Home هەواڵ “پێشێلكارییەكانی بواری خۆراك لە هەولێر”

“پێشێلكارییەكانی بواری خۆراك لە هەولێر”

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 40 بینینەکان

لە ماوەی رابردوودا، هەولێر رووبەڕووی قەیرانێكی گەورە بووەتەوە لە بواری پاراستنی خۆراك. راپۆرتە رەسمی و میدیاییەكان ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی پێشێلكارییەكان دەكەن، كە مەترسییەكی جدی بۆ تەندروستیی گشتی دروستكردووە.

ئامارە نیگەرانكەرەكان بەپێی دوایین زانیارییەكان، هەولێر لە ناوچــەكانی سەرەوەی لیستی پێشێلكارانی خۆراك لــە هەرێمدا جێگیر بووە، لە مــاوەی چەند مانگی رابردوودا، نزیكەی 70 ٪ی چێشتخانە و بازاڕەكان پێوەرەكانی پاراستنی خۆراكیان پێشێلكردووە، وەك پاكژی نەگونجاو لە ناوەندەكانی خۆراك و گواستنەوەی ناتەندروست و هەڵگرتنی خۆراك لە دۆخی نادروست و بەكارهێنانی كەرەستەی گونجان نەدراو؟.

هاوكات چەندین هۆكار بوونەتە هۆی ئەم دۆخە نالەبارە، لەوانە كەمیی چاودێری، بەجۆرێك لایەنە پەیوەندیدارەكان بە شێوەیەكی كارا چاودێری بازاڕەكان ناكەن. هەروەها نەبوونی زانیاریی بەجۆرێك زۆربەی كارمەندان زانیاریی پێویستیان دەربارەی پاراستنی خۆراك نییە. لەلایەكی تر سزا بۆ پێشێلكاران هێندە توند نین كە بووبنە هۆی وازهێنان.

بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخە قەیراناوییە، پێویستە هەنگاوی جددی هەڵبگیرێن، وەك چاودێریی بەهێز و پێكهێنانی تیمی تایبەتی پشكنین و سەپاندنی سزای گونجاو و توند و بەردەوامی لە پشكنین و گەڕان بەناو بازاڕەكاندا، لەلایەكی تر پێویستە راهێنانی بەردەوام بۆ كارمەندانی خۆراك بكرێت و كەمپینی فراوانی زانیاریی گشتی بەڕێوەبچێت و روونكردنەوەی مەترسییەكانی پێشێلكردنی پاراستنی خۆراك بڵاوبكرێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا كار بۆ بەهێزكردنی هاریكاری نێوان دەزگا جۆراوجۆرەكان و دروستكردنی سیستمێكی یەكگرتووی زانیاریی و بەشداری پێكردنی كۆمەڵگە لە چاودێریكردن بكرێت.

لەكۆتاییدا دەگەینە ئەو بڕوایەی كە دۆخی ئێستای پاراستنی خۆراك لە هەولێر دۆخێكی مەترسیدارە، پێویستی بە هەڵمەتێكی بەرفراوان هەیە، تەنها بە هەوڵی هاوبەش و بەرپرسانە دەتوانین ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، لەسەر هەموو لایەكیش پێویستە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، چونكە پاراستنی خۆراك مافێكی گشتیی و بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە.

حسێن ئەحمەد

لێدوانێک بەجێ بهێلە