Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی خۆڵ و خاشاک و ئاوی پیس سەرچاوەی داهاتن نەک نەهامەتی، بەڵام!

خۆڵ و خاشاک و ئاوی پیس سەرچاوەی داهاتن نەک نەهامەتی، بەڵام!

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 73 بینینەکان
لە هەرێمی کوردستان ئاوی ئاوەڕۆ (زێراب) بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگە و ئاوی خواردنەوە و سەرچاوەی ئاوە سازگارەکان، کاریگەرییە مەترسیدار و گەورەکانی ئەم کێشەیە لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵی داهاتوودا دەردەکەوێت.
جێگەی نیگەرانییە کە ئاوی زێرابەکانی هەرێمی کوردستان بە کارگە و نەخۆشخانە و شوێنی کارەکانەوە، بێ پاکردنەوە و فلتەرکردن دەڕژێنەوە ناوی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.
لە ئێستادا دەیان تەکنەلۆژیای پێشەکەوتوو و سەوز داهێنراوە، کە بەتێچووی کەم، وزەی کەم، کەرەستەی کەم و ژینگەدۆست، ئاوی پیس و خۆڵ و خاشاک دەکەنەوە بە داهات و ژینگەشی لێ ڕزگاردەکەن. 
دوێنێ سەردانی یەکێک لە کۆمپانیا تازە گەشەسەندووەکانی سویدمان کرد، کە ٧ ساڵە دامەزراوە و کاریان داهێنانی ڕێگەی سەوز و نوێیە بۆ گۆڕینی ئاوی پیس و خۆڵ و خاشاک بۆ داهات و رزگارکردنی ژینگە. ئەم کۆمپانیایە بە دوو کەس دەستیانپێکرد و ئێستا گەورەبوون و لەچەند وڵاتێک لقیان کردووەتەوە.
 
لێرەدا باسی ئەو خۆڵ و خاشاکە ناکەین کە زۆرینەمان دەزانین چۆن ڕیسایکڵ دەکرێتەوە وەک (شوشە، ئاسن، ئەلەمینیۆم، پلاستیک) بەڵکو باس لە ئاوی پیس و ئەو خۆڵوخاشاکە تەڕە دەکەین کە سەرچاوەکەی پاشماوەی خۆراک و ئەو کەرەستانەیە کە بە ئاسانی ریسایکڵ ناکرێن و لە خۆڵ و خاشاکەکە جیا ناکرێنەوە.
 
بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ و کەمتێچوو دەتوانرێت ( ئامۆنیا) کە سەرچاوەی پەینی کشتوکاڵییە لە ئاوی پیس جیابکرێتەوە و بفرۆشرێتەوە و ئاوە پیسەکەش پاکبکرێتەوە لە مادە زیانبەخشەکانی تر.
ئەو خڵتە و پیسییەی لە ئاوەکە دەمێنێتەوە و لەگەڵ خۆڵی تەڕی پاشماوەی خۆراک و کەرەستەی تر دەسوتێنرێت و سوود لە وزەکەی وەردەگیرێت، ئەو خۆڵەمێشەی لە دوای سوتانەکە دەمێنێتەوە بە ڕێگایەکی ژینگە دۆست، فۆسفۆر لێ دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت کە یەکێکە لە مادە پێویستەکانی کشتوکاڵ، گەر فۆسفۆر نەبێت ناتوانین خۆراکی پێویست بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم بهێنرێت.
ئەو لمەی دوای ئەم پرۆسەیەش دەمێنێتەوە لە بەرهەمێنانی چیمەنتۆ و خشت و کەرەستەکانی تری خانوبەرەدا بەکاردەهێنرێن.
لەکاتی سوتانی خۆڵ و خاشاکەکەشدا، ئەو دوکەڵ و تۆزەی لێی بەرزدەبێتەوە، کە پێی دەوترێت سوتوی فڕیو، کۆدەکرێتەوە و خوێکانی کالیسیۆم و پۆتاسیۆم و سۆدیۆمی لێ کۆدەکرێتەوە و دەفرۆشرێتەوە.
کوالێتی بەرهەمە دەرهێنراوەکانی ئەم ڕێگایانە کە بریتین لە (ئامۆنیا و فۆسفۆر و خوێکانی کالیسیۆم و پۆتاسیۆم و سۆدیۆم) لەو بەرهەمانە باشترە کە لە سەرچاوەی خامەوە بەرهەمدەهێنێن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم ڕێگە ژینگە دۆستە نوێیەدا، ئەو مادە کیمیاویانەی بەکاردەهێنرێن زۆرینەیان بە فیڕۆناچن و دەگەڕێنەوە بۆ ناو پرۆسەکە و دووبارە و چەند بارە بەکاردەهێنرێنەوە.
لە دوای تێگەیشتن لەم پرۆسەیە، ئیتر هەرکاتێک ئاوی پیس و خۆڵ و خاشاکت بەرچاودەکەوێت وەک سەرچاوەی داهات و ووزە دەیبینیت.
ئەمە بێجگە لەوەی ئەم ڕێگایە ژینگە و سەرچاوەی ئاوەکان رزگار دەکات لە مەترسییەکانی پیسبوون بۆ ئێستا و داهاتوو.
هیوادارم دەسەڵاتدارانی هەرێم تا درەنگتر نەبووە بیرێک لە چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆکان بکەنەوە پێش ئەوەی تێکەڵ بەسەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە ببەنەوە، گەر ئێستا ئەمە نەکەن، لە ١٠ ساڵی داهاتوو دەبێت هەزار ئەوەنەی تێچووی ئەم پرۆژانە لە چارەسەری نەخۆشی و کاریگەرییەکانی ئەم کێشەیەدا سەرفبکەن و کێشەکەش زۆر لەوە گەورەتر دەبێت کە پێشبینی دەکەن و چارەسەرکردنی ئەستەم دەبێت.
 
ئاوات عەلی
خوێندکاری دکتۆرا لە زانستی کیمیا
زانکۆی ستۆکهۆڵم

لێدوانێک بەجێ بهێلە