موحسین کەریم:
نزیکەی (٦) مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا حکومەت پێكنەهاتووە! مەسەلەی پێکهاتنی حکومەت وەکو هەموو جارێکی دیکە بەستراوەتەوە بە کۆبونەوەکان و رێکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆست و بەشیان لە دەسەڵات و داهاتی کوردستاندا. ئەم دوو لایەنەش، دوای چەندین کۆبونەوەو دانیشتن پێکەوە، هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و داهاتی کوردستان رێكبکەون! ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی بەهیچ جۆرێك ناو و دەنگێکیان نیە لەم پرۆسەیەدا، وەکو ئەوەی بوونیان نەبێت و چووبێتنە ناو قۆناغی سڕبوونەوە! لەکاتێکدا لە کاتی هەڵبژاردندا، ئەوەندە دەنگیان دلێر بوو کە داوایان لەخەڵك دەکرد دەنگیان بدەنێ بۆئەوەی دەسەڵات لەیەکێتی و پارتی وەربگرنەوە، گوایە دەسەڵاتێك و حکومەتێك دروست دەکەن بەبێ یەکیتی و پارتی کە داهاتی کوردستان دەگێڕێتەوە بۆ خەڵک و یان و گوزەران و خزمەتگوزاریەکان باشتر دەکەن و ماف و ئازادیەکانیان دەستبەردەکەن!
سەرجەم لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، سەری خۆیان کزکردوەو چاوەرێی ئەوەن کە دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی رێکەوتن و هەموو شتێکیان لەنێوان خۆیاندا یەکلایی کردەوە، بەشێك لە زەکاتی دەسەڵاتەکەیان بدەن بەوان و چەند وەزارەت و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیان پێببڕێت! بەڵام لەناویاندا ناوبەناو شاسوار و نەوەی نوێ، منەت بەسەر خەڵکدا دەکەن کە گوایە دەنگی خەڵكیان نەفرۆشتوە! پارتی چەند پۆستی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی داونەتێ، بەڵام قبوڵیان نەکردوە بەشداری حکومەتی پارتی بکەن و دەنگ بدەن بە مەسرور بارزانی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران! بەڵام ئایا ئەم قسانە هیچ ڕاستیەکیان تێدایە!؟
ئەوەی کەمێك لە دۆخی سیاسی و پێکهاتەی دەسەڵاتی کوردستان تێبگات، دەزانێ کە نەك ئەم قسانەی شاسوار و نەوەی نوێ، بەڵکو بانگەشەکانی سەرجەم لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی، بە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەوە، سەبارەت بەوەی کە دەتوانرێ لەرێگای دەنگدانەوە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان بگۆڕدرێت، یاخود ئەوەی کە دەیانووت ئەمریکاو رۆژاوا لەگەڵ مانەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا نین و بەشوێن بەدیلی ئەواندا دەگەڕێن، بۆیە ئەگەر خەڵك دەنگ بدات بەوان، ئەوا دەتوانرێ کۆتایی بەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بهێنرێت، بێجگە لە درۆیەکی شاخدار و خۆڵکردنە چاوی خەڵك و چەواشەکاری سیاسی زیاتر، هیچ شتێکی دیکە نەبووە و نیە ! ئەوەی کە وەکو ڕاستیەکی سیاسی سەلمێنرا، ئەوەبوو کە نە بە دەندان دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەگۆڕێت و نە ئەمریکاو رۆژاواش بەشوێن بەدیلێکی سیاسی دەسەڵاتەوەن لەناو ئۆپۆزیسیۆنێکی میدیایی لەبابەتی نەوەی نوێ و هێزەکانی دیکەدا، بەڵکو ئەوەی لای ئەوان و بگرە دەوڵەتانی ناوچەکەشەوە قبوڵکراوە، دەسەڵاتی دیفاکتۆی دوو میلیشیایە کە هەریەکەیان کۆنترۆڵی سیاسی- چەکداری- ئیداری ناوچەیەکی کوردستانیان کردوەو دۆخی مەوجود دەپارێزن. ئەمەی ئێستاش کە دەگوزەرێت لە پەیوەند بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمەوە کە بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لای یەکێتی و پارتیە نەك ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، ئەو حوکمە بۆ دەیانجاری دیکە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەسەڵاتی سیاسی میلیشیایی لەرێگای دەنگدان و هەڵبژاردنەوە نەك لە بەرژەوەندی خەڵك ناگۆڕێت، بەڵکو تەنانەت فرسەتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەنێوان لایەن و هێزەکانی بۆرژواییدا، لە دەسەڵاتێکی میلیشاییەوە بۆ دەسەڵاتێکی بەناو دامەزراوەیی بۆرژوازیش نادات!
بێگومان خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراو و ئازادیخوازی کوردستان دەمێکەیە حسابی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا جیاکردۆتەوەو وەکو دەسەڵاتێکی میلیشیایی، گەندەڵ و تاڵانچی لێیان دەڕوانن. دەمێکەیە بەشێوەی جۆراوجۆر ئەو پەیامەیان بە دەسەڵات گەیاندوە کە لە فرسەتێك دەگەرێن کە لەکۆڵی خۆیانی بکەنەوە. تەنانەت ئەو فاکتەرەش کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەرامبەر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر دەکەن و دەتوانن بەشێكی خەڵکیش چەواشەبکەن و دەنگەکانیان بۆخۆیان دابین دەکەن، ئەو خواست و ئارەزووەی خەڵکی کوردستانە بۆ کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە! بەڵام جێی خۆیەتی خەڵکی کوردستان ئەم ئەزمونەی هەڵبژاردن و بانگەشە چەواشەکارەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەروەها پرۆسەی دروستکردنی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، وەکو ئەزمونێکی سیاسی چاولێبکات بۆ ڕەواندنەوەی وەهمەکانی بە پڕوپاگەندەکانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی سەبارەت بە بەدیهێنانی گۆرانکاری لە دۆخی سیاسی و مەسەلەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و لەو رێگایەشەوە گۆرانکاری لە دۆخی ژیان و گوزەران و ئازادیەکانی خەڵکدا. کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان وەکو چۆن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی یەخەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی گرتوەو دەگرێ، بۆ گۆڕانکاری دۆخی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسییش خۆی دەستبداتە یەخەی یەکێتی و پارتی و پێداویستیە سیاسی و رێکخراوەییەکانیشی ئامادەبکات.