37 ساڵ لهمهوپێش رژێمی به‌عس شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری به گازی كیمیاوی كیمیاباران كرد, له ئه‌نجامی ئه‌م تاوانه زیاتر له 5000هاووڵاتی سڤیلی ئه‌م شاره بوونه قوربانی و نزیك ده هه‌زاریش بریندار بوون, رۆژ له دوای رۆژیش ژماره‌كه‌ی له هه‌ڵكشاندایه به‌هۆی مردنی به‌رده‌وامی برینداره‌كانه‌وه.
ئێمه له یاداوه‌ری 37 ساڵه‌ی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا, له پێناو دوباره نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانی له‌م چه‌شنه له وڵاته‌كه‌مان, داواكارین عێراق ببێته ئه‌ندامی دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی .
ئه‌گه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ی ئێمه كه 20 ساڵه دوباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بهكرابایه, ئێستا كه‌یسی تاوانه‌كانی سنجار و دوزو شار‌و شارۆچكه‌كانی دیكه به سانایی ده‌گه‌یشته دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و تاوانه‌كان به جینۆساید له سه‌ر ئاستی جیهانی دهناسێننران, یاخود هه‌ر رویان نادا, تاوانكارانیش له سزا رزگاریان نابوو,
بۆیه له‌م یاده‌دا داواكارین:
-به زوترین كات عێراق په‌یماننامه‌ی رۆما واژۆ بكات و په‌یوه‌ست بێت به دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه, پێویسته په‌رله‌مانتاری كوردستان له به‌غدا به پشتیوانی ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازان كاری جدی بكه‌ن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.
-دۆسیه‌ی به ئه‌ندام بوونی عێراق له دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ببێته یه‌كێك له خاڵه‌كانی گفتوگۆی لایه‌نه كوردستانییه‌كان له گه‌ڵ به‌غداو هه‌ر لایه‌نێكی دیكه.
-عێراق به فه‌رمی داوای لێبوردن له گه‌لی كورد بكات و سه‌رۆك كۆمار له بڕی وڵاتی بكه‌ری تاوان ئه‌م ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ.
-نابێت تاوانبارانی تاوانه مه‌زنه‌كان “ئه‌نفال, هه‌ڵه‌بجه, بارزانی, فه‌یلی, ئێزیدی” له سزا رزگاریان بێت و پێویسته قوربانیان قه‌ره‌بووی مادی و مه‌عنه‌وی بكرێنه‌وه.
-پێویسته ده‌وڵه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی تاوانی جینۆساید و داگیركاری كوردستان بداته‌وه.
تۆڕی هاوپه‌یمانی رێكخراوه كوردستانییه‌كان له پێناو دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی- KONCICC
16-03-2025