Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی ئامارێکی مەترسیدار سەبارەت بە منداڵانی غەززە بڵاودەکرێتەوە

ئامارێکی مەترسیدار سەبارەت بە منداڵانی غەززە بڵاودەکرێتەوە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 51 بینینەکان

نووسینگەی ناوەندی ئاماری فەلەستین ڕایگەیاند کە نزیکەی 39 هەزار منداڵ لە غەززە لە ماوەی 534 ڕۆژی شەڕدا یەکێک یان هەردوو دایک و باوکیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 17 هەزار منداڵ لە هەردوو دایک و باوکیان بێبەش بوون، ئەمەش وایکردووە لە دۆخێکی دڵتەزێندا بەبێ چاودێری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی دەروونی بژین.
ئاژانسەکە دووپاتی کردۆتەوە کە ڕێژەی منداڵان و ژنان لە نێو قوربانییەکان 60%ی تێپەڕاندووە و کۆی گشتیی گیانلەدەستدان گەیشتۆتە 50 هەزار و 21  فەڵەستینی، کە 17 هەزار و 954 منداڵن، کە 274 منداڵی ساوا بەهۆی تۆپبارانەوە کوژراون، 52 منداڵیش بەهۆی برسێتیی و بەدخۆراکیی گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەی 923 فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا کوژراون کە 188 کەسیان منداڵ بوون.
سەبارەت بە پەروەردە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەی دوو ساڵە پڕۆسەی خوێندن لە غەززە ڕاگیراوە و زیاتر لە 298 هەزار خوێندکار ناچاربوون پشت بە فێربوونی مەجازی ببەستن لە نێوان ئاستەنگە بەرچاوەکاندا، لەوان پچڕانی کارەبا و لاوازیی ئینتەرنێت و کەمی ئامێری ئەلیکترۆنی، ئەمەش هەڕەشەی درووستبوونی کەلێنێکی مەترسیداری خوێندنی لێدەکرێت.
لای خۆیەوە فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتیی UNRWA ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کە باڵەخانەی دەزگایەکی لە باکوری غەززە کردە ئامانج، نۆ منداڵ کوژران، کە 700 کەسی ئاوارەی لەخۆگرتبوو.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە 300 باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکەرتی غەززە وێران کراون و بەو هۆیەوە زیاتر لە 700 کەس گیانیان لەدەست داوە لەکاتی پەنابردنیان بۆ ئەو باڵەخانانە. 
ناوبراو ئەمەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد و داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کرد سەبارەت بەو هێرشانەی کە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنە ئامانج.

ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

لێدوانێک بەجێ بهێلە