Home هەواڵ لە ڕۆژی جیهانییەکەیدا؛ شانۆ لە باشووری کوردستان بەرەو لاوازی دەچێت

لە ڕۆژی جیهانییەکەیدا؛ شانۆ لە باشووری کوردستان بەرەو لاوازی دەچێت

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 81 بینینەکان

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی هونەری شانۆیە، وێرای ئەوەی گرووپە شانۆییەکان لە جیهاندا بەردەوام گەشە دەکەن و لە ڕێگەی شانۆکانیانەوە پەیام و داخوازیی و ڕەخنەکانیان دەگەیەنن، بەڵام لە باشووری کوردستان بە هۆی گرنگی نەدانی دەسەڵات بەو هونەرە لە ئێستا هونەری شانۆ بەر بە لاوازی دەچێت و خەمی ناخورێت.

شانۆ یەکێکە لە کۆنترین و کاریگەرترین فۆرمەکانی هونەر کە مرۆڤ داهێناوە، ئەم هونەرە زیندووە توانیویەتی بۆ هەزاران ساڵ بەردەوام بێت و لەگەڵ ئەوەشدا کە تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ هاتوونەتە ئاراوە هێشتا توانییویەتی بەباشی گەشە بکات.

ڕۆژی جیهانیی شانۆ

دروستبوونی ڕۆژێکی تایبەت بە شانۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین کۆنگرەی جیهانی تایبەت بە شانۆ لە شاری پراگی چیک، کە لە ٢٧ـی ئاداری ساڵێ ١٩٤٨ بەڕێوەچوو، ئەمە بوو بە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی لە ٢٧ـی ئاداری ١٩٦٢ لە پاریس بە هۆی ئەنجامدانی فێستیڤاڵی شانۆی نەتەوەکان، لە مەراسیمێکدا ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی جیهانی شانۆ دەستنیشان کرا و لەو ڕۆژەوە پەیمانگای شانۆیی نێونەتەوەیی کە بە (I.T.I) ناسراوە نوێنەری سەرجەم شانۆکارانی وڵاتانی تێیدا ئەندامن و بارەگای سەرەکییان لە پاریسی پایتەختی وڵاتی فەرەنسایە.

ساڵانە وتاری ڕۆژی جیهانی تێدا دەخوێنرێتەوە کە وتارەکە هەر ساڵەو لەلایەن نووسەرێکی شانۆییەوە دەنوسرێت و دەبێت بە پەیامی شانۆکارانی جیهان، لەسەرتاسەی جیهاندا شانۆکاران ئەو پەیامە هاوبەشەی ڕۆژی جیهانی شانۆ دەخوێننەوە، یەکەمین نامەی ڕۆژی جیهانی شانۆش لەلایەن نووسەری فەرەنسی (ژۆن کوکتۆ)ـەوە نووسرا.

مێژووی شانۆ

سەرەتاکانی دروستبوونی شانۆ بۆ سەردەمی یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی کە هونەری شانۆ تاکە هۆکار بووە بۆ دەربڕینی هونەری لە دوای زۆرانبازی و پێشبڕکێکانی ترەوە، کە لەڕێگەیەوە مرۆڤ لەنمایشەکاندا سەرنجی جەماوەری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

بە پێ سەرچاوەکان مرۆڤ پێش ئەوەی زمانی بپژێ و پەی بە پیت و وشە ببات، جوڵەی ئەندامەکانی لەش و وێنەکێشان لە سەر دیواربەندی ئەشکەوتەکان بەکارهێناوە بۆ گفتوگۆ، تەنانەت هاوار و دەنگی بەرزکردنەوەش بەشێک بوونە لە گفتوگۆی ئاسایی نێوانیان، ئەو قۆناغەی ژیانی مرۆڤ بە شانۆی ڕاگوزەری مرۆڤ ناو دەبرێت.

پاش پەیدابوونی ئایینەکان شانۆ دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی پەرستگا ئاینییەکان، بەجوڵە و وتنەوەی درووشمی تایبەتی، مەراسیمە ئاینییەکان بەڕێوە دەچیت، وەکو سوپاسگوزاری بۆ خوداوەندەکانیان، لە پای ئەو بەخششەی پێیان بەخشراوە، بە تایبەت لە کلێساکان و ئاینی مەسیحیدا، شانۆ بەشێکی گەورەی مەراسیمەکانیان بووە.

بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان یەکەم شانۆ کە وەکوو بابەتیکی هونەری نمایش دەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، هەروەها عێراقیش بەشێکی لەو مێژووە چنیووەتەوە و یەکەم شانۆی لە ساڵی ١٨٩٢ نمایشکردووە کە شانۆییەکی تایبەت بووە بە پەروەردە.

جۆرەکانی شانۆ

شانۆ چەندین جۆری هەیە کە هەر یەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە، تراژیدیا یەکێکە لە کۆنترین جۆرەکانی شانۆ کە باس لە چارەنووسی کارەکتەرە ناودارەکان دەکات و کۆتاییەکی خەمناکی هەیە، کۆمیدیا بە پێچەوانەوە، هەوڵ دەدات پێکەنین و خۆشی بخاتە دڵی بینەرانەوە، دراما جۆرێکی دیکەیە کە زۆر جار باس لە کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان دەکات، میوزیکاڵ جۆرێکی تایبەتە کە تیایدا گۆرانی و سەما تێکەڵ بە دیالۆگ دەبن، شانۆی ئەبسوورد کە لە سەدەی بیستەمدا سەری هەڵدا، هەوڵ دەدات بێمانایی ژیان پیشان بدات، هەروەها شانۆی بەشداری و شانۆی شەقام دوو جۆری دیکەن کە هەوڵ دەدەن سنووری نێوان بینەر و ئەکتەر بسڕنەوە.

کاریگەریی شانۆ لەسەر کۆمەڵگە

شانۆ کاریگەریەکی قووڵی هەیە لەسەر کۆمەڵگە، لە ڕێگەی شانۆوە، کۆمەڵگە دەتوانێت خۆی ببینێت و ڕەخنە لە خۆی بگرێت، شانۆ دەتوانێت کێشە کۆمەڵایەتییەکان بخاتەڕوو و بیرۆکەی نوێ پێشکەش بکات بۆ چارەسەرکردنیان، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەروەردەکردنی هەستی جوانناسی و ڕەخنەگرانە لە تاکەکانی کۆمەڵگادا، لە ڕووی دەروونییەوە، شانۆ دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات بۆ دەربڕینی هەست و سۆزەکانیان و تێگەیشتن لە ئەوانی دیکە، لە هەندێک وڵاتدا، شانۆ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکان بەکار دێت.

شانۆی کوردی

شانۆ لە کەلتووری کوردیدا مێژوویەکی کەمتری هەیە بە بەراورد بە کەلتوورە ئەورووپییەکان، بەڵام لە سەدەی بیستەمەوە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە سەرەتادا، شانۆ زیاتر وەک ئامرازێک بۆ هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیی و سیاسی بەکار دەهات، دواتر بابەتە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیش هاتنە ناو شانۆی کوردییەوە.

گۆرانی شاعیر وەکوو یەکەم شاعیری کورد یەکەم کەس بووە کە زاراوەی (شانۆی) لە شیعری (جلیوەی شانۆ)ـی دیوانی فرمێسک و هونەر لە ساڵی (١٩٥٠) بەکارهێناوە و پاشان نووسەران و دەرهێنەرانی وەک تۆفیق جەلال، عەتا قەرەداغی و مەحموود زامداریش ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە پێشخستنی شانۆی کوردییدا.

ئێستا لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستان هۆڵی شانۆ هەن و فێستیڤاڵی شانۆیی بەردەوام بەڕێوەدەچن.

لە باشووری کوردستاندا کاروانی مێژووی شانۆی کوردی، دابڕاو نییە لە گەلانی دیکەی ناوچەکە و شانۆ سەدەیەک پێش ئێستا لە کوردستان سەری هەڵدا و پاشان چەندین تیپی شانۆی دروست دەبن، بە هۆی داگیرکارییەکانی سەر گەلی کورد زۆربەی شانۆکان دژ بە ستەم و داگیرکاری و ئەشکەنجە ئەنجامدران، بە ناڕاستەوخۆ وەکوو پەیامێک بۆ بەرزکردنەوە ئیرادەی گەل دژ بە نادات پەروەری ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە.

لە دوای ساڵی ١٩٩٢ـوە بەردەوامی بە شانۆ درا، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی پشتگوێخستنی دەسەڵاتەوە لەگەڵ بەردەوامییەکان پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە و گرنگیی پێنادرێت و شانۆ لە تەنگژەدایە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی شانۆکاران و هونەرمەندان و سستبوونی شانۆ لە باشووری کوردستان.

لە کاتێکدا مێژووی هونەریی باشووری کوردستان تژییە بە چەندین گرووپی شانۆیی و دەیان شانۆکار، بەڵام لە ئێستا بە هۆی ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە کەمترین گرنگی بە هونەر و بەتایبەت بە شانۆ دەدرێت ئەوا ئاستی شانۆ بە تەواوی لاواز بووە و دەیان گرووپی شانۆیی هەڵوەشاونەتەوە و هونەرمەندان لە دەستیان داوەتە کاری دیکە و بە فشارەکانیان لە خەمی هونەری شانۆدان لە باشووری کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە