ستارە عارف:
بەر لەهەر شتێک داواکاری گشتی سلێمانی تا ئێستا بێدەنگترین و بێ هەڵوێسترین فەرمانگە و لایەنی پەیوەندیداری ئەم دەڤەرەیە و پێموایە یەکەمجارە دەنگێک بەرز دەکاتەوە، ئەویش لەسودی ڕۆژنامەنوسان و کۆمەڵگە نیە و دەتوانم بڵێم لەبەرژەوەندی دەستەڵاتی ستەمکاری دەڤەرەکەدایە، بەو بەڵگەیەی لەپشت لەهەمو تاوانێکی کوشتن و گرتن و دەستدرێژی کردنێکەوە لەپارێزگای سلیمانی دەستەڵاتی بنەماڵە و ینک هەن، زۆرینەی کوشتن و ئەو تاوانانەی ڕودەدەن یان تیرۆرکردن و بە ناحەق شەهیدکردنی گەنج و تاکە لەلایەن هێزی ئەمنی و بەڵتەچیەکانی دەستەڵاتەوە، یان کوشتنە بەهۆی گرفتی کۆمەڵایەتییەوە و سەرچاوەی زۆرینەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەیش خراپی ڕەوشی ئابوری و شێواوی حوکمڕانی سیاسی و تێکچونی شیرازەی خێزان و تێکدانی باری دەرونی تاکە و دەستەڵات لەپشتی ئەو گرفت و قەیرانانەوەیە، یان کوشتنی ژنانە و بکوژانیان لەجیاتی ئەوە ببرێنە بەردەم دادگا و سزایی یاسایی وەربگرن و داواکاری گشتی لەسەری بە دەنگ بێت، بە پێچەوانەوە دوای کەتن و تاوانەکە باشتر دەچنەوە پشت دەستەڵاتی ستەمکاری بنەماڵەوە و دەپارێزرێن، بەشێکی زۆری کوشتن و تاوان و ڕوداوە جەرگبڕەکان بەهۆی بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەرەوەیە و ڕونە بازرگانانی ئەو ماددە مرۆڤ کوژە هەر دەستەڵات خۆیانن.
ڕۆڵ نەبینینی دادگا و یاسا لەبەرامبەر ئەو هەمو تاوانەدا و بە دوادانەچونی داواکاری گشتی و سکاڵا نەکردنیان و پاراستنی بەرژەوەندی دەستەڵاتە، کە دەبێت ڕوی سزا و بە دواداچونەکانیان لەوان بێت و یەخەیان بگرن، لەجیاتی ئەوەی ڕۆژنامەنوسان لەسەر ڕوماڵکردن و کاری پیشەیی خۆیان سزا بدەن، بەڵام ئەو بەشەی داواکاریەکەیان ڕاستە، کە دەڵێن دەبێت ڕۆژنامەنوسان و میدیا پابەندی کاری پیشەیی و ئیتیک و بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی بێت.
بەڕێز داواکاری گشتی سلێمانی چارەسەری گرفت و تاوان و کوشتن لەم سنورە ڕێگەگرتن و سانسۆرکردنی ڕاگەیاندن ڕۆژنامەنوس نیە، بەڵکو سزادان و مامەڵەیی یاساییە لەگەڵ سەرچاوەی قەیران و تاوانەکان، کە دەستەڵاتی مافیایە و ئێوەیش لەئاستیاندا بێدەنگ و بێ ڕۆڵن.
جگە لەوە بەشێکی زۆری میدیا و دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوسانی ئەمڕۆی سەر گۆڕەپانی ڕۆژنامەوانی و سیاسی لەم دەڤەرە و ئەوانیتریش، بە ڕاستی دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوس نین، کادێر و گوێ لەمستی ستەمکاران و بە ناو بەرپرسەکانی ینک و بنەماڵەی تاڵەبانی و دەوروبەریانن، کە هەمو هێڵێکی سور بۆ مەبەستی حزبی و کەسی و بازرگانیەکانیان ژێر پێ دەخەن و هیچ ئتیک و پڕەنسیپ و ئەخلاقێک ڕایان ناگرێت..
کەواتە دادوەران و داواکاری گشتی سلێمانی و دادگا، ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی بە لاڕێدا بردنی ئاکاری لێکۆڵینەوەکانتان و گوێنەدان بە یاسا و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکردنی ڕاستی و نەمانی متمانە و کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونی تاک و کۆمەڵگەتان دەوێت، دەبێت سکاڵا و بە دواداچونی یاسایی بۆ ڕاگرتن و سنوردارکردنی دزی و تاڵانی ئەو دزانە بکەن، کە هەر یەکەیان کەناڵێک یان زیادتریان بۆ چەواشەکاری بە ناوی میدیاوە هەیە و کادێری خۆیان بۆ کاری چەواشە و هەواڵگری بە ناوی ڕۆژنامەنوسەوە خستۆتە گۆڕەپانەکەوە، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن و چیا دەڕوخێنن و زەوی و خاکی تاڵان دەکەن و سلێمانی وەک سەدام تەعریب دەکەنەوە و تیرۆر و کوشتن ئەنجام دەدەن و سەدان قومارخانەیان بۆ بە لاڕێدا بردنی گەنجی کورد کردۆتەوە و و شیرازە و دەسترازەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی خێزان و کۆمەڵگە دەشوێنن و تێکیدەدەن و لەشکرکێشی دەکەن و پارێزگاکەیان سەرپڕ لەبنکەی سیخوڕی دوژمنان و هەواڵگری ئێرانی و عەرەبی عێراقی و تورکی کردوە و خاکی دەفرۆشن…
داخوازیەکەی داواکاری گشتی سلێمانی دەبێتە هۆی شاردنەوەی تاوانی کوشتن و تیرۆری دەستەڵات، ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنوس بە پشت بەستن بە ئەخلاق و بنەما پیشەیەکانی کاری ڕۆژنامەگەری بۆی هەیە بەدواداچون بۆ هەر ڕوداوێک بکات و ڕوماڵ بکات، داوکاری گشتی و دادوەرانیش ئەرکیانە بە دوای سەرچاوەی تاوان لەڕێگەی یاساوە بچن و سنورداری بکەن و تاوانبار یان تۆمەتباری ڕاستەقینە دادگایی بکەن، ناکرێت لەئاستی تاوانی دەستەڵاتدا بێدەنگ بن، ڕۆژنامەنوسان بێدەنگ بکەن و ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی سانسۆر بکەن.
ڕونکردنەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٧/٣/٢٠٢٥ی دادوەر سەڵاح لەتیف ئەندامی دەستەی داواکاری گشتی سلێمانی، مەبەستی داواکاریەکەی داواکاری گشتی وا باس کردوە، کە ڕۆژنامەنوس پابەندی ئیتیکی تایبەت بە ڕوماڵکردن بێت و گوایە لێکدانەوەی هەڵە بۆ داواکەیان کراوە، هەمان ناوەڕۆک دوبارە دەکاتەوە، بەهیوام ڕۆژێکیش داواکاری گشتی سلێمانی لەسەر ئەو هەمو تاوانە گەورە و زەبەللاحەی یەخەی پارێزگاکەی گرتوە، بێتە دەنگ و ڕێکاری یاسایی دژی دز و مافیا و بکوژان بگرێتە بەر و پابەندی یاسایان بکات…