
وێنە: ئەرشیڤ
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست-ی ئەمریكی بڵاویكردەوە، لەدوای دەستبەكاربونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا لە 20ـی (كانونی دوەم/1)ـی ئەمساڵەوە 113 هەزار كۆچبەری نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیراون و دەزگای کۆچبەران و جێبەجێکردنی گومرگی (ICE)ـیش زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیپۆرتکردوەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كارمەندانی هێزە ئەمنیەكان 113 هەزار کەسیان دەستگیرکردوە كە بە نایاسایی لە سنورەكانەوە چونەتە ناو ئەمریكاوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەزگای کۆچبەران و جێبەجێکردنی گومرگی زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتکردوەتەوە كە زۆربەی ئەو کەسانەی دیپۆرتکراونەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتداران گەڕێندراونەتەوە بۆ مەکسیک.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی باسی لەوەشكردوە، ژمارەی كۆچبەرە نایاساییەکان لە سەرانسەری ئەمریکا لە مانگی (ئازار/3)ـدا بۆ حەوت هەزار کەس دابەزیوە، ئەوەش نزمترین ئاستی تۆمارکراوە، كە زۆربەیان لە ناوچەکانی سان دیێگۆی کالیفۆرنیا و ئێل پاسۆی ویلایەتی تەکساسەوە بە نایاسایی هاتون.
ئەوە لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، لە یەكەمین وتاری وەك 47هەمین سەرۆكی ئەمریكا بەڵێنیدا دەستبەجێ دزەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی ڕابگرێت و دەست بە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان کەسیان بکات. هەروەها بەهۆی بارودۆخی سنوری باشوری وڵاتەوە باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند.
بەپێی شیکارییەکانی ئەنجومەنی کۆچبەری ئەمریکا، مەکسیک سەرچاوەی سەرەكی کۆچبەرانە بۆ ئەمەریکا، هاوڵاتییانی 22.8%ی کۆی دانیشتوانی کۆچبەران پێکدەهێنن، لەدوای ئەویش هیندستان بەڕێژەی 6.1% و چین بەڕێژەی 4.6%.