44
١.

«بۆچی کابینەی ١٠ جێگای ئومێدە؟! چونکە پرۆژەی هەژمار و روناکی لە کابینەی ١٠ تەواو دەبن»، ئەمە ئەم دروشمەیە کە بە دەهۆڵی میدیا دڕاوەکانیان بە دۆلار دەیکوتن!
بە پرۆژەی تاڵانکردنی گیرفانی خەڵک پڕوپاگەندە بۆ حکومەتێک دەکەن کە هێشتا لە دایک نەبووە!
٢.
لە قاموسی والی دا، نامەی پێشوەختەی پیرۆزبایی جەژن، پرۆژە و پلان و پارە و پول و پیر و بیر و جوڵە و جمە و چالاکی و چوستی و … چەرەسی میدیاکانە، هەواڵێکی گرنگ و جێی بایەخ و جاڕدانە!
٣.
ئەو قسەیەی دەڵێت؛ «لەسەر سفرەی معاویە دەخۆن و وەصفی دنیا نەویستی عەلی دەکەن»، حاڵی ئەو رۆشنبیرانەم دێنێتەوە یاد کاتێک لە شەقام خۆپیشاندان دەکرێ ناڕازی و دژە دەسەڵاتن، کاتێکیش لە میدیاکانی دەسەڵات دەبنە میوان، خەمخۆری دەسەڵاتی بنەماڵەکانن!
٤.
پارتی سەرۆکایەتییەکانی بۆ خۆی ڕیزکردوە و جێگرەکانیشی بۆ یەکێتی داناوە! لێتان تێکنەچێت پێتان وابێت سەرۆکایەتی پەرلەمان لای یەکێتییە، لەوەتەی سەرۆکی پەرلەمان لای ئەو حزبەیە، هەر هەموویان بە تامی جێگر سەرۆکی پەرلەمان بوون!
٥.
هەر سیاسییەک تۆزقاڵێک ڕێزی خۆی بگرێت کاتێک بە دەنگی خەڵک بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵدەبژێردرێت ئامادە نییە و دوای ئەو ٤ ساڵە یەک رۆژ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە!
سیاسییەکان درۆیان زۆرن، یەکێک لە هەرە گەورەکانیان ئەوەیە کە دەڵێن دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کردوە و قبوڵ ناکرێ!
٦.
هەموو ئەوانەی لە کایەی گشتیدا قسە دەکەن و دەنوسن و بڵاودەکەنەوە، ئەگەر لەسەر دزینی مووچەی مانگی ١٢ ی مووچەخۆران قسەیەک بۆ ویژدان و مێژوویان نەکەن، بەشدارن لەو دزییە!
دزینی مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠٢٤ لەو جۆرە دزیانەیە کە باوک بۆ وەچەکانی بگێڕێتەوە!
٧.
جاران کادر و لاینەگرانی حزب رۆژی جارێک سەرۆکی حزبیان لەسەر تەلەفزیۆن دەبینی، ئێستا قەپاتن رۆژی چوار جار لەسەر فەیسبوک دەیبینن!
٨.
بە تەکەتولبازیی دوو حزبی گەورە و گرانی لەم شارەدا تەفروتونا کرد، کەچی هێشتا دانەسەکنێ و بێنە و بەردەیەتی، ماوتە کاولیکەی؟!
٩.
قیڕوسیا لە «وەرگرتنەوەی هەولێر و مودیرعام و ڕوخاندنی حکومڕانی بۆگەن و توطین»، فریای قودسەکەی کەرکوک بکەون، خەریکە دەبێتە دڵ!
١٠.
ئەو چەقبەستنەی لە هەرێمدا دروست بووە سێ گۆشەیە:
گۆشەی یەکەم: دەسەڵاتێکی بێباک کە دەست لە هیچ ناپارێزێت!
گۆشەی دووەم: ئۆپۆزسیۆنێکی بێباک کە هیچی لەدەست نایەت!
گۆشەی سێهەم: کۆمەڵگەیەکی بێباک کە دەستی لە هەموو شتێک شتوە!
١١.
پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو دەڵێت «پارتی جددی نیە بۆ بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە، چونکە لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتی پارێزگایەک زیاد دەبێت.»
ئەوە لە ریفراندۆمەکەش هەر ئاوا ناجدی بوو!
١٢.
بەو حەماسەی کۆمێنت بۆ میدیا ئاست نزمەکانی دەسەڵات دەنوسن تاوەکو خەڵاتیان بۆ دەربچێ کە بە پارەی دزراو و حەرام دەکڕدرێ، بەو حەماسەوە مافەکانی خۆیان داواکردبا پێویستیان بەوە نەدەبوو ئاوا لە سۆشیال میدیاوە بکەونە سواڵ و سەودا!
١٣.
پەرلەمانتارانی ئەم خولە کڕکەوتوەی پەرلەمانی کوردستان گیرفانیان لەسەر (هەژماری من)و دڵیان لای (توطین)ە!
هۆشیار عەبدوڵا