لە شارە گەورەکانی بەریتانیا، کوردان و ئازادییخوازان لە دژی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی لەلایەن پەدەکەوە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان کردن.
بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی داکۆک و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە شارە گەورەکانی بەریتانیا (کاردیڤ، مانچستەر، لیدز و بێرمینگهام) خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوو، تێیدا داوای ئازادکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی زیندانی هەولێر و بادینان کرا.
لە خۆپیشاندانەکاندا بە بەیاننامەیەکی سەرتاسەری وێڕای پاڵپشتی و پشتگیری دەنگی ئازاد و داوای ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییانەی هەولێر و بادینان، داوا کراوە لە حکومەتی بەریتانیا کە زەمینەسازی فەراهەم بکرێت و فشار لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ هەرچی زووە ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییانە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەبێ یاسا و تەنیا بۆ کپ کردنی دەنگی ئازاد هەستاون بە زیندانیکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ئازاد، کە دەنگی ناڕازی خەڵکیان گەیاندووە و دۆسییەی گەندەڵی بەرپرسانی هەرێمیان ئاشکرا کردووە، بۆیە پێیان ڕادەگەیەنین دەنگی ئازاد هەرگیز کپ ناکرێت و ئێمە ڕێچکەی ئەو ئازادییخوازانە درێژە پێ دەدەین.
هەردوو چالاکوانی مەدەنی شاری هەولێر هاوڕێ کوردی و زێوەر محەمەد، لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکراون، هەروەها هەردوو ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و قارەمان شوکری هێشتا لە زیندانی پەدەکەدان و ئازاد نەکراون.