ئازاد ڕواندزی
دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن، دیاردەیەکی بڵاوە. بەگوێرەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگەکان، دەگۆڕێت. بەگشتی هەژاری و نەداری و چەوسانەوە و بێ چارەبوون لەبەرانبەر زاڵبوون بەسەر کێشە و تەگەرەکان، دەبنە هۆکاری خۆکوشتن. بۆیەش ئەگەر سەیربکەین زۆرترین خۆکوشتنەکان لە چینی ژێر دەستە و نەتەوەو رەگەزی چەوساوەن.
لە کوردستان دیاردەی خۆکوشتن بەتایبەت لە ژنان زۆربەرچاوە، کوشتنیش لەنێوان خێزان و بنەماڵە و خێڵەکان زیاتر بەرچاو دەکەوێ. سەرباری ئەوەی داگیرکەر بەناو و بیانوی جیاواز مرۆڤی کورد لەناو دەبات، مرۆڤی کوردیش بەدەستی خۆی گیانی کەس و ئازیزانی دەکێشێ، بێ ئەوەی بزانێ چ ئازار و ئەشکەنجەیەکی دەروونی لە دوایدا دەچێژێ!!
زۆرترین کوشتنەکان بەدەستی پیاوان روودەدات، چونکە لەلایەک چەک و کەرستەی توندوتیژ لەدەست پیاوە، لەلایەکیتریش کەمترین بەزەیی و سۆز لای پیاوان هەیە. بۆیە لەسەر جێبەجێ نەبوونی بچوکترین داواکاری، دەستدەبات بۆ چەک و ئامێرەکانی توندوتیژی و مرۆڤی بەرانبەری لەناو دەبات. پەندێکی کوردیش هەیە دەڵێ، توڕە بوون چرای بیرکردنەوە دەکوژێنێتەوە. واتا ئەو مرۆڤانەی کە توڕە دەبن چرای بیرکردنەوەیان دەکوژێتەوە، ئەی ئەوەی مرۆڤێکیتر لەسەر بیانوێکی زۆر بچوک دەکوژێ و لەناوی دەبات، دەبێ بیرکردنەوەی نەبێ، یان وەک دەڵێن، ئەقڵ میوانی نەبووە؟؟
ماوەیەکە دیاردەی کوشتن لە باشوور لە تاکەوە دەربازی کۆمەڵ بووە، واتا بکوژ بەبێ گوێدانە هیچ پێورێکی ویژدانی و ئەخلاقی و ئاینی و مرۆڤی، مرڤەکانی دەداتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەناویان دەبات!! دەسەڵات و پارتە سیاسی و رێکخراوەکانیش وەک ئەوەی کێشەی ئەوان نییە، خۆیان لێ بێدەنگ کردووە، ئەمەش ئەوپەڕی نابەرپرسیاریەتیە. ناکرێ بەناوی کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان خێزانێکە و تاوانبار خۆی رادەستی پۆلیس کرد، یان خۆی کوشت کێشەکە پشتگوێ بخرێ.
ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە لەماوەی مانگی رەمەزان دەستی پێکرد و لە رۆژانی جەژنی نەورۆزیش بەردەوامی کرد، لەگەڵ ئەوەی پێویستی بەهەڵسەنگاندنە، هەمانکات دەبێ لەلایەنی ئاینی و سیاسیش زۆر بەجدی راوەستەی لەسەر بکرێ. دەبێ هەموو ئەو رێگەیانەی دەبنە هۆکاری کوشتن و خۆکوشتن بەربەست بکرێن و گفتوگۆ و لێبوردن و دانبەخۆداگرتن بکرێنە پێوەری سەرەکی ژیان.
کێن ئەوانەی خەتوکەی کوشتن و رەوایدان بەکوشتن دەدەن؟؟
١-زۆرترین چاوەکان لەسەر مەلا و مزگەوتە، چونکە زۆربەی کێشەکان لە رێگەی کوشتن و تەخوین کردن و تەکفیر کردن و بێ نرخ کردن یەکلای دەکرێنەوە. بەتایبەت لەماوەی رابردوو بەناوی ئاینی ئیسلام تیرۆریستان داعش زۆرترین مرۆڤیان لە ژێر ناوی ئاینی کۆمەڵکوژ کرد. ئەمڕۆژانەش بەناوی شەڕی غەززە، زۆرترین رەوایەتی دەدرێ بە کوشتنی جیاوازی ئاینی.
٢-ئاین کە لە پێوانەکانی ویژدان و ئەخلاق دەردەچێ و دەبێتە کەرستەی سیاسی و دەسەڵاتداری، بۆیە زۆرترین کۆمەڵکوژی بەو هۆکارەوە روودەدات. بەتایبەت کوشتنی ژنان لە ژێرناوی ناموس و پاکردنەوەی شەرەف.
٣-پیاوسالاری و ئەقڵیەتی دۆگمای پیاو، زۆرترین پشتیوانی سیاسی و ئاینی لەپشتە، ئەوانەی دەستیان دەڕوا بۆ کوشتنی مرۆڤ، بە مێر و پیاوخاس و خاوەن دەرکەوتن لە شەرف و ناموس بەناو دەکرێن. بۆیە ئەو پیاوەی کە ناتوانێ لەبەرانبەر داگیرکەر فزە بکات، بەڵام بەئاسایی دەتوانێ مرۆڤە نزیکە بێچەک و بێ تاوانەکانی کۆمەڵکوژ بکات.
٤-دەسەڵاتی سیاسی کە هیچ پێوانێکی بۆ بەخشینەوەی چەک و دیاردەی چەکداری دانەناوە، لەلایەک چەک لە دژی داگیرکەر و دوژمنانی خاک و نەتەوەو پاراستنی کۆمەڵگەکەی بەکارناهێنێ و لە ٣٤ ساڵی تەمەنی لە دەرەوەی شەڕی داعش شەڕی هیچ داگیرکەرێکیتری نەکردووە، لەولاشەوە بە دەیان هەزار کەس مووچەی چەکداربوون وەر دەگرێ. ئەو مرۆڤانەی چەک بەدەستیشن پەروەردەیەکی تەندروست ناکرێن.
ئەو مرۆڤانەی لەماوەی ئەو ماوەی رابردوو دەستیان چۆتە کۆمەڵکوژ کردنی نزیکەی ٢٠ کەس لە کەسە هەرە نزیکەکانیان، هیچیان لەبەر هەژاری و نەبوونی نەبووە، پێچەوانە لە بەر ئەوەی ئەو دەرفەتەی لەدەستدایە نازانێ چۆن خزمەتی پێبکات، بۆیە لەجیاتی داهات و سەرمایەیی لەدەستدا ببێتە هۆکاری بووژانەوەو خۆشگوزەرانی و نەهێشتنی هەژاری، بۆتە هۆکاری کۆمەڵکوژ کردنی یەکتری.
راگەیاندنەکان و سەرجەم رۆشنبیران، نابێ وەک ئەوەی نەبووە مامەڵە لە گەڵ دیاردەکە بکەن، بەڵکو پێویستە بەشیکار و تەحریم کردنی لەهەموو لایەنەکانیەو،، قسەی لەسەر بکرێ. ئەگەرنا وەک بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی لێدێ لە بەرانبەر ژنکوژان، بەوشێوەیە ناتوانرێ رێگری لەو کۆمەڵکوژیانە بکرێ، بەڵکو دەبێتە هۆکاری شاردنەوەو بەردەوامبوونی.
راستە ئەو دیاردانە زۆر ئازار بەخش و تراژیدین، بەڵام ئەگەر راست راوەستەی لەسەر نەکرێ و وەک نەخۆشی کۆمەڵگە بەدەست نەگیردرێ و هەموو کەس و لایەنێکیش خۆی بە بەرپرسیار نەبینێ بۆ چارەسەری، نابێ چاوەڕێبین لەخۆیەوە ئەو کۆمەڵکوژیانە کۆتایان پێبێ.