75

ئەحمەد شەرع پۆست بە براكەی دەدات


“شۆڕشمان كرد بۆ ئەوەی ماهیر ئەسەد بگۆڕین بۆ ماهیر شەرع” ئەمە كاردانەوەی چالاكوانێكی سوریایە دژ بە دانانی برایەكی ئەحمەد شەرعی سەرۆكی وڵات لە پۆستی ئەمینداری گشتیی سەرۆكایەتیی كۆمار، ئەم بابەتە مشتومڕی سەبارەت بە پرسی “بە بنەماڵەكردنەوەی دەسەڵات” لە سوریا دروستكردووە.
میدیاكانی سەربە حكومەت لە سوریا ئاشكرایانكرد، ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر؛ برایەكی خۆی كردووە بە ئەمینداری گشتیی سەرۆكایەتیی كۆمار.
براكەی ئەحمەد شەرع ناوی (ماهیر شەرع)ە، ئەم بابەتە قسەوباسی لەبارەی پرسی بە بنەماڵەیكردنەوەی حوكم لە سوریا دروستكردووە.
ماهیر شەرعی برای ئەحمەد شەرع لە شوێنی (عەبدولڕەحمان سەلامە) پۆستی ئەمینداری گشتیی سەرۆكایەتیی كۆمار (یاخود كۆشكی كۆماریی) وەردەگرێت، بەهۆی ئەم پۆستەوە، ئیدارەی كاروباری سەرۆكایەتیی كۆماریی لەڕووی كارگێڕیی و تەشكیلاتییەوە دەكەوێتە دەست برای سەرۆك.
ماهیر شەرع لە حكومەتە كاتییەكەی دەستەی تەحریر شامدا بەر لە كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، پۆستی وەزیری تەندروستی بەدەستەوە بوو، بەڵام لە حكومەتە كاتییەكەی دوای كەوتنی ئەسەددا كە بەمدواییە پێكهێنرا لە كابینەی حكومەت دورخرایەوە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسلەوە دەكەن، ماهیر شەرعی برای ئەحمەد شەرع پزیشكی نەشتەرگەرەو لەسەردەمی رژێمی ئەسەدو بەدیاریكراوی لە ساڵانی 2004 بۆ 2012 بەرپرسی بەشی منداڵبوون و نەشتەرگەریی ژنان بووە لە یەكێك نەخۆشخانە حكومییەكان، دواتریش وەكو راوێژكاریی تەندروستی لە نەخۆشخانەكانی باكوری سوریا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن (لەماوەی 2022 بۆ 2023) كاریكردووە.
بەهۆی شارەزاییەكەی لە بواری تەندروستیدا، شەرعی برا ناوبانگێكی باشی پەیدا كردووەو رۆڵی هەبووە لە باشكردنی چاودێری تەندروستی ژنان و منداڵاندا، هەندێك راپۆرتی رۆژنامەوانیی بەمشێوەیە وەسفی ئەكەن.
دانانی براكەی لە پۆستێكی باڵا لەلایەن ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی پێشتر) لەكاتێكدایە بەمدواییە كابینەیەكی نوێی حكومەت لە سوریا راگەیەندراوە كە ژمارەیەك كەسایەتی جێ مشتومڕ تێیدا بەشدارن و، لەنێویاندا خەڵكانی نزیك لە ئەحمەد شەرع هەن كە پێشینەی جیهادییان هەیەو هەندێكیان پێشترو لە حكومەتی رزگاریی نیشتمانی (دەستەی تەحریر شام)دا لە ئیدلب پۆستیان هەبووە (مەبەست لەو حكومەتەیە كە ئەحمەد شەرع بەر لە كەوتنی ئەسەد دروستیكردبوو).
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سوریا مشتومڕێكی گەرم بەخۆوە دەبینێت لەبارەی دانانی براكەی ئەحمەد شەرع لە پۆستی ئەمینداری سەرۆكایەتیی كۆمار، ئەوەشی زیاتر بابەتەكەی گەرم كردووە ئەوەیە كە ناوی براكەی ئەحمەد شەرع لێكچووە لەگەڵ ناوی براكەی بەشار ئەسەد كە هەردووكیان (ماهیر)ن، ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد كۆڵەكەی سەرەكی حوكمڕانییەكەی بەشاری برای بوو، وا دەناسرا كە زۆر دڵڕەقەو لەڕووی سەربازییەوە ستەمكارە، ماهیر فەرماندەی لیواو فیرقەیەكی گەورەی سوپای بوو، ئەم فیرقەیە كە بە (فیرقەی چوار) ناسرابوو، لەناو خەڵكی سوریادا بەدناو بوو.
هەندێك لە چالاكوانانی سیاسی لە سوریا ئیدانەی دانانی خزم و كەسوكاری سەرۆك دەكەن لە پۆستەكانی حكومەت لەدوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە، هەندێك لەو چالاكوانانە گرتە ڤیدیۆیەكی كۆنی ئەحمەد شەرع بڵاودەكەنەوە كە تێیدا دژ بە “حوكمی بنەماڵە” لە سوریای سەردەمی ئەسەددا قسە دەكات.
یەكێك لە چالاكوانەكان نوسیویەتی:” شۆڕشمان كرد بۆ ئەوەی ماهیر ئەسەد بگۆڕین بە ماهیر شەرع”.
لەبەرامبەر ئەم شەپۆلە رەخنەدا، لایەنگرانی ئەحمەد شەرع بەرگریی لە دانانی براكەی دەكەن لە پۆستی ئەمینداری سەرۆكایەتیی كۆمارو دەڵێن ئەم پۆستە پێویستی بە كەسێكە كە سەرۆك متمانەی پێی هەبێت و كاری پۆستەكە بریتییە لە بەڕێوەبردنی نوسراوەكان و فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیی و سەرۆك لەهەموان زیاتر متمانەی بە براكەی خۆی هەیە.