Home بیروڕا ” کۆسپی بەردەم سەرمایە خودی سەرمایەیە”

” کۆسپی بەردەم سەرمایە خودی سەرمایەیە”

لەپەراوێزی ڕێکارەکانی دونالد ترمپدا

by admin
0 کۆمێنتەکان 133 بینینەکان

کاوە کەریم:     

بەر لەسەدو پەنجا ساڵ کارل مارکس لە ڕەخنەیدا بەرانبەر لۆژیک و دینامیکی ناوخۆی سەرمایەداری، ئاماژەی بەوەدا کە ” کۆسپی بەردەم سەرمایە خودی سەرمایەیە”!
ئەمەش بەو مانایەیە کە پێکهاتە و گەشەسەندنی سەرمایەداری خۆی مەیلی دروستکردنی ئەو ئاستەنگانەی هەیە کە گەشە و سەقامگیری خۆی سنووردار دەکات. ئەگەر زیاتر ئەم ووتەیە ڕوونبکەمەوە، ئەوەیە کە سروشتی خۆبەهێزکردنی سەرمایە ئەوەیە کە بەردەوام بەدوای گەشەکردندایە لەڕێگای دەرهێنانی بەهای زیادە و قازانجدا. ئەمەش لەڕێگەی وەبەرهێنان لەکار، کەرەستەی خاو، تەکنەلۆژیا و سەرچاوەی دیکەدایە. بەڵام بەوپێیەی سیستەمی سەرمایەداری وابەستەی گەشەی بەردەوامە، دەبێت سەرمایە بەردەوام لەچەندایەتیدا زیادبکات، یان دەبێت سەرمایە بەردەوام کاربکات بۆ دووبارەبەرهەمهێنانەوە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەبێتەهۆی چڕبوونەوەی سەرمایە و زیادبوونی کێبڕکێی نێوان خاوەن سەرمایەکان. سەرەنجام ئەم چڕبوونەوەیە دەبێتەهۆی دابەزینی ڕێژەی قازانج لەگشتیەکەیدا، هەروەک لە یاساکەی مارکسدا هاتووە بەناوی ” مەیلی دابەزینی ڕیژەی قازانج – Tendency of the rate of profit to fall “، سەرمایەداری بەرەو قەیرانی توند دەبات.
دابەزینی ڕێژەی قازانجش کە دەرئەنجامێکی لۆژیکی ناوخۆیی سەرمایەداریە، لەکاتێکدا ڕوودەدات کە سەرمایە سەرمایەگوزاری گەورە دەکات لەبەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیادا بۆ ڕێکخستن و زیادکردنی بەرهەمهێنان. ئەمە دەتوانێت ببێتەهۆی کەمبوونەوەی پێویستی بە کار، لەبەرامبەردایشدا دەبێتەهۆی زیادبوونی بێکاری. سەرئەنجام دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی کۆی خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کە دەتوانێت گەشەی ئابووری دابەزێنێت. ئەمەش بەربەستێک بۆ سەرمایە دروست دەکات – بەدواداچوونی بەردەوام بۆ قازانجی زیاتر و گەشەکردن لەگەڵ بارودۆخی ڕاستەقینەی ئابووریدا بەریەککەوتن ڕوودەدات. بەکورتی، بیروڕاکانی مارکس لەسەر ئەوەن کەچۆن سەرمایە، لەپێناو کەڵەکەبوون و گەشەکردندا، ئەو کێشە پێکهاتەیی و قەیرانانە دروست دەکات کەتوانای خۆی سنووردار دەکات بۆ بەردەوامبوون لەگەشەکردن. بەمشێوەیە دینامیکی سەرمایەداری خۆی دەبێتە هۆی بەربەستەکانی خۆی.
شەوی ڕابردوو دونالد ترامپ، لەقسەوباسێکی درێژیدا لەژێر ناوی ” ڕۆژی سەربەخۆی” سەرمایەداریی جیهانی هەژاند. ناوبراو ئەمەی بە “یەکێک لەگرنگترین ڕۆژەکانی مێژووی ئەمریکا” و “ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئابووری” وەسفکرد. سیستەمی باجی نوێی ترەمپ کە لەباجی بنەڕەتی١٠٪ دەستپێدەکات تاکو ٤٣٪ کە هەموو کاڵا هاوردەکراوەکانی زۆربەی هەرەزۆری وڵاتان دەگرێتەوە. ئیدارەی ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم باجانە بەئامانجی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی هەلی کارە لە ئەمریکا لەڕێگەی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانییەوە. ترامپ ڕایگەیاند کە ئەو باجە نوێیە “تریلیۆنەها دۆلار” بۆ ئەمریکا دەستبەردەکات کە بۆ کەمکردنەوەی باج و دانەوەی قەرزی نیشتمانی بەکاردەهێنرێت.
لەیەکەم بەرپەرچدانەوەدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، نیگەرانی جددی ڕاگەیاند. لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل، جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە “بەتوندی” وەڵامی بداتەوە، بەڵام هێشتا ئەوان چاوەڕوانن کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەربکەن. دێر لاین ئاماژەشی بەوەکرد کە مەترسی فەوزایەکی گەورە هەیە لەئابوری جیهانیدا. ئەم سیاسەتانەی ترامپ دەتوانێت ببێتەهۆی زیادبوونی تێچوونەکان و ئەگەری زیانگەیاندن بە ئابووری جیهانی. هەروەها زوربەی زۆری سەرکردەکانی ووڵاتانی سەرمایەداری جیهان، نیگەرانی قوڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەم ڕێکارانەی ترامپ.
بەڵام بابزانین هۆکاری ئەم سەرکێشیەی ترامپ چییە؟ ئایا خۆبەخۆیانە سەری لێتێکچووە، لەخۆیەوە بڕیار دەدات، یان دەردەکە لەشوێنێکی ترە!؟
ماوەی چەند دەیەیەک بوو بورژوازی سیستەمی سەرمایەداری وەک تاکە ئەلتەرناتیڤ ڕاگەیاند، جیهانگیریشی وەک ئەلتەرناتیڤی گونجاو خستە بەردەم سەرمایە. سەرمایە و سەمایەداران دەستیان لەناودەستی یەکتر کرد و باوەشیان بۆ یەکتر کردوە، هەمووشیان بەیەک دەنگ و بەیەک ئاڵاوە لەبەرانبەر خەبات و مافەکانی چینی کرێکار وەستانەوە.
دوای شکست و داڕمانی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی سوڤیەت و بلکوکی ڕۆژهەڵات، ئەوان باسیان لەکۆتایی مێژوویەک کرد؛ مێژووی نەمانی “کۆمونیزم”. هاوکات هاتنی مێژووی نوێ و ئەزەلییەتی سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژئاوایان ڕاگەیاند. ڕێکەوتننامە لەسەر ڕێکەوتننامە لەلایەن جەمسەرەکانی سەرمایەداریەوە ئیمزا دەکرا. بەڵام دەرکەوت پروپاگەندەی مێژووی نوێیان و جیهانگیریان زۆر بڕینەکرد، چونکە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا کە ڕکابەرە سەرسەختەکەیان لەگۆڕەپاندا نەمابوو، لەنێو ئەو مێژووە نوێیەی خۆیاندا کەوتنە قەیرانێک گەورەتر، قوڵتر لەو قەیرانانەی کە لەبوونی ڕکابەرەکەیاندا بوونی هەبوو. قەیرانێکی ٢٠ ساڵە کە نەك هەر پووچیی بانگەشەکانیانی سەبارەت بە کۆتایی میژوو بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پشتڕاستکردەوە، بەڵکو خەریکە سەری خۆشیان دەخوات!
بەڵام ئەگەر لەنزیکەوە لەم ڕێکارانە بڕوانین، دەتوانین بلێن کە ئەم ڕێکارانەی ترامپ کۆتابزماری لەتابوتی جیهانگیریی سەرمایە دا! یەکدەنگی و هاوبەرژەوەندی نێوخۆیانی تێکدا. یان دەتوانین بڵێن کە زەنگی کۆتایی مێژووە نوێیەکەی سەرمایەداری و دەستپێکردنی مێژوویەکی نوێی دیکەیە کە چینی کرێکار بۆ پاراستنی کۆمەڵگاو مرۆڤایەتی و بۆ کۆتاییهێنان بە بەربەریەتی سەرمایەداری خۆی ئامادە دەکات.
قەیرانی سەرمایەداری لەجیهاندا کاریگەریی کێبڕکێ سەرمایەداری بەشێوەیەک چڕکردۆتەوە کە هەڕەشە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکات، کێبڕکی لەسەر قازانج و بازاڕ، کێبڕکی لەبەدەستهێانی زۆرترین قازانج، کێبڕکێ لەسەر قەرەبووکردنەوەی دابەزینی ڕێژەی قازانج.
ئەمە پەیامی سەرمایەداریە، بەوپێیەی هەموو سەرمایەدارێک بۆ مانەوەی دەبێت لەگەڵ ئەوانی دیکەدا کێبڕکێ بکات، یان سەرمایەدارانی تر دەخاتە لاوە و لە گۆرەپانەکە دەریاندەکات، یان ناچاریان دەکات بە مایەپووچبوون، سەرەنجام چەند یاریزانێکی گەورە لەگۆڕەپانەکدا دەمێننەوە و سەرمایەکەیان چڕتردەکەنەوە. ئەم چڕبوونەوەی سەرمایەش ئاستەنگ بۆ گەشەسەندنی یەکسان و دادەپەروەر لەنێو دەوڵەتان و سەرمایەداراندا لەئاستی جیهاندا دروست دەکات. واتە چۆن سەرمایە، لەپێناو کەڵەکەبوون و گەشەکردندا ئەو کێشە پێکهاتەیی و قەیرانانە دروست دەکات کە توانای خۆی سنووردار دەکات.
کێشەی بنەڕەتی سەرۆک ترامپ نییە، کێشەی بنەڕەتی بڕیارەکانی ترامپ نییە، کێشەی بنەڕەتی سەرمایە و سەرمایەدارییە. کێشەی قوڵی سەرمایە ئەو قەیرانەیە کە ماوەی بیست ساڵە پێوەی دەناڵێنێت. ترامپ کاتێک واز لە ڕێکەوتننامە بازرگانیە جیهانیەکان یان ڕێکەوتنی ژینگەی پاریس و ڕێکەوتنی بازرگانی لەگەل چین و یەکێتی ئەوروپا دەهێنێت، هەروەها کە تاکلایەنە بڕیاری دانانی باج دەدات لەسەر بەرهەمی سەرمایەداری ووڵاتانی تر، بڕیارێکی شێتانە و لەخۆوە نییە. ئەمە هەوڵێکە دەیدات بۆئەوەی بەشێک لەقورسایی زیانی قەیرانەکە لەسەر شانی سەرمایەداری ئەمریکی کەمبکاتەوە. ئەوەش بەگواستنەوەی بۆ سەرشانی لایەنەکانی بەرانبەری لەجیهاندا. ترامپ دەیەوێت بڵێت کە کاتی ئەوە هاتووە سوود لەهێزە سەربازیەکە و باڵادەستیەکەم لەجیهاندا وەرگرم بۆ بەرگری و پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدارانی ووڵاتەکەم.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەم قەیرانەی سەردەمی سەرمایەداریدا، کە قەیرانی دارایی و قەرزی بەدوای خۆیدا هێنا، دەوڵەتانی سەرمایەداری بەشی زۆری قەرەبووی قەیرانەکەیان خستە سەر شانی چینی کرێکار، بەڵام قەیرانەکە هەر بەردەوامە و درێژەی هەیە. هەروەها فشارهێنان بۆ سەر چینی کرێکاریش سنووری خۆی هەیە و ناتوانێت بەردەوام بێت. ترامپیش چیتر ناتوانێت لەوە زیاتر فشار بۆ سەر چینی کرێکاری ووڵاتەکەی خۆی بهێنێت و لەوە زیاتر برسیان بکات، بۆیە دەبێت فشار بخاتە سەر وولاتانی سەرمایەداری تر، بۆئەوەی کەمێک کاریگەری قەیرانەکە لەسەر شانی سەرمایەداری ووڵاتەکەی خۆی سووک بکات، پاشانیش و هەڕەشەی جددی لەلایەنی بەرانبەریان بکات ئەگەر لەبەرانبەر ئەم ڕێکارانەدا کاردانەوەیان هەبێت، ئەوا خۆیان تووشی هەڵدێران دەکەن.
لەکۆتایدا دەڵێم، لە مێژووی سیستەمی سەرمایەداری لەهیچ سات و وەختێکدا سەرمایەداری بەرەوڕووی قەیرانی وا جیهانی قووڵ نەبۆتەوە، هەروەک پێش پانزدە ساڵ ئابوریناسی جیهانی بەناوبانگ دکتۆر ئۆریێل ڕۆبینی لەوەڵامیدا بەرانبەر ئابوریناسانی بۆرژوازی ڕایگەیاند:” جیهان بەرەو تاریکی دەڕوات، بەڵام هاوڕێکانم، چاوەڕێی ڕۆژێکی تاریک بن. چ ڕەشبینیەکە؟ بەڵام ڕەشبینیەکی ڕاستییە بۆ سەرمایەداران، چونکە ئەوەی ڕوودەدات پەلەکردنە لەبردنی هەموو جیهان بەچاوبەسترای بەرەو قەیرانێکی کارەساتبار”!

2025-4-2

لێدوانێک بەجێ بهێلە