دڵشاد ئەنوەر
دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ و کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ سەرۆک کۆمار، ململانێی نێوان ئاکپارتی و جەهەپەی گەیاندووەتە هەستیارترین قۆناغ، هەردوولایان شەڕی “مان و نەمان” دەکەن.
شەڕەکە بۆ ئەردۆغان شەڕێکی چارەنوسسازە، گەر بتوانێت ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات و دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵۆی بۆ بچێتەسەر، هەنگاوێکی گەورە لە خواستەکەی نزیک دەبێتەوە کە سەرۆک بوونە تا مردن.
ئەردۆغان ناتوانێت لە دەسەڵات داببرێت، چەندێک خەمی دەسەڵاتیەتی هێندە خەمی چارەنوسی خۆیەتی بە بێ دەسەڵات، ئەوەندە تۆمەتی بزنس و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی لەسەرە، ئەوەندە رکابەرەکانی چەوساندووەتەوە، گەر دەسەڵات لەدەست بدات ناچارە هەڵبێت، گەر نا هەزار تۆمەتی بۆ زیندوو دەکرێتەوەو ڕاپێچی دادگا دەکرێت، بۆیە شەڕەکە بۆ ئەردۆغان شەڕی یەکلایی کەرەوەیە.
سەرباری فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان و خرۆشانە جەماوەرییەکان، سەرباری ترس لە گۆڕانی ناڕەزایەتییەکان بۆ شۆڕشی مەدەنی، بەڵام هێشتا ئەردۆغان و ئاکپارتی خۆیان بەهێز دەردەخەن و بەهێزیشن، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەو ڕێگرتن لە لەقبوونی دەسەڵاتەکانیان دەکەن.
جەهەپەی رکابەرو خروشێنەری شەقام، بە هەستیارترین قۆناغی سیاسی خۆیدا تێدەپەڕێت، وێڕای تەنگ پێهەڵچنینی لەلایەن ئەردۆغان، وێڕای پاڵپشتییە جەماوەری و درێژی تەمەنە سیاسی و حزبییەکەی بەڵام پەشۆکاو و گرفتارە، بۆ پەشۆکاوو گرفتارە؟
گرفتاری دەست کێشەی ناوخۆیی و فرە گوتارییە، ئەم پەشۆکاوی و گرفتارییە هۆکارە بۆ ئەوەی سەرۆک شارەوانییەکەی ئەنکەرەی لەمکاتەدا هەستیارەدا هێرش بکاتە سەر کوردو ئاڵاکەی، سەرۆکەکەشی خێرا پیرۆزبایی نەورۆز بکات و هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکە بدات.
سەرکردەکانی جەهەپە لە هەرچیدا ناکۆک بن، لەوەدا کۆکن نابێت بەرامبەر ئەردۆغان بێدەنگ بن، چونکە تێگەیشتوون بێدەنگی واتە کۆتایی هاتنیان، بێدەنگبوون وادەکات ئەردۆغان زیاتر لاوازیان بکات.
پێچەوانەی کورد کە ڕێکخراوترەو فێری چۆنیەتی مامەڵەکردن و سودوەرگرتن لە هێزی شەقام بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارەکان، جەهەپە شڵەژاوەو نازانێت چۆن سود لە شەقام وەربگرێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە کوتوپڕەکان بکات، لەکاتێکدا قورساییەکی گەورەی جەماوەری هەیە.
ئاڵۆزییەکانی ئەمجارەی تورکیا جیاوازن، حوکمڕانی داهاتووی تورکیایان لەسەر بینا دەکرێتەوە، بەوەی گەر ئەردۆغان ئاستەنگەکان تێپەڕێنێ دەبێتە حاکمی ڕەها چی بوێت بۆی دەچێتە سەر، گەر دۆخەکەش لەدەستی دەربچێت ڕووداوەکان پێچەوانە دەبنەوە.
دۆخەکە بۆ جەهەپە مەترسیدارترەو تەحەداکان بۆ ئەم گەورەترن، بەوەی گەر نەتوانێت سود لە هێزی شەقام وەربگرێت و ململانێکان لەگەڵ ئەردۆغان یەکلایی نەکاتەوە، هێندەی تر لاواز دەبێت و سەدان هەنگاو لە کورسی دەسەڵات دوور دەکەوێتەوە.
ئەردۆغان بێ ئاگایانە دەستی بۆ گرتنی ئیمام ئۆغڵۆ نەبردووە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی دۆڕاندووەو ترسی لەوەش هەبوو دەسەڵات لەدەست بدات دوای خۆ کاندیدکردنی ئیمام ئۆغڵۆ، بۆیە دەیەوێت پێش هەڵبژاردن ململانێکان یەکلایی بکاتەوە.
دەیەوێت رکابەرەکانی لاواز و ماندوو بکات، کەشێکی وا بهێنێتە ئاراوە، دۆخی وەهای یاسایی و یاسایی و جەماوەری بخوڵقێنێت، بەوپەڕی دڵنیاییەوە بچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن و هیچ گومانێکی لە دۆڕان نەبێت.
دۆڕانی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی پاشەکشەی جەماوەری کردووە، بەڵام هێشتا ئەم هێزە خاوەنی گوتاری سیاسی و ئابووری و نەتەوەیی بەهێزە. لەسەردەمی ئەمدا تورکیا لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە گەشەی کردووە، لەکاتێکدا جەهەپە دووچاری چەقبەستوویی و شپرزەیی بووە لەڕووی گوتارو موخاتەبەکردنی جەماوەرەوە.
پرسیارێک دێتە پێشەوە، هەڵوێستی ئەمەریکاو ئەوروپا لەسەر ڕووداوەکانی تورکیا چییە؟
بێگومان ڕۆژاوا لە هەڵسوکەوتی تورکیای سەردەمی بەهێزبوونی ئەردۆغان ناڕازییە، کە وەکو جەمسەرێکی بەهێز لە ناوچەکەدا مامەڵە دەکات. باس لە هەبوونی پلانیش دەکرێت بۆ لە قاڵبدانی تورکیا، بۆیە ڕوون نییە ئاڵۆزییەکانی تورکیا دەستی ئەوانی تێدایە یاخود نە، بەڵام ئەوە ڕوونە ڕووداوەکان لەگەڵ پلانەکانی ئەواندا یەکدەگرێتەوە.
ئەردۆغان ئەو چانسەی هەیە، لەکاتێکدا ئاڵۆزی لە تورکیا سەریهەڵداوە ترەمپ گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات و ئەمەریکا زیاتر سەرقاڵی دۆسیەی ناوخۆو ململانێی وڵاتانی ترە، ئەوروپاش گیرۆدەی دەست شەڕی روسیاو ئۆکرانیاو خراپی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئەمەریکا.
جیا لە سەرقاڵبوون، دڵنیا نەبوونیان لە ئایندەی ناڕەزایەتییەکان وبەڵێنەکانی ئەردۆغان بۆ ناردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ئۆکرانیا، ئەوروپای بێدەنگ کردووە.
جگە لەمەش لە هەموو دونیا دیموکراسی پاشەکشەی کردووەو لاوازبووە، فاشیزم و گوتاری پۆپۆلیستی بەسەر دونیادا زاڵە، ئەمەش وایکردووە ئەردۆغان نەترسێت و دەستکراوەتر بێت بۆ گیانی نەیارەکانی.
لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە، کورد ڕۆڵی چییە لە ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی تورکیا؟
کورد تا ئێستا یارییەکی جوان لە تورکیا دەکات، ڕۆڵی هەیە لەڕووداوەکانداو خۆشی بەلای هیچ بەرەیەکدا یەکلایی نەکردووەتەوە، بەو مانایەی کوردی ئەستەمبوڵ وەکو تاک بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەکات، بەڵام شارە کوردییەکان نەبوون بە بەشێک لە ئاڵۆزییەکان کە ئەمە خواستی جەهەپەیە.
کورد دژی دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵۆیە، بەڵام نەچووەتە بەرەی جەهەپەوە بۆ دژایەتی ئاکپارتی، وادیارە ئۆجەلان ئەو بارە لارەی ڕاستکردەوە کە کورد بەدەست هاوپەیمانێتیکردنی جەهەپەو فشاری ئاکپارتی بەهۆی بەشداریکردنی لە هاوپەیمانێتی میللەت لە ساڵی 2023 دەیناڵاند.
ئێستا کە دۆخی تورکیا ئاڵۆزە، کە ناکۆکی نێوان جەهەپەو ئاکپارتی گەیشتووەتە ترۆپک، ئەو دوو لایەنە لەهەمووکات زیاتر پێویستیان بە کوردە. جەهەپە تەنهایەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارەکانی تورکیا تامەزرۆی ڕاکێشانی کوردە بۆ نێو ئاڵۆزییەکان، ئاکپارتیش بۆ لاوازکردنی جەهەپەو گۆڕینی دەستورو دەسەڵات گرتنەوە دەست نەرمی بەرامبەر کورد دەنوێنێت.
بەڵام پێناچێت کورد تا سەر بتوانێت بەردەوامی بەم هاوسەنگییە بدات، چونکە پرۆسەی ئاشتی و دروستبوونی گفتووگۆ خزمەتێکی گەورەی بە ئەردۆغان کردووە، بۆیە دەبێت لە نزیکترین دەرفەتدا ئاکپارتی بەرچاو ڕوونی بدات لە چۆنیەتی جێبەجێکردن و بەکرداری کردنی پرۆسەی ئاشتی.
بێگومان گەر ئاکپارتی لە مەسەلەی ئاشتیدا ڕاستگۆ بێت، نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ کورددا ڕوودەدات، خۆ گەر ڕاستگۆش نەبێت قۆناغێکی تری کێشمەکێش لە نێوان کوردو ئاکپارتی سەرهەڵدەداتەوە.
پرسیارێکی گرنگتر، کامیان بۆ کوردن باشن، ئاکپارتی یان جەهەپە؟
کورد ئەزموونی لەگەڵ حوکمڕانی هەردوو لایەنەکە هەیە، پارتی گەلی کۆماری لەوەتەی لە ساڵی 1923 لەلایەن کەمال ئەتاتۆرکەوە دامەزرێنراوە، درێغی نەکردووە لە کۆمەڵکوژکردن و چەوساندنەوەو هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەو زمان و فەرهەنگی کوردی.
هەرچەندە ئێستا سەردەم و قۆناغەکان گۆڕاون، ئەردۆغان زیاتر لە 30 ساڵە جڵەوی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و جەهەپە یاریکەری سەرەکی نییە، بەڵام هێشتا دەنگ و گوتاری زۆر نەشاز لە نێو جەهەپەوە دژی کورد دەبیسترێت.
قۆناغی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغان بەرامبەر کورد جیاوازە لە قۆناغی جەهەپە، جەهەپە تا لەدەسەڵات بوو ریتمی دژایەتی کوردو هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەرنەداو بەردەوامبوو لەسەری، بەڵام لەسەردەمی ئەردۆغاندا پرسی کورد بە چەندین قۆناغ و هەڵکشان و داکشان دا تێپەڕیووە، سەردەمێک شەڕو سەردەمێک هەوڵدان بۆ ئاشتی.
ئەردۆغان هێواش و لەسەرخۆ خەریکە ڕەگی ئەتاتۆرک لە بن دەردەهێنێت، ئەو ڕێبازەی لەسەر بنەمای رەگەز پەرستی و سڕینەوەی کوردو کەمینەکان بونیانراوە، ڕاستە ئەردۆغان بۆ خۆی ئەمە دەکات، بەڵام خزمەتێکی گەورەشە بە کورد.
هەرچەندە هێزە کوردییەکانی تورکیا بە ڕاشکاوی نایڵێن، بەڵام ئەوان پێیانوایە ئەردۆغان و ئاکپارتی خراپی نێو خراپترینەکانن، ئەمە جگە لەوەی دەمێکە لە کێشمەکێشدان لەگەڵ ئەردۆغان و لە سیاسەت و جوڵەی ئەردۆغان تێدەگەن، لەکاتێکدا دڵنیانین لەوەی ئەوەی دوای ئەردۆغان دێت لەم خراپتر نییە.
بۆیە هەنگاوی ئێستای کورد ڕاگرتنی باڵانسە لە نێوان ئاکپارتی و جەهەپە، نایانەوێت هەڵەی 2023 دووبارە بکەنەوەو خۆیان بەلای بەرەیەکدا یەکلایی بکەنەوە. هەموو خواستەکەشیان بریتییە لە سەرگرتنی پرسی ئاشتی و چەسپاندنی داواکارییە حەق و سادەکانیان لەدەستوری داهاتووی تورکیا، کە جێکردنەوەی زمان و کلتورو فەرهەنگ و ناسنامەو کۆمەڵێک داواکاری ترە.
سەرباری ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم خواستی کورد، بەڵام هاتنە سەر خەتی باخچەلی و مەهەپەو پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتی، وایکردووە لەمپەرێکی گەورەی بەردەم پرۆسەکە لاببرێت.