تەوار عادل:
ئەگەر باس لە چارەسەری بکرێت، بۆ دۆخی توندوتیژی و کوشتن و دوورخستنەوەی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، دەبێت بەشداری ژنان لە کایە جیاوازەکانی بەڕێوەبردن و شێوازی بەڕێوەبردن پێناسە بکرێتەوە، سەدەی ٢١ بە سەدەی ژن بەناو دەکرێت، ئەویش لەوەوە دێت، کە لەم سەدەیەدا ژنان دووبارە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە بۆ مێژووی شاراوەی خۆیان دەکەن، ئەو مێژووەی داهێنان، پێکهێنان و بە کۆمەڵگەبوونی مرۆڤ لە خۆدەگرێت. لە تەوەری ژندا بەرژەوەندییە چینایەتییەکان جێگەی باس نین، بەرژەوەندییە دەسەڵاتدارییەکانیش نەناسراون، بۆیە سیستمی دایک-ژن بە سەرکەوتووترین سیستمی بەڕێوەبردن دادەنرێت.
چونکە ئەگەر ژن مرۆڤێکی بێ ئیرادە بێت و خاوەنی کەسایەتییەکی نەخۆش بێت، خێزان و کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و بێ ئیرادەش بەرهەم دەهێنێت، بۆیە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بە قوڵبوونەوە لە تێکۆشاندا بە ماوەیەکی کورت دەگاتە بیردۆزی ئازادی و دەست بۆ پرسی ژن دەبات، پێی وایە ئەگەر ژنان لەناو تێکۆشاندا نەبن، ناتوانرێت گۆڕانکاری ڕووبدات، بۆیە دەڵێت: “مێژووی پێنج هەزار ساڵە لەبەر ژن شیکار دەکەم”.
هیچ سەردەمێکی مێژوو هێندەی ئەمڕۆ ژن وەکو ئامڕازێکی بەکارهێنان و قۆستنەوە بەکارنەهاتووە، بۆیە لە دیدی ڕێبەر ئۆجالانەوە لە نان و ئاو زیاتر، ژن پێویستی بە ئازادی هەیە، دەبێت ئامانجی خۆی هەبێت و ڕێکخستنەکانی بە گەڕ بخات، چونکە تا سروشتی ژن لە تاریکیدا بمێنێتەوە، ئەوا تەواوی سروشت و کۆمەڵگەش بە شاراوەیی و لە تاریکیدا دەمێنێتەوە، ڕاستینەی ژن و نەتەوایەتیش پێکەوە گرێدراوە، چونکە بەهۆی داگیرکاری و دەستدرێژی سەدان ساڵەوە کۆمەڵگە کەوتووەتە ناو دۆخی داخوراوی و ژن لە ژیان دوورخراوەتەوە، ژیانیش کراوەتە دۆزەخ.
ئەمەش بە ڕوونی لە دۆخی باشووری کوردستانیشدا دەبینرێت، سیاسەتی داگیرکاری لەسەر ژن، لە ڕێگەی بەکاڵاکردن و بە مۆدێلکردن و ڕووتکردنەوەی لەسەر پێوەرەکانی سیستمی سەرمایەداری، باڵاپۆشی و داپۆشینی ڕوو بە ناوی ئاین، بە کاڵاکردنی لەناو هاوسەرگیریدا، بە ئامێر و خزمەتکار سەیرکردنی لەناو خێزاندا، خستنەبەرچاو لە پێناوی بینەری زیاتری میدیاکان، شێوە ژیانی خەیاڵی لە دراماکانەوە بە تایبەت دراما تورکییەکان، وابەستەکردنیان بە ماددیەتەوە، سەپاندنی یاسای دژ بە پێوەری مرۆڤایەتی وەک هەموواری یاسای باری کەسێتی و ڕێگەدان بە بەشوودانی منداڵی ٩ ساڵ و فرە ژنی، هەڵوەشاندنەوەی پێگە و بنەمای ئەخلاقی خێزان و کۆمەڵگە، شێواندنی کولتوور و زمان و تێڕوانین و سەدان ڕێگەی دیکە، بۆ دوورخستنەوەی ژن و ڕێگەکردنەوە بۆ تانەدان لە ژن بەکاردەهێنرێن، بۆیە ڕاستییە کە بڵێین، “ئەگەر ژیانێک هەبێت، ئەوا تەنها لەگەڵ ژنێکی ئازاددا دەبێت”، ئەمەش لە ئەنجامی چەکەرەکردن و ڕابوونی ئازادیخوازانەی ژنانەوە بەدی دێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا خێزان لە ئاستی کڵاندایە و خێڵایەتی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئارادایە، ژن وەکو منداڵهێنەر و ماڵ بەڕێوەبەر و بۆ حەزی سێکسی بەکاردێت، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایەش ئاستی نەتەوایەتیش دواکەوتووە.
ڕێگەچارەی بنەڕەتی بۆ دۆخی هەنووکەیی توندوتیژییەکان دژ بە ژن، تێکۆشان و ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنە، کە هەوێنی خەباتی ژنانە لە سەرتاسەری جیهاندا، بە ملیۆنان ژن لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی، سیاسی، ئابووری، سەربازی، ئایدۆلۆژی، هونەری و کولتووری و …هتددا بەڕێوەی دەبەن و بووەتە ڕزگارکردنی ژنان لە کۆیلایەتی پێنج هەزار ساڵە، بۆیە باشووری کوردستانیش پێویستییەکی جددی بە ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن هەیە ، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی قوڵ و بەرفراوان ئەو ئایدۆلۆژیایە پێشنەخرێت، ئەوا ڕزگاری کۆمەڵایەتیش پێشناکەوێت، ئەمەش تەنها ئایدۆلۆژیایەکی ڕەگەزی نییە وابەستەبێت بە ژنەوە، لە ڕوانگەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی شەڕەوە تا ڕەخساندنی ئاشتییەکی پشتبەستوو بە ئازادی، پێویستیان بە پەرەسەندنی ئایدۆلۆژی ڕزگاری ژن هەیە، هەر بۆیەش لە کۆتا پەیامیدا، بە ناوی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت؛ کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە خەباتی یاسایی و مەدەنی بنیاد بنێن و پەیامێک ئاڕاستەی ژنان دەکات، کە پێشەنگایەتی ئەم قۆناغە بکەن. ئەمەش لەو ڕاستییەوە ئاماژەی پێدەکرێت کە تەواوی ئایدۆلۆژیاکان تا ئێستا مۆرکی پیاوانیان پێوەیە، ئەمەش ڕەهەندی چینایەتی ئیمپریالیزم و داگیرکاری و پیاوسالاریشی هەیە، شەڕ و نایەکسانی، فشار و زۆرداری هێناوەتە ئاراوە، بە گەڕانەوەش بۆ ڕاستینەی ژن و پێگە کۆمەڵایەتی-مێژووییەکەی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، دەتوانرێت ژیانێکی ئازاد فەراهەم بکرێت.
بۆیە دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە لە باکووری کوردستان سیستمی هاوسەرۆکایەتی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”، لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و چەسپاندنی پێگەی ژن لە ناوەندەکانی بڕیار، دەستکەوتی گرنگن بۆ ژنان.
لە باشووری کوردستانیش تێکۆشانی هاوبەشی ژنان، بە تایبەت لەم ساڵانەی دوایدا دژی سەپاندنی یاسا و هەوڵدان بۆ گەشتنی ژنان بە ناوەندەکانی بڕیار درێژکردنەوەی تێکۆشان و ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنە، سەرەڕای درێژی ڕێگاکە و پیلانگێڕیش لە دژی ژنان، بەڵام دەرئەنجامەکانیش لە داننان بە ڕۆڵ و پێگەی ژندا دەبینرێت. ڕێبەر ئۆجالان ئەوەش ناشارێتەوە کە هێشتا خەباتی ژنان نەگەشتوەتە ئاستی پێویست و لە کۆتا پەیامیدا ئەمساڵ بە ژنانی ڕاگەیاند تێکۆشانتان قۆناغی باشی بڕیوە، ژنان هەوڵ دەدەن سنووری دایکایەتی و هاوسەرگیری تێپەڕێنن، بەڵام هێشتا ئێوە تەنها لە ٪١٠ی کولتووری ئازادیی ژن بەڕێوە دەبەن. بنەماش ئەوەیە کە دەبێت بە تێگەیشتن شەڕ بکرێت.