سەرۆکی پەیمانگای مافە نێودەوڵەتیەکان ڕایدەگەیەنێت، ئومێد بەرۆشکی جارێکیتر لەناو زیندان بەدەر لەیاسا ڕوبەڕوی سزایەکی تر دەکرێتەوە، ئەویش ڕێگریکردنە لە پەیوەندیکردن بە خانەوادەکەیەوە، دەشڵێت،” ئەم شێوازە سزادانە پێشێلکاریکردنە بەرامبەر مافی بەندکراو “.
بەشدار حەسەن، سەرۆکی پەیمانگای مافە نێودەوڵەتیەکان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،” لە کاتێکدا ئێمە لەچاوەڕوانی پێداچونەوەین بەهەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای کەتنی دهۆک لەسەر سزادانی رۆژنامەنوس و چالاکوان ئومێد بەرۆشکی، کەچی ئەوەی جێگەی داخە جارێکیتر لەناو زیندان بەدەر لەیاسا ناوبراو ڕوبەڕوی سزایەکی تر دەکرێتەوە، ئەویش ڕێگریکردنە لەپەیوەندیکردن بەخانەوادەکەیەوە”.
بەشدار حەسەن باسی لەوەشکرد،” ئەم شێوە ئازارو سزادانە پێشێلکاریکردنە بەرامبەر مافی بەندکراو بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤو ڕێژکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان بۆ مافەکانی مرۆڤو دەستوری عێراقو یاسا بەرکارەکانی چاکسازی لەعێراقو هەرێمی کوردستان “.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەو پارێزەرە دەڵێت،” سەرەڕای سەرکۆنەکردن، داوا لە لایەنی پەیوەندار دەکەین بەلابردنی ئەو سزایە و گێڕانەوەی مافی پەیوەندیکردن بۆ رۆژنامەنوس بە خانەوادەو کەسوکارەکەی “.
جارێکی دیکە ئومێد بەرۆشکی سزادەدرێتەوە
49