگەیاند، دەزگای شەهیدان بەهۆی نەبوونی تەرخانكردنی داراییەوە ناتوانێت هەموو كەسوكاری شەهیدان قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام دامەزراوەكە كاردەكات بۆ چالاك كردنی سندوقی شەهیدان، كە لەساڵی ٢٠٢٤ بۆ پاڵپشتیكردنی بەرنامەی كەسوكاری شەهیدان دامەزراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دامەزراوەكە لە ڕێگەی پۆرتاڵی ئورەوە لینكی بیمەی تەندروستی بۆ كەسوكاری شەهیدان دەستپێكرد، دواتر دامەزراوەكە ژمارەكان بە ڕێككەوتن لەگەڵ نەخۆشخانەكانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات ڕێكدەخات بۆ دڵنیابوون لە چاودێریكردنی كەسوكاری شەهیدان، جگە لە بەڵگەنامەكردنی پێشێلكارییەكانی ڕژێمی پێشوو و پێشێلكارییەكانی داعش و قاعیدە و تیرۆر.

هەروەها، زیا كەریم بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە دەزگای شەهیدانی عێراق ڕایگەیاند، دوو جۆر گۆڕی بەكۆمەڵ هەیە، یەكەمیان بۆ تاوانەكانی ڕژێمی بەعس، یەكێك لە شوێنە دیارەكان كە گۆڕی بەكۆمەڵیان تێدایە، بیابانی سەماوەیە، گۆڕە بەكۆمەڵەكان ژمارەیەكی زۆر زۆر تەرم لەخۆدەگرن، كە هەموویان ژن و منداڵن، هەرچەندە قەبارەی ئە گۆڕانە بچوكن، بەڵام ژمارەیەكی زۆر قوربانیان تێدایە.

دەشڵێت، كۆی گشتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی پێش و دوای ساڵی ٢٠٠٣ گەیشتە (٢٢١) شوێن، كە (٩٦) لەوانە هیی سەردەمی ڕژێمی بەعس و (١٢٥) گۆڕی دیكەشیان هی سەردەمی چەتەكانی داعش بوون، هەروەها كۆی گشتی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی هەڵدراونەتەوە گەشتووەتە 134 گۆڕ، هەروەها كۆی ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵە هەڵنەدراوەكان بریتیە لە (٨٧) گۆڕ.

جێگای ئاماژەیە، زۆربەی قوربانییەكانی ئەو تاوانە دڕاندانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و چەتەكانی داعش ئەنجامدراون، هاوڵاتیانی كورد بوون.

لێدوانێک بەجێ بهێلە