Home بیروڕا تا قەرەقۆزەکانی دەسەڵات هەبن ، کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو و هۆشیار چێ نابێت

تا قەرەقۆزەکانی دەسەڵات هەبن ، کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو و هۆشیار چێ نابێت

by admin
0 کۆمێنتەکان 219 بینینەکان

نەژاد عوسمان سەعید:    
قەرەقۆزەکانی دەسەڵات ئەو مرۆڤە ناهۆشیار و بەرژەوەندخواز و خودپەرستانەی کۆمەڵگەن کە پشتیوان و کۆڵەکەی سەرەکین لە دروست بوون و مانەوە و گەشەسەندنی دەسەڵاتێکی چەپێنەر و برسیکەر و خەمسارد .
قەرەقۆز بە ئەو بوکەڵەیەی دەستی هونەرمەندێک ، کاراکتەرێک ئەوترێت کە هیچ جوڵە و ویستێکی لەدەستی خۆیدانیە بەڵکو تەواو تواناکانی کۆنتڕۆڵکراوە لەلایەن هێزێکی دەرەکی زاڵەوە .

ئەو دۆخە نالەبارەی ئێستا ئەگوزەرێ لە باشووری کوردستان لە ڕووی ناسەقامگیری سیاسی و داتەپینی ژێرخانی ئابووری و پێکدادانی کۆمەڵایەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێبەهاکردنی کەرامەتی مرۆڤ ، پێش ئەوەی دەسەڵاتدارە فوتێکراوەکان لێی بەرپرس بن ئەو قەرەقۆزانە لێی بەرپرسن کە تەواو خۆیان بێدەسەڵات و ڕەزیل و ڕسواکردووە لەبەردەستیان .

ئەو قەرەقۆزانە ئەگونجێ لایەنگرێکی دەست و پێ سپی ، بندیوارێکی حەرامخۆر ، ڕێکخراوێکی بەناوخێرخوازی ، کەناڵ و پەیجێکی سێبەر ، دوکانێکی سیاسی ، یان ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەبن بۆ ماکیاژکردنی سیمای قێزەونی دەسەڵات یان خەڵەفاندنی شەقامی ناڕازی بۆ ئەوەی چاوەکان لەسەر دەسەڵاتە ستەمکارەکە بڕەوێتەوە و فشارەکە کەم بێتەوە تا ئەویش بەردەوام ئاشی بگەڕێت .

ئەو دۆخە نالەبارەی ئێستا تێپەڕنابێت تا تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتی هۆشیارنەکرێنەوە و هان نەدرێن بۆ ئەوەی خۆیان بن و ڕێگەنەدەن بەکاربهێنرێن بەشێوەیەکی خراپ وە بەرژەوەندیە گشتیەکان بچوک نەکەنەوە بۆ ئەوەی مەرامی تایبەتی خۆیانی پێ جێبەجێ بکەن .
پێویستە بەرەیەکی ناڕازی وا دروست بکرێت کە ئەندامەکانی بەجۆرێک چالاک و دڵسۆز و خاوەن مەبدەئێکی پتەوبن کە بە هیچ جۆرێک نەتوانرێت بکڕدرێن و بلەرزێن لەئاستی ئیغراکرادنیان بە پۆست و پارە لە لایەن دەسەڵاتەوە، نەک کۆپی ئەو هێزانەی ئێستای ساحەکە و تەنانەت ڕابووردووش بن کە بەرەیەکی بەناو ناڕازی بوون بەڵام پڕبوون لە بەرژەوەندخواز و هەلپەرست و خەت مائیل کە متمانەی خەڵکە جددیەکەشیان لاوازکرد . ئەبێت نوخبەیەکی وابێت کە کاریگەری چالاک دابنێت لەسەر ئەو بیرکردنەوە و کردەوە ئاست نزمانەی ئەو قەرەقۆزانەی دەسەڵات و بەرەو کەمبوون و نەمانیان بەرێت یان لانی کەم بێکاریگەریان بکەن لە کۆمەڵگەدا .

یان بە دروستکردنی ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەری خۆڵەمێشی و هۆشیار لەدەنگدانەکان دا کە بزانن چۆن دەنگەکانیان بەکارئەهێنێن بۆ گۆڕانکاریەکی جددی و کاریگەر، تا بتوانرێت ماسکە قێزەونەکانی دەسەڵاتدارەکان هەڵبماڵرێن ، چونکە یەکێک لە بیانووەکانی دەسەڵاتە زاڵمەکان گوایە زۆرینەن و جێگەی متمانەی خەڵکن بۆیە بەردەوامن !

ڕێگەکانی بەگژاچونەوەی دەسەڵاتی زاڵم و نادادگەر و خەمسارد زۆرن ئەگەر ئیرادەیەکی جددی و بەردەوام هەبێت .

نەژاد عوسمان سەعید
مامۆستای پسپۆری فیزیا
دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا

لێدوانێک بەجێ بهێلە