Home ڕاپۆرتعێراق و ئێران؛ رەتکردنەوەى هەڕەشەى ترەمپ بەرانبەر جێبەجێکردنى رێککەوتنەکان

عێراق و ئێران؛ رەتکردنەوەى هەڕەشەى ترەمپ بەرانبەر جێبەجێکردنى رێککەوتنەکان

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 108 بینینەکان

سەرۆک وەزیرانى عێراق هەڕەشەکانى سەر ئێران رەتدەکاتەوە، لە ئاماژەیەکى ناڕاستەوخۆدا بۆ هەڕەشەکانى دۆناڵد ترەمپ لەو وڵاتە، ئێرانیش بەڵێنى جێبەجێکردنى سەرجەم رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغداد دەدات.

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رۆژى سێشەممە لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆمارى ئێران جەختیکردەوە کە وڵاتەکەى ئەو هەڕەشانە رەتدەکاتەوە کە روبەڕووى ئێران بووەتەوە و پابەندن بە ئاسایش و سەقامگیریی ئێران، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سودانى کە دەست سبەى کەوتووە.

لاى خۆیەوە، پزشکیان ئامادەیی وڵاتەکەى نیشاندا بۆ جێبەجێکردنى سەرجەم رێککەوتنەکان لەگەڵ عێراق، بەمەبەستى “تێکشکاندنى پیلانى دوژمنان”، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى سەرۆکایەتى کۆمارى ئێران کە رۆژى سێشەممە بڵاویکردەوە.

رەتکردنەوەى هەڕەشەکانى سەر ئێران لەلایەن عێراقەوە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا هەڕەشەکانى بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە و دوو مانگ مۆڵەتى بۆ ئەو وڵاتە دیاریکردووە تا گفتوگۆ یان روبەڕووبوونەوەى بژاردەى سەربازى هەڵبژێرێت.

عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژى دووشەممە لە وتارى جەژندا هەڕەشەى لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد کە ئەگەر پلانی لێدان و هێرشکردنە سەر ئێرانیان هەبێت وەڵامیان دەدەنەوە و بە توندی هێرش دەکەنە سەریان

هەروەها عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری باڵای رێبەری ئێران هەڕەشەى بەرهەمهێنانى چەکى ئەتۆمى کرد لەلایەن ئێرانەوە ئەگەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل بە بیانووی پرسی ئەتۆمی هێرش بکەنە سەر ئێران.

وتیشى ئێران لە نێوان وڵاتانی زلهێزدا پێگەیەکی باڵای هەیە و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت لەگەڵ ئێران پەیوەندیان هەبێت، بەڵام لەبەر فشاری ئەمەریکا هەڵوێستی خۆیان راناگەیەنن.

لاریجانی جەختیکردەوە، بژاردەى سەربازی لەگەڵ ئێران بێ لێکەوتە تێناپەڕێت. ناوەرۆکی نامەکەی ترامپیش تا ڕادەیەک هەمان ئەو قسانەیە کە بەردەوام دەیڵێتەوە.

نامەکەى ترەمپ بۆ ئێران

تا ئێستا بەفەرمى ناوەڕۆکى نامەکەى ترەمپ بۆ ئێران ئاشکرانەکراوە، بەڵام بەوتەى محەمەد ساڵح سدیقیان، بەڕێوەبەری ناوەندی عەرەبی بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئێران، ترەمپ لەنامەکەیدا سەرەڕاى ئەوەى ئامادەیی بۆ گفتوگۆ نیشانداوە هۆشدارى داوەتە ئێران کە روبەڕووى وەڵامى خێرا دەبێتەوە ئەگەر گفتوگۆ رەتبکاتەوە.

بەپێی دەقى نامەکە کە بەفەرمى پشتڕاستنەکراوەتەوە، ترەمپ دۆخى ئێستاى بە دەرفەتێکی مێژوویی داناوە بۆ وازهێنان لە دژایەتى و هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکی نوێ بۆ هاوکاریی و ئامادەیی نیشانداوە کە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەنێت، بەجۆرێک کە هەڵگرتنى گەمارۆ و بەهێزکردنى ئابورى ئێرانى لێبکەوێتەوە. 

لەهەمان کاتدا ترەمپ لە نامەکەدا دەسەڵاتدارانى ئێران ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییە رەتبکەنەوە، وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و خێرایان دەبێت و بێ دەنگ نابن لەو بارەیەوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمەریكا، ترسیان هەیە ڕێرەوی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بگۆڕێت، دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دووپاتیكردەوە كە كۆگای ئێران لە یۆرانیۆم گەیشتووەتە 60% و ئەوەش بەسە بۆ دروستكردنی شەش بۆمبی ئەتۆمی، ئەگەر ئێرانیش بتوانێت ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە 90% ئەوە بەس دەبێت بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.

وەڵامى ئێران

کۆمارى ئیسلامى ئێران بە چوار خاڵ و لەڕێگەی میرنشینی عوممانەوە وەڵامى نامەکەى دۆناڵد ترەمپى داوەتەوە كە تێڕوانینی ئێرانی تێدا ڕوونكراوەتەوە، سەبارەت بە دۆخی ئێستا و نامەكەی ترەمپ.

وەڵامى ئێران بۆ نامەکەى ترەمپ بەسەر چوار خاڵدا دابەشکراوە و بە جیا و بە وردی وەڵامی هەر بڕگەیەکى نامەکەی داوەتەوە، بە بەکارهێنانی زمانێکی گونجاو لەگەڵ ئەو زمانەی کە ترەمپ بەکاری هێناوە، ئەوەش بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى ئێرانى بۆ رۆژنامەى عەرەبی جەدید.

بەوتەى سەرچاوەکان، وەڵامەکان پەیوەندیدارن بە، بە پرسی ئەتۆمی، تواناکانی بەرگری، سیاسەتەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکان، کە ترەمپ لە نامەکەیدا وروژاندویەتی.

ئێران لەوەڵامەکەیدا هەر گفتوگۆیەکى لەبارەى توانای بەرگری و موشەکى رەتکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵى 2015  راگەیاندووە، بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت نەک لەژێر هەڕەشەدا.

ئێران لە نامەی وەڵامدانەوەیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانیدا دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی دوولایەنەیە، هاوپەیمانەکانى سەربەخۆن و لەژێر دەستى تاراندا نین و هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو لایەنانە پێشوازی لێدەکرێت.

خاڵى چوارەمى وەڵامەکەى ئێران بەوتەى سەرچاوەکان، وەڵامدانەوەى هەڕەشەکانى ترەمپە و تێیدا جەختیکردووەتەوە  کە بەشێوەیەکی پتەو بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی و ئاسایشی نیشتمانی دەکات، وەڵامدانەوەی بۆ هەر ئامانجگرتنێک هیچ سنوورێکی دیاریکراوی نابێت.

پێشتر عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى ئێران، كە خاوەنی دواقسەیە لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی، رەتیكردەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا بكات، بەپاساوى ئەوەى گفتوگۆى لەو شێوەیە دەبێتەهۆی توندكردنەوەی سزاكان و زیاتركردنی فشارەكان لەسەر ئێران.

لێدوانێک بەجێ بهێلە